شوێنه دڵگیره‌كانی شار له شیعره‌كانی نزاردا
شیعر وه‌ك ژانرێكی ئه‌ده‌بی پانتایه‌كی فره‌ی ئه‌ده‌بی كوردی گرتووه ،خۆشبه‌ختانه كوردیش له‌م ژانره زه‌نگینه‌وه خاوه‌ن ده‌نگی خۆیه‌تی و هه‌ر له كۆنه‌وه تا نهۆ كاروانه‌كه ده‌روات و ده‌یان و سه‌دان ده‌نگ و ره‌نگی جیاوازی هێناوه‌ته نێو ئه‌م كاروانه و كه‌م تا زۆریش ئه‌سپی خۆیان تاو داوه..بۆیه قسه‌كردن له سه‌ر هه‌ر شاعیرێك ، شیكردنه‌وه‌ی هه‌ر شیعرێك ، له‌وانه‌یه ئاسان نه‌بیت ، چونكه هه‌ریه‌كێكیان له سه‌ر قوتابخانه‌و گروپ و سه‌رده‌م و ته‌وژم و ئایدۆلۆژیا‌و وشوێن و زه‌مه‌ن و بارودۆخێكی جیاواز ژیاوون ،وه ناشكرێت هیچ ده‌قێكیش دوور بێت له‌خوێندنه‌وه‌و تێگه‌یشتن و سه‌ره‌نج و تێبینی ره‌خنه‌و بیر‌و بۆچوونی خوێنه‌ر كه به دیده‌یه‌كی ژیرانه‌و كارێكی ره‌خنانه ده‌روانێته ده‌ق و هه‌ندێك لایه‌نی شاراوه‌ی نێو ده‌قه‌كه ده‌خاته به‌ر چاو . به‌رای خۆم هه‌ر شیعرێك ساده بێت یان به فۆرمێكی قورس و زمانێكی ئاڵۆز خرابێته روو ، وه‌ك دارێكی گه‌وره‌و وایه ،خاوه‌ن ده‌یان لق و پۆپی جیاوازه‌و ئه‌گه‌رده‌ستبردنمان نه‌گاته قه‌ده گه‌وره‌كه ، ده‌توانیین په‌نجه بۆ قه‌ده‌نزیك و بچووكه‌كان درێژ بكه‌ین . هه‌ر شیعرێكیش پێویستی به كات و شوێنێكی دیاریكراو هه‌یه لێره ئاوڕێك له بوونی شوێن له یه‌كێك له شاعیره‌كان ده‌ده‌ینه‌وه و تیشكی ده‌خه‌ینه سه‌ر . وه‌ك چۆن چه‌ندین شوێن له نێو چیرۆك و رۆمان هه‌یه ، شیعریش بێ به‌ری نییه له‌م جۆره شوێنانه كه شاعیر به‌كاری ده‌هێنێت . بڕوانه له نێو دێره شیعره‌كان ناوی كانی و رووبار‌و و دۆل و ده‌شت و چیا وئه‌شكه‌وت و گوند‌و شاروگه‌ره‌ك و كۆڵان وباخچه گشتیه‌كان و پاركی تازه و شه‌قام وچایخانه‌و گازینۆ و گۆرستان و شوێنی سه‌یرانگاو گه‌شت و گوزاروهاوینه‌هه‌واره‌كان و …هتد.هه‌موو ئه‌و شوێنانه كه‌م تا زۆر ئاماده‌گییان له هزرو خه‌یاڵی شاعیر هه‌یه و ئاوێزانی شوێن و بیره‌وه‌ری و خه‌ونه‌كان ده‌بێت و ئاسان نییه ئه‌م زه‌مه‌نه رابردووه له بیر بكرێت ، عه‌شق و خۆشه‌ویستی ئه‌م شوێنانه وا له مرۆڤه‌كان ده‌كات هه‌میشه له خه‌یاڵیان دابێت و دیمه‌نه جوانه‌كانیان له به‌ر چاو بێت وه‌ك چۆن نالی له غوربه‌تدا ، خه‌یاڵی بۆ ده‌شتی شاره‌زوورو حاجی بۆ كۆیه‌ی خنجیلانه‌ی ده‌روات ، هه‌روه‌ها له شاعیره ناسراوه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه (شێركۆ بیكه‌س ) نمونه‌یه‌كی زیندووه‌و باوه‌رناكام شاعیر هه‌بیت وه‌كو ئه‌و ئه‌وه‌نده شوینه‌كانی كوردستانی به‌كار هێنابێت ، ئه‌گه‌ر به‌رهه‌می(هه‌ست و نه‌ست )ی به نموونه بهێنینه‌وه ده‌بینین23جار ناوی كه‌ركوك و19جار ناوی سڵیمانی و7جاریش گوێژه‌ی به‌كاربردووه 1، له گه‌ڵ چه‌ند شوێنی تر. ته‌نانه‌ت ناو هێنانیشیان تام و چێژێكی زۆر به شاعیر ده‌به‌خشێت . بێنه به‌ر چاوی خۆت شوێنێك مرۆڤی تیدا له دایك بێت و ژیانی منداڵی و كاتی یاریكردن و چوونی بۆ قوتابخانه و عه‌شق و خۆشه‌ویستی و یه‌كه‌م ژوان و شوێنی مردنی ئازیزان و مانگی هه‌نگوینی و پیاسه‌و گه‌ڕان و گه‌شت و سه‌یرانی تیدا به‌سه‌ر بردبێت ، هه‌موو ئه‌م شوێنانه ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌یان له سه‌ر دڵ و ده‌روونی هه‌ر تاكێك هه‌یه. خۆشه‌ویستی و هۆگربوون به‌م شوێنانه هه‌ستێكی خاكپه‌رستی و نیشتمانپه‌روه‌ری له دڵدا چه‌كه‌ره‌ده‌كات ، هه‌ر كاتێك له‌م بسته خاكه دوور ده‌كه‌ویته‌وه ، كه لای تۆ به‌هاو پیرۆزی هه‌یه‌وسه‌دان ئه‌وه‌نده‌یتر ئه‌م خۆشه‌ویستیه گه‌وره‌تر ده‌بێت، نه‌خاسمه ئه‌م دوور كه‌وتنه‌وه‌ی به ویست وحه‌زی خۆمان نه‌بێت و به هه‌ر هۆكارێك بێت لێی دوور كه‌وتبێنه‌وه . به‌تایبه‌تی دوژمنان و ناحه‌زان وایانكردووه له زێد و مه‌مله‌كه‌تی منداڵیمان دوور بخه‌نه‌وه . كورد ئه‌م ماڵوێرانی و ده‌ربه‌رده‌ری و ئاواره‌یی زۆری چه‌شتووه .ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان بۆ چه‌ندین ساڵ ده‌بنه مێوانی تاڕاوگه‌و خه‌ون به گه‌ڕانه‌وه بۆ نیشتمان ده‌بینن . جا ئه‌گه‌ر بۆ مرۆڤێكی ئاسایی ئه‌م دووری و دابڕانه و ژیانی تاڕاوگه‌و غه‌ریبی، ناخۆش و سه‌خت بێت ئه‌وا بۆ هونه‌رمه‌ند و رۆشنبیر‌و شاعیرچه‌ند قات سه‌ختره .
له نێو شاعیران ( كلاسیك ونوێ) و به هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌وه ، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی شوێن له نێو شیعره‌كانیان دا ره‌نگی داوه‌ته‌وه ،من لێره زیاتر مه‌به‌ستم شوێنی راسته‌قینه‌یه ، نه‌ك شوێنی یۆتۆپیاو فانتازیا له یه‌كێك له شاعیره‌كان ئه‌ویش نزار خه‌یلانییه. كه‌باس له زۆر شوێنه‌كانی ژیانی منداڵی خۆی ده‌كات و ناویان ده‌بات.به‌تایبه‌تی بۆ شاعیرێك كه چه‌ندین ساڵ له تاڕاوگه ژیاوه‌وخه‌ونی به‌وه بینیووه رۆژێك بگه‌ڕێته‌وه ئه‌و مه‌مله‌كه‌ته‌ی كه نزاری تیدا له دایك بووه.ئه‌ویش شاری رواندزه ، ته‌نانه‌ت له چاپكردنی یه‌كه‌مین نۆبه‌ره‌ی شیعری خۆی(لێوه‌كانی خه‌ره‌ند ماچ كه‌ن)، وه‌ك بڵێی فه‌رمانمان پێبكات كه ئه‌م شوێنه پیرۆزه ماچ بكه‌ین ،شاعیر شوێنێكی سه‌ره‌نجڕاكێش و ئه‌فسووناوی جوان له جوانترین دیمه‌نه دڵگیره‌كه‌ی شار ، هه‌ڵده‌بژێرێت و ده‌یكاته ناونیشانی كتێبه‌كه‌ی، ئه‌ویش خه‌ره‌نده.ئه‌م نه‌ك هه‌رخۆی فه‌رمانمان پێده‌كات لێوه‌كانی ئه‌م خه‌ره‌نده ماچ بكه‌ین كه تیداشاعیرله سه‌ر ئه‌م خه‌ره‌نده له دایك بووه‌و گه‌وره بووه ته‌نانه‌ت خۆشی قوربانی ئه‌م خه‌ره‌نده ده‌كات .( شێرزاد حه‌سه‌ن)ی چیرۆكنووس كه له ته‌مه‌نی منداڵی له سه‌ر ئه‌م خه‌ره‌نده ژیاوه ، كه گه‌وره‌ش بووه نه‌یتوانیووه ئه‌م شوێنه فرامۆش بكات ئه‌مه‌ش بویته هه‌وینی له دایكبوونی رۆمانێك به ناوی )ته‌می سه‌رخه‌ره‌ند(. هه‌رخۆشی ئاماژه به‌وه ده‌كات كه نه‌یتوانیووه بۆ تۆزێك ئه‌م خه‌ره‌نده له بیر بكات .”یه‌كه‌مین هه‌وار كه به درێژای ئه‌و هه‌موو ساڵانه‌م له بیر نه‌ده‌چۆوه: سه‌ر ئه‌و خه‌ره‌نده بوو كه له‌ماڵه‌كه‌ی خۆمانه‌وه به سه‌د هه‌نگاوی وردی ئه‌وسام ده‌گه‌یشتمه سه‌ر لێواره ڕكه‌كه‌ی2″.هه‌روه‌ها خۆزگه‌ی ئه‌وش ده‌خوازێت له دوا ته‌مه‌نی بگه‌رێته‌وه سه‌ر ئه‌م خه‌ره‌نده‌و له‌وێ بژیت.”من بۆ دواجار به‌ر له‌وه‌ی زۆر پیربم و بمرم له دوا ساته‌كانی ته‌مه‌نمدا له سه‌ر ئه‌و خه‌ره‌نده بژیم3 “
نزاری شاعیر له یه‌كه‌م چاو هه‌ڵێنانی به ژیان ، خه‌ره‌ند ده‌بێته مامانێكی میهره‌بان و چاودێری ده‌كات فرچك به‌م سروشته جوانه ده‌گرێت و له گه‌ڵی هێدی هێدی گه‌وره ده‌بێت ، كه ده‌چێته تاراِوگه‌ش ، ئه‌و وه‌ك ده‌زگیرانێكی به‌جێماودابڕاو خه‌می بۆ باوه‌شی گه‌رمی ده‌خوات ، ته‌نانه‌ت به تاكه دۆستی داده‌نێت كه هه‌مووو كات له هزرو خه‌یاڵی دابووه .
كه‌بووم خه‌ره‌ندم دی
كه‌چووم خه‌ره‌ندم برد
كه‌هاتمه‌وه
خه‌ره‌ندم بۆ هێنانه‌وه
خه‌ره‌ند بۆ من
بوون و چوون و هاتنه‌وه‌م بوو4
لای هه‌ندێ له شاعیران و رۆشنبیران ، خه‌ره‌ند به سیمبولی جوانی و عه‌شق و ئیلهام وحه‌سانه‌وه‌ی وخۆشی به‌خشین به دڵ‌و ده‌روونی مرۆڤ له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و ئه‌م شوێنه‌ش له هزرو خه‌یاڵی ئه‌و مرۆڤانه‌ی هاتونه‌نه‌ته ئه‌م شوێنه هۆگری جوانیه‌كه‌ی بووینه‌وهه‌ست و سۆزیان جوڵاوه وچێژیان له‌م جوانیه بینیووه . ئه‌و شوێنه چه‌ندین جار لای شاعیر ناوی هاتووه ، ئێستاش ده‌یه‌وێت دوا ته‌مه‌نی خۆی له سه‌ر ئه‌م خه‌ره‌نده به سه‌ر ببات ، له ماڵێكی دڵره‌فێندا چاوببرێته جوانیه‌كانی خه‌ره‌ندو ئاوێزانی وشه‌و شیعر و جوانی ببێت ، ته‌نانه‌ت ئه‌و هۆگربوونه‌ی به سروشتی شار وه‌سیه‌ت ده‌كات بگه‌ڕێته‌وه بۆ سروشته‌كه‌ی كه تیدا له دایك بووه و به ئاوی پاكی ئه‌م شاره جه‌سته‌كه‌ی بشۆن.
ئه‌گه‌ر مردم
له مێگرا بمشۆن به ئاوی شڵوێ بووی،
چونكه ئاوی
ژین و ژان و ژیانم بوو ….5
به‌شی زۆری شیعره‌كان ناسنامه‌ی شاعیر ده‌رده‌خه‌ن و ناونیشانی زێده‌كه‌ی خۆی ئاشكرا ده‌كات و نه‌خشه‌و جوگرافیای شارت پێده‌ناسێنێ و ته‌نانه‌ت ناوی شوێنه‌واره‌كانی وه‌ك (قونگره‌ی شه‌مام و ئیسقه‌ڵا)ی سه‌رده‌می پاشای گه‌وره‌ت پێده‌ڵێت . له نێو شیعره‌كان ناوی هاوینه‌هه‌وارو گه‌ڕه‌ك و چیا و شوێنی جوان و سه‌رنجڕكێش ، وه‌ك وێنه‌كێشێك ده‌نه‌خشێنێ و به جوانیه‌كانت سه‌رسام ده‌كات په‌نجه ده‌خاته سه‌ر یه‌ك به یه‌كی شوێنه‌كان له شیعره ناسك و جوانه‌كانی ناوی قونگره‌ی شه‌مام و ئیسقه‌ڵا و رواندزو مێگر وخاڵه ره‌ش وجوندیان و بێخاڵ و خه‌ره‌ند و گورگه ده‌ر وكانیه قورو كاولۆكا و بنه‌باویان (ناوره‌زان) وكۆره‌ك و زۆزك و هه‌ندرێن و …هتد به‌رچاوده‌كه‌ون و هه‌ندێكیان بۆ چه‌ندین جار ناویان هاتووه. زۆر جار ناوهێنانی شوێن له‌وانه‌یه خۆشه‌ویستی شوێنه‌كه نه‌بێت به‌ڵكو بوونی رووداوێكی تراژیادیا و به‌سه‌رهات و شه‌ر و داستان یاخود روداوێكی خۆش له بیره‌وه‌ری شاعیر وای كردبێت رووداوه‌كه گرنگتربێت له خودی شوێنه‌كه .له‌وانه‌یه ناوهێنانی ئه‌و شوێنانه‌ی رواندز كه به‌شێكه له ژیانی منداڵی وخۆشه‌ویستی و ئه‌و په‌یوه‌ندییه ده‌روونیه‌ی كه شاعیر تیدا ته‌مه‌نی خۆی پێ به‌خشیووه .ئه‌و بێجگه له‌وه‌ی ده‌یه‌وێت بگه‌رێته‌وه بۆ ئه‌و زه‌مه‌نه پاكه و به‌رائه‌ته‌ی منداڵی وگه‌نجایه‌تی خۆی و جارێكی تر بۆ ئه‌م سروشته هه‌ناسه بدات و بژێت له گه‌ڵ جوانیه‌كه‌ی ئاوێزان بێت و ئه‌وه نه‌ك هه‌رخودی خۆی به‌ڵكو ده‌یه‌وێت خه‌ڵكی تریش له رێگای په‌یڤه جوانه‌كانی په‌نا بۆ ئه‌و سروشته بهێنن ، فاكته‌رێكی تر كه له لای ئه‌م شاعیره ، هه‌ستی پێده‌كرێت له‌وانه‌یه لای شاعیرانی تر نه‌بێت ئه‌ویش هۆكارێك بێت بۆ ناساندنی ئه‌م شوێنه دڵگیرانه ، ئه‌و خۆی ده‌رچووی به‌شی گه‌شت و گوزاره وشاره‌زایی ئه‌م بواره‌ییه ، ئه‌مه له نوسینه‌كانیشی به‌دیار ده‌كه‌وێت ، ده‌یه‌وێت شیعر بكاته كامیرایه‌ك ئه‌م شوێنانانه بخاته روو‌و په‌یامێكی گه‌شت و گوزاریش به مرۆڤ ببه‌خشێت كه ده‌ڤه‌ره‌كه له پێش چاویان ده‌كاته به‌هه‌شت ، ته‌نانه‌ت شاعیر نه‌ك هه‌ر شانازی به شاخ و دار‌و به‌ردی ئه‌م شاره ده‌كات به‌ڵكو گه‌نج ده‌بێته‌وه ئه‌گه‌ر پێبلێن (تۆ رواندزی!).
تۆ هه‌ندرێنی .. هان وه‌ره‌ی
كه نابه‌زی
تۆ كوره‌كی .. كێوی رك
لێژ نابیه‌وه و …. دانابه‌زی
زۆزكێكی سۆزی عیشق
له سته‌می ڤین و ژین‌دا…
باخ و ره‌زی
بۆ خۆت حه‌زی
به‌م حه‌زه‌وه‌ش گه‌نج ده‌بمه‌وه
كه پێم ده‌ڵێن رواندزی!! 6
شیعری تری زۆره كه شاعیر سۆز‌و خۆشه‌ویستی و وه‌فای بۆ وڵات هه‌یه و به ناوهێنانی ئه‌م شوێنانه ، لای هه‌ندێك كه‌س به‌چاوێكی تر تێبڕوانن و ببه‌نه‌وه خانه‌ی ناوچه‌گه‌رایه‌تی ، به‌ڵام ئه‌مه‌ش به خه‌راپ ناشكێته‌وه ،چونكه ئه‌گه‌ر مرۆڤ وه‌فای بۆ گوند وشارو ناوچه‌كه‌ی خۆی نه‌بێت ، بێگومان بۆ وڵات و نیشتمانیشی نابێت. ئه‌و له نێو وشه‌و دێره شیعره‌كان پیرۆزی و عه‌شق و خۆشه‌ویستی وڵات و زێده شیرینه‌كه‌ی شیرین‌تر و جوانتر ده‌خاته روو هه‌وێنی خاكپه‌رستی و مرۆڤدۆستی و جوانی له په‌ڕه‌كانی دڵی مرۆڤر ده‌نوسێت و جگه‌ر خوێنانه پێمان ده‌ڵێت شام شه‌كره‌و وه‌ڵات شیرنتر!!
یاسین برایم
سه‌رچاوه :
1_ شێركۆ بێكه‌س ، هه‌ست و نه‌ست ،ده‌زگای چاپ وپه‌خشی سه‌رده‌م ،سلێمانی ، 2010.
2_ شێرزاد حه‌سه‌ن ، رۆمانی ته‌می سه‌ر خه‌ره‌ند ، چاپی یه‌كه‌م ، هه‌ولێر ، 2003 ، ل9.
3_سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ل13.
4_ نزار خه‌یلانی ، لێوه‌كانی خه‌ره‌ند ماچ كه‌ن ، سلێمانی ، 2002، ل 5.
5_ سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ل199.
6_نزارخه‌یلانی،رواندز،ماڵپه‌ری رواندزی نوێ
http://www.rwandzinwe.com/modules.php?name=News&file=article&sid=189
تێبینی/ ئه‌م بابه‌ته له‌هه‌فته‌نامه‌ی (رێگای كوردستان) ژماره ( 986) له رۆژی 30-5-2012 بڵاوكراوه‌ته‌وه