لە دڵی بادا… بهناز فاتح
لە دڵی بادا ..
بۆن و ڕەنگی خەمێکی زەرد….
لە دڵی منیشدا
من و تۆ هاوارێکی سپی کپکراو
لە چاوەڕوانی کاتێکی نادیاردا خۆی پەنهان داوە.
***
نیگای پیتەکانم ،
لە وشەیەکی ون دەگەڕێن
لە بەردەم ئاوێنەی ژوورەکەمدا
خۆم ڕووت …ڕووت
دەکەمەوە ،
لە ناکاو ….
هەست بە نووکی پێنوسەکەم دەکەم ،
دیسانەوە
لە سەر جەستەم ،
وشەی عەشق و بوونی تۆۆۆ
دەنووسێتەوە .
***
بەرە بەیانی من بوو
کوکوختییەک ،
بە خۆی و نامە
سپییەکەی دەنووکییەوە
شەونمی گەڵا و
نەسیمی
تۆی بۆ هێنام
***
ویستم پیاسەیەک لەگەڵ
سێبەری خۆمدا بکەم
کە چی شوێن پێیەک
لە شێوەی دڵی تۆۆ
دەستپێکی
ڕێگاکەی گرتەبەر
****
ئەگەر خەیاڵەکان لێ گەڕێن
پەرتبوونی خۆم کۆبکەمەوە
لە تۆوە دەستپێدەکەم .
***
فوارەیەک لە پشتی شەوێکی تاریکەوە
سەما دەکات
دوو دیوی یەک ڕەنگ،
لە ڕەنگی ئاو
نامۆیی یەکتر دەلاوێننەوە .
****
لە بێدەنگی کات و دەستپێکی کۆتایی ڕێگاکاندا،
دڵێک لەو بەری شەقامەکەوە
هاتە نێو بێدەنگترین ژووری دڵمەوە……
9ى 2011