سیاسه‌تکردن له سه‌رده‌می قه‌یراندا: حکومه‌تی هه‌رێم و په‌که‌که
سه‌ردار عه‌زیز ……..
هێرشی سه‌ربازی تورکیا بۆ سه‌ر کوردوستان و په‌که‌که قه‌یرانێکی ئاڵۆزی له بارودۆخی سیاسی ناوچه‌که‌دا هێناوه‌ته ئاراوه. ئه‌م قه‌یرانه به شێوه و شێوازی جودا له لایه‌ن لایه‌نه جیاوازه‌کانه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵا کرا و ئه‌کرێت. له‌م نووسینه‌مدا من ته‌نها ده‌رباره‌ی هه‌ڵوێستی حکومه‌تی هه‌رێم و هێزه کوردیه‌کانی تری ده‌ره‌وه‌ی حکومه‌ت قسه‌ئه‌که‌م. لایه‌نه ده‌ره‌کیه‌کانی تر که رۆڵی گه‌وره‌یان هه‌بوو له ئاراسته‌و ته‌وژمی قه‌یرانه‌که ده‌کرێت له روانگه‌ی تره‌وه بخوێنرێنه‌وه. له‌م بواره‌دا ئه‌وه‌ی هه‌تا ئه‌م رۆژانه‌ش هه‌ستی پێئه‌کرێت هه‌بوونی ئه‌و بۆشایه‌یه که له‌نێوان حکومه‌ت هێزه‌کانی تری ده‌ره‌وه‌ی حکومه‌تدا هه‌ن.
هه‌بوونی ململانێ له نێوان حکومه‌ت و هێزه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حکومه‌ت له نێو پرۆسه‌یه‌کی دارێژراودا کارێکی هه‌تا بڵێی باشه و ته‌ندروسته. له راستیدا هه‌بوونی هێزی جودا ده‌بێته هۆی هێنانه ئارای ئه‌و دیلیکتیکه پێویستهی که مارکس باسی له نه‌بوونی ئه‌کات، له ده‌قی شێوازی به‌رهه‌می ئاسیایی، که له ئه‌نجامدا بوه‌ته هۆی نه‌گۆرانی کۆمه‌ڵگا بۆ سه‌ده‌ی زۆر و دورو درێژ. له‌م روانگه‌یه‌وه ئێمه جودایی به پێویست ده‌زانین. به‌ڵام جودای ته‌واوکه‌ری یه‌کتر له پرۆسه‌یه‌کی دیالیکتیکا. (ئه‌م بواره‌ی قسه‌ی زیاتری ده‌وێ).
به‌ڵام ئایا هه‌بوونی ململانێ له به‌رامبه‌ر هێزی ده‌ره‌کیدا به هه‌مان شێوه ته‌ندروسته و ده‌چێته خانه‌ی ململانێی دیموکراسیه‌وه. دیاره وه‌ڵام نه‌خێر. چونکه له هیچ ووڵات و کۆمه‌ڵگایه‌کی دونیادا ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی مایه‌ی کێشمه‌کێش و لێدوان نیه له ناوخۆدا. به‌ڵکو به‌پێی ده‌ستور کاروباری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی دارێژراوه و ئه‌رکی هه‌موان ئه‌وه‌یه که کار بۆ پاراستنی بکات. دیاره له سیاسه‌تی کوردیا هه‌میشه ئه‌م تیزه به جۆرێکی سه‌ێر به‌رچاو ئه‌خرێت؛ ئه‌ویش ئه‌گه‌ر ماڵی کوردی یهکگرتوبێت ئه‌وا به‌هێز ده‌بێت له‌به‌رامبه‌ر ده‌ره‌وه‌دا. ئه‌مه راسته به‌ڵام شێوازی یه‌کگرتنه‌که گرنگه. به‌یه‌کبوون جوادیه له پێکه‌وه بوون، په‌لکه زێرینه جودایه له تاریکی.
به‌ڵام ئاشکرایه بارودۆخه‌که له کوردوستان به‌و شێوه‌یه نیه. ئه‌وه‌شی کێشه‌که‌ی هێنده تر گرانکردوه ئه‌وه‌یه که بارودۆخی کورد و سیاسه‌تی کورد هێنده بێوێنه‌یه که نموونه‌یه‌کی تر نیه له دونیادا هه‌تا ئێمه له رێگای به‌راوردکردنه‌وه بتوانین سودی لێوه‌ربگرین، له‌لایه‌کی تره‌وه نه رسکاوی عه‌قلی سیاسی کورد به‌یه‌کسانی له‌لای حکومه‌ت و هێزه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حکومه‌ت، هێنده‌ی تر روداو و کێشه‌کان ناسک و ئاڵۆزئهکهن. به مانایه‌کی تر له ناوه‌ندی سیاسه‌تی کوردی‌دا زوو سیاسه‌ت له سیاسه‌ت ئه‌که‌وێت. دیاره من ناتوانم هێزه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حکومه‌ت به ئۆپۆزسیون ناوببه‌م چونکه هێزی ئۆپۆزسیون نین. ئه‌و وورده پارتانه‌ی که ره‌نگه بچنه خانه‌ی ئۆپۆزسیونهوه؛ وه‌ک ئه‌و پارتانه‌ی که له په‌رله‌مان چه‌ند کورسیه‌کیان به‌خێر به‌رکه‌وتوه، ته‌نها به‌پێی پێوه‌ری سیسته‌می نادیموکراتی ده‌چنه خانه‌ی ئۆپۆزسیونهوه. دیاره هه‌ڵوێستی ئه‌و وورده حیزبانه ئه‌وه ده‌سه‌ڵمێنی که هه‌رگیز شایسته‌ی ئه‌وه نین رۆژێک ببنه خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات، چونکه ئه‌وان به ئاشکرا ده‌رماڵه و ده‌سکه‌وتی ئابوری ده‌خه‌نه سه‌ر هه‌موو شتێکی تره‌وه. بۆیه زۆر به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌گه‌ر رۆژێک ده‌ستیان بگاته ده‌سه‌ڵات، ده‌ڵیین خۆزگه‌مان به پار.
ئه‌و هێزه‌ی که له‌ده‌ره‌وه‌ی حکومه‌ت بوونی هه‌بوو له قه‌یرانه‌که‌دا هێزێکه که دیدێکی ناشیونالیزمانه به‌رێوه‌ی ده‌بات. ناشێونالیزمێکی ناسڤیل و نادیموکرات. بوون به پێشره‌وی پارتی چاره‌سه‌ر و په‌که‌که به هێزی ده‌ره‌وه‌ی حکومه‌ت له‌لایه‌که‌وه زۆر باش خیتابی کوردی کرده خیتابی پانکوردی. ئه‌مه له‌لایه‌ک، له‌لایه‌کی تره‌وه ترسناکه چونکه کوردوستانی باشور ده‌بێ ئه‌وه بۆ دونیا بسه‌لمێنی که ئه‌گه‌ر کورد مافی خۆی وه‌رگرێ چۆن له گه‌ڵ قه‌یرانه‌کان و دونیادا مامه‌ڵه‌ئه‌کات. بۆیه دیبلۆماسیه‌ت و دان به‌خۆداگرتن ئه‌رک وکاری پێویستی حکومه‌ت بوون.
ئێمه هه‌رچه‌نده قوربانین به‌ڵام وه‌ک درێدا ده‌ڵێت ماف هه‌میشه مافی به‌هێزه، بۆیه په‌یوه‌ندی ئێمه له‌گه‌ڵ ماف‌دا په‌یوه‌ندیه‌کی سه‌ختتر و ئاڵۆزتره، وه دونیا زیاتری له ئیمه ده‌وێ. به داخه‌وه ئه‌مه یاسای یاریه‌که‌یه. له‌م روانگه‌یه‌وه ده‌بوو ئێمه به چه‌ند ئاستێک له هه‌مانکاتدا ئیشمان بکردایه.
کاری هێرشکردن بۆ سه‌ر کوردوستان مه‌ترسی بوو به‌ڵام له هه‌مانکاتدا پاڵنه‌رێک بوو بۆ گه‌شه‌کردنه‌وه‌ی هه‌ستی کوردبوون و کوردایه‌تی. ئه‌و هه‌سته‌ی له‌به‌ر گه‌نده‌لی و نه‌زانی و نه‌بوونی شاره‌زایی و بێتوانایی له به‌رێوبردنی حکومدا، بوه‌ته هه‌ستێکی فه‌رامۆشکراو یان له بێرچوهوه. دیاره ئه‌م قه‌یرانانه که ناشیونالیزمی کورد تیائه‌ژی ده‌رفه‌تێکی زێرینه بۆ هێزی تر بۆئه‌وه‌ی ناشیونالیزمێکی سڤیل بهێنێته ئاراوه. (هاوینی داهاتوو له ئه‌نیستیتۆی لیبناز له شاری هامبۆرگ له ئه‌ڵمانیا، من لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک له‌مباره‌یه‌وه به زمانی ئینگلیزی پێشکه‌ش ئه‌که‌م).
ئه‌و ترس و جۆشوخرۆشه‌ی که هاته‌ئاراوه ئه‌و هێزه پێویسته بوو که ئێمه پێویستمانه بۆئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی به نه‌ته‌وه‌بوونمان بگه‌یه‌ت یان پێبگهیهت. له هه‌مانکاتدا هێرشه‌که کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئیمه‌ی هێنایه نێو میدیا و سیاسه‌ته‌وه. وه به‌جۆرێکی بێوێنه له پێشوو، بۆیه‌که‌مجار له مێژوودا هێزه‌گه‌وره‌کانی دونیا ئاماده‌بوون قسه‌بکه‌ن و خواستی به ئاشتی چاره‌سه‌کردنی کێشه‌که ده‌رببرن. ئه‌مه سه‌رمایه‌یه‌کی ره‌مزی باشه، که ده‌گه‌رێته‌وه بۆ په‌یوه‌ندی کورد له عێراق و کێشه‌ێ عێراقدا له گه‌ڵ ئه‌مریکادا. هه‌روه‌ها ئیـمه له رۆژگار و دونیاکدا ده‌ژین که ته‌نها کاتێک ده‌توانی بڵیی هه‌م که له شاشه‌ی تهلهفزوێنهکانه ده‌رکه‌ویت.
بابێینه سه‌ر هه‌ردوو هیزی حکومه‌ت و ده‌ره‌وه‌ی حکومه‌ت. به‌رای من هیچ کام له‌م دوو هێزه نه‌یانتوانی به‌رۆڵی شیاوی خۆیان هه‌ستن به‌تایبه‌ت له میانه‌ی پێکه‌وه کارکردن و به‌ره‌و ئامانج چوون. هه‌رچه‌ند ده‌بێت ئه‌وه بوترێت که هه‌ردوو هێز، به‌به‌راورد به مێژووی رابوورد و ئه‌وه‌یان پێشاندا که گۆرانیان به سه‌راهاتووه. ئه‌مه‌ش له‌وه‌دا ده‌رئه‌که‌وێت که هیچ لا نه‌گه‌شتنه ئاستی شه‌رکردن یان شهر راگه‌یاندن دژ به‌لایه‌نه‌که‌ی تر. به‌ڵام ئه‌ی بۆچی رۆڵی شیاوی خۆیان نه‌بینی. یه‌که‌م پرنسیپ، ده‌بوو له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه بوایه که هه‌ردوو هێزه ته‌واکه‌ری یه‌کتربن. ئه‌مه مانای ئه‌وه نیه که هه‌ردوو هێز ده‌بوو ببنه هاوپه‌یمان، نه‌خێر له راستیا جودا بونیان بۆ ئه‌م قۆناخه پێویست بوو. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌بوو بکرایه ئه‌وان به جواد له‌یه‌کتری ئه‌و کارانه‌یان بکردایه که به‌یه‌کتری ناکرێت. هه‌ردوولا ئه‌گه‌رچی هه‌ندێ جار وه‌ها ده‌ربکه‌وێت که دژ به‌یه‌کن به‌ڵام هێشتا ده‌یانتوانی به‌پێی په‌یمانێکی نه‌به‌ستراو پێکه‌وه کاریان بکردایه.
حکومه‌تی هه‌رێم بۆئه‌وه‌ی له ناوه‌نده دیپلۆماتیهکاندا سه‌نگی هه‌بێت، گوێی لێبگیرێت، ناتوانێت ببێته جۆشده‌ری هه‌ست و خرۆشی بهرخۆدانو یاخی بوون، به‌ڵکو ده‌بوو خۆی میانره و خۆگونجێنه‌ر ده‌رخات هه‌تا بتوانێ بگاته ناوه‌نده باڵاکانی بریار. ئه‌م رۆڵه ئێمه له مێژوودا هه‌میشه لێی بێبه‌شبوین. له هه‌مانکاتدا هێزی ده‌ره‌وه‌ی حکومه‌ت ده‌بوو ئه‌وه‌ی پێشاندایه که‌ئه‌گه‌ر دیپلۆماسیه‌ت و ئاشتی کاری خۆی نه‌کات ئه‌وا ئه‌لته‌رناتیڤ چی ده‌بێت. ده‌بوو ئه‌و خواسته‌ی نمایش بکردایه که خه‌ڵک ئاماده‌ن له‌سه‌ر ووڵات و ماف و ئازادی خۆیان به‌رگری بکه‌ن. ئه‌م جوته ناته‌بایه که پێکه‌وه به ته‌بایی کارده‌که‌ن رێک کوتومت وه‌ک هێز و دیپلۆماسیه‌ت وه‌هایه. دیپلۆماسیه‌ت ته‌نها کاتێک کاریگه‌ر ده‌بێت که هێزێکی کاریگه‌ر له پشتیه‌وه بێت.
ئێمه‌ی کورد هه‌تا ئێستا، سه‌ره‌رای هه‌بوونی یه‌کێک له هه‌ره ئاڵۆزترین کێشه سیاسیه‌کانی دونیا، سیاسه‌ت ناکه‌ین. ئێمه ئیسێنشالیستین؛ به‌و مانایه ناتوانین ئاسته‌کانی خیتابمان له‌یه‌ك جوادکهینهوه، ناتوانین دژه‌کان پێکه‌وه بسازێنین. ناتوانین چوارچیوه‌یه دارێژین هه‌تا له‌نێویدا دیده جیاوازه‌کانمان بۆ خزمه‌تی ئه‌نجامێکی دیاریکراو به‌کاربهێنین. ئێمه هه‌میشه ئاینیانه یان دۆستین یان دوژمن. که‌چی سیاسه‌ت یاریه. هه‌ڵسوکه‌وت و ململانێ و گۆرانه. دوژمنانمان ئه‌مه باش ده‌زانن بۆیه هه‌میشه کاربۆئه‌وه ئه‌که‌ن چۆن ئێمه بکه‌ن به دوژمنی یه‌کتری. به‌داخه‌وه ئێمه له مێژوودا پێشانمانداوه که زوو ده‌بینه دوژمنی یه‌کتری، زوو ئاماده‌ین سه‌نگه‌ر له‌یه‌کتری بگرین، زوو ئاماده‌ین ببین به‌دۆست و دوژمنی یه‌کتری.
ئه‌و دیدانه‌ی هه‌تا ئه‌مرۆ ئێمه سیاسه‌تمان پیکردوه دیدی تاک رهههندین، چ کۆنیزم، چ ئیسلام، چ نه‌ته‌وه، دیاره له راستیا ئێمه خاوه‌ن هیچ یه‌ک له‌م روانگانه نین به‌شێوه‌ی تۆکمه و تێگه‌شتوو. به‌ڵام ئه‌و به‌شه‌ی که وه‌رمانگرتوه و کردومانه‌ته دروشم و رابه‌رایه‌تی خۆمان به‌س بووه بۆئه‌وه‌ی ئێمه له‌یه‌کتر جودابکاته‌وه. ئه‌مه بانگه‌شه نیه بۆ به‌یه‌کبوون. چونکه زۆرێک ئه‌وه به‌باش ئه‌زانن که خه‌باتی کورد ببێت به‌یه‌ک، ئه‌وه نهواقیعه و نه سودبه‌خش، چونکه سیاسه‌ت، به‌تایبه‌تی سیاسه‌تکردن له گه‌ڵ کێشه‌ی کورددا ئه‌وه پێویست ده‌کات که چه‌ند خیتابی جیاواز، چه‌ند ئاستی جیاواز، چه‌ند پارتی جیاواز هه‌بن، به‌ڵام له ساته‌وه‌ختی دیاریکراودا به‌پێی پهرچهدانهوهی رووداوه‌کان بتوانن تێهه‌ڵکێشی له هاوپه‌یمانی بێننه ئاراوه، که ده‌تواننین ناوی ببنێن هاوپه‌یمانێتی له‌پێناوی هاوئامانجیا. بۆئه‌وه‌ی تیوره‌ی ئهمهبکهین، بیر له لیڤیاسانی تۆماز هۆبز بکه‌ره‌وه. هۆبز بروای وه‌هایه دۆخی سروشتی ئه‌و دۆخه‌یه که هه‌موان له‌یه‌ک ئه‌ترسین بۆیه هه‌مومان ده‌که‌وینه شهر له‌گه‌ڵ هه‌مواندا. به‌ڵام بۆئه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه نه‌یه‌ته کایه‌وه هه‌مومان بریارئهدهین که ده‌سه‌ڵاتێکی سه‌روه‌ر دابمه‌زرێنین بۆئه‌وه‌ی له‌یه‌کتریمان بپارێزێ.
به‌پێی ئه‌م تیوره ئه‌گه‌ر دۆخی دژایه‌تیکردنی ئێمه وه‌ک دۆخی سروشتی وه‌هابێت. ئه‌و دۆخه‌بێت که ئێمه تیا وه‌ک هێز، وه‌ک حیزب، له‌یه‌ک ئه‌ترسین، هه‌وڵی شه‌ری یه‌کتر ئه‌ده‌ین، ئاشتی له ته‌نهای و باڵاده‌ستی خۆماندا ده‌بینێنه‌وه. سه‌رباری ترس له‌یه‌کتری ئێمه له‌به‌رامبه‌ر هێزی قڕکه‌ری ئهویتریشاین بۆیه ئه‌م دوو سه‌رچاوه‌ی ترسه. ترس له خود و ترس له ئه‌ویتر ده‌بێته ببێته پاڵنه‌رێک بۆئه‌وه‌ی ئێمه ناوه‌ندێک پێک‌بێنین بۆ دامرکاندنه‌وه‌ی ئه‌م ترسه. ئه‌گه‌ر نمونه‌یه‌کی روونتر بهێنینه‌وه. ده‌زگایه‌کی تۆکمه و ئاڵۆزی وه‌ک یه‌کێتی ئه‌وروپا ده‌رئه‌نجامی شه‌ره خوێناویه‌کانی ئه‌وروپایه. ئه‌وروپا له‌ترسی شه‌ره خوێناویه‌کانی هه‌وڵی به‌دیهێنانی ده‌زگایه‌کی وه‌های دا.
له بواری سیاسه‌تی ئێمه‌دا ترسێکی سروشتی له‌یه‌کتر و ترسێکی سیاسی له‌ئه‌ویتر هه‌یه که به‌سه بۆئه‌وه‌ی ئێمه بکاته خاوه‌ن پرنسیپ و ئامانجی هاوبه‌ش، ئێمه فێربکات به‌جودا پێکه‌وه کار بۆ یه‌کتری بکه‌ێن. له دونیای ئاڵۆزی ئه‌مرۆدا ته‌نها قاره‌مانی به‌س نیه بۆئه‌وه‌ی به ئامانجه‌کانت بگه‌ی.