درۆی دیموكراسییه‌ت
ئه‌وانه‌ی له ڕه‌خنه ناترسێن (ئنجا ئه‌م ڕه‌خنه‌یه هه‌ر ڕه‌هه‌ندێكی هه‌بێ)، له حیكمه‌تی مه‌زنی دیموكراسییه‌ت تێده‌گه‌ن؛ به‌ڵام پێده‌چێ زۆر كه‌م بن ئه‌وانه‌ی، كه له ڕه‌خنه ناترسێن، كه‌واته زۆربه‌ی خه‌ڵك له حیكمه‌تی دیموكراسییه‌ت تێناگه‌ن.(1) زۆربه‌ی جاریش ترس له ڕه‌خنه، یان به‌نده به تێنه‌گه‌یشتنه‌وه (تاك، كۆمه‌ڵگه)، یانیش به‌نده به خۆپه‌رستییه‌وه (تاك، سه‌ركرده – دیاره دیكتاتۆریه‌تی زۆرینه‌ش له ویستی تاكه‌كان و سه‌ركرده‌كاندا به‌رجه‌سته ده‌بێ)؛ ئێمه لێره ده‌مانه‌وێ بڵێین: نه نه‌زانه‌كان له مانای چه‌مكی دیموكراسی تێده‌گه‌ن، نه خۆپهرستهكانیش ده‌توانن كه‌سانی دیموكراسیخواز بن؛ كه‌واته دیموكراسییه‌ت هه‌میشه – ته‌نانه‌ت به‌ر له‌وه‌ی له دایكیش ببێ – له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی گه‌وره‌دایه. له ڕاستیدا دژوارترین شت ئه‌وه‌یه، كه ئێمه دیموكراسی بین؛ بۆیه‌ش هه‌میشه حیكمه‌تی هه‌ره گه‌وره له ژیانی مرۆڤدا، له دژواریی فێربوونی شته (به‌ها) باشهكاندایه. لێره‌شه‌وه گرنگترین شت ئه‌وه‌یه، كه مرۆڤ ویست و ئاكاری باشی هه‌بێ و كاری خراپه نه‌كا؛ ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا هه‌وێنێكی (پره‌نسیپێكی ئاكاره‌كی هه‌ره گرنگی) ژیانی دیموكراسیانه‌یه. هه‌ڵبه‌ت ئێمه ده‌زانین، كه له ژیانی دیموكراسیدا به‌ها چاكه‌كان هه‌ن، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین، كه كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراسی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی به‌هه‌شتانه‌ی نموونه‌یی نییه و ئێمه له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا هه‌رگیز له ژیانێكی نموونه‌یی و بێ كه‌م و كوڕیدا ناژین(به تایبه‌تی له سیستمی دیموكراسی لیبرالیدا، ڕووی نه‌رێنی و به‌های خراپ زۆرن. له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا سه‌رمایه‌داریی مرۆڤ ده‌كاته ئامراز بۆ شكۆ و سه‌روه‌ریی كاڵا و سه‌رمایه. له كۆتایشدا مرۆڤ ده‌بێته كۆیله و دیلی ده‌سه‌ڵاتی ” بتی” كاڵا و سه‌رمایه. دیموكراسییه‌تی “ڕووكه‌شانه‌ی” سه‌رمایه هه‌رگیز ناتوانێ دادپه‌روه‌ر بێ، ئه‌وه ئه‌گه‌ر له حاڵه‌تێكدا، تا ئه‌وپه‌ڕه‌كه‌ی سیستمێكی هۆڤی و به‌ربه‌ریش نه‌بێ، بۆیه له‌ناو هه‌موو دیموكراتییهتێكدا، ڕه‌نگه ته‌نها سۆشیال دیموكرات بتوانێ پێوه‌ر و كۆتی ئاكاره‌كی بۆ ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌داریی چاوچنۆك دابنێ). ئێمه ده‌مانه‌وێ بڵێین، له كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراسی ڕاسته‌قینه‌دا، هه‌موو كار و ئاكار و ویستێكی چاك بۆ بنیادنان و خۆشگوزه‌رانی و دادپه‌روه‌ریی به‌دی ده‌كه‌ین. له كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراسیدا ئاكاری مه‌زن و ویستی ئازاد هه‌ن. له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا هۆشیاریی و ڕۆشنبیریی پراكتیكی و عه‌مه‌لی، سه‌رچاوه‌ی هه‌موو كارێكی باش و هه‌موو به‌هایه‌كی چاكن له ژیانی مرۆڤدا. ئێمه له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا هه‌میشه له ئاست كاری خراپه‌دا (تاواندا) شۆك ده‌مانگرێ. له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا خۆشه‌ویستی باڵ به‌سه‌ر ڕۆحماندا ده‌كێشێ، چونكه ئێمه ئیراده‌ی ئازادین و له سایه‌ی دادپه‌روه‌رییدا ده‌ژین. لێره‌شدا نیشتیمانمان خۆشده‌وێ؛ دیاره ئه‌وه‌ی نیشتیمانیشی خۆشنه‌وێ، ناتوانێ بیر له ئازادی نیشتیمان بكاته‌وه؛ ئه‌وه‌ی بیر له ئازادی نیشتیمانیش بكاته‌وه، هه‌رگیز ناتوانێ خیانه‌تی لێ بكا؛ ئه‌وه‌ی خیانه‌تیش له نیشتیمان نه‌كا، هه‌رگیز ناتوانێ كه‌سێكی گه‌نده‌ڵ بێ… به‌هه‌ر حاڵ – ئێمه گوتمان – له دیموكراسییه‌تدا به‌ها چاكه‌كان هه‌ن؛ لێره‌شه‌وه جه‌نگ دژ به هه‌موو شتێكی خراپ به‌رپا ده‌كرێ. واته دیموكراسییه‌ت خۆی له خۆیدا پرۆسه‌ی به‌رده‌وامی چاكسازییه. گه‌وهه‌ری دیموكراسییه‌ت ڕیفۆرمه و گه‌وهه‌ری ڕیفۆرمیش دیموكراسییه‌ته. ئێمه ئه‌گه‌ر له ڕووی زمانه‌وانیشه‌وه له واتای چه‌مكی (زاراوه‌ی) چاكسازیی ورد ببینه‌وه، چه‌مكێكه له به‌رانبه‌ر چه‌مكی خراپكردن و خراپه‌كردن و خراپهكارییدا ڕاده‌وه‌ستێ؛ بۆیه‌ش پرۆسه‌ی چاكسازیی به‌ر له‌هه‌ر شتێك، یه‌خه‌ی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌روه‌ریی ده‌گرێ. بێگومان ئه‌م پرۆسه‌یه، پره‌نسیپێكی گرنگی ژیانی سیاسی دیموكراسیانه‌ی هه‌موو گه‌لێكه. ئا لێره‌شدا دیموكراسییه‌ت به بێ پرۆسه‌ی ڕه‌خنه‌گرتن له دایك نابێ. دیموكراسییه‌ت به‌رهه‌می ڕه‌خنه‌گرتنه: ڕه‌خنه‌گرتن له واقیعی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری باو. لێره‌شدا ئێمه ئه‌گه‌ر ئازاد نه‌بین، ناتوانین ڕه‌خنه بگرین، كه‌واته ئێمه ڕه‌خنه ده‌گرین، تا ئازادی و دیموكراسی له واقیعی ژیانی خۆماندا به‌ده‌ست بهێنین. هه‌ڵبه‌ت پرۆسه‌ی ڕه‌خنه‌گرتنیش له یه‌ك كاتدا، هه‌م بوێرییه و هه‌م لێبووردهییشه: بوێرییه له ئاست لێبوورده‌ییدا و لێبووردهییشه له ئاست بوێریدا؛ ئه‌و كاته‌ش كه ئێمه (له كۆمه‌ڵگه‌دا، یان له ده‌ستوور و یاساكانی حكومه‌ت و ده‌وڵه‌تدا) به‌های ئازادی و لێبوورده‌ییمان هه‌بوو (واته مافی ئازادی ڕه‌خنه‌گرتنمان هه‌بوو)، له خۆوه به‌های بوێریشمان ده‌بێ، ئه‌وساش ئێمه ده‌توانین تاكه‌كه‌سه سه‌رفراز و ئازاده‌كان بین. ئێمه لێره ئاگاشمان له‌وه هه‌یه، كه دیموكراسییه‌ت خه‌یاڵێكی ڕۆمانتیكی نییه، به‌ڵكو چیرۆكێكی واقیعی تراژیدییه؛ به واتای، تا مرۆڤایه‌تی ده‌توانێ دیموكراسییه‌ت و به‌ها چاكه‌كان به‌ده‌ست بهێنێ، ده‌شێ (به‌ڵكو حه‌تمییه كه ده‌بێ) مێژووی ژیانی پڕ بێ له چیرۆك و داستان و ڕووداوی تراژیدیانه. له ڕاستیدا كێشه‌ی مرۆڤ ئه‌وه‌یه، كه زۆر هه‌ڵه ده‌كا، زۆر دره‌نگیش په‌ند له هه‌ڵه‌كانی وه‌رده‌گرێ. ماركس گوته‌نی مرۆڤ هه‌میشه به ده‌ستی خۆی چاڵ بۆ خۆی هه‌ڵده‌كه‌نێ؛ نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵكو كێشه‌ی هه‌ره گه‌وره‌ی مرۆڤ ئه‌وه‌یه، كه شته خراپه‌كان له بیر ناكا، به‌ڵام شته باشه‌كان زوو له بیر ده‌كا. ئا لێره‌شدا سه‌رچاوه‌ی كاری خراپ ده‌ست پێده‌كا؛ هه‌ر بۆیه‌ش به درێژایی مێژوو، خراپه‌كاریی له ژیانی مرۆڤدا باڵاده‌سته. با ئێمه له‌و چیرۆكه ئه‌فسانه‌ییه سه‌یره ئایینیانه‌وه ده‌ست پێ بكه‌ین و له خۆمان بپرسین: بۆ قابیل هابیل ده‌كوژێ و كاری قێزه‌ونی كوشتنیش هه‌تا ئه‌مڕۆ به‌رده‌وام باڵاده‌سته؟ بۆ ئاده‌م و حه‌وا له سێوه‌كه‌یان خوارد و ئه‌مه‌ش وا له قه‌ڵه‌م درا، كه سه‌رچاوه‌ی هه‌موو خراپه‌كارییه‌كی توخمی مرۆڤه؟ ئایا ئه‌م ویست و غه‌ریزه‌ی خراپه‌كارییه، هه‌مان ئه‌و ویست و غه‌ریزه‌ی منداڵ نییه، كه حه‌ز ده‌كا هه‌موو شتێك موڵكی ئه‌و بێ؛ هه‌وڵی تێكدان و شكاندنی هه‌موو شتێك ده‌دا؛ به گوێی هیچ كه‌سێكیش ناكا، ته‌نیا غه‌ریزه و سروشتی خۆی نه‌بێ؟ ئاخۆ خراپه‌كاریی گه‌وره‌كان هه‌ر هه‌مان ئه‌و غه‌ریزه سروشتییه‌ی منداڵانه، كه له گه‌وره‌ییدا به ئاڕاسته‌ی توند و تیژی بێ سنوور گه‌شه ده‌كا (ئه‌و كاته‌ی كه گه‌وره‌كان ده‌سه‌ڵات به ده‌ست ده‌هێنن و ده‌بنه خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات)؟ پێده‌چێ كێشه‌ی دیموكراسییه‌تیش له نێوان ئیراده‌ی خراپه‌كاریی و ئیراده‌ی ڕه‌خنه‌گرتندا بێ؛ واته كاتێك خراپه‌كاریی ڕێگه به ڕه‌خنه نادا، كه ڕه‌خنه‌ی لێ بگرێ، تا پرۆسه‌ی ڕه‌خنه بتوانێ ئیراده‌ی چاكه و چاكه‌كاریی له شوێنه‌كه‌ی ئه‌و دابنێ. ئا به‌م شێوه‌یه‌ش سته‌م ڕێگه به كار و چالاكی ڕه‌خنه و ڕه‌خنه‌گرتن نادا، تا هه‌رگیز دیموكراسییه‌ت له دایك نه‌بێ (چونكه دیموكراسییه‌ت به‌رهه‌م و ئاكامی ڕه‌خنه‌گرتنه). دیاره خه‌سڵه‌تێكی گه‌وهه‌ریی پرۆسه‌ی دیموكراسییه‌ت له‌وه‌دایه، كه له هه‌ر شوێنێكی ئه‌م جیهانه‌دا بێ، دژایه‌تی دیارده‌ی خراپه‌كاریی بكا؛ به واتای دیموكراسییه‌ت ده‌بێ هێزێكی واقیعی بێ، كه له ئیراده‌ی تاكه‌كان و سه‌رله‌به‌ری دام و ده‌زگا سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ڕۆشنبیرییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا به‌رجه‌سته ببێ؛ كه‌چی ئێمه هه‌موومان ده‌زانین، كه یه‌كێك له نیشانه هه‌ره تراژیدییه‌كانی ئه‌مڕۆی دیموكراسییه‌ت (له ڕاستیدا ده‌بێ بڵێین دروشمی دیموكراسییه‌ت، چونكه ئێمه دروشمی دیموكراسییهتمان هه‌یه، نه‌ك سیستمی سیاسی دیموكراسی؛ ئێمه گوتاری سه‌فسه‌ته‌ی دیموكراسییهتمان هه‌یه، نه‌ك واقیعی سیاسی دیموكراسی) له كۆمه‌ڵگه‌كانی ئێمه‌دا ئه‌وه‌یه، كه بووه‌ته مه‌كۆی (گه‌وهه‌ری) درۆكردن: درۆكردنی سیاسییه‌كان به ناوی دیموكراسییه‌ته‌وه؛ هه‌ڵبه‌ت – وه‌ك گوتمان – ئێمه سیستمی سیاسی دیموكراسیمان نییه، به‌ڵام ئه‌و سیاسییه درۆزنانهمان هه‌ن، كه دیموكراسییه‌ت ده‌كه‌نه دروشمێكی سیاسی هه‌رزانبه‌های بازاڕی ده‌سه‌ڵاته ناشه‌رعییه‌كه‌ی خۆیان؛ دیموكراسییه‌ت له كۆمه‌ڵگه‌كانی ئێمه‌دا دروشمێكه (گوتارێكی پڕ له سه‌فسه‌ته‌ی بێ مانایه)، كه شه‌رعییه‌ت به سته‌می ده‌سه‌ڵاته ناشه‌رعییه‌كانی (نا دیموكراسییه‌كانی ) كۆمه‌ڵگه‌كانی ئێمه ده‌دا. ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌لای ئێمه، دروشمی (گوتاری) دیموكراسییه‌ت به‌رز ده‌كاته‌وه، تا هه‌رگیز دیموكراسییه‌ت په‌یڕه‌و نه‌كا؛ بۆیه‌ش دیموكراسییه‌ت له كۆمه‌ڵگه‌كانی ئێمه‌دا، ته‌نها شتێكی (چه‌مكێكی) تیۆرییه، نه‌ك هه‌نگاوێكی پراكتیكی. له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ده‌بێ بڵێین، له كۆمه‌ڵگه‌كانی ئێمه‌دا هه‌ر ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌ڕه‌شه له گریمانه‌ی بوونی دیموكراسییه‌ت ناكا، به‌ڵكو هێزه ئیسلامییه‌كانیش هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌ن بۆ سه‌ر بوونی ئه‌م دیموكراسییه‌ته؛ به‌ڵكو خودی كۆمه‌ڵگه به‌و عه‌قڵییه‌ته ئایینیه‌ی هه‌یه‌تی، هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر پراكتیزه‌كردنی چه‌مكی دیموكراسییه‌ت؛ (2) كه‌واته له هه‌موو حاڵه‌تێكدا، دیموكراسییه‌ت له مێژووی كۆمه‌ڵگه‌كانی ئێمه‌دا حه‌قیقه‌تێكی به‌رپێواره (غایبه)؛ گه‌وره‌ترین درۆشه، كه ئه‌مڕۆ به هه‌موو شێوه‌یه‌ك له كایه‌ی (ژیانی) سیاسیماندا ده‌كرێ. گرفته‌كه ئه‌وه‌یه، كه هه‌میشه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له كۆمه‌ڵگه ته‌قلیدییه‌كانی ئێمه‌دا، حه‌قیقه‌تی دیموكراسی ئیختیزال ده‌كا بۆ دروشمی سیاسی؛ ئه‌و دروشمه ساخته‌یه‌ی، كه هه‌میشه گوتاری باڵاده‌ستی درۆی سیاسی به‌رهه‌م ده‌هێنێ. له ڕاستیدا ئه‌م دروشمه نیشانه‌یه‌كی مه‌رگی مێژووی دیموكراسییه‌تی ڕاسته‌قینه‌یه. له هه‌ر كوێش گوتار (تیۆر) هه‌بوو، به‌ڵام كردار نه‌بوو، ئا له‌وێدا گوتاری (دروشمی) درۆكردن (ڕیاكاریی)، هێزی سته‌م و سته‌مكاریی به‌رهه‌م ده‌هێنێ. لێره‌شه‌وه كه درۆ به‌ناوی دیموكراسییه‌ته‌وه ده‌كرێ، ئه‌م درۆیه ده‌بێته به‌شێك له ڕۆحی ده‌سه‌ڵاتی سته‌م. له‌م حاڵه‌ته‌شدا سه‌ره‌تا گوتار (ئیراده‌ی درۆ) هه‌یه، پاشان ئه‌م ئیراده‌یه (گوتاره) ده‌بێته واقیعی كرداری سته‌م. هه‌ر بۆیه‌ش دیكتاتۆره‌كان درۆزنترین كه‌سانی ناو مێژووی مرۆڤایه‌تین. ئاشكراشه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی، كه درۆ له‌گه‌ڵ خه‌ڵك بكا (مه‌كینه‌ی ڕاگه‌یاندنی درۆزنی هه‌بێ)، ئه‌وا سته‌میش له خه‌ڵك ده‌كا و ده‌بێته ده‌سه‌ڵاتێكی سته‌مكاریش. هه‌ڵبه‌ت دیموكراسییه‌ت (وه‌ك لاهوت) ته‌نها په‌یامێكی پیرۆزی ئاكاره‌كی (ئه‌خلاقیی) نییه؛ ته‌نها (خه‌یاڵێكی میتافیزیكیی و یاسایه‌كی ئایدیالیستیی) نییه، به‌ڵكو ڕه‌وشت و كار و ئاكاری مه‌ده‌نیانه و بیركردنه‌وه‌ی ئازاد و حیكمه‌تی مه‌زنی دادپه‌روه‌رانه‌ی به‌ڕێوه بردنی كۆمه‌ڵگه و وڵاته؛ كه‌واته دیموكراسییه‌ت به‌ر له‌هه‌ر شتێك، تێگه‌یشتنه له مانای بوون، له مانای ژیان؛ له مانای ئه‌وه‌ی، كه هه‌موومان ده‌بێ به دادپه‌روه‌ریی بژین؛ له مانای ئه‌وه‌ی، كه هه‌موو بوونه‌وه‌رێك به ڕێز و كه‌رامه‌ته‌وه مافی ژیانی هه‌یه. ئێمه هه‌موو بوونه‌وه‌رانی سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه، وه‌ك یه‌ك مافی ژیانمان هه‌یه. زه‌وی موڵكی هه‌موومانه به مرۆڤ و گیانله‌به‌ره‌وه – زه‌وی موڵكی ژیانه، بۆیه‌ش ده‌بێ هه‌موومان وه‌ك یه‌ك خاوه‌ن ماف و ئه‌رك بین و به دادپه‌روه‌ریی و یه‌كسانیی و ئازادی بژین؛ كه‌واته دیموكراسییه‌ت ژیانه، ژیانێكی هاوچه‌رخی شكۆمه‌ندانه بۆ هه‌موومان. (3)
به‌ختیار محه‌مه‌د
په‌راوێزه‌كان:
1- به داخه‌وه، ئێمه زۆربه‌مان به هه‌ڵه له مانای چه‌مكی (وه‌زیفه‌ی) ڕه‌خنه‌گرتن تێده‌گه‌ین. پێمانوایه (وا په‌روه‌رده كراوین)، كه ڕه‌خنه‌مان لێ بگیرێ، ئه‌مه واتای ئه‌وه‌یه، كه له كه‌سایه‌تیمان دراوه و سووكایه‌تیمان پێكراوه، به‌ڵام ئه‌مه هه‌رگیز وا نییه، به‌ڵكو ڕه‌خنه‌گرتنی ڕاسته‌قینه، به‌ده‌رخستنی كه‌م و كوڕیه‌كانی ژیانمانه و له ئاكامیشدا چاككردنی ئه‌م كه‌م و كوڕیانهیه.
2- وا به چاوی خۆمان دیتمان، كه ئیسلامییه‌كانی میسر، به‌ر له‌هه‌ر شتێك، به‌ر له‌وه‌ی، كه به ته‌واویی ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست و به‌ر له‌وه‌ی هیچ شتێك پێشكه‌ش به گه‌لی میسر بكه‌ن، جارێ ئه‌وه‌یان له بیر بوو، كه عادل ئیمام دادگایی بكه‌ن و به‌ند بكه‌ن. ئایا ئه‌م عه‌قڵییه‌ته نالێبوورده و كینهداره، ده‌توانێ دیموكراسی بێ؟ ئه‌و عه‌قڵییه‌ته‌ی، كه نه له مانای ئازادی تێده‌گا، نه له مانای داهێنانیش تێده‌گا. سیفه‌تی دووفاقیی ئیسلامییه‌كان له‌وه‌دایه، كه هه‌موو ئازادییه‌كیان بۆ خۆیان ده‌وێ؛ ئازادی به ڕاده‌ی ئه‌وه‌ی، كه ژیانی خه‌ڵك ده‌خه‌نه مه‌ترسیه‌وه، به‌ڵام كه‌مترین ئازادی به خه‌ڵكی دیكه ڕه‌وا نابینن؛ ئا ئه‌مه‌یه سه‌رچاوه‌یه‌كی هه‌ڵوه‌ستی نالێبوورده‌یی و نادیموكراسیانهی ئیسلامییه‌كان.
3- ئێمه هه‌تا كه‌رامه‌تی یه‌كتر بریندار بكه‌ین، ناتوانین كه‌سانی دیموكراسی بین و ناشتوانین له به‌رانبه‌ر یه‌كتردا لێبوورده بین و ڕێز و خۆشه‌ویستی به یه‌ك ببه‌خشین. سووكایه‌تی پێكراوه‌كان، ئه‌سته‌مه بتوانن لێبوورده بن له به‌رانبه‌ر ئه‌وانه‌ی سووكایه‌تییان پێده‌كه‌ن: لێبوورده‌یی پێوه‌ندییه‌كی ئه‌خلاقیی ئه‌رێنییه له نێوان هه‌مووماندا؛ پێوه‌ندییه‌كه ده‌لاله‌ت له ژیانی دادپه‌روه‌ریی ده‌كا له نێوان هه‌مووماندا. ئایا ده‌شێ به‌شخوراوه‌كان، له ئاست زه‌وتكه‌ر و سته‌مكاره‌كاندا لێبوورده بن؟ ئایا ئه‌گه‌ر یاسایه‌ك مافه‌كانمان نه‌پارێزێ و به دادپه‌روه‌ریی ئه‌ركه‌كانمان له كۆمه‌ڵگه‌دا بۆ دیار نه‌كا، ئێمه چۆن له ئاست ئه‌ونه‌دا، كه له ڕێی هێزه‌وه یاسا پێشێل ده‌كه‌ن و مافه‌كانمان لێ زه‌وت ده‌كه‌ن، به‌خشنده و لێبوورده بین؟ دیاره ئێمه له ڕه‌وشێكی وه‌هادا، تا ئه‌وكاته‌ی هێز و ده‌سه‌ڵاتمان نییه بێ ده‌نگ و لێبوورده‌ین، بۆیه‌ش له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی سته‌مكاردا،بێ ده‌سه‌ڵاته‌كان لێبوورده‌ن.