Skip to Content

Wednesday, September 18th, 2024
زه‌نگێك،ئه‌وسه‌ری كۆڵانه‌كانی خه‌یاڵم لێده‌گرێت

زه‌نگێك،ئه‌وسه‌ری كۆڵانه‌كانی خه‌یاڵم لێده‌گرێت

Closed
by May 11, 2012 چیرۆک

 

چیرۆك

ئه‌و ده‌یگوت: ئه‌م به‌یانییه‌ به‌رله‌وه‌ی زه‌نگی كاتژمێره‌كه‌ به‌ئاگام بێنێته‌وه‌، زه‌نگێكی ناوه‌كیی به‌ئاگای هێنامه‌وه‌، كه‌ هه‌میشه‌ ‌و بێمۆڵه‌ت له‌ده‌رگای زه‌ینم ده‌دات‌و ته‌واوی هۆشم داده‌پۆشێت. ده‌رگای بیركردنه‌وه‌م لێده‌گرێ‌…بیركردنه‌وه‌ بۆ یاده‌وه‌ریێكی خۆش! ئه‌مه‌ جه‌ختكردنه‌وه‌ی پزیشكه‌ ده‌روونییه‌كه‌م بوو، كه‌ له‌یه‌كه‌م سه‌ردانمدا بۆلای، ئه‌وه‌ی به‌گوێدادام…”ئه‌و”بێئاگابوو له‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كانمان پڕن له‌ كاره‌سات، بێئاگابوو له‌وه‌ی من له‌وڵاتی گولله‌وه‌ سه‌رمهه‌ڵگرتووه‌ ‌و وڵاتی گوڵم هه‌ڵبژاردووه‌. له‌قسه‌ی پزیشكه‌كه‌مه‌وه‌ تێگه‌یشتم نوكته‌ی تاڵیش بوونی هه‌یه‌، چونكه‌ له‌نێوانی “من‌و یاده‌وه‌ری خۆش”دا له‌ نوكته‌یه‌كی بێمانا زیاتری لێبه‌رهه‌م نایه‌ت، كه‌چی ئه‌و فریشته‌ئاسایه‌ له‌هه‌موو سه‌ردانه‌كانمدا بۆلای ئه‌و، ئه‌وه‌ی پێده‌گوتم: تۆ كه‌سێكی ئاسایی بیر له‌ شادی بكه‌ره‌وه‌…شادی !!! بێچاره‌ هه‌ر له‌شوێنی خۆمه‌وه‌‌و له‌ خورێنی جگه‌ره‌یه‌ك داده‌گیرسێنم ‌و به‌پلیكانه‌كانی خه‌یاڵدا ده‌چمه‌ خوارێ‌، تنۆك تنۆك ده‌ڕژێمه‌ ناو ئه‌و رۆژانه‌ی كه‌ بیره‌وه‌رییه‌كانم تیایدا نووستوون، ده‌یان یاده‌وه‌ری به‌خێرایی تیشك خۆ له‌دیواری هه‌ستمده‌ده‌ن، هێندێكیان ئازارده‌ر‌و بڕێكیشیان پێكه‌نیناوین، له‌پڕ له‌سه‌ر ئه‌و یادگارییه‌ راده‌وه‌ستم كه‌ شێتانه‌ ‌و بێهیچ پێشینه‌یه‌ك رۆژێك بڕیارمدا مه‌یدانی جه‌نگ جێبێڵم‌و سه‌رهه‌ڵبگرم‌و ئێره‌ هه‌ڵبژێرم، چونكه‌ دواجار له‌وه‌تێگه‌یشتم جه‌نگیش جۆرێكه‌ له‌ بازرگانی‌و سیاسییه‌كان به‌ڕێیه‌وه‌ ده‌به‌ن، له‌جیاتی كاڵا ‌و پاره‌ مرۆڤ ‌و خوێن جێده‌گرن، منیش یه‌كێك بووم له‌و كاڵا هه‌رزانانه‌ی به‌خوێن هاتبوومه‌ مه‌یدان، زۆر گه‌مژه‌‌و ملهوڕانه‌ له‌ هه‌موو شه‌ڕه‌كان بریندار ده‌بووم‌و پله‌یه‌كیش به‌رزنه‌ده‌كرامه‌وه‌،كه‌چی كه‌ ئاشتی ده‌بوو پله‌كان ده‌به‌شرانه‌وه‌‌و من‌و هاوڕێكانم، ئه‌وانه‌ی به‌ كه‌لوكلۆمی ده‌گه‌ڕاینه‌وه‌ ماڵه‌وه‌، لێهاوێرده‌كراین….ئێستا ده‌ڵێم سوپاس ژه‌نه‌ڕاله‌كانی جه‌نگ،چاكبوو پله‌تان پێنه‌به‌خشیم ‌و پله‌دارنه‌بووم، چونكه‌ هه‌ر پله‌یه‌ك كووپه‌یه‌ك خوێنی بێتاوانی لێده‌چۆڕێ‌. چۆن ده‌متوانی له‌نێو ئه‌و هه‌موو گۆمه‌ خوێنه‌ ژیان بكه‌م، چۆن ده‌متوانی چیدی له‌ته‌نیشت لاشه‌كانه‌وه‌ بابۆڵه‌ پڕكه‌مه‌وه‌ له‌ برنجه‌سوور،كه‌ به‌بنی مه‌نجه‌ڵه‌كانه‌وه‌ ده‌سووتا، یان كه‌ڵبه‌كانم له‌ په‌تاته‌یه‌كی كوڵاوی خڕ گیركه‌م، یان قنیات به‌ هێلكه‌یه‌كی كوڵاوه‌وه‌ بكه‌م، كه‌ ئێشكگره‌ ئیدارییه‌كه‌ بێئه‌وه‌ی جگه‌ره‌مان پێبدات، ئه‌وانه‌ی به‌سه‌ردا ده‌به‌شینه‌وه‌. ئێمه‌ی جگه‌ره‌كێشیش فیشه‌كه‌كانمان له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی داده‌به‌زینه‌ شار‌و به‌ گلۆسی پاكه‌ته‌وه‌ ده‌گه‌ڕانه‌وه‌، به‌ جگه‌ره‌ ده‌گۆڕییه‌وه‌.
ئه‌و ده‌یگوت: پێش ده‌ستپێكردنی جه‌نگ، جه‌نگه‌كانمان له‌ گۆڕه‌پانه‌كانی یاریكردن بوون، شه‌ڕی تیپه‌گه‌ڕه‌ك گه‌رمبوو…نێو كۆڵانه‌ ته‌نگه‌كانیش یارییان تێداده‌كرا. له‌سه‌ر جاده‌ قیڕه‌كانیش دوو به‌رد له‌مسه‌ر‌و دووبه‌ردیش له‌وسه‌ر به‌دووری بیست مه‌ترێك داده‌نران، گوایه‌ ئه‌مانه‌ گۆڵه‌كانن. ئێمه‌ی نه‌دار ،كه‌ تۆپمان پێنه‌ده‌كڕا، قووتووی باغه‌ی رۆنی “راعی” یه‌ك كیلۆییمان ده‌كرده‌ تۆپ‌و یاریمان پێده‌كرد. ئه‌وه‌م له‌بیره‌ له‌گه‌ڵ تیپی گه‌ڕه‌كێكی دراوسێمان به‌م تۆپه‌ عه‌جایبه‌ یارییمان كرد‌و بردمانه‌وه‌‌و هیچیان پێنه‌ما گوتیان ئێمه‌ له‌سه‌ر قووتوو رانه‌هاتووین، وه‌رن به‌ تۆپ لێمان ببه‌نه‌وه‌. ئه‌وسا نه‌مده‌زانی تۆپ ئه‌وه‌نده‌ كاریگه‌ره‌ تا نه‌كه‌وتمه‌ به‌ره‌ی جه‌نگ‌و له‌ گرنگێتییه‌كه‌ی تێگه‌یشتم‌و ناهه‌قیی ئه‌وانیش ناگرم كه‌ جه‌ختیان له‌سه‌ر تۆپ ده‌كرده‌وه‌. ئێمه‌ هه‌روامان هێنابوو، به‌ڕۆژ له‌نێو كۆڵان‌و ئه‌و تیرێژه‌ زه‌وییه‌ی وه‌قفی مزگه‌وت كرابوو یاریمان ده‌كرد‌و شه‌وانیش خه‌ونمان به‌ یاریگایه‌كی چیمه‌نی ‌و تۆپێكی پێ‌ ده‌بینی، كوڕی خانووه‌ به‌قوڕه‌كانیان پێده‌گوتین، به‌ده‌گمه‌ن له‌مه‌یدانه‌كان ده‌دۆڕاین، هه‌ر به‌براوه‌یی ده‌ستمان له‌شه‌ڕه‌كانیش هه‌ڵده‌گرت، به‌ڵام كه‌ ده‌گه‌ڕاینه‌وه‌، هه‌رجاره‌ی پۆلێك هاوڕێ‌ جێیانده‌هێشتین ‌و ئه‌وانمان نه‌ده‌بینییه‌وه‌‌و ئه‌وانیش ئێمه‌یان به‌ جلی به‌خوێن‌و په‌ڕ‌وباڵی شكاوه‌وه‌ نه‌ده‌بینی!!.
ئه‌وه‌نده‌ به‌حه‌سره‌ت مژی له‌ جگه‌ره‌كه‌ ده‌دا، له‌نێو چڕه‌ دووكه‌ڵه‌كه‌دا سه‌ره‌سپییه‌كه‌ی له‌چه‌ناگه‌ به‌سه‌ره‌وه‌ ون ده‌بوو، ورده‌ ورده‌ ئه‌و چاوانه‌ی له‌به‌ر گڕه‌كه‌ كزی ده‌كردن، به‌دیار ده‌كه‌وتن. ئه‌و چاوانه‌ هه‌مان ئه‌و چاوانه‌ی دوێنێ‌ بوون، كه‌ به‌بێ‌ دووربین له‌سه‌ر تارمه‌ی ره‌بایه‌كه‌ راده‌وه‌ستا‌و روو له‌سه‌نگه‌ره‌كانی دوژمن راده‌ما. له‌نێو ئه‌م چڕه‌ دووكه‌ڵه‌دا
بیری هاته‌وه‌ جاران ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ ده‌ڕژانه‌ نێو یاریگاكه‌، سه‌ر پلیكانه‌كان پڕده‌بوون له‌ خه‌ڵك…سه‌رگرده‌كانیش زه‌رد‌و سوور ده‌چوون، هه‌موویان ده‌بوونه‌ هانده‌ر. ئه‌و كوڕه‌ی بیرهاته‌وه‌ كه‌ ناوی نه‌ورۆز بوو، ئه‌وه‌ی له‌قسه‌كردندا كه‌مێك زمانی ده‌گیرا، به‌ڵام كه‌ گۆرانی ده‌گوت یان هوتافی ده‌كێشان هیچ خه‌وشێكی نه‌ده‌ما…ئه‌و زمانگیرانه‌ی ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌ شیرینی كردبوو، هه‌ر كه‌ یاری ده‌ستی پێده‌كرد، ئه‌و ده‌هۆڵێكی گه‌وره‌ی ده‌كرده‌ مل‌و له‌سه‌ر پلیكانه‌كان داده‌نیشت، ئه‌و هه‌موو منداڵه‌ ده‌وریان ده‌دا‌و ئه‌ویش هانی یاریكه‌ره‌كانی ده‌دا، ئێستا ئه‌و یه‌كێكه‌ له‌ بێژه‌ره‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی رادیۆ…وتاری حه‌ماسی ‌و به‌یانه‌كانی شه‌ڕ به‌ده‌نگه‌ پِڕجۆشه‌كه‌ی ئه‌و ده‌خوێنرێنه‌وه‌، ئه‌و كه‌ دوێنێ‌ له‌سه‌ر پلیكانه‌كانی یاریگا هاواری ده‌كرد كیگن..كیگن، ئه‌مڕۆ هاوار ده‌كات…گیڤاراكان له‌مه‌یدانی جه‌نگ سه‌ركه‌وتنی یه‌ك له‌دوای یه‌كیان به‌ده‌ستهێناوه‌. ئه‌و هه‌میشه‌ وره‌ی جه‌ماوه‌ر به‌رزده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئه‌و ده‌ڵێ‌، هه‌موو قڕ‌وقه‌پ داده‌نیشن، ته‌می سامناكیی شه‌ڕ ده‌بێته‌ یه‌كپارچه‌ له‌بارانی وره‌‌و به‌سه‌ر جه‌سته‌‌و رۆحی خه‌ڵكه‌كه‌ داده‌بارێ‌.
ئه‌و ده‌یگوت: جه‌نگ زۆر شتی له‌بیر بردوومه‌ته‌وه‌، ناوی یاریزانه‌كانم به‌باشی له‌بیرنه‌ماون، ته‌نانه‌ت به‌ده‌گمه‌ن سیماشیان دێته‌وه‌ زه‌ینم، ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێ كوڕێكی سپیكه‌ڵه‌ی باڵا مامناوه‌ندی هه‌بوو كه‌ له‌ هێڵی هێرشكردندا یاری ده‌كرد‌و گۆڵكه‌رێكی باشی تیپه‌كه‌بوو، ده‌ڵێن ئێستا له‌گه‌ڵ گرووپێكی تیرۆریستی خه‌ریكی مه‌شق‌و راهێنانه‌ به‌لاوان له‌سه‌ر خۆته‌قاندنه‌وه‌، ئه‌و كه‌ له‌هه‌مووان زیاتر مه‌شڕووبی ده‌خوارده‌وه‌، گوایه‌ ئێستا هانی لاوان ده‌دا بگه‌نه‌ پله‌ی شه‌هاده‌ت تا له‌و دونیا شه‌ڕابی ته‌هوور نۆشكه‌ن. یان ده‌ڵێ‌: هه‌مووشار ئه‌و یاریزانه‌ ره‌ش ئه‌سمه‌ره‌ی له‌بیره‌ كه‌ له‌هێڵی به‌رگری یاری ده‌كرد، مه‌حاڵبوو تۆپێك له‌و ره‌تی دابا، گوایه‌ ئه‌ویش له‌كاتی هه‌ورازبوونه‌وه‌ی بۆ ره‌بایه‌كه‌ تۆپێكی دوژمن ئه‌نجن ئه‌نجنیكرد ‌و ئه‌مجاره‌ “ئه‌و”ره‌تینه‌دا. تازیاتر به‌قووڵایی خه‌یاڵیدا ده‌چووه‌ خوارێ‌، بیری رۆشنتر‌و بیره‌وه‌رییه‌كانی دره‌وشاوه‌تر به‌دیار ده‌كه‌وتن… تا ئه‌وده‌مه‌ له‌نێو ته‌پڵه‌كه‌كه‌ی به‌رده‌میدا دوو قونكه‌ جگه‌ره‌ دیارییانده‌دا، سێیه‌م جگه‌ره‌ش له‌نێو په‌نجه‌كانیدا گیری خواردبوو، به‌ڵام ئه‌و ده‌یگوت: جگه‌ره‌كانی ئێره‌ هه‌رگیز تامی جگه‌ره‌كانی كاتی ئێشكگرتنه‌كان ناده‌ن، كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ره‌بایه‌كه‌، تۆف‌و كڕێوه‌ وه‌ك مووس پێستیان ده‌بڕی‌و منیش جگه‌ره‌كه‌م له‌نێو قامكه‌كانمدا سه‌ره‌ونخوون ده‌گرت، نه‌بادا ئاگری جگه‌ره‌كه‌ له‌نێو تاریكایی ئه‌نگوسته‌چاودا بلێسه‌ بدات‌و شوێنه‌كه‌م ئاشكراببێت.
ئه‌و ئه‌وه‌نده‌ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ ناخی خۆی، ته‌نانه‌ت هێمنتر ده‌بوو له‌قوڵایی نیوه‌شه‌و، ئه‌و ده‌مانه‌ی ده‌نگی میله‌كانی كاتژمێر وه‌ك ماكینه‌ی ئاسنگه‌ره‌كان چركه‌یان زاڵده‌بێ‌ به‌سه‌ر تاریكایی ‌و ئارامیی نیوه‌شه‌ودا. له‌و ئارامییه‌ قووڵه‌دا بیری بۆ لای هاوڕێكانی ده‌ڕۆیشت، شار یه‌كپارچه‌ ده‌بووه‌ شاشه‌یه‌كی گه‌وره‌‌و ئه‌و به‌دیاریه‌وه‌ داده‌نیشت، له‌نێو ئه‌و هه‌موو جه‌نجاڵیه‌ی شاردا، ئه‌و دوو برایه‌ی هاتنه‌وه‌بیر كه‌ له‌ هێڵی به‌رگری یارییان ده‌كرد‌و هه‌ریه‌كه‌ی لایه‌كی ده‌گرت، دوو یاریچی باشبوون، ئێستا هه‌ریه‌كه‌یان لایه‌نگری حزبێكن‌و دژبه‌یه‌ك له‌به‌ره‌كانی شه‌ڕ دابه‌شبوون، به‌ڵام له‌ژێره‌وه‌ ئاگایان له‌یه‌كتری هه‌یه‌‌و به‌م دواییانه‌ نامه‌شیان بۆ یه‌كدی ره‌وانه‌ كردووه‌. ئه‌و ده‌یگوت: كوڕێكی جوانكیله‌شم له‌بیره‌ كه‌ له‌ناوه‌ڕاست یاریده‌كرد، زۆر كچ شه‌یدای ببوون، كه‌چی ئه‌و دڵی به‌یه‌كێكه‌وه‌بوو، به‌ڵام برای ئه‌و كچه‌ی ژێر ئۆتۆمۆبیله‌كه‌یدا‌و كوشتی، بۆیه‌ له‌تاو ئه‌م كاره‌ساته‌ ئێستا كه‌وتۆته‌سه‌ر چاره‌سه‌ری ده‌روونی ‌و شه‌و‌و رۆژ له‌ماڵ نایه‌ته‌ده‌ر‌و بۆ چاره‌نووسی خۆی ده‌گریێت‌و وشكبۆته‌وه‌. كوڕێكی دیكه‌ كه‌ گۆڵچی تیپه‌كه‌بوو، باڵاشی له‌هه‌موویان به‌رزتربوو گوایه‌ له‌م دواییانه‌ كاری گۆڕینه‌وه‌ی دراوی ده‌كرد، ئێستا كه‌وتۆته‌سه‌ر ساجی عه‌لی، چونكه‌ رێگر هاتبوونه‌ سه‌ر رێی ‌و هه‌رچی پاره‌ی هه‌یبوو كردبووی به‌ دۆلار، له‌ڕێگه‌ رووتیانكردۆته‌وه‌، ئه‌ویش ده‌سته‌وئه‌ژنۆ دانیشتووه‌، وه‌ك چۆن جاران كه‌گۆڵێكی لێده‌كرا ئه‌ژنۆكانی ده‌شكان‌و له‌ناوه‌ڕاستی گۆڵه‌كه‌ داده‌نیشت.له‌نێو گه‌رمه‌ی ئه‌و بیره‌وه‌رییانه‌دابوو، میلی درێژی كاتژمێره‌كه‌ له‌سه‌ر دوانزه‌ جووتبوو ‌و زایه‌ڵه‌ی ده‌نگی زه‌نگێكی به‌هێز په‌رده‌ی گوێیه‌كانی له‌رانده‌وه‌ ‌و ناچاریكرد به‌ پڕتاو خۆی ئاماده‌بكا‌و به‌ره‌و شوێنی كاره‌كه‌ی به‌ڕێبكه‌وێت، نه‌بادا ئه‌مجاره‌ش له‌كاره‌كه‌ی ده‌ربكرێت.

حه‌سه‌ن مسته‌فا

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.