Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
خەڵكینە.. خەتەرێكی گەورە بەڕێوەیە

خەڵكینە.. خەتەرێكی گەورە بەڕێوەیە

Closed
by May 21, 2012 گشتی

 

یان من هیچ لە سیاسەت تێناگەم یان بارودۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان هێندە ئاڵوزو بەیكدا چووە كە كەس سەری لەبەر دەرناكات. تا دوێنێ راگەیاندنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان باسیان لە عەزەمەتی رێكەوتنامەكەی “اربیل” دەكردكە بە دەست پێشخەری سەرۆكی هەرێمی كوردستان توانرا هێزە ناكۆكەكانی شیعەو سونە لە پایتەختی هەێمی كوردستان كۆ بكرێتەوەو قەناعەت بە سەونەكانی عێراق بهێنرێت لە بەرامبەر هەندێ دەسكەوت (كە دواتر چاویان پێی نەكەوت)، رازی بن نوری مالكی ببێتە سەرۆك وەزیرانی عێراق.. بەو پێیەش كورد خانە خوێ بوو، لە رووی نەهات جگە لە چەند وەزارەتێك و كۆمەڵێك پۆست بۆ پارتی و یەكیتی داوا بكات.
كەچی لەدوای ساڵ ونیوێك، لە پڕ سەرۆكی هەرێم  نوری مالكی بە دیكتاتۆر لە قەڵەمداو  تۆمتباری كرد بەوەی بەنیازی كۆكردنەوەی هێزە بۆ سەر هەرێمی كوردستان و تەنانەت بە پێی قسەكانی دكتۆر فۆاد حسین لەو راپۆرتە 4 لاپەڕەیەدا كە داویەتە ئیدارەی ئەمریكاو (پەرلەمان نازانێت چی تێدا نوسراوە) مەسەلەی ترسی داگیركردنەوەی كوردستان لە لایەن بەغداوە باسكردوە. ئێستا شەقامی كوردی و تەنانەت هێزە سیاسیەكانی كوردستانیش بە هاوپەیمانە ستراتیژیەكەی پارتیشەوە، سەر لەبەر ئەوە دەرناكەن؛ چۆن بەغدا كە سەرۆك كۆمارەكەی و سوپا سالارو فەرماندەی هێزی ئاسمانیەكەی كوردە دێت كوردستان داگیر دەكاتەوە.!!
رۆژنامەی (الحیاە)ی لەندەنی ئەو پرسیارەی لە سەرۆكی هەرێم كردوەو لە وەڵامدا دەڵێت”راستە كوردن، بەڵام هیچ دەسەڵاتێكی فیعلیان نییە، ئەوان تەنها بەناو وجوودیان هەیە”. بەراستی ئەو قسانەی سەرۆك ئەوەندەی دیكە مەسەلەكە ئاڵۆز دەكات و تێگەیشتن لە راستیەكان لای خەڵك قورس دەكات و كۆمەڵێك پرسیار دەوروژێنێت، لەوانە دوای ئەو هەموو ساڵە لە دەست تێكەڵاویان لە گەڵ حكومەتی مەركەزی تازە بەتازە پێمان دەڵێن دەسەڵاتی برادەرانمان لە بەغدا هیچی لە دەسەڵاتەكانی “تەها محێدن” زیاتر نییە؟!!
قسەكانی مالكی لە كەناڵی (NRT) پەردەی لەسەر زۆر شت هەڵدایەوە، من تەنها لەسەر ئەو قسەیەی راوەستە دەكەم كە وتی “بەسەرۆكی هەرێمم وتوە با دوو فیرقەی سەربازی لە كورد دروست بكەین، بەڵام ئەو رازی نەبووە” ئەو قسە گەر راست بێت بۆ خۆی فەزیحەیەكی سیاسی گەورەیەو دەبێت نەك پەرلەمان قەبوڵی نەكات، بەڵكو خودی حزبەكەی سەرۆكی هەرێم لێپرسینەوەو بەدوادا چونی بۆ بكات، چونكە گەر ئێمە ئەو دوو فیرقە سەربازیەمان هەبوایە كە بەپێی دەستور لە ژێر فەرماندەی سەرۆكی هەرێمدا دەبوون، ئەو كاتە مەرتسیمان لە هێرشی بەغداش نەدەبوو.
مەسەلەكە بەوەوە كۆتایی نەهاتوە، لە لایەن دراوسێ رۆژهەڵاتیەكەمانەوە بڕوبیانوی هەبونی ئیسرائیل لە كوردستان سەری هەڵداوەو ئەوانیش لە هەل دەگەڕێن بۆ دەستێوەردان لە هەرێم.
هەرچی سەردێنم و سەردەبەم ململانێی نێوان سەری رەش و ناوچەی سەوز لەوە گەورەترە كە باسی لێوە دەكرێت وگوایە بەغدا هێرش دەكاتە سەر هەرێم و بیانوەكانی تارانیش لەم ئان وساتەدا سەبارەت بە بونی ئیسرائیل لە كوردستان، گەڕە و سەرانی ئێران پێمان دەفرۆشن و مەبەستیان زیاتر بەهێزبونی قارداشەكانە.
بە هەرحاڵ ئێستا پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغداو هەرێم و ئێران بە هۆی سیاسەتەكانی سەرۆكی هەرێمەوە تا دێت ئاڵوزتر دەبێت، گرفتەكە لەوەدایە نەشەقامی كوردستان و نە هێزە سیاسیەكانی هەرێم پشتیووانی لەو سیاسەتە ناكەن، بۆیە دوور نییە لە ئایندەیەكی نزیكدا هەرێمی كوردستان ببێتە قوربانی ململانێكانی توركیا و ئێران.. ئەو كات نەك هەر نامانپەرژێتە سەر گەڕانەوەی ناوچە دابڕاوەكان، بەڵكو خواخوامان دەبێ ئەمەشمان هەیە لە دەست نەچێ.
عەقڵیش پێمان دەڵێ تەنها چارەسەر بۆ دەرباز بوون لەم قەیرانە، گەڕانەوەیە بۆ یەك هەڵوێستی و یەك بڕیاری هێزە سیاسیەكانی كوردستان و وازهێنان لە تاكڕەوی لە بڕیاردان.


مەجید ساڵح

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.