Skip to Content

Saturday, December 14th, 2024
وڕێنەکانی  کافربوون ….  هاوڕێ ڕەش

وڕێنەکانی کافربوون …. هاوڕێ ڕەش

Closed
by May 9, 2012 ئەدەب

 

لەوسەری دونیایەوە
 ڕاکە ڕاکمەو
دەمەوێ قومێ ئاوی وشک بکڕم
زەوی چاوەکانی ئاسمانی دەرهێناوەو
پەرداخەکان بەپێ دەڕۆنە جەهەنەم
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،
ڕیحانەیەک سەرک و
ڕەگی خۆی گرتووەو
دەڵیت باژۆ بەرەو کۆشکی خوا
لێرە سەوزاییان کیمیا باران کرد
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،
ئەستێرەیەک
دانیشتووەو تەپوتۆزی شەقامەکانی
بەهەشت دەتەکێنێ
کە خۆی خاوین کردەوە دەڵێت
هەستن سبەینێ ئاهەنگی مردنی
مریمەکانی شعرە
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،
داڵغەیەک باسی سەراوبن بونی خۆی دەکا
و  دەڵێ :
 مریشکەکانی وڵاتیش لە دانیشتنی
سەر کورسیەکان وەڕەس بوون
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،
دۆلکەیەک بیرەم پێیە و
دەمەوێ خۆمی پێ بکوژم
تا مەلای گەڕەک بڵی کافر بووە
ژنێکیش لەدیو پەنجەرەی تەنیاییمەوە
دەیەوێ
بە گاشە بەرد تۆقەم لەگەڵ دەکا
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،
کتێبخانەکەشم ئەوەندە
تۆزی لەسەر نیشتووە
لاپەڕەکان بوونە
هاوسەری گەردو
لەهەوا شەڕە لاقیانە
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،
بیرم کردەوە هەرچی
بەختەوەری هەیە لە ستۆکهۆڵمەوە بیهێنم و
لە سەر شاشەی
تەلەفزیۆنی (السعودیە)
پەخشی بکەم
هەر خۆشم دەموت نا بۆنەچم لە لەندەوە
دیموکراسی بێنم و
لەسەربانی مزگەوتێکدا شەهیدی بکەم
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،
ئای لە وڕێنەکانی من
ئەوەندە ماندوو بووم لەم ڕاکە ڕاکەم
فڕەیەک چای گەرم بۆ ناخورێتەوەو
ناشزانم چۆن تەنیاییم کافر بکەم

هاوڕێ ڕەش

Previous
Next