پاشا و كراس … لیۆ تۆلستۆی
جارێكیان پاشایه‌ك نه‌خۆش كه‌وت و گوتی: نیوه‌ی قه‌ڵه‌مڕه‌ویی پاشایهتیهكهم ده‌به‌خشم به‌و كه‌سه‌ی بتوانێ چاره‌سه‌رم بكات و له‌م نه‌خۆشیه ڕزگارم بكا.
ته‌واوی حه‌كیم و زاناكان كۆبونه‌وه تا بزانن نه‌خۆشیه‌كه‌ی پاشا چیه و چۆن بتوانن چاره‌سه‌ری بكه‌ن. به‌ڵام هیچیان سه‌ریان لێ ده‌رنه‌كرد. ته‌نیا یه‌كێكیان نه‌بێ كه گوتی: چاره‌سه‌ری نه‌خۆشیه‌كه‌ی ده‌كرێ ، ده‌بێ كراسی كه‌سێكی خۆشبه‌خت بێنن و پاشا له‌به‌ری كات و ئه‌وسا چاك ده‌بێته‌وه.
پاشا ده‌سبه‌جێ په‌یك و ته‌ته‌ره‌كانی خۆی به‌سه‌رانسه‌ری وڵات‌دا بۆ هێنانی كراسی كه‌سێكی خۆشبه‌خت ، بڵاو كردنه‌وه. سه‌رانسه‌ری وڵات گه‌ڕان ، به‌ڵام نه‌یانتوانی كه‌سێكی خۆشبه‌خت بدۆزنه‌وه. ته‌نانه‌ت كه‌سێكیان دهسنهكهوت له‌ژیانی خۆشی ڕازی بێت. ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند بو نه‌خۆش بو. ئه‌وه‌ی له‌ش ساغ بو هه‌ژار بو. یان ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌مه‌ند و له‌ش ساغیش بوایا ژنێكی خراپی هه‌بو. یان ئه‌گه‌ر منداڵی هه‌بوایا منداڵه‌كانی خراپ بون. به‌كورتی كه‌س نه‌بو گرفتێكی نه‌بێت.
سه‌ره‌نجام شه‌وێكیان لای به‌ره‌به‌یان ، كوڕی پاشا به‌لای كوختهخانویهكی هه‌ژارانه‌دا تێده‌په‌ڕی ، گوێی له‌كه‌سێك بو كه له‌ژوره‌وه بو و ده‌یگوت: ( زۆر سوپاس خودایه! كارم ته‌واو كردوه و تێر و پڕ نانم خواردوه ، ئێستا ده‌توانم ڕاكشێم و به‌ئاسوده‌یی بۆ خۆم بنوم. ئیدی له‌مه زیاتر چیم ده‌وێت؟).
كوڕی پاشا زۆر دڵخۆش بو و ده‌سبه‌جێ فه‌رمانیدا بڕۆنه ژوره‌وه و كراسه‌كه‌ی له‌به‌ر داكه‌نن و بیهێنن بۆ پاشا تا له‌به‌ری كات و چاك بێته‌وه و كابراش چه‌ندی ویست بیده‌نێ. ده‌سبه‌جێ به‌ره‌ولای كوخته‌ی كابرای خۆشبه‌خت وه‌ڕێ كه‌وتن. به‌ڵام كاتێ چونه ژوره‌وه بینیان كابرا هێنده هه‌ژاره كراسی له‌به‌ردا نیه.
سه‌رچاوه / سایتی دیپاچه
لهفارسیوه ئازاد نه‌جم