سەرنج لەسەر وێنەکانی ئۆباما
جۆرج واشنتن لە ١٧٨٩ یەکەمین سەرۆك بوو ، بەڵام لە ئێستادا و دواهەمینیان ، چل و چوارەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ، سەرۆك : باراك حسین ئۆباما ی تەمەن پەنجا ساڵە ، وەك یەکەمین ڕەش پێستی ئەمریکی – ئەفریکی لەپاش کێبڕکێیەکی توندی لەگەڵ هەردوو دژە سپی پێستەکەی ناو حزبەکەی خۆی لە دیموکراتیەکان خاتو هیلاری کلنتۆن و هەروەها لە بەرامبەر حزبی کۆماریەکان جۆن مەکین بوولە ٢٠٠٩ دا ؛ ئۆباما لە ژیانیا یەکجار باوکی بینیوە ، ماوەی چوار ساڵ لەگەڵ باوە پیارە ئیندۆنیسیەکەی و دایکی لە جاکارتا ژیاوە و پاشان لە وویلایەتی ئیلیونیسی ئەمریکا لەگەل باوانی دایکی ژیانی هەرزەکاری بە جگەرە و مەشروب و مادە سڕکەرەکان بەسەرئەبات و لەگەڵ ئەمانەشدا ئەتوانێ زانستە سیاسیەکانی زانکۆی کۆڵۆمبیا لە نیویورك لە ١٩٨٣ دا و هەروەها کۆلیژی مافی زانکۆی هارفارد لە ١٩٩١ تەواو بکات و پاشتریش وەك مامۆستای زانکۆ و هەروەها وەك سیناتۆر و ئەندامی مجلیسی شیوخ و سەرۆکی بەشە جیاجیاکانی پەەوەندی دەرەکی و مافی مەدەنی و ئەمنی و سەربازە دێرینەکان بگرێتە ئەستۆ و ، وە لەگەڵ کۆمپانیای جیا جیای وەك ماف پارێزەر و بنکەی هاوکاری ئاینی کرستیانی کاربکات و هەرئەمەش بوو توانی بیخاتە ناو دنیای ئاینی کریستینی لە ناوەڕاستی تەمەنیدا ، ئۆباما بێ لەوەی سەرپەرشتیاری گۆفاری یاسا بوە لە زانکۆی هارفارد دوکتێبی بڵاو کردۆتەوە و خاوەنی دوومندالە .
سەرۆك کۆمار باراك ئۆباما ووینەی زۆرە ، بەتایبەتیش لەم سەردەمەدا و لە ناو کۆشکی سپی و ئۆفیسەکەیدا ، و هەروەها ووێنەکانی ژیانی ڕۆتینی ڕۆژانەی خۆیی و خێزان و ماڵ و منداڵەکانی و لەگەڵ شوێنەکانی تری ژیانی ڕۆژانەی ، ووینەکانی زۆر جیاوازتر لە ووێنەی سەرۆکەکانی پێشووتری ووڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و هەروەها هەموو جیهان جیاواز ترن ، ووێنەکانی بەردەوام بە کامێرای جۆر بەجۆر و لە سایتی تایبەتی سەرۆك و هەروەها سایتی فەرمی دەوڵەتی و ڕۆژنامە و گۆفار و تیفی و هەموو بوارەکانی تری ڕاگەیاندن بەردەوام بەبێ سانسۆر بڵاوەکرێنەوە و پەخشەکرێن بەبێ هیچ ڕیگری و بەرپرسیارێتی ؛ هەرئەم هۆکارەش بووە ووێنەی سەیر و زۆر سەرنج ڕاکێشەر و ئەنتیکەی بڵاو ببنەوە و لەلای هەموو خەڵکی لە جیهاندا ببنە جێگای قسە و باس و سەرنج و تێڕامان و خوێندنەوەی جیاواز و لێکدانەوەی جیاوازی بۆ بکرێت و هەڵسەنگێنرێت .
ئەگەر سەرنج بدەین لەوێنەکانی سەرۆك زۆر بە شێوەیەکی ئاسایی ژیانی ڕۆتینی خۆی بەڕێدەکات لە سەر کار و لەناو ئۆفیسەکەی لەگەڵ تیمی هاوکار و هاوڕێکانی لە هەموو ئاستەکاندا ، هەروەها لە وێنەکانی لە ماڵەوە لەگەڵ خێزانەکەی لە ژن و منداڵەکانی و بەهەمان شێوەش لە دەرەوە لە سەر شەقام و لەلای فرۆشیار هەتا کوفی و چێشتخانەکان ، هەر هەموو کاتەکانی لە ووینەکاندا دەیبینین زۆر زۆر دورە لە خۆ هەڵاوساندن و خۆ دەرخست و خۆنواندن وەك ئەکتەرێك ، ئەو دەیەوێت پێمان بڵێ ئەوە منم و هەروام لە بەردەم کامێرا و لە ئۆفیس و لە ناو ماڵەوە و لەسەر شەقامەکان ، کە ئەمەش ڕاستیەکی زۆری تیا بەدی ئەکرێت و دورە لە تەمسیل کردن و خۆشاردنەوەی کەسایەتی .
ئۆبامای سەرۆکی ووڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا بێمنەتانە و بەبێ ترس و بە عادەتی خۆی جوان جوان بەئاشکرا لەبەردەم هەموو کامێراکاندا قاچی لێ درێژەکات و ترسی لەکەس نیە و نای شارێتەوە ! ، چونکە نەبە غەل و غەش هاتە ناو کۆشکی سپی و نە درۆی لەگەڵ کەس کردوە بۆ دەنگدان پێی ، خۆ لەشەڕی ناو خۆشدا کوڕی کەسی نەیاوە بەکوشت و لە خۆنیشاندانەکانیشدا تەقەی لەکەس نەکردوە و بەناهەقیش ڕۆژنامە نوس و ڕۆشنبیری بەر شەق نەیاوە ، ئەو نەگەندەڵە و نەحەز بەچارەی گەندەڵ کاران ئەکات ، تەماعیشی لەهیچ سەروەت و سامانیکی ناشەرعی نیە و بەدوای دەسەڵاتی خۆ سەپاندنیشدا ناگەڕێ ، بۆیە سەرۆك ترسی لە کەس نیە و پێشی شەرمە خۆی بشارێتەوە و تەمسیلی بکات و ووێنەکانی بەچاکەت و بۆیمباخ و مۆڕە وە لە سەر جادە و باڵەخانەی دەوڵەتی و ناو مەجلیسی شیوخ هەڵواسێ ، سەرۆك ئەڵێ من بۆ چوار ساڵ تا ئەوپەڕی بۆ هەشت ساڵ ئەمێنمەوە ؛ قسەی خەڵکی ووڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەسەر قاچ درێژ کردن نیە و قسە لەسەر هەستان و دانیشتن نیە ! نا ، قسە لەسەر بەرنامەی خزمەت گوزاری و خۆش گوزەراندنی ژیانی خەڵکی و بەرقەراری ئازادیەکان و پاراستنی کەرامەتی خێزان و نیشتمان و سەروەریەکانیانە ، سەرۆك بەو ووێنانە پێمان ئەڵێ منیش وەك ئێوە وام و درۆناکەم و چۆنبم هەروا خۆم نیشانەدەم .
هاتنە سەر دەستەڵات و حاکمیەتی ووڵاتی سپی پێستی ئینڵیزی و ئەمریکی لە ووڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە لایەن ڕەش پێستێك وکوڕی باوکێکی ئیسلامی / ئەفریکی ، وەرچەرخانێکی گەورە بوو لە جیهاندا ، ڕاستە ئۆباما بە ئاڕاستەی حزبی دیموکرات و خێزانی ئەمریکایی کریستانی و ، ئابوری جیهانی سەرمایەداری هەنگاو دەنێ ، بەڵام خودی پڕۆسەکەش بۆئێمە وەك جیهانی سێیەم و کلتوری ڕۆژ هەڵاتی و جیهانی ئیسلامی دەیان جار سەر سوڕ هێنەر تر بوو لە ئاستی خۆی ، چونکە مێژووی دوور و نزیکی ئەم ناوچەیە لە هەموو ووڵاتانی مەلەکی و ئیماراتی و کۆماری تا ئاستی علمانی هەموویان بوونەتە کلتور و نەرێتی پاشایەتی و نەوە لە دوای نەوە دەبێ حوکمی ووڵات کەن و ئەو کوڕەی سەرۆك کە هێشتا لەدایك نەبوە دەبێتە ووێنە کێشی بەرنامەی ژیان و گوزەرانی خەڵك و نیشتمان لە داهاتوودا ، وە هەموو پرنسیپەکانی یاسای دیموکراتی و قبووڵ کردنی کەسێکی جیاواز لە حزب و خێزان و نەتەوە و ئاوین تەواو ڕەتەکرێنەوە و سەرگەردانەبن .
ووێنەکانی سەرۆك ئۆباما پێمان ئەڵێ کورسی دەستەڵات و هەیبەتی سەرۆك و خۆ نواندن لەبەردەم کامێرادا درۆ و هەڵخەڵەتاندن و چاو سورکردنەوە نەبێت بۆ ڕاگرتنی دەستەڵات ، ووێنەکانی سەرۆك ئۆباما پێمان ئەڵێت ڕیزگرتنی سەرۆك بە خزمەت و کار و بەرنامە و هەڵوێستی مرۆفایەتیەوەیە ؛ سەرۆك بە هەر شێوە و هەوەسێك هەڵسوکەوت بکات ئەوە پەیوەستە بە خودی کەسەکە خۆیە ڕەنگە هەریەکەو سەرنجێکی جیاوازی هەبێ ، بەلام ئەوەی ئەوەی خەڵکی ئەمریکا ئەیەوێ بیبینین و بەرجەستەی کەن بەرهەمی داد پەروەری و خۆشگوزەرانی خەڵکی و سەربەرزی مرۆف و پیرۆزی خێزان و ئاشتی و ئازادیەکانە لە ووڵاتا لە سایەی حکومەت و پەرلەمان ، نەك ئەوەی سەرۆك چ بۆینباخێ ئەبەستێ یان پشتێنەکەی چ ڕەنگە یان چۆن چۆنی دائەنیشێ یان چۆن پێئەکەنێ و تەوقەئەکات ؛ خەڵکی گەرەکیانە سەرۆك هەفتانە قسەیان بۆبکات و بزانن بەرنامە و بەڵێن و گفتەکانیان چەندی بەجێگەیاندوە و چەندی ماوە و ئاستەنگەکانی چین و چی دەکەن و بەرنامەیان چیە بۆ داهاتوی دور و نزیکی ژیانی خەڵکی و ووڵات ، ئەوکاتە ووێنەکانی سەرۆك زۆر ئاساییی ئەبێ هەرچۆنێ دانیشێ و هەڵسوکەوت بکات ، ئەوکاتە زۆر زیاتر لە ئاسایی لەلای خەڵکی خۆشەویست و بەڕێزتر ئەبێت .
شێرکۆ عادل / لەندەن
sherkoedel@hotmail.co.uk