
كێلنووس ! …. جەمال غەمبار
( مانگی – مەی – بوو ، وەک ئەم دەمەی ئێستا، ئیتر لە خەونبینین کەوتی ..
لە مەرگەوە دەستت پێکرد ..!
بۆ پیاوێک هەمیشە لەوێیە لە شار .. بۆ هاوڕێم – عوسمان چێوار- لە ساڵڕۆژی دوا سەفەریدا ) .
جەمال غەمبار
(١)
کێلنووس دێت و
بەیتێکی تازە لەسەر کێلی هەر گۆڕغەریبێک ئەنوسێت !
کێلنووس هەرگیز ماندوو نابێت
لە دۆزینەوەی گۆڕی ئەو هەموو گومناوەی لەوێن .
کێلنووس لێی تێکناچێ ؛ کێ شەهیدی ڕێگەی نوورە و
کێ لە سەنگەرەکانی گۆرانیی وتندا
بە ڕقی برادەرەکەی خۆی کوژرا !
کێلنووس ئەو هەموو حەوسەڵەیە لە کوێوە دێنێت
تا گۆڕەکان یەک بە یەک بژمێرێت
تا بزانێت گۆڕی ئەو نائومێدانە کامەیە
کە لەبەردەم ئاوێنەکانی نیشتماندا
یەکەمجاربوو بە تووڕەیی هاوار بکەن :
– ” خۆشم ناوێیت وڵاتەکەم ،
کانگای خەم و هەلا هەلا بوونی ئاواتەکەم ..! ” .
********
ڕۆژ نییە کێلنووس
شتێکی تازە لەم گۆڕستانە نەبیستێت .
شەو نییە کێلنووس لە نەعشەکانەوە
گوێی لە مۆسیقایەکی غەمگین نەبێت
کە گیتاری عاشقێک ئەیژەنێت .. شەو نییە !
(٢)
تۆ لە جەنگی نێوان ماسییگرە دزەکان و
ڕووبارێکی برینداردا لە من ون بویت !
(٣)
من هاوارت لێئەکەم و دەنگم ئەکەوێتە بەر پێت .
(٤)
تۆ لە ئینتیزاردا مردیت
من لە تەنیایی !
(٥)
کێلنووس لەسەر گۆڕەکەت ئەنووسێت ؛
ئەم شارە پڕ بوو لە مردن
ئەم شارە فێربوو ئیتر لە ئاسماندا بە تەنیا بژی
فێربوو گومان لە پەیکەر و نافورە و
ڕێگەکانی بەختەوەریی بکات !
لەسەر گۆڕەکەت دوا دێڕ ئەنوسێت :
ئێرە دوا ماڵی پیاوێکی گەڕیدەیە ،
هەمیشە ئەگەڕا بۆ تەڕوبڕکردنی ژیان
بۆ چاندنی خەندە و ، بۆ سەوزکردنی خەیاڵ .
ئەو شتێکی پێمابوو بیڵێت ،
فریا نەکەوت بیدرکێنێت ، بەجێی هێشتین !
(٦)
بۆ ئەوەی چیرۆکەکەت ورد و خاش نەبێت
بە گوڵەکان بڵێ بتبەن
لەگەڵ خۆیان بۆ دوور بتبەن .
(٧)
جارێکی تر بگەڕێیتەوە ئەوێ
بە نامەی برادەرەکانتدا ئەزانیت
کامیان ئەتوانێ چۆن ڕۆژگار فریوبدات و
کامیشیان گلەیی هەیە لەوەی نازانێت سبەی چیی ڕوو ئەدات !
(٨)
جارێکی تر بگەڕێیتەوە
سەرنج ئەدەی ؛ لە دوای سەفەرەکەی تۆوە
پێکی چەند ئومێدی تر ، بە دەستی غەدر ڕژاون .
ئاگری ناو دڵی چەند عاشقی تر بە ئاوی زەلیلبوون خەفەکراون .
لە پەنا بەردی شەڕەکاندا ، چەند گوڵی تر بە قەیرەیی جێماون .
جارێکی تر بگەڕێیتەوە
دڵنیام ، دەستە بچکۆلەکانتم ئەدەیتێ
تا وڵاتێکت نیشاندەم پڕە لە ژنکوشتن
پڕە لەو کۆترانەی بە درەختی مەرگەوە گمەیان دێت بۆ خۆکوشتن !
(٩)
کێلنووس هەمیشە ئەڵێ ؛
ئەوەی وەک من ئەگری ، خەون ئەیباتەوە بۆ خۆی .
ئەوەی وەک باران ئەگەڕێتەوە مەزراکانی بێدەنگیی ،
ئاوێنە بۆی ئەبێتە ماڵ .
کێلنووس ئەڵێ :
لەو گۆڕستانە ، ئازادی ، میوەیەکە بەشی هەموومان ئەکات !
لەو گۆڕستانە کەس ڕاپۆرت لەوی تر نادات .
هەموو ‘دەچنە جێ ژوانێ و دنیاش نازانێت ‘ !
لەو گۆڕستانە ؛
بۆئەوەی تاعون وگەندەڵبوون ، لە داری سەرگۆڕەکان نەدەن
ئاگر هەمیشە بە خۆی و کتێىێکەوە لەو ناوە ئەگەڕێ .
لەو گۆڕستانە ؛
هەتا دەمی ئاوابوون ، هەتا کەوتنی باران ،
هەموو لە نێوان خەرابات و درەختێکی عاشقدا ئەمێنینەوە !
ئەوان ئاگر پەرست نین ، کەچی خۆیان بە ئاگر مەست ئەکەن .
لەوێ لەو گۆڕستانە
زۆر جار بەدیار ناشتنی سەناریایەکەوە
هەموو ئەبن بە دەفی سپیی
هەتا هاڕەکردنی ڕۆح ، خۆیان ئەژەنن ..
کێلنووس وا ئەڵێ !
(١٠)
وەرە با لە جوانیی ئەم شەرابی مردنەدا سەرخۆش بین
مەراقی وڵاتێک من و تۆی هەڵوەراند
هێشتا وەک منداڵ بۆی ئەگرین .
(١١)
کێلنووس شەوانە دەستی ئەستێرەیەک ئەگرێ و
دێتە دیدەنی هەمووتان .
کە ئەگاتە لای تۆ
نازانێت کام قافیە بۆ بەیتی زامەکەت دابنێ ؛
قافیەیەک بە ‘ نون ‘ ی هێمنی مردن کۆتایی بێت
یان بە ‘ ئەلف ‘ ی فێنکی – سەبا – !
(١٢)
منیش دێم
لە ئێوارەیەکدا دێم کەس بیری ژیان ناکات
بە دزیی جنێوفرۆشەکانەوە دێم
کە بەلای دیواری نزمی گەڕەکی بوختانچییەکاندا ڕائەبوورم
خۆم دائەنەوێنم ، نە بادا بمبینن کە دێم ئەمرم !
منیش دێم ، دوای ئەوەی وەهمەکانی زەمین ئەسڕمەوە و
دوای ئەوەی بە باران و
بە کارێزی منداڵییم ئەڵێم سوپاس کە هەندێک لە تەمەنی منتان تەڕ کرد !
دێم و لە شەوێکدا کێلنووس ئەبینم
چیرۆکی ئەو پێڵاوە ڕەشانەی خۆمی بۆ ئەگێڕمەوە
هەموو ڕۆژێک ئەیانبردمەدوە بۆ ئەوێ ، بۆ گەڕەکی بیرەوەری .
دێم و ، لە ئێوارەیەکدا بێ ترس
پەنجەکانم تەسلیمی کێلنووس ئەکەم
پێی ئەڵێم بنووسە ؛
– سوپاس بۆ گالیسکەیەک کە خۆی پڕکردبوو لە هەتاو و من !
– سوپاس بۆ گالیسکەیەک خۆم و تەنیاییەکەمی گەیاندە ئێرە !
– سوپاس بۆ ئەو دارهەنجیرەی کە بە ژوور سەرمەوە
ڕەشنووسی ژیانی بۆ پاکنووس ئەکردم !
– دواجار سوپاس بۆ خۆت ئەی کێلنووس کە فێرت کردم ؛
لەو گۆڕستانە ، تەنیایی لەززەتی خۆی هەیە .
لەو گۆڕستانە ، ناوەکان لە یەکتر ون نابن .
لەو گۆڕستانە ،
دەستەکان دزیی لە گیرفانی خاوەنەکانی خۆیان ناکەن .
لەوێ .. لەو گۆڕستانە ڕووناکە
هەموو ساڵێ وەک مانگی – مەی –
پیاوێک بیری لای ئەوەیە
چۆن لە شمشاڵێکی شکاو ، غەزەلێک داتاشێ .
پیاوێک بیری لای ئەوەیە
ئەم دنیا سەقەتە چۆن بداتەوە دەست خاوەنەکەی .
پیاوێک ، هەتا ئەوسەری گۆڕستان
دڵی لای ئێوەیە ..لای هەمووتان !
پیاوێک هەمیشە لەوێیە ، لە شار ..!
ئوسترالیا – 2012