Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
کات ژمێر يان وێنەى سەر ديوار

کات ژمێر يان وێنەى سەر ديوار

Closed
by May 9, 2012 گشتی

لە پاش جەنگى جيهانى يەکەم و لەسەر دەستى ئينگليزەکان بە ڕێگاى کەشتى سەربازى کات ژمێر  و کامێرا و پاسکيل و لايت و جەرخ و چاپ و تفەنگ و بەبەتەکانى ترى سەرەتايى ژيانى پيشەسازى وەك هەموو ئامێر و کەرەستە و بابەتى سەير و ئەنتيکەى پێداويستى کۆمەڵگاى ڕۆژاوا لە  سەرەتاکانى سەدەى ڕابردوو هێنرانە ڕۆژ هەڵات و پايتەختى ووڵاتە تازە دروستکراوەکانى وەك شارى بەغداى عێراق وهەروەها سلێمانى کوردستانى جنوبى و کەوتنە بەردەست ، سەرەتا خانەوادەى مەليکى و پاشان وەزارەت و دەوائيرى دەوڵەتى و بەدواشيدا خانەوادەى لۆرتى شارەکان و ئاغا و کوێخاى شارۆچکەکان ، هەمووى بۆ خەڵکى سەير و سەرنج ڕاکێشەر بوون لە ناويشياندا کامێراى وێنەى سەرەتايى بوون کە تەنها سەرەتا  لەبەر دەستى سووپا بوون و ووێنەى مەليك و جەنەڕاڵ و لۆرت و کوێخاو پياوە ئاينيەکانى پێدەگيراو ئەڕشيف دەکران ، تا ساڵ لەدواى ساڵ و دامەزراندنى دەوڵەتان و ئاوەدانبونەوەى جيهان لەپاش جەنگى جيهانى دووەم  بە دواوە ئيتر ووێنە هەڵواسين بوە مۆدەى فەرمى دەوڵەتى و مەليك و سەرۆك و حاکمى ووڵات هەڵدەواسرا و بە پيرۆز و مەبدەئى  دەوڵەتى سەيردەکراو کڕنۆشى بۆدەبرا ، تا هاتە نێوو ماڵى خەڵکى و لۆرت و توجار و ئاغاکان لەمەڵەوە لەپشت سەرى خۆيان خەڵيان دەواسى و بەم شێوەيەش تا ئێستا ڕێچکەى بەستوە بۆ ناو هەموو ماڵ و دوکان و شوێنێك .
 ئەم نەرێتى هەڵواسينى ووێنەيە گەرچى ڕۆژئاووييە و مەليکانەيە ، لە گەڵيشياندا لە جيهانى سۆسياليستى و کۆمۆنستى سەدەى ڕابردوو بە زياتر و بەرفراوانتر هاتە مەيدانى سياسەت و ووێنەکانى مارکس و لينين و لەسەروشيانەوە ستالين زۆر بە زيادەڕۆيى هاتە بەرچاو و بۆڕ بۆڕێنيان بوو لە پاڵ وێنەکانى هيتلەر و مۆسۆلينى ، لە سەدەى ڕابردوودا زياتر و زۆرترين ووێنە ووینەکانى دکتاتۆر و حاکم و دەستەلاتدارە خۆینڕێژەکانى ووڵاتان و دەستەڵاتى جياجياى جيهانيە و گەورەترين و بەربڵاوترين پانتايى ڕۆژنامە و ميديا و سەر ديوارەکانى ووڵاتانى گرتۆتەوە وهەموو شوێنێکى ئەو ووڵات و ناو چەو بەڕێوەبەرايەتى و تەنانەت سەر شەقامەکانى شار و هەموو ووڵاتى گرتۆتەوە  ، ئەم نەرێتە دکتاتۆريە ترسناکە ى ووێنەکانى سەرۆك ئەوەمان پێدەڵێت ئەو لەسەرو هەموومانەوەيە و ئەو ژمارە يەکە و هەر ئەوەو بەس لەو زياتر کەسى تر نيە و هەر ئەوو بەس !  ، ئەم هۆکارەش بوو کەوا وولاتانى ديموکراتى و سياسەتى ڕوونى و پێشکەوتوو خوازى و جيهانى نوێ و مۆدێرن وابکەن کە لەم نەرێتە پاشگەز ببنەوە و خۆيانى لێبە دوور بگرن و پشت گوێ خەن و ووێنەکانى مەليك و سەرۆك و سەرکردە و هەموو خۆ بەخت کاران و زانايان بەرنە ناو هۆڵى مۆزەخانە و لەوێ وەك مێژوو ڕیزى لێبگرن و نيشانى بەن و بيکەنە بەشێك لە مێژووى ڕابردوو .
لە هەرێمى کوردستان ووێنەکەى مەليك مەحمود زۆرترين خواست بوە  و لە پاش سەردەمى مەليکيش مەلامستەفا  بارزانى بووە         تا سەرەتاى سەردەمى ففتى بە ففتى پاش ڕاپەڕينى ١٩٩١کە بووە نەريتێکى حزبى و ناوچەيى بۆ هەردوو سەرکردەى حزبى حاکمى ناوچەيى هەرێمى کوردستان  ، و هەريکە لە  حاکمـيەتى ناوچەى سۆرانى سەرۆکى يەکێتى  بوە و بادينان سەرۆکى پارتى بوە ، کار گەيشتۆتە ئەوەى سەر ديوار و باڵەخانە و دووکان و بازاڕ و سەر جادە و شەقامەکان و بەڕیوە بەرايەتى و نوسينگەى دەوڵەتى و هەموو کونجو کەلەبەرێکى بادينان  و سۆران هەر ووێنەى سەرکردە ى حزب بوە هەر ئەوە و بەس تا ئاستى گۆڕينى ناوى شەقام و شوێنەگشتيەکانيش .
زۆر ئاساييە کەسێك لەماڵى خۆى لە دووکانەکەى لە شوێنى تايبەتى خۆى بە حەزو ئارەزووى خۆى ووێنەى کەسى خۆشەويست و سەرکردەى خۆى هەڵواسێ و ڕێزى لێبگرێ  ، بەڵام ئەمڕۆ لە جيهاندا ووێنەى سەرۆك و سەرکردە و پياو چاکان و هەموو ئەوانەى تر لە دڵسۆز و نيشتمان پەروەر و هونەرمەند و ئەديبەکان و زانايان لەناو موزيۆم و هۆڵە مێژووييەکانن و بەڕێز و ستاويشەوە خەڵکى و ميوانانى دەرەکى ڕووى لێدەکەن و خۆشەويستى خۆيانى بۆ دەرەبڕن ، ئەمەش نەرێتێکى جوان و سەربەرزانەيە و پێويستە لە هەرێم و ووڵاتى ئێمە ووێنەکانى ئەو بەڕێزە سەرکردە و سەرۆك و کەسايەتى ڕۆشنبير و هونەرمەند و ئەديبانە بەرينە مۆزيۆم و لەوێ ڕێز و ستايشيان کەين  و خۆشەويستىيان بۆ دەربڕين و ياديان کەينەوە . لەبرى ووێنەى سەرۆك  پێويستە کات ژمێر و ڕۆژمێر هەڵواسين لە هەموو بەڕێوە بەرايەتى و دام و دەزگايەکى فەرمى حکومى هەر لە پەرلەمان و ئەنجوومەنى وەزيرانەوە بە فەرمانگەکانيەوە و بە قووتابخانە و خوێندنگاو زانکۆکانيەوە تا ژوورى کارمەندە خزمەت گووزاريەکانى کەناسەکانى سەر شەقامەکان ، تا بزانين چەند کارمان کردوە و چەند کاتمان ماوە و تا چەند ڕۆژمان ماوە بۆ پلان و بەرنامە و سياسەتى داڕێژراومان لە  بوارە جۆر بەجۆرەکانى خزمەت گوزارى خەڵکى و ووڵات و نيشتمان . سەرکردەکانمان ئەگەر خۆشەويست و دڵسۆز و سەرکردەمان بن  بە ڕاستى ،  ئەوا ئەوان پێويستيان بە ووێنە هەڵواسين و پياهەڵدان نيە ، پێويستيان بەوەيە لە مۆزيۆمى مێژوودا وەك تێکۆشەرێك و خۆشەويستێکى  خەڵکى و ووڵات و نيشتمان سەيرکرێن و ياديان کرێتەوە و ڕێزيان لێبگيرێ . نەك لەژێر سايەى حزبێك يان فراکسيۆنێك يان کابينەيەك  يان شارێك يان ناوچەيەك يان بارەگايەك  بسەپێنرێن و ووێنەيان هەڵواسرێ . ئێمە چەندە پێوويستمان بە هەڵواسينى ووێنەى سەرۆکە لە مووزيۆم و هۆڵەکاندا بۆيادکردنەوەيان ، ئەوەندە زياتريش پێوويستمان بە کاتژمێر و ڕۆژمێر هەيە بۆ کار و چالاکى و خزمەت کردنى خەڵکى و نيشتمان و ووڵات و هەرێمەکەمان  .

شێرکۆ عادل / لەندەن
Sherko adil @ facebook
Sherkoedel@hotmail.co.uk
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.