لەوێ ڕا غەریبى ئەم توێنێتەوە و لێرە ڕا پلانى دۆستەکانم
سە ردار قادر …….
هەورازى خەم داچوونە بەرەو خوار ، گەیشتە کەنارى ڕووخانە ….ئەم هەرەسى ڕۆح و سۆزە بەرەو کوێ دەڕوات …ئەو دڵ پڕیە کەى دەگاتە کەنارى گریان ، ئەو سۆزە چۆن بلاوێنم …ئەو هیوا بڕانە بەچى خامۆش بکەم …ئەو چاوانە چۆن لە فرمێسکى قەتیس ڕزگار بکەم ….ئەو خۆشەویستى هاوڕیانەم چۆن سەوز بکەم …ئەو باوەشە تەنیایەم چۆن گەرم بکەم …ئەو ڕوانینى سەرابە چۆن هەڵگڵۆفم …ئەو خەو زرانە چۆن بە باوەشت بگەیەنم …ئەو ترسە چۆن بە گرمۆڵە بوون بگەیەنم …ئەو لەرزینە چۆن بەبەستەڵەک بگەیەنم ….ئەو هاوارە چۆن بە مەنزڵى گوێتان بگەیەنم …ئەو چرپەى ڕۆحەم چۆن بە هێمنى بگەیەنم …ئەو نەرمە پیاسەیە چۆن بە کەنارى ئەو شەقامە بگەیەنم …ئەو ئازارەى جەستەم چۆن بە سوێ بوونەوە بگەیەنم ….ئەو ڕاستیانە چۆن بە فەرهەنگى جوانى بگەیەنم …ئەو خەندەیە چۆن بە لێوارى قاقا بگەیەنم ….ئەو جوانى یە چۆن بە ڕووى گەشتان بگەیەنم ….ئەو خۆزگەیە چۆن بە حەوانەوە بگەیەنم …ئەو کۆچە چۆن بە کۆڵوى سەفەر بگەیەنم …ئەو دابڕانە چۆن بە خۆشى گەیشتنەوە بگەیەنم …ئەو بیرکردنە چۆن بە نامەى حەسرەت بگەیەنم…ئەو ووشە پڕ شەرمانە چۆن بە واتاى ووتن بگەیەنم …ئەو دەستە لەرزۆکانە چۆن بە ماناى جووڵە بگەیەنم …ئەو حەزە سەرشێتە چۆن بە ماناى هاوسەنگى بگەیەنم …ئەو مێشکە ئاڵۆزە چۆن بە سەر خستنە شانى بەڕەحم بگەیەنم ….ئەو شەرمە چۆن بە کرانەوە بگەیەنم ….ئەو چاوە کزەم چۆن بە پانتایى بینین بگەیەنم …ئەو هەستەم چۆن لاتان بە ئاشکرا بوون بگەیەنم ..ئەو و ئەوو زۆرى تر چۆن ووشەى لاوازم بیناسێت و لە کۆڵانى ڕستە و لە گەڕەکى نامە خۆى ببینێتەوە …
ئاى لە ئازارى دۆستەکانم ئای لە ئازارى خەمى هەمیشەیی …. ئەم خەمە بۆ بەرۆِکى گرتووم و واز ناهێنێت ، ئەم کرژى دەم و چاوە بۆ لێم نابێتەوە ، ئەم هەنسکى خوزگەیە کەى دەبڕێتەوە ، ئەم هەڵچوون و داچوونى ژیانە کەى دەگاتە کەنارى هێمن …ئەم ڕۆحە کەى دەحەوێتەوە و ئەم دەستى بەرزکراوەى نزایە کەى دێتە دى …ئەم چاوە کزانە کەى ڕووى گەش دەبینێ …ئەم فرمێسکە کەى دەم و چاوى کێڵگە دەشواتەوە …ئەم پەنجە لەرزۆکانە کەى بە هێمنى لە بزووت دەکەوێ …ئەم و ئەم و ئەو زۆرن پرسیارە و بەدواى وەڵامدا وێڵە …زۆر جارە قەڵەم دەکەمە ڕەوگەو ئامانجیش حەوانەى ڕۆح و گەیشتنە مەنزڵگاى چاوانێکى هێمەنە …..
تۆ بڵێ ى تەنهایى ڕۆح ، تەنهایى سۆز ، تەنهایى دەنگ ….تەنهایى کەنارێک دروست نەکات ….
لەوکەنارەدا بە هێمنى ئێوارەیەکى پایز دەڕۆم و دێم ، یادەوەرى یەکان وەک پەڕەکانى ڕۆحم دەکرێتەوە….
چ کردنەوەیەک ، ئەو مناڵە ڕەشتاڵە یە خۆى دەهاوێژێت بۆ ژێر عەباى دایەو ئەترسێ لەو تاریکیە ، ئەوە پۆلە و دەنگى هەناسەکان تێکەڵ دەبن و بە ترسەوە گوێ بۆ ووشەى مامۆستا دەگرن و چاوەڕێ سزاى توندن ….نا ئەوە باوک گەڕایەوە لە بەردەمى دا وەک عامودى ئەلکتریکى کزى کۆڵان ڕادەوەستێ …
ئەوە بۆ یەکەم جار پەڕاوێکى بەرگ سورى گرتە دەست و فێرى خوێندنەوە بوو ….ئەوە کیژۆڵەى دراوسێ بە نازێکەوە سەیرى چاوەکانى کرد و ئەویش بە ڕامانەوە سەیر دەکات و یەکەم جارە دەنگی دڵ و هەناسەى سوار و هەستى گڕگرتوو هەست پێ بکات ….
ئەم یادەوەریانە دەڕوات و تەمەنى یادەوەریەکانى دەکرێتەوە …ئەو هەستى کرد زمانەکەى جودایە لەو سەربازانەى بە شەقامەکاندا دەڕۆن ….
ئەو شەو گوێ لە دەنگى تەقە بوو ، بە ترسەوە تێگەیشت کێشەیەک هەیە …لەوەوە بەرەو ڕاڕەوە تاریکەکانى سیاسەت هەنگاوى نا …… لە زانکۆ جارێکى تر لە زەمانێکى نوێ گەیشت ئەویش زمانى عەشقە …..
ئیتر عەشق گوزرایەوە بۆ عەشقى دایە ….عەشقى گەڕەک وِ بۆ عەشقى ئەو کیژە بە نازە ، بۆ عەشقى ووڵات و سەرکردە و حیزب … تێکەڵ بە دەروازەى عەقڵ بوو …. ڕۆیى بەرەو غەریبى ئاى لە ئازارى غەریبى … ئاى لە سوێ ى گەڕانەوە … ئاى لە ماچى پڕ بە دڵى مناڵەکەى …ئاى لە سوێ ى کۆچى ئازیزان ….
ئەو سۆزە گرگڕتووە بە چى هێور بکەم … لە چاوەکانتانا سۆز دەبێتە خەندە و هەنسکى دوورى … دێم و بە باڵاى حەزم باوەشت بۆ دەکەمەوە …بێرە لام و لە سوێ ى نالى بگە ، ئەو چى نەوت بۆ حەبیبە ، من لە کوێ بێنم ووشەى ناسک وەک ئەو ، لە کوێ وە ڕێکى خەم نەزمێک هێندەى ووتەى ئەو بەرز ، ئەوەى هەمە تەنها سۆزێکە و گڕ دەگرێ
لە دایک بووین پرسیان پێ نەکردین …
دەمرین و پرسمان پێ ناکەن ..
دەبهێڵن ئەم ژیانە پڕ سنوورە بە ئازادانە ڕایى بکەم من تەنها بە شوێن کەنارێکى هێمن دا وێڵم ، نامەوێ ئازارتان بدەم لێم گەڕێن ئازارم مەدەن ، من تەنها زمانى خۆشەویستى لە نێوان زمانەکانى تردا دەناسم، من تەنها ئاوازێکى هێمن ڕۆحى هێمنم ئەوەندەى تر هێمن دەکات …من لە نێوانتانا میوانم و هەگبەى سەفەرى ئەبەدیم ئامادەیە لەو دونیا بە هێمنى خۆم دەکەمەوە بە لاتاندا لە نێو پەراوى دەستاندا دێم و خەندەیەک دەکەم بۆتان … کەفرمێسکى چاوتان ڕەوگەى بەست دەستى لەرزۆکم بە هێمنى بۆتان دەسڕێ … کە بە دیار ئاوازە هێمەنەکەوە دانیشتیت …..دەبمە ووشە و بەرەو ڕۆحتان هەڵدەزنم ….
کە شەو درەنگانێ چراى ماڵێ بەرەو خامۆشى ڕۆیى خۆم دەگەیەنمە لاتان و هەناسەى ڕۆحم دەنێم بە ڕۆحتەوەو خامۆش ترى دەکەم … کە خەو لێتان تۆرا باوەشم دەکەمە لانک و بەسوکە ئاوازێک بەرەو کەنارى خەو ئەتانبەمەوە … کە ئازارێک بەرەو جەستەتان دێت دەبمە دەواو ئازار بۆ خۆم دەبەم ….
ئێوارانێک بە سووکە پیاسەیەک لە گەڵتان دەکەومە ڕێ و گوێ ڕاهێڵین بۆ ووتەى ئەم ئێوارەیە …..
کە خەم بەرەو چاوى مەستان ڕۆیى گوێ مە دەرێ من لە تەکتانەوە گوێ ڕادەهێڵم بۆ چرپەتان ….
ئازیزەکانم ….ئەم سەفەرەم دوورە و گەڕانەوەى چاوەڕوانى دەوێ …دڵم ئەڵێ ئەم سەفەرە ناتانبینمەوە ئازیزەکانم ، بیرتان ئەکەم … دەستى نزام بۆ هاوارى خۆشیتان …یادەوەرییەکانمان بەرز بهێڵنەوە ….