Skip to Content

Tuesday, October 15th, 2024
په‌خشکارانی کورد و پێشانگه‌ی کتێبی تاران

په‌خشکارانی کورد و پێشانگه‌ی کتێبی تاران

Closed
by May 11, 2012 گشتی

 

                   
پێشانگه‌ی کتێب ئه‌ویش گه‌ر له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا به‌رپا بکرێت،بێگومان باشترین شوێنه‌ بۆ پێشکه‌شکردن و بینینی نوێترین کتێب و ئاگاداربوونه‌وه‌ له‌ به‌رهه‌می تازه‌ و کۆنی په‌خشکار و ده‌زگه‌ و ناوه‌نده‌کانی چاپ و په‌خش و بڵاوکردنه‌وه‌ی کتێب.  ئه‌م ده‌سکه‌وته‌ی جیهانی سه‌رده‌م ئه‌رچی بۆ ئێمه‌ی کورد هێشتا شتێکی نۆباو و تازه‌یه‌ به‌ڵام لای گه‌لانی تری سه‌رزه‌وی خاوه‌نی مێژوویه‌کی تایبه‌ته‌ . نموونه‌ی هه‌ره‌به‌رچاویش پێشانگه‌ی کتێبی “فرانکفۆرت”ی وڵاتی ئه‌ڵمانیایه‌ که‌ یه‌کێکه‌ له‌ گه‌وره‌ترین پێشانگه‌کانی کتێب له‌ ئاستی جیهاندا. به‌خته‌وه‌رانه‌ له‌سای  ئه‌و ڕه‌وشه‌ی بۆ کورد ڕه‌خساوه‌ و ئه‌مڕۆکه‌ لانیکه‌م پارچه‌یه‌کی کوردستان  ئازاده‌،وا بۆ ساڵانێک ده‌چێ که‌ له‌ شاره‌کانی میناک “هه‌ولێر” و “سلێمانی” و “دهۆک” چه‌ندین جۆره‌ پێشانگه‌ی کتێب به‌رپا ده‌کرێ و جاری واشه‌ به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ پێشانگه‌که‌،‌ له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تییدا ده‌بێت. ئه‌مه‌ بایه‌خێکی زۆر گه‌وره‌ی هه‌یه‌ و پێویسته‌ قه‌درزانی بین. دیاره‌ به‌رپاکران و کرانه‌وه‌ی پێشانگه‌ی کتێب  بۆ خۆ یه‌کێکه‌ له‌ پێوه‌ره‌کان بۆ گه‌شه‌ و پێشکه‌وتن و په‌ره‌سه‌ندوویی وڵاتان. ئه‌م نووسینه‌ به‌ بیانووی کرانه‌وه‌ی بیست و پێنجه‌مین خولی پێشانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی کتێبی تاران ،ده‌یه‌وێ سووکه‌ ئاوڕێک له‌م پێشانگه‌یه‌ و  ڕۆڵ و ده‌وری لاوازی  په‌خشکارانی کورد بداته‌وه‌.
بیست و پێنجه‌مین خولی پێشانگه‌ی کتێبی تاران  ئه‌مساڵ به‌ دروشمی “چاره‌سه‌ده‌یه‌ک چالاکی فه‌رهه‌نگی”  ڕۆژی 13ی مانگی گوڵانی 1391ی هه‌تاوی (2ی مانگی مای)به‌ فه‌رمیی کرایه‌وه‌ و تا 23ی ئه‌م مانگه‌یش (12ی مای)ده‌خایه‌نێ. پێشانگه‌ی کتێبی تاران ،یه‌کێکه‌ له‌ گه‌وره‌ته‌ین پێشانگه‌کانی کتێب له‌ ئاستی خۆرهه‌ڵاتی ناویندا و خاوه‌نی بایه‌خ و سه‌نگی تایبه‌ت به‌ خۆیه‌تی و هه‌موو ساڵێک له‌م ڕۆژانه‌دا به‌ هه‌زاران که‌س له‌ ناوچه‌ جۆربه‌جۆره‌کانی ئێران و بگره‌ وڵاتانی جیرانه‌وه‌ ڕوو له‌م پێشانگه‌یه‌ ده‌که‌ن و  له‌ نزیکه‌وه‌ چاویان به‌ نوێترین و تازه‌ترین کتێبه‌کان ده‌که‌وێ. هه‌موو ساڵێک له‌ وه‌رزی به‌هار و مانگی گوڵاندا ئه‌م پێشانگه‌یه‌ به‌ به‌شداری هه‌زاران په‌خشکاری ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ئێران به‌رپا ده‌کرێت و مه‌کۆ و شوێنێکه‌ بۆ  ئاگاداربوونه‌وه‌ له‌ ڕه‌وشی کتێب و  تازه‌گه‌ری له‌ جیهانی کتێبدا . پێشانگه‌که‌ی کتێبی تاران له‌ چه‌ندین به‌شی سه‌ره‌کی پێک دێت‌  که‌ به‌شی په‌خشکارانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ له‌  گرینگترین پاژ و به‌شه‌کان دێنه‌ ئه‌ژمار. به‌ڵام له‌ به‌شی په‌خشکارانی ناوخۆدا ،په‌خشکارانی مناڵ،زانستگه‌یی و  گشتیی ده‌ور ده‌بینن و  جیهانێکی ڕه‌نگاڵه‌یی بۆ مناڵان و خوێندکاران و شه‌یدایانی کتێب ده‌ئافرێنن. له‌ پێشانگه‌که‌ی ئه‌مساڵی کتێبی تاراندا 1396 په‌خشکاری ئێرانی له‌ به‌شی گشتیی،610 په‌خشکار له‌ به‌شی زانستگه‌یی و 299 په‌خشکاری  به‌شی مناڵ و زارۆک به‌شدارن که‌ 207 هه‌زار و 170 جۆره‌ کتێب ده‌خه‌نه‌ به‌رچاو هۆگرانی کتێب. زێتر له‌ سه‌دهه‌زار کتێبی چاپی یه‌که‌میش له‌ پێشانگه‌که‌ی کتێبی تاراندا  ده‌که‌وێته‌ به‌ردیده‌ی دۆستدارانی کتێب. له‌ به‌شی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌م پێشانگه‌یه‌دا 1600 په‌خشکار له‌ 77 وڵاتی جیهانه‌وه‌ به‌شدارن که‌ مخابن به‌شی کورد تاقه‌ ژوورێکیش نییه‌.  تا ئێره‌ ئه‌مه‌ واقیعی پێشانگه‌که‌ی کتێبی تارانه‌ و زانیارییه‌ پێویسته‌کان سه‌باره‌ت به‌م ڕووداوه‌ فه‌رهه‌نگییه‌. ئه‌رچی به‌ده‌یان په‌خشکاری ناوخۆ ئیزنیان پێنادرێ به‌شداری ئه‌م پێشانگه‌یه‌ بن و سانسۆرێکی هه‌ره‌سه‌ختیش له‌سه‌ر مابه‌قی په‌خشکارانی به‌شداره‌‌ به‌ڵام ڕاستیت ده‌وێ پێشانگه‌که‌ی کتێبی تاران ئیدی پێگه‌یه‌کی تایبه‌تی بۆ خۆ ده‌س خستووه‌ و پێم وا نییه‌ که‌سیش حاشا له‌م ڕاستییه‌ بکات. ئه‌م پێشانگه‌یه‌ به‌ ده‌یان جۆره‌ ڕه‌خنه‌ و که‌مایسی و گله‌ و  که‌م و کوڕییه‌وه‌ ،هێشتا باشترین شوێنه‌ که‌ ساڵانه‌ به‌م ڕۆژانه‌ ئاشقانی کتێب له‌ ده‌وری یه‌ک گرد ده‌کاته‌وه‌ و سه‌دان که‌س و  گرووپ و ناوه‌ند ئاشنا به‌ یه‌ک ده‌بن و وه‌رزێکی نوێ بۆ پێوه‌ندی ده‌س پێ ده‌کات. وا بۆ 25 ساڵی ڕه‌به‌ق ده‌چێ هه‌موو ساڵێک به‌شداری ئه‌م پێشانگه‌یه‌ ده‌بم و له‌ نزیکه‌وه‌ ڕه‌وتی به‌ره‌و پێشه‌وه‌چوونی دونیای چاپ و کتێب له‌ ئێراندا ده‌بینم و به‌ڕاستیی هه‌رساڵ سه‌رسام ده‌بم به‌و هه‌موو ده‌سکه‌وته‌ی ئێرانی و فارسه‌کان و ئه‌و هه‌موو داهێنان و نوێگه‌ری و تازه‌گه‌رییه‌ له‌ دونیای کتێبدا و له‌و لاشه‌وه‌ بارێکی زۆر گران ده‌نیشێته‌ سه‌رشانم به‌رامبه‌ر به‌و بێوازییه‌ی دونیای کتێبی کوردی. ڕاسته‌ ده‌سه‌ڵات و حوکوومه‌ت ده‌توانێ ده‌وری هه‌ره‌گرینگ له‌ دونیای چاپ و په‌خش و بڵاوکردنه‌وه‌ی کتێبدا ببینێ به‌ڵام ئه‌وه‌ ته‌نیا به‌شێکی پرسه‌که‌یه‌ و به‌شی تری ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌ست به‌ به‌رپرسایه‌تیکردنی توێژی ڕووناکبیر و نووسه‌ر و وه‌رگێڕی فارس (ئێرانی) و دڵسۆزیی به‌رامبه‌ر زمان و سامانی فه‌رهه‌نگیی کۆمه‌ڵگه‌که‌ی و سه‌رمایه‌نانه‌وه‌  له‌ بواری فه‌رهه‌نگیی دا که‌ ئێمه‌ی کورد هێشتا فێر نه‌بووین  سامانی چاندیی و فه‌رهه‌نگیی گه‌له‌که‌مان به‌ چاوی سامان و سه‌رمایه‌ سه‌یر بکه‌ین.کامه‌ خاوه‌ن سه‌رمایه‌ و پاره‌داری کوردت پێ شک دێت که‌ ئاماده‌ بێت سه‌تی یه‌کی سه‌رمایه‌که‌ی بخاته‌ خزمه‌ت سامانی فه‌رهه‌نگیی میلله‌که‌ته‌که‌ی ؟ خۆ شوکر وا بۆ ساڵانێک ده‌چێ ئێمه‌ی کوردیش خاوه‌نی زه‌نگین و سه‌رمایه‌دارین ؛ ئه‌ی هۆکار چییه‌  سه‌رمایه‌دار و پاره‌دارێکی کوردت لا سۆراخ نایه‌‌ که‌ ده‌ ،یه‌کی سامان و سه‌رمایه‌که‌ی  له‌ بواری چاندیی و فه‌رهه‌نگیی دا بخاته‌ گه‌ڕ که‌ هه‌م ده‌سکه‌وت و داهات و قازانجه‌که‌ی ده‌چێته‌وه‌ گیرفانی خۆی و هه‌میش سامانی فه‌رهه‌نگیی میلله‌ته‌که‌ی پێ ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بێت؟ دیاره‌ نزمبوونی ئاستی ڕۆشنبیریی و وشیاری هزریی پاره‌داری کورد یه‌کێکه‌ له‌ کێشه‌ و گرفته‌کان له‌و پێوه‌ندییه‌دا ، هه‌ر بۆیه‌ ئاماده‌ نییه‌ به‌شێکی زۆر که‌می سه‌رمایه‌که‌ی له‌و بواره‌دا خه‌رج بکات   . به‌ڵام له‌و لاوه‌ ،که‌متر به‌رهه‌م و کتێبێکت له‌ هه‌موو  بوارێکدا پێ شک دێت که‌ هه‌ر چه‌ند مانگ پاش ده‌رچوون و بڵاوبوونه‌وه‌،زۆر خێرا نه‌کرابێته‌  فارسی .ئه‌مه‌ زیندووبوونی کۆمه‌ڵگه‌ و وشیاریی فارس(ئێرانی)یه‌کان ده‌رده‌خات . گه‌ر بۆ خۆ له‌ نزیکه‌وه‌ به‌م ڕۆژانه‌ زۆرخێرا سه‌رێکی هه‌رکامه‌ له‌ هۆڵ  وپاژ و به‌شه‌کانی ئه‌م پێشانگه‌یه‌ و به‌رهه‌مه‌پێشکه‌شکراوه‌کان بده‌یت،هه‌زار جار ئافه‌رم ده‌ڵێی به‌و هه‌موو ئیراده‌ به‌رزه‌ و له‌و لاشه‌وه‌ سه‌دهه‌زار جار خه‌م ده‌نیشێته‌ سه‌ر ناخت به‌رامبه‌ر به‌ بێ ڕه‌ونه‌قی دونیای کتێب و چاپ و کتێب خوێندنه‌وه‌ له‌ناو ئێمه‌ی کورددا. هه‌ژاری و بێوازی و که‌ساسی ئێمه‌ ته‌نیا گۆشه‌ و سووچ و لایه‌ن و بوارێک ناگرێته‌وه‌ و گه‌ره‌ک ئێمه‌ی کورد زۆر زۆر خۆ ماندوو بکه‌ین و ئاستی وشیاری فه‌رهه‌نگییمان  به‌رز بکه‌ینه‌وه‌. دیاره‌ تا چه‌نده‌ خۆ به‌و گرینگه‌وه‌ شه‌که‌ت بکه‌ین،داهاتووی ڕه‌نگینتر و نه‌خشینتر ده‌خه‌ینه‌به‌رده‌م نه‌وه‌ و به‌ره‌ی دواڕۆژ. به‌سه‌د داخ و که‌سه‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌م به‌شه‌ی کوردستانی بنده‌ست (ڕۆژهه‌ڵات)دا هه‌موو ساڵێک من به‌ چاوی خۆ ده‌یبینم،  ته‌نیا چه‌ند کتێب فرۆشێکن و به‌س  ؛ئه‌ویش به‌ به‌رهه‌می بێواز ،کۆن  و پۆرتکاو و به‌دوور له‌ هه‌رچه‌شنه‌ داهێنان و نوێگه‌ری پێویست له‌ بواری ڕازاندنه‌وه‌ و دیزاین و چاپی کتێب و به‌رهه‌می کوردییدا. حاڵی ئێمه‌ی کورد به‌ڕاستیی زۆر شپرزتر له‌مه‌یه‌ و  پێویسته‌  له‌مه‌ زێتر که‌مته‌رخه‌م نه‌بین و ده‌سبه‌رداری ئه‌م هه‌موو ته‌‌مه‌ڵی و ته‌وه‌زه‌لی و  لاوازییه‌ بین.گه‌شتێک به‌ پێشانگه‌که‌ی کتێبی ئه‌مساڵی تاراندا و  بینینی حاڵ و وه‌زعی کتێبی کوردی به‌ڕاستیی تووشی خه‌م و شۆکێکی قورسی کردم. دیسان چه‌ند کتێبفرۆش نه‌ک په‌خشکار و  دووپاتبوونه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌که‌ی ساڵی ساڵان و زێتریش کتێبی ئایینی و    ….
که‌س حاشا له‌وه‌ ناکات که‌ کورد له‌م به‌شه‌ی کوردستانی بنده‌ستدا هه‌لی چاپ و په‌خش و بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می به‌ شێوه‌ی ئازاد بۆ ناڕه‌خسێ به‌ڵام ئه‌مه‌ ڕاستییه‌کی زۆر تاڵه‌ که‌ مخابن بێوازی وا له‌ ناخماندا چه‌که‌ره‌ی کردووه‌ که‌زه‌حمه‌ته‌ به‌مزووانه‌ ڕاچڵکه‌یین و  ده‌سبه‌رداری ئه‌م په‌رێشانحاڵییه‌‌ بین .یه‌کێک له‌ خاڵه‌ هه‌ره‌ زه‌ق و به‌رچاوکانی پێشانگه‌که‌ی کتێبی ئه‌مساڵی تاران  که‌ زۆر سه‌رنجی ڕاکێشام، ده‌وری هه‌ره‌ کارا و چالاکانه‌ی په‌خشکاره‌ تورکه‌کان بوو که‌ به‌ڕاستیی له‌ دڵه‌وه‌ به‌ده‌یان جار ئافه‌رمم پێ وتن و به‌و هه‌وڵ و هیممه‌ته‌یان خه‌نی و خۆشحاڵ بووم و له‌و لاوشه‌ بزه‌یه‌کی تاڵ نیشته‌ سه‌ر لێوم که‌ ئه‌ی باشه‌ بۆچ ده‌بێت ئێمه‌ ئه‌وه‌نده‌ سست و که‌مته‌رخه‌م بین؟! ئایا هه‌موو کێشه‌ و گرفته‌که‌مان هه‌ر سیاسییه‌ و به‌س؟! ئه‌ی باشه‌ خۆ تورکه‌کانیش  به‌ده‌س هه‌مان ده‌رده‌وه‌ ده‌ناڵێنن ،ئه‌ی چلۆنه‌ ئه‌وان به‌و جۆره‌ ده‌رده‌که‌ون! هه‌ر وه‌ک پێشتر ئیشاره‌تم پێدا ،بوونی ده‌سه‌ڵاتێکی کوردی له‌ باشووری کوردستان ئه‌وه‌ بۆ ساڵانێک ئه‌وڕوا ،ده‌رفه‌تێکی خستۆته‌ به‌رده‌م کورد ،ئه‌میش قسه‌ی خۆی بکات و  تۆزقاڵێک لا له‌ سامانی فه‌رهه‌نگیی گه‌ل و میلله‌ته‌که‌ی بکاته‌وه‌. من چاک ئاگادارم ساڵانه‌ چه‌ندین پێشانگه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان ده‌کرێته‌وه‌ که‌ ده‌یان په‌خشکاری ئێرانیش به‌شداریی تێدا ده‌که‌ن و  به‌رهه‌مه‌کانی خۆ ده‌خه‌نه‌ به‌ردیده‌ی خوێنه‌ری کورد زمان و ئێمه‌ی کورد وریا ده‌که‌نه‌وه‌ ئه‌وان له‌ کوێن و ئێمه‌ له‌ کوێین. چلۆنه‌ حوکوومه‌تی هه‌رێم ئیزن به‌ گرووپ و ده‌سته‌ و ناوه‌ندی وه‌ک “ناوه‌‌ندی موته‌هه‌ری “که‌ دیار و ڕوونه‌ به‌دوای چیدا ده‌گه‌ڕێ و نیاز و مه‌به‌ستی له‌ کردنه‌وه‌ی پێشانگه‌ و پێشکه‌شکردنی به‌رهه‌مه‌کانی خۆ چییه‌،ده‌دات تا له‌ هه‌رێمی کوردستان  بۆ چه‌ند ڕۆژێکیش بووه‌ ئێمه‌ی خه‌واڵوو به‌ خۆوه‌ سه‌رقاڵ بکات که‌چی ئێمه‌ بۆمان نابێت سه‌دی یه‌کی به‌رهه‌می چاندیی خۆ له‌ پێشانگه‌که‌ی کتێبی تاراندا پێشکه‌ش بکه‌ین؟! با  به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و … که‌ ئیزننامه‌‌ بۆ ئه‌مجۆره‌ پێشانگه‌یانه‌ ده‌رده‌که‌ن، هه‌ندێ به‌ خۆیاندا بچنه‌وه‌ و  چاره‌سه‌رێک بۆ ئه‌م کێشه‌یه‌ بدۆزنه‌وه‌. جوان له‌ بیرمه‌ کۆتایی زستانی ئه‌مساڵ په‌خشکارانی هه‌رێمی کوردستان پێشانگه‌یه‌کیان له‌ شاری “سنه‌” پاش ده‌یان جۆره‌ که‌ند و له‌ند و کۆسپ کرده‌وه‌ و  به‌رپرسانی فه‌رهه‌نگیی هه‌رێمی کوردستان به‌ چاوی خۆ بینییان کوردی ڕۆژهه‌ڵات چه‌نده‌ تامه‌زرۆیانه‌  چاوه‌ڕوان و ئینتیزاری کتێب و به‌رهه‌می کوردیی ده‌کات.هه‌ر به‌و ڕۆژانه‌ “نامیق هه‌ورامی” به‌رپرسی به‌شی پێوه‌ندی و ڕاگه‌یاندن له‌ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی و لاوانی حوکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان  ئه‌و به‌ڵێنه‌ی دا که‌ به‌گوڕتر له‌ پێشانگه‌ی کتێبی تاران به‌شدار ده‌بین.به‌ڵام وا پێشانگه‌که‌ له‌ دواڕۆژانی خۆ نزیک بۆته‌وه‌ و هیچ سۆراخێکی په‌خشکارانی هه‌رێمی کوردستان نییه‌ و ئه‌مه‌ زۆر جێی داخه‌. سیاسه‌تی بانێک و دووهه‌وای فارسه‌کان ده‌بێت وه‌ک خۆیان به‌رسڤ بدرێته‌وه‌. ئه‌گینا ڕه‌نج به‌ خه‌سار و زیانمه‌ند هه‌ر خۆمان ده‌بین و به‌س.

ڕێناس جاف
  تاران
    22ی گوڵانی 2712ی کوردی

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.