Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024

گەندەڵ …. نەوزاد بەندى

Closed

 

بۆم دەرکەوت ئاوێنەیش گەندەڵە ،
ئەگینا ئەو پیاوە پیرە ،
کەى منم ؟؟
من هێشتا لە مەکتەب نەگەڕاومەتەوە و
سێ جار لەسەریەک ،
وەزیفەکەم نەنوسیوەتەوە ..
من هێشتا لەسەر ئەو
پاسکیلە نەهاتومەتە خوارەوە ،
کە چەندم کرد و کۆشام ،
بۆیان نەکڕیم و
ناچار بە خەیاڵ کڕیم .
من هێشتا لەگەڵ مناڵانى گەڕەک ،
لە کارێزى وەستا شەریف نەگەڕاومەتەوە ،
کە لە ترسى تیمى کوتان ، ڕامانکردبوو ..
من هێشتا ، بە قاپێکى فافۆنەوە ،
لە سەرەى وەرگرتنى دانولەدا وەستاوم ..
من هێشتا سەرگەرمى محەلەبى شکاندنم ..
من هێشتا لە شەوى بەرات نەگەڕاومەتەوە ،
بیشگەڕێمەوە ، تاکو درەنگ سەرقاڵى
جیاکردنەوەى نوقوڵى ڕەق و خورما و
چکلێت و مێوژ و پێنج فلسیەکانم ..
من هێشتا گلۆرەکەم تەواو نەکردووە ،
تەواویشى بکەم ، سمارتەکردنى ماوە ..
من هێشتا چاوەڕوانى ،
ڕاپۆرتى کۆتایى ئەو لیژنەیە ئەکەم ،
کە بۆ هۆکارى ڕژانى
دۆى دادە پێکهێنراوە ..
ئاخر مەعقول نیە دوو ڕۆژ لەسەر یەک ،
دۆى دادە بڕژێ ..
من هێشتا چاوەڕێى بڕیارى
قەرەبوکردنەوەى دادەم ..
من هێشتا چاوەڕێى مام زۆرابم
مێوژى نایاب بێنێ بۆ کۆڵانەکەمان ..
من هێشتا گیرفانەکانم پاشماوەى
نوقوڵى ترش و شیرینیان تیایە ..
ڕەسمى جۆلیانۆجیما و
ترنتى و بروس لییان تێدایە ..
من هێشتا لە سەر دیوارى حەوشە ،
قاپێک سابوناو و
پارچەیەک سۆندەم پێیە ،
دونیا پڕ ئەکەم لە بڵق ..
ئەوەیە دنیا :
بڵقى گەورە و بچوک و
پاشانیش هەموویان ئەتەقن ..
بۆم دەرکەوت ،
ئاوێنەیش بەرتیل وەرئەگرێ ..
ئاوێنەیش درۆ ئەکا ..
ئاوێنەیش ئەنجامى تاقیکردنەوەکان و
هەڵبژاردنەکان : ئەگۆڕێ ..
بۆم دەرکەوت ئاوێنەیش ئەخواتەوە و
قومار ئەکا ..
پێشتریش شکم کردبوو ،
چونکە مامۆستاى زانیارى پێیوتین :
ئاوێنە وێنەکانمان بە پێچەوانەوە نیشان ئەدا ،
ڕاست چەپە و ..
چەپیش ئەکات بە ڕاست ..
ئاخر چۆن ئەمە ڕەواى حەقە :
مەلایەکى دوانزە عیلم لەو پەڕى ڕاستەوە ،
بکەیت بە کۆمۆنیستێکى عەیارە بیست و چوار ،
لەم پەڕى چەپ ،
کە تەنانەت بۆیاخى خانووەکەیشى ،
لە گێلاس خواستووە ؟؟
بۆم دەرکەوت ئاوێنەیش گەندەڵە ..
ئەگینا من هێشتا ،
ماشێن بە تەل دروست ئەکەم و
تایەکانى بە سەرە سۆدە ..
هێشتا پەنجەکانم ،
بۆنى تەمەر هندیان لێدێ و ..
چۆلەکەکان لێم ئەترسن ،
چونکە بۆنى دارلاستیکم لێ دێ ..
ئەمە چیە ئەم پیاوە پیرە ؟؟
ئەم دێراوانە چین ،
لە چاوەکانیەوە بۆ لاجانگى ….
ئەم ڕێڕەوانە چین لە تەوێڵیا …
ئەم گرێ و قۆرتانە چین ،
لە ئاست دانە کەوتوەکانیدا ،
دروست بوون ..؟؟
ئەم دەمامکە چیە لکێنراوە ،
بە ڕوخسارى منەوە ؟؟
من هێشتا خشتەى لێکدانم لەبەر نەکردووە ..
من هێشتا ناوى مانگەکانم ڕەوان نەکردووە ..
من هێشتا کۆرسى مەڵحەمى چاوى
دەرسى پێنجەمم ، تەواو نەکردووە ..
من هێشتا قاورمە نۆکە پڕ لە کەوەرەکەم ،
نەخواردووە ..
ئەم پیاوە پیرە کێیە ،
تەماشام ئەکا ؟
کە پێئەکەنم ، بزە ئەیگرێ و
کە تووڕە ئەبم ،
مۆڕە ئەکا ؟؟
ئەتشکێنم ،
ئەى ئاوێنە ،
ئەى گەندەڵ
ئەى بەرتیلخۆر
ئەى قورمارچى ..
ئەى بەنگکێش ،
ئەتشکێنم ..
بڕوانە پارچەکانت ..
بڕوانە ..
هەمووى سێگۆشەن :
وەکو سەرى مارى کوشندە
وەکو برمۆدا ..
وەکو هەموو شتە ترسناکەکان ..
بەڵام من ناترسم ..
مناڵ لە خوا نەبێ ،
لە کەس ناترسێ ..
زۆر جار لە خوایش ناترسێ و
بە بێ دەستنوێژ ،
خۆى ئەکا بە حەرەمى مزگەوتەکانا ..
باوەش ئەکا بە قورئانا ..

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.