کورته نامه‌کانی غوربه‌ت … به‌ندی عه‌لی
Closed
لهپاییزا
ئێره‌یی به‌ئازایه‌تی دره‌خت ئه‌به‌م
که‌بێ ترس له‌ڕێساکانی جه‌نگه‌ڵ و
له‌به‌ر چاوی چۆله‌که فیتنهبازهکانا
کراسی گه‌ڵا دائه‌که‌نێ و
به‌ڕووتی خۆی ئهداتهبهر
په‌نجه لهزهتبازهکانی ڕێژنه‌باران
……..
هه‌ناسه سوارو دۆشدامان
به‌دوی فرسه‌تێکا ئه‌گه‌ڕێم
بۆ ڕاوی ماسیه‌کی خۆشنودی
له‌ڕووباره به‌خوڕه‌که‌ی ژیانا
وه‌لێ ئه‌و ئه‌ڕوات و
ئاوڕێ له‌دوا ناداته‌وه
منیش له‌جێی خۆما ئه‌ڕوێم
……….
عه‌یامێکه
گوڵی ڕه‌نج ئه‌گرمه ژیان
ئه‌ویش هه‌ر به‌ردی به‌دبه‌ختی
ئه‌گرێته گۆمی ته‌مه‌نم
که‌چی ئه‌م دڵه بێ عارهم
ئه‌به‌د ته‌رکی سیگاره‌که‌ی
لێوه گومڕههاکهت ناکا
ئه‌ی ژیان ئه‌ی .. مۆنالیزا
.. 2012