ده‌مارگیری … سیروان ره‌حیم
رێزگرتن له ئاینی مرۆڤ، ئیتر هه‌ر ئاینێك بێت، یه‌كێكه له ئه‌ركه گرنگه‌كانی میدیا. ئه‌ركێك پێویسته هه‌رگیز له بیر نه‌كرێت.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر له بیر كرا و میدیا رووبه‌ری خۆی بۆ بێڕێزی دژی ئاین كرده‌وه، ئه‌وا چاره‌سه‌ر هه‌یه. چه‌ندین چاره‌سه‌ر، هه‌ر له په‌نابردنه به‌ر دادگا تا رێگه‌له‌به‌رگرتنی ئه‌و كاره به شێوازی هێمن و قانونی.
باوه‌ڕمه‌ندی ته‌واو، ئه‌وه‌ی له دڵه‌وه متمانه‌ی به خۆی و په‌یامێك هه‌یه له لای پیرۆزه، هه‌رگیز په‌نا ناباته به‌ر توندوتیژی. چونكه ئه‌و له بنه‌ڕه‌تدا بۆیه هه‌ڵگری ئه‌و په‌یامه‌یه تا ده‌روربه‌ر و ژیان له ده‌مارگیری و توندوتیژی داماڵێت.
ده‌مارگیری كاری كه‌سانێكه په‌یامیان نییه و هه‌ڵگری هیچ ئاواتێكی جوان نین له پای داهاتوودا. كه‌سانی ده‌مارگیر بێ هیوان بۆ ژیان و ده‌سته‌به‌ركردنی ئارامی بۆ مرۆڤه‌كان.
سه‌ركرده‌ی به‌نێوبانگ ماهاتما گاندی (1869-1948) هه‌رچه‌نده خۆی بوو به قوربانی ده‌ستی مرۆڤی ده‌مارگیر، به‌ڵام به‌رده‌وام میناكه بۆ سه‌ركرده‌یه‌كی گرنگی مرۆڤایه‌تی و به‌و چه‌شنه‌یش ده‌مێنێته‌وه. سه‌ركرده‌یه‌ك توانی وزه‌ی ئارامی و پشودرێژی له مرۆڤدا كارا بكات. كاراكردنێك سه‌لماندی مرۆڤ بۆ وه‌ده‌ستخستنی ماف و ده‌سته‌به‌ركردنی ژیانێكی جوانی پڕ له دادپه‌روه‌ری ده‌توانێت دوور له توندوتیژی به ئامانج بگات.
ئه‌و سه‌ركرده‌یه قسه‌ی نایابی سه‌باره‌ت به توندوتیژی هه‌یه. یه‌كێك له‌و رسته جوانانه‌ی گاندی له‌و باره‌یه‌وه ئه‌مه‌یه:
“ئه‌وه‌ی مرۆڤ به توندوتیژی وه‌ده‌ستی بخات، ته‌نها به توندوتیژی ده‌توانێت بیپارێزێت”.
ئایا بۆچ ناچار بین به توندوتیژی مافی خۆمان وه‌ده‌ست بخه‌ین و به زه‌بروزه‌نگ بیروباوه‌ڕمان بپارێزین؟
روونتر بپرسین كێ ناچارمان ده‌كات توندوتیژ بین؟
به داخه‌وه له ناوچه‌كه‌ی ئێمه و له زێدی ئێمه توندوتیژی هه‌میشه ئه‌گه‌رێكی گرنگ و كاریگه‌ری چاره‌سه‌ركردن. به‌رده‌وام كاردانه‌وه‌كان له رێگه‌ی سه‌رچڵی و توندوتیژییه‌وه خۆیان ده‌رده‌بڕن.
سه‌رباری ئه‌وه‌ی تا ئێستا هه‌مووان به ده‌ست ئه‌و چه‌كه‌وه زیان لێكه‌وتووین، كه‌چی تا ئێستایش ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه زۆرن توندوتیژی وه‌كو “چه‌كی كاریگه‌ی چاره‌سه‌ركردن” ده‌بینن و به كاری ده‌هێنن.
خراپترین و ترسناكترین جۆری توندوتیژییش ئه‌و جۆره‌یه كه رێك ده‌خرێت. ئیتر حیزب و رێكخراوی سیاسی و دینی رێكخه‌ری بن یان گروپگه‌لی ده‌مارگیر. تاكه رێگه‌یش بۆ رێگرتن له‌به‌ر ئه‌و كاره هۆشیاریی مرۆڤه‌كانه. پێویسته ئاستی تێگه‌یشتنی مرۆڤ ئه‌وه‌نده بێت تا نه‌كرێت به ئامێری ده‌ستی پیاوانی توندڕه‌وی ئاینی و سیاسی. ئه‌و پیاوگه‌له‌ی خاڵین له خۆشه‌ویستی و هێمنی و دووچاری كێشه‌ی ده‌مارگیری و په‌ڕگیری بوونه.
به‌ر له‌وه‌ی به گژ توندوتیژیدا بچینه‌وه ده‌بێت لێكۆڵینه‌وه له‌باره‌یه‌وه چێ ببێت. هۆكاره‌كانی و به‌رئه‌نجامه‌كانی لێكبدرێنه‌وه.
سه‌رباری ئه‌وه‌ی وه‌ڵاتی ئێمه سه‌رتاخواری تا ئێستا له بن چه‌ندین هه‌ڕه‌شه‌ی جۆراوجۆر دایه، هه‌روه‌ها سیسته‌مێكی ته‌ندروستی له‌بار و سیسته‌مێكی په‌روه‌رده‌ی دروست و خۆراكی ته‌ندروست و هتد نییه، كه‌چی نه‌بوونی هه‌موو ئه‌م شتانه كه كۆڵه‌گه‌ی ژیان و دروستكردنی میلله‌تن، گرنگ نین و كه‌س داوایان ناكات و كه‌س بۆیان ناڕژێته سه‌ر شه‌قام، كه‌چی رسته‌یه‌ك، لێدوانێك و نوزه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به بیروباوه‌ڕ و ئاینێك كاره‌ساتی لێده‌كه‌وێته‌وه.
ئه‌و كاره تێڕامان و لێكۆڵینه‌وه و لێوردبوونه‌وه‌ی قوڵ و به‌رده‌وامی ده‌وێت.
جگه له‌وه‌یش ده‌بێت له وه‌ڵاتی ئێمه كار بۆ خۆشه‌ویستی بكرێت. خۆشه‌ویستی و ژیاندۆستی له گیانی مرۆڤه‌كاندا بێته چاندن و خه‌مڵاندن.
بێ خۆشه‌ویستی هیچ رووبه‌رێك له توندوتیژی پاكژ ناكرێته‌وه.
پێترا كێلی (1947- 1992) سیاسی و چالاكوانی بواری ئاشتی بوو. هه‌رچه‌نده ئه‌و خاتوونه ئه‌ڵه‌مانه‌یش هاته كوشتن، به‌ڵام رسته‌یه‌كی جوانی ده‌رباره‌ی خۆشه‌ویستی و توندوتیژی گوتووه:
” توندوتیژی له‌وێدا كۆتایی دێت كه خۆشه‌ویستی ده‌ست پێده‌كات”.