که‌سێک ده‌یوێ فێری کوردی نووسینم بکا
زۆرن ئه‌و مه‌زنه‌مرۆڤانه‌ی ته‌نێ ده‌یانه‌وێ خۆیان بن.ئه‌م خۆبوونه‌یش کار له کۆی بیروبوۆچوونه‌کانیان ده‌کا. جێ په‌نجه‌ی خۆیان له هه‌موو جێیه‌ک جێده‌هێڵێن. مرۆڤ تاکو خۆی نه‌بێ، ناتوانێ بیریش بکاته‌وه، چونکو له بری ئه‌وه‌ی خۆی بیربکاته‌وه، ئه‌وا له ڕێی ئه‌وانیدیه‌وه بیرده‌کاته‌وه. مامۆستا مه‌سعوود محه‌مه‌د یێک له‌و مه‌زنانه‌یه خۆی بوو. ئه‌وه دووه‌مجاره له‌باره‌یه‌وه ده‌نووسم. نووسین له‌باره‌ی که‌سێکی وه‌ها هه‌م جێی شانازییه، هه‌م هه‌ڵگرتنی بارێکی قورسه، چونکو مه‌سعوود محه‌مه‌د له ژیانی ڕۆشنبیریدا هیچ چتێ نه‌ماوه له‌باره‌وه‌ی نه‌نووسیبێ، یان نهپهیڤیبێ. له فه‌لسه‌فه (مرۆڤ و ده‌ورووبه‌ر)ی به سێ به‌رگ هه‌س، له زمانزانی و کوردیزانی ئه‌وا هه‌ر مه‌پرسه، له بواری ڕه‌خنه‌کاری له ئه‌ده‌بدا (ده‌سته و دامانی نالی، له گوڵزاری نالی‌دا)ی هه‌ن، له توێژینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی(حاجی قادری کۆیی) به سێ به‌رگ، ته‌نانه‌ت له‌م شه‌وانه له‌و پێگه ئینتهرنێتهم نواڕی، که به‌ناوی ئه‌وه‌وه کراوه‌ته‌وه، چیرۆکانیشی نووسیوه.
ئه‌وه‌ی جێی قسه‌کردنه له باره‌یه‌وه، ئه‌و مه‌زنه له نووسیندا ته‌نێ پشتی به بۆچوونی خۆی به‌ستووه. دیاره ئه‌گه‌ر له بۆچوونی خۆیشی دڵنیا نه‌بوایه، نه‌یده‌نووسی. پشتخانێکی گه‌وره‌ی مه‌عریفی وای هه‌بوو، توانای په‌یڤینی له‌باره‌ی هه‌موو بابه‌تێک هه‌بوو. یه‌کێ له‌و تێبینیانه‌ی من له نووسینه‌کانی ئه‌ودا له کن درووستبووه، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی وشه‌ی یه‌که‌می نووسیووه، ئیدی تا کتێبه‌که‌ی ته‌واونه‌کردووه نه‌وه‌ستاوه. به‌بێ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌بابه‌تی لاوه‌کی ده‌نێو نووسینه‌کانیدا هه‌بن. ئه‌و توانایه‌یش ته‌نێ له که‌سێکی ڕووناکبیر و سه‌رشار به زانیاری ده‌وه‌شێته‌وه. مخابن کورد زۆر بیری مه‌زنه مرۆڤه‌کانی ناکاته‌وه. ئه‌و له‌سه‌رده‌می خۆیدا له‌لایه‌ن خه‌ڵک و نووسه‌رانه‌وه زۆر ڕێزی لێگیراوه. (به‌ڕۆژ ئاکره‌یی) جارێک گێڕایه‌وه، که (مه‌سعوود محه‌مه‌د و مه‌لا شوکر) له تێلیویزیۆنی گوڵان مێزگهردیان ده‌بێ. جا مه‌سعوود محه‌مه‌د پشخانێکی عه‌ره‌بی – ئیسلامی هه‌بوو، مه‌لا شوکر ڕێک به پێچه‌وانه‌وه. له‌و مێزگه‌رده‌دا مه‌لا شوکر ئه‌وه‌نده ڕێزی مامۆستای گرتووه نه‌بێته‌وه، ته‌نانه‌ت ده‌یانگوت له ده‌ره‌وه‌یش هه‌روابووه.
ئه‌وه‌ی من ده‌موێ له‌باره‌یه‌وه له‌م کورته نووسینه‌دا بینووسم، کوردیزانی مه‌سعوود محه‌مه‌ده. ئه‌و دیارده‌یه‌ی ئێستا ده‌نێو نووسینی کوردی له ڕووپه‌لی بڵاوکراوه‌کاندا هه‌یه، جێی داخه. هه‌موو که‌سێکمان لێبوونهته زمان‌زان و کوردی‌زان. ئێمه ده‌زانین زمانی کوردی له چه‌ندین شێوه‌زار پێکهاتووه.ئه‌و شێوهزارانهیش ڕۆڵێکی چاک له ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی زمانی کوردی ده‌گێڕن. مه‌سعوود مه‌حه‌مه‌د یێکبوو، له‌و که‌سانه‌ی، شاره‌زایی له هه‌موو ئه‌و شێوه‌زارانه هه‌بوو، بۆیه‌یش کوردییه‌که‌ی له نووسیندا هێنده پوخت و پاراوه. ئه‌گه‌ر سه‌یرێکی نووسینه‌کانی بکه‌ین، وشه‌ی هه‌موو شیوه‌زاره‌کانی کوردی تێدایه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێستا له نووسیندا وشه‌ی شێوه‌زارێک بۆ نموونه: بووگه، دوێته، هه‌س، چت…تاد ده‌نێو نووسینێکدا وه‌به‌رچاوان بکه‌ون، ده‌یکه‌ن به دههۆڵوزوڕنا، که فڵان زمانی کوردی تێکدا. ته‌نانه‌ت ئه‌و چه‌ند ده‌زگه‌یه‌ی هه‌مانه( هه‌رچه‌ند سه‌ر به حیزبن) هیچیان کوردی ئه‌ویدی پێ درووست نییه. من بۆخۆم هیچیانم پێ درووست نییه، ئه‌وه‌نده‌ی سوود له کوردییه‌که‌ی مه‌سعوود محه‌مه‌د و مه‌لا شوکر ده‌بینم، ئه‌وه‌نده گوێ به ڕێنووس و کوردیزانیه‌که‌ی ئه‌وان ناده‌م، بێگومان به‌و گۆڕانکاریانه‌وه که تاکو ئیستا ده زمانی کوردی‌دا هاتوون.
مه‌سعوود محه‌مه‌د له نووسینه‌کانیدا ئه‌وه‌نده به شێوه‌یه‌کی ورد کاری له‌گه‌ل وشه کردووه، خوێنه‌ر ههستناکا تاکه وشه‌یه‌کی زیاد، یان که‌م به‌کاربردبێ. زۆر به زانستیانه وشه‌ی به‌کاربردوه، ته‌نانه‌ت له نووسینه‌کانیدا ڕه‌چاوی زمانزانیهکهی(زانستی زمان) و کوردیزانیه‌که‌ی کردووه. بۆیه‌یش بۆ هه‌موو نووسه‌رێک نووسینه‌کانی جێی گرنگین. شاره‌زاییه‌که‌ی له هه‌موو شێوه‌زاره‌کان، یارمه‌تیده‌رێکی چاکیبووه، که دانه‌مێنێ بۆ هیچ وشه‌یه‌ک. خوێنه‌ری چاک کاتێک نووسینه‌کانی ده‌خوێنێته‌وه، چه‌ند چێژ له ناوه‌ڕؤکی بابه‌ته‌که ده‌بینێ، ئه‌وه‌نده‌یش چێژ له کوردی نووسینه‌که‌ی.بۆیه‌یش من کاتێ کتێبه‌کانی ده‌خوێنمه‌وه، له‌سه‌ر هه‌ر وشه‌یه‌ک، فرێزێک، ڕسته‌یه‌ک هه‌ڵوه‌سته ده‌که‌م، چونکو دڵنیام له‌وه‌ی هیچ وشه‌یه‌کی به‌بێ بیرکردنه‌وه له‌و شوێنه دانه‌ناوه، به واته‌یه‌کی دی هه‌ر وشه‌یه‌ی له شوێنی پێویستی خۆی داناوه.ئه‌گه‌ر تماشای زۆرێک له‌و نووسینانه‌ی ئێستا بڵاوده‌بنه‌وه بکه‌ین، زۆرجار ڕێنووسه‌که‌ی، یان کوردییه‌که‌ی وامان لێده‌کا، ده‌ست له خوێندنه‌وه‌ی هه‌ڵگرین.بۆچی زۆربه‌ی وه‌رگێڕانه‌کانمان بۆ ناخوێندرێته‌وه؟ هێندێکجار ته‌نێ ناوه‌کانیان له‌سه‌ر به‌رگی کتێبێک ببینین، ده‌ست له کڕینی هه‌ڵده‌گرین، بێگومان به‌شێکی هۆکاره‌که‌ی بۆ شێوه‌ی نووسینی ئه‌و کوردیه‌یه که پێی وه‌رگێڕاوه، هی هێندێکی دی به‌بێ هیچ دوودڵیه‌ک ده‌یکڕین.بۆیه به ڕای من ئه‌و نووسه‌رانه‌ی به کوردییه‌کی چاک ده‌نووسن، حورمه‌تی یه‌که‌م زمانه‌که، دووه‌م خوێنه‌ر ده‌گرن. ئوه‌نده‌ی من ئاگه‌دار بم، که‌م خوێنه‌ر هه‌یه کێشه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌رگێڕانه‌کانی (خه‌بات عارف)، یان (به‌ڕۆژ ئاکره‌یی)ی‌دا هه‌بێ. چونکو ئه‌وان حورمه‌تی وشه‌ی کوردی ده‌گرن.
کوردینووسین، هه‌ر ئه‌وه نییه، نووسه‌ر وشه‌ی عه‌ره‌بی، یان فارسی ده‌نێو نووسینه‌که‌یدا نه‌بێ، به‌ڵکه ئه‌وه‌یه تا چه‌ند شاره‌زا بین له شێوه‌زاره‌کانی دی، یان هێندێکجار بۆ وشه بێگانه‌کان، که دێنه نێو زمانی کوردی، ئایا وشه‌ی به‌رانبه‌رمان له شێوه‌زاره‌کانی دی هه‌ن، یان نا؟ تا ئێستایش ده‌یان نووسه‌رمان هه‌ن، به‌نووسه‌ری گه‌وره‌یش ناسراون کۆله‌وارن له چۆنیه‌تی نووسینی وشه‌ی کوردی، زۆریشیان له کن ئاساییه، به بیانووی ئه‌وه‌ی هێشتا زمان و ڕێنووسی یێکگرتوومان نییه. به‌ڵام به‌ڕای من هه‌ردووکمان هه‌ن. ئه‌وه ئاشکرایه زمانی ستاندارد ده‌بێ له هه‌موو داموده‌زگه فه‌رمیه‌کانی حکومه‌ت، له نووسراوه‌کان ئه‌و زمانه به‌کارببردرێ، لێره ئه‌وه هه‌یه، له باڵاترین ده‌سه‌ڵات ئه‌وه به‌کاردێ.زۆربه‌ی خه‌ڵکی به‌م زمانه ده‌نووسن. کارمان به‌وه نییه له شارێک به‌و شێوه‌زاره نانووسن، ئه‌وه‌یان چتێکی سیاسییه. هێندێک له‌وانه‌ی خۆیان به زمان‌زان ده‌زانن، باسی جووت ستاندارد بۆ زمانی کوردی ده‌که‌ن، واته شێوه‌زاری کرمانجی ناوه‌ڕاست و کرمانجی ژوروو، به‌ڵام بێ‌ئاگان له‌وه‌ی، جووت ستانداردی بۆ ده‌وڵه‌تێک ده‌بێ، که دوو زمانی له یه‌کتر جودای تێدابێ، نه‌ک هه‌رێمێکی وه‌کو ئه‌وه‌ی ئێمه یه‌ک زمانمان هه‌یه، به‌ڵام چه‌ند شێوه‌زارمان هه‌ن. ئه‌وه‌یان جگه له له‌تکردنی زمانی کوردی چیدیکه نیه. مه‌سعوود محه‌مه‌د یێک بوو له‌وانه‌ی هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی ئه‌و دووبه‌ره‌کیه‌ی ده‌دا. به‌تایبه‌ت له نووسینه‌کانی. زۆرم پێ سه‌یره، ئه‌وان له‌سه‌ره‌تای حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، له بنده‌ستی ڕژێمی به‌عس، ئه‌و لێژنه‌ی کۆڕی زانیاری ئه‌و ناکۆکیانه‌یان نه‌بووه. ئه‌مه‌یش به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان به حه‌ق خه‌می زمانی کوردیان بووه. ڕاسته هێندێک ناکۆکیان هه‌بوو، به‌ڵام هی ئه‌وان به شێوه‌یه‌کی زانستیانه بوو. ئه‌و ناکۆکیانهیشیان له خه‌می وشه و په‌یڤی کوردی بوو. ئه‌وان که‌سیان ئه‌ویدی نه‌ده‌سڕیه‌وه. په‌یڤیان له یه‌کدی وه‌رده‌گرت، له کن ئه‌وان به‌ڵگه‌ی زمانه‌وانی هه‌بوو.
مه‌سعوود محه‌مه‌د یێک له‌و بیرمه‌ندانه‌یه، هه‌موو ژیانی خۆی بۆ وشه و زاراوه‌ی کوردی ته‌رخانکرد. هه‌ر وشه‌یه‌کی به‌کاربردبێ، تا لێی دڵنیا نه‌بووبێ، که له بنه‌چه‌وه، له ڕووی ڕێزمانیه‌وه ته‌واوه به‌کاری نه‌ده‌برد. ئه‌گه‌ر سه‌یرێکی کتێبه‌کانی بکه‌ین، له وشه و ڕسته‌کانی وردبینه‌وه، هه‌ست به‌و چنینه‌ی که دهزماندا کردویه‌تی ده‌که‌ین. ئه‌وه‌نده خه‌ریکی وشه‌کان بووه، هه‌ست به چ که‌لێنێک ناکه‌ین. ئه‌م وه‌ستاییه وا له خوێنه‌ر ده‌کا له جێی وشه‌کان وردبێته‌وه. من بۆخۆم چه‌نده گرنگی به ناوه‌ڕۆکی نووسیه‌نکانی ده‌ده‌م، هێنده‌یش له وشه‌کان و جێیان ڕاده‌مێنم. ئه‌م ڕامانه له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌کانی زمانه، هه‌ر له فۆنیمه‌وه، تاکو فرێز و ڕسته. پیشگر، پاشگر، جێناو…تاد. بۆیه‌یش هێندێکجار خوێنه‌ری وا هه‌یه گله له‌وه ده‌کا، له نووسینه‌کانی مه‌سعوود محه‌مه‌د ناگا، من بۆ زمانه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێنمه‌وه، چونکو زۆر که‌سمان هه‌ن، ئێژن زمان گرنگ نییه، به‌ڵکه گرنگ ئه‌وه‌یه خوێنه‌ر له په‌یامه‌که‌ت بگا. بۆیه‌یش مامۆستا چه‌نده گرنگی به په‌یامی نووسینه‌که‌ی داوه، دوو هێنده‌یش گرنگی به زمانی نووسینه‌که‌ی داوه. هه‌میشه مه‌سعوود محه‌مه‌د فێری کوردی نووسینم ده‌کا، ده‌ستم ده‌گرێ، وه‌کو فێرخوازێکی سه‌ره‌تایی قهڵهمدارهکهم ده‌نێو ده‌ست ده‌نێ و هێدی هێدی فێرم ده‌کا، تاکه پهیڤیشی بۆ فێربوون ئه‌وه‌یه په‌له مه‌که له زمان فێربوون و کوردی نووسین.