رۆماننووسی میسری سه‌نعه‌ڵڵا ئیبراهیم
رۆماننووسی میسری سه‌نعه‌ڵڵا ئیبراهیم:
هه‌رده‌م له ده‌ربڕینه‌كانمدا ئازادبوومه، چونكه قه‌ت مووچه‌خۆری ده‌وڵه‌ت نه‌بوومه
و.ئا: جومعه جه‌باری
سه‌نعه‌ڵڵا ئیبراهیم نووسه‌ر و رۆماننووسی میسری، سه‌ر به‌ڕه‌وتی چه‌پگه‌رییه و، جه‌ده‌لێكی زۆری له نێوه‌ندی ئه‌ده‌بیی میسریدا دروست كردووه، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی خه‌ڵاتی رۆمانی عه‌ره‌بی له‌ساڵی 2003 ره‌تكرده‌وه، كه ئه‌نجوومه‌نی باڵای رۆشنبیری ده‌یبه‌خشێ. له‌ساڵی 2004 “خه‌ڵاتی ئیبن روشد بۆ هزری سه‌ربه‌ست”ی به‌ده‌سهێنا. كاره‌كانی ئه‌م نووسه‌ره له‌لایه‌كه‌وه پێوه‌ندییه‌كی به‌تینی به‌ژیانیه‌وه هه‌یه و، له‌لایه‌كی تره‌وه پێوه‌ندی به‌مێژووی سیاسیی میسره‌وه‌یه. له‌ساڵی 1937 ئه‌م كه‌ڵه نووسه‌ره له قاهیره له‌دایك بووه، له هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی جه‌مال عه‌بدولناسر دژی چه‌پڕه‌وه‌كان پێنج ساڵ 1959 تا 1964 زیندانی كرا، به‌ناوبانگترین رۆمانه‌كانی رۆمانی “لێژنه” یه، كه له‌ساڵی 1981 بڵاوكرایه‌وه و، ره‌خنه‌یه‌كی گاڵته‌جاڕییه دژی سیاسه‌تی كرانه‌وه‌ی سه‌رده‌می سادات.
هه‌روه‌ها سهنعهلڵا له رۆمانی “به‌یروت به‌یروت” دا، كه له‌ساڵی 1984 چاپكراوه شه‌ڕی ناوخۆی لوبنان وێناده‌كات.. چه‌ندین رۆمانی دیكه‌ی به‌ناوبانگی هه‌یه له‌وانه: “ژات_ خود، تلك الرائحه_ بۆنه‌كه/كورته‌چیرۆك 1964، نجمه اغسگس_ ئه‌ستێره‌ی ئۆگستس، شرف، ورده_ گوڵێك، ئهمریكانلی، مژكرات سجن الواحات_ رۆژژمێری گرتیگه‌ی واحات ، التلصص_ چاودزینهوه_ 2007، العمامه والقبعه_ جامانی و شه‌پقه_ 2008، القانون الفرنسی_ یاسای فه‌ره‌نسی”.
سه‌نعه‌ڵڵا ئیبراهیم ناوێكه بۆ ره‌تكردنه‌وه دروستبووه، قژه گڤهكهی و چاویلكه خڕ و گه‌وره‌كانی، كه بههاوێنهی وردبینی گه‌نده‌ڵی و زڕاندنی بۆ خه‌ڵكی ناسراوه ئه‌مه ده‌سه‌لمێنێ، كاتێك ئاخاوتنی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ی، به‌خه‌تێكی پان و به‌رین وشه‌ی “نا” له‌به‌رده‌مت قوت ده‌بێته‌وه و، وشه‌ی “به‌ڵێ” به‌شه‌رمه‌وه خۆی ده‌شارێته‌وه، له قسه‌كانیدا باسی مهحروومبوونی له دایكی ده‌كرد و، رقبوونه‌وه له ناوبانگییه‌كی درۆ.
*مێ به‌زه‌قی له رۆمانهكانتدا دیاره، به‌ڕای تۆ كامیان به‌تواناتره له گوزارشت له‌سه‌ر ئافره‌ت، نووسه‌ری پیاو یاخۆ نووسه‌ری ئافره‌ت؟
– هه‌وڵم داوه له ئافره‌ت بگه‌م، یاخۆ له رۆمانه‌كانمدا پێشانی بده‌م، هاوكات باوه‌ڕم به‌وته‌ی “ئه‌ده‌بی پیاوان و ئه‌ده‌بی ئافره‌تان” نییه، چونكه هونه‌ر هونه‌ره به‌بێ ره‌چاوكردنی ره‌گه‌زی نووسه‌ره‌كه‌ی، به‌ڵام هه‌ندێ شت له‌ژیانی ئافره‌تدا هه‌یه هه‌ر خۆی باشتر توانای گوزارشتكردنی له‌سه‌ر هه‌یه، وه‌ك كرداری مناڵبوون.
*ئایا مهحرومبوونت له سۆزی دایك هانده‌ره بۆ گه‌ڕانت به‌دوای ئافره‌ت و دۆزینه‌وه‌ی نه‌نگییه‌كانی له‌ڕێی نووسینه‌وه؟
– وابزانم ئافره‌ت ئه‌وه‌نده شتێكی قورس نییه بۆ ئه‌وی تێیبگه‌یت، ئه‌گه‌ر لێی نێزیك ببیته‌وه ده‌بینی ئه‌ویش مرۆڤه، ده‌توانی به‌باشی بیناسی له‌رێی رۆشنبیری و تێبینییهكانتهوه، من 15 ساڵ له‌ماڵه‌وه به‌بێ ئافره‌ت ژیام، ئه‌مه‌ش ترسناكترین قۆناخی ژیانم بوو، كه بووه هۆی ئه‌وه‌ی خۆم به‌و بوونه‌وه‌ره سه‌یره بناسێنم و پێوه‌ندی له‌گه‌ڵدا ببه‌ستم.
*ئه‌ی وامان لێ نه‌هاتووه ته‌ماشای سێكس ده‌كه‌ین ته‌نیا له لایه‌نه مادییهكهیهوه؟
– به‌ڵكو له‌شتێكی ئامێریدا چڕمانكردۆتهوه، ئه‌مه‌ش خراپترین جۆره‌كانی سێكسه.. سێكس خۆشه‌ویستی و هه‌ستكردنه به به‌رامبه‌ر و تێگه‌یشتنه لێی، چونكه كاتێك گوڵێك له‌ناو ئینجانهیهكدا به‌دیاری بۆ هاوسه‌ره‌كه‌م دێنم، ئه‌مه هه‌ڵوێستێكه گوزارشت له سێكس، واتا خۆشه‌ویستی ده‌كات، به‌ڵام مخابن ئه‌م وشه‌یه به‌هۆی به‌دحاڵیبوون لێی، ئێسته واتایه‌كی نه‌رێنی له‌لای خه‌ڵكدا دروست كردووه، كه‌چی خۆی وشه‌یه‌كی جوانه ئه‌گه‌ر واتاكه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌رێنی تێبگه‌ین، ده‌بێ ئه‌وه‌ش بلێم، كه ئه‌ده‌ب هونه‌رێكه وه‌ك جۆره‌كانی تری هونه‌ر، چونكه هیچ ئه‌ده‌بێك نییه هه‌ستی شه‌هوه‌ت بوروژێنێ.
*وه‌ك چهپڕهوێك ناسراویت، ئایا تا ئێسته‌ش پشت بهچارسهرییه چهپڕهوییهكان ده‌به‌ستی؟
– به‌ڵێ، هێشتا بهچهپڕهوی ماومه‌ته‌وه، به‌ڵام هه‌ندێ شت له‌چه‌ند بههایهكدا هه‌یه چه‌پڕه‌وی هانیده‌دات و مرۆڤ له‌قۆناغێكدا تێی ده‌گات، كه‌چی له چه‌ند قۆناخێكی تردا چه‌ند به‌شێكی ره‌تده‌كاته‌وه، گرنگترین پره‌نسیپه‌كانی چه‌پڕه‌وی، كه باوه‌ڕم پێیه‌تی، پره‌نسیپی “دادوه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تیی”یه له‌نێو خه‌ڵكدا، چونكه هه‌موومان به‌یه‌كسانی له‌دایك ده‌بین، به‌ڵام بارودۆخی كۆمه‌ڵگه رێ ده‌داته هه‌ندێ كه‌س جیاوازتربن له‌وانی تر، لێره‌وه شێوانێك له دابه‌شكردنی هه‌له‌كان رووده‌دات.
*پێت وانییه ئه‌و وێنه‌یه‌ی میدیاكان بۆ چه‌پڕه‌وه‌كان دروستیان كرد ده‌ورێكی گه‌وره‌ی هه‌بووه بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ی خه‌ڵكی سڤیل لێیان؟
_ به‌ڵێ، جۆره تێكدانێك بۆ چه‌مكی چه‌پڕه‌وی به‌ئه‌نقه‌ست له لایه‌ن چه‌ند كۆمه‌ڵێكه‌وه رووی دا بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه ببێت به‌دژمان، بۆ نموونه ئیسماعیل ئه‌دهه‌م چه‌پڕه‌و بوو، كتێبێكی به‌ناوی “بۆ من بێ باوه‌ڕم؟”ی به‌رهه‌م هێنا، چهپڕهوێكی تر به‌ناوی محه‌مه‌د فه‌رید ئهبوحهدید به‌كتێبێكی تر وه‌ڵامی دایه‌وه ناوی نا “بۆ من باوه‌ڕدارم؟”، چونكه بۆی هه‌یه هه‌ر ره‌وتێك چه‌ندین پله‌ی هزری له‌خۆ بگرێت، بۆ نموونه چه‌ندین كه‌سانی بێ باوه‌ڕ ده‌بینین و چه‌ندینی تری باوهڕدارله ئاستیان ده‌بینین، ئه‌مه‌ش كارێكی سروشتییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی له تێكدانی وێنه‌ی ئێمه هه‌بێ، به‌رده‌وام جه‌خت له لایه‌نه سهلبییهكانمان ده‌كاته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بیخاته مێشكی گه‌له‌وه.
*رۆمانه‌كه‌ت “ئه‌و بۆنه” بۆ ماوه‌ی 20 ساڵ له میسر قه‌ده‌غه كرا، ئایا به‌كاتێكی كوشنده‌ی ده‌زانی بۆ ئه‌ده‌بی سه‌نعه‌ڵڵا ئیبراهیم؟
_ به‌كاتێكی كوشنده‌ی ده‌زانم، چونكه هزری من به‌ندكرا، هه‌وڵی قۆرخكردنی كرا، به‌ڵام به‌كاریگه‌ری نازانم له‌سه‌ر ژیانی ئه‌ده‌بیم یاخۆ به‌ربه‌ستێك له‌به‌رده‌م ناوبانگ بوونم، چونكه ناوبانگ بوون هه‌رده‌م هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ره و، رێژه‌ییه، ئه‌وه‌ی گرینگه ئه‌وه‌یه: ئێسته قه‌ده‌غه‌كردنی رۆمانێك قبوول ناكرێ به‌هه‌نجه‌تی ئه‌وه‌ی ره‌وشت تێكده‌ره، منیش باوه‌ڕم به‌و وته‌یه هه‌یه، كه ده‌لێت “هه‌موو قه‌ده‌غه‌كراوێك داواكاری له‌سه‌ره” ئه‌ده‌بیش تێكده‌ر نییه، به‌ڵام ئه‌و كه‌سه‌ی خۆی ئاماده‌یی هه‌بێ بۆ تێكچوون، ئه‌وا به‌بێ ئه‌وه‌ی پێویست بكات ئه‌ده‌ب بخوێنێته‌وه تێكده‌چێ.
*ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ كاتی نووسینهوهت بۆ رۆمانی “رۆژژمێری گرتیگه‌ی واحات” و ئه‌زموونت له به‌ندیخانه‌دا، چۆن توانیت ئه‌و ئه‌فراندنه ئه‌نجام بده‌یت له‌و كه‌شه‌ی خۆت بهخنكێنهر وه‌سفی ده‌كه‌ی؟
_ مرۆڤ ناتوانێ له به‌ندیخانه‌دا ئه‌فراندن بكات، چونكه به‌ڕاستی كه‌شێكی خنكێنه‌ر و خه‌مباره، به‌ڵام جیاوازییه‌ك له‌نێوان ئه‌فراندن و نووسیندا هه‌یه، ئه‌مه‌ش له به‌ندیخانه‌دا لێت قه‌ده‌غه ده‌كرێت، چونكه خامه و كاخهزت بۆ دابین ناكه‌ن رۆمان و جۆره‌كانی تری نووسینی پێ ئه‌نجام بده‌ی، به‌ڵام جۆره تێڕامانێكت بۆ دروست ده‌بێ بۆ ئه‌و شێوازه نووسینه‌ی له‌داهاتوودا په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ی، هیچ جۆره ئه‌فراندنێك له زینداندا به‌دی ناكه‌یت، به‌ڵام جۆره خه‌ڵوه‌تێكی بنیادكار بۆ نووسه‌ر دروست ده‌كات.
*تۆ وه‌ك دژایهتیكارێكی سه‌رسه‌ختی رێژیم ناسراوی، ئه‌مه‌ش بووه هۆی پهراوێزخستنت له میدیاكاندا، ئایا پهراوێزخستنت سوودی به‌ئه‌زموونی ئهفراندنهكانت گه‌یاند؟
_ بێ گومان، چونكه قه‌ت مووچه‌خۆری ده‌وڵه‌ت نه‌بوومه، بۆیه هه‌رده‌م له ده‌ربڕینه‌كانمدا ئازادبوومه، بۆیه بوونم له‌نێو میدیاكاندا هیچ بایه‌خێكی له‌لام نه‌بووه، نووسه‌ر ده‌بێ له‌ئاست رێژیمی سته‌مكاردا هه‌ڵوێستی به‌رهه‌ڵستكاری هه‌بێ، ئه‌نجامی سرووشتی ئه‌م كاره‌ش په‌راوێزخستنی نووسه‌ره‌كه‌یه له لایه‌ن رێژیمهكهوه، به‌ڵام ئه‌م هه‌ڵوێسته یارمه‌تی نووسه‌ره‌كه ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی ئازادانه و به‌بێ كۆته‌كانی چاودێریی بنووسێت. نه‌مانی ترسیش له ده‌سه‌ڵات وات لێ ده‌كات به‌جورئه‌ته‌وه بنووسی.
*ده‌لێن ئه‌ده‌بی تۆ راسته‌وخۆیه، ئه‌ی تۆ چ ده‌لێی؟
_ من له‌گه‌ڵ ئه‌و قسه‌یه‌دا نیم، چونكه ئه‌وه وشه‌یه‌كی بریقه‌داره، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر رۆماننووسێك بابه‌تێكی سیاسی نووسی، ئایا ده‌توانین پێی بلێین ئه‌و نووسه‌ره ئه‌ده‌بێكی راسته‌وخۆ ده‌نووسێ؟ گرینگ ئه‌وه‌یه بزانین چۆن به‌كاری ده‌هێنێت و ده‌یكات به راسته‌وخۆ یاخۆ ناڕاسته‌وخۆ.
*به‌ڵام له رۆمانه‌كه‌تدا “شه‌ره‌ف” واقیعت به‌شێوه‌یه‌كی شۆكه‌وه له‌رێی زاراوه‌كانه‌وه گواسته‌وه، ئایا سنوورێك بۆ ئه‌وانه‌ی واقیعی و راسته‌وخۆن یاخۆ ئه‌وانه‌ی ئه‌ده‌بین دانانێی؟
_ ئه‌مه شێوازی منه له نووسیندا و له‌سه‌ره‌تاوه ئه‌م شێوازه‌م هه‌ڵبژاردووه، هه‌رده‌م ره‌خنه‌م ئاڕاسته كراوه له لایه‌ن خوێنه‌ران و ره‌خنه‌گرانه‌وه، گوایه نووسینه‌كانم هیچ ئه‌ده‌بێكی تێدا نییه، سه‌ره‌ڕای ئه‌و چێژه‌ی له خوێندنه‌وه‌ی رۆمانه‌كانم وه‌ریده‌گرن، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌و وێنا كۆنه‌وه ده‌رباره‌ی نووسه‌ر له لای خوێنه‌ره‌كه دروست بووه، كه ده‌بێت وشه‌ی وا به‌كار بێنێت ته‌شبیه و زیاده‌ڕۆیی تێدا بێت، منیش ئه‌م جۆره نووسینه‌م به‌دڵ نییه، به‌ڵكو من واقیع ده‌گوازمه‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی له رێی تهشبیهاتهوه فه‌لسه‌فه بئاخنمه نێو نووسینه‌كانم.
*تۆ گوتت حه‌زم له شیعر و كورته چیرۆك نییه، ئایا هیچ شیعرێك یاخۆ كورته چیرۆكێك سه‌رنجی رانهكێشاوی؟
_ زۆر شیعر و كورته چیرۆكم به‌دڵ بووه، به‌ڵام مه‌یلم به‌لای رۆمانهوهیه، چونكه ته‌نیا ئه‌و سه‌رنجم راده‌كێشێت، هه‌ر له‌مناڵییه‌وه خولیای جیهانه‌كه‌ی بوومه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڕوانینه شاعیرێكی وه‌ك ئه‌دۆنیس، ده‌بینین هه‌موو شتێك به‌ته‌م و مژ و عه‌به‌سییه‌ت رووكه‌ش ده‌كات، ئایا ئه‌مه به‌شیعر ده‌ژمێردرێت؟ ئه‌م جۆره شیعره‌م پێ سه‌یره! چونكه هونه‌ر ده‌بێ له زاراوه‌دا ساده و ساكار بێت ، له‌هه‌مان كاتدا جۆره قووڵبوونه‌وه‌یه‌كی تێدا بێت.
*توانیت له‌ده‌ره‌وه‌ی میسر زیاتر خۆت بسه‌لمێنی وه‌ك له ناوه‌وه‌ی میسر، ئایا ئه‌مه‌ت پێ خۆشه؟
_ لێره‌دا ده‌بێت راشكاو بم ، خۆسه‌لماندنی من له‌ده‌ره‌وه ته‌نیا له رووه مادییهكهوهیه، ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی منه ئاماده‌گی خۆم له مه‌یدانی ئه‌ده‌بدا له میسر بسه‌لمێنم و، كتێبه‌كانم له‌هه‌موو شوێنیك بخوێنرێنه‌وه، ئه‌مه‌ش زۆر دڵخۆشم ده‌كات و زۆریش حه‌زده‌كه‌م رووبدات.
*له گرتیگه و ده‌ره‌وه‌ی گرتیگه‌دا دووچاری نامۆبوون بووی، له كوێدا زیاتر هه‌ستت به‌نامۆیی كرد؟
_ كاتێك له گرتیگه ده‌رچووم. هیچ كاتێك ئه‌وه‌نده هه‌ستم به‌نامۆیی نه‌كردووه به‌قه‌د ئه‌و ساته‌ی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات گه‌ڕامه‌وه، چونكه شتی زۆر سه‌یرم ده‌بینی تووشی شۆكی كردم.
*ئه‌ی غه‌ریبی نه‌بوو به‌فاكته‌رێك له‌لات بۆ بینینی واقیعی میسر به‌شێوه‌یه‌كی روونتر؟
_ مه‌رج نییه بچیته غه‌ریبی بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی روونتر ببینی، ده‌كرێ له‌ناو وڵاته‌كه‌ی خۆتدا بیت و، هه‌موو شته‌كانیش به‌روونی ببینی. كاتێك كۆچم به‌ره‌و عومان كرد، یه‌كه‌م شۆك به‌لامه‌وه ئه‌وه‌بوو، كه شوێنه‌كه جیاوازه، بۆیه گرفته‌كه له ناخی تۆدا ده‌بێت، نه‌وه‌ك له ناخی شوێنه‌كه‌دا، چونكه هه‌ندێك جار به‌ره‌و غه‌ریبی كۆچ ده‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌یه‌كی روونتر ببینی، به‌ڵام پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه رووده‌دات، ره‌نگه له غه‌ریبیدا كه‌مێك هه‌ست به گۆڕانكاری و شتی زیاتر بكه‌یت، یاخۆ هه‌ستیش بكه‌ی ئه‌و شوێنه هیچ شتێكی بۆت زیاد نه‌كرد.