لە کوردستان بە یاسا ئازادی بەمانا گشتیەکەی یاساغ کراوە
تێگەیشتن لە چەمک و مانای ئازادی بەبێ تێگەیشتن لەو دەستور و یاسایەی لە وڵاتدا هەیە، ناتوانین لە مانای ئازادی گشتی تێبگەین. هەرچ نوسینێک بۆ بەرگری کردن لە پانتایی مانای گشتی بۆ ئازادی، ناتوانێت بەردێک بخاتە سەر ئەو بناخەیەی کە دەخوازرێت بە قازانجی گشتی کۆمەڵگا تەواو بکرێت. چونکە ئازادی کاتێک دەتوانێت هەستی پێبکرێت کە قەوارە گشتیەکەی بنچینەیەکی پتەوی بەدەست هێنابێت. ڕەخنە گرتن لەو هەلومەرجە نالەبارەی کە لە کوردستاندا بونی هەیە، لە نەبونی پەروەردەیەکی دروست بۆ پێکهێنانی بنیات نانی کۆمەڵگایەکی سیکولار و پێگەیشتوو لە ڕوی وشیاری سیاسی کۆمەڵایەتیەوە، دەمانگەیەنێتە ئەو ئەنجامەی، کە تێیدا- تێدەگەین ئەوە دەسەڵاتی کوردی خۆیەتی خوازیاری بنیات نانی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتو سیکولار نیە. دیارە لێرەدا پێویستمان بەوە هەیە بگەڕێینەوە بۆ ئەو جۆرە یاسا و دەستورەی لە کوردستان و عێراقیشدا بونی هەیە. کاتێک ئاینێک لە نێو یاسادا جێگای نمرە یەکی بەر دەکەوێت، هەر لەوێدا خۆبەخۆ ماناکانی چەمکی ئازادی دەکەوێتە بەر پێشێلکاریەوە بە یاسا. لە کوردستاندا وەک عێراق و وڵاتانی چواردەوریش، ئاینی ئیسلام لە نێو دەستور و یاسادا بە شێوەیەکی فەرمی دانیان پێدا ناوە و سەپێنراوە بەسەر کۆی بیر و ڕا جیاوازەکانی نێو کۆمەڵگادا.
کاتێک ئاین دەچێتیە ئەو قۆناغەی کە خۆی وەک دەمڕاستی کۆمەڵگا بسەپێنێت، لەوێدا قسە کردن لە چەمکی ئازادی بە غەیری سەرلێشێواندنی کۆمەڵگا هیچ مانایەکی تری بۆ نامێنیتەوە. ئاینەکان کاتێک لێناگەڕێن هیچ ڕەخنەیەکیان بەرەو ڕوو ببێتەوە، هەر لەو جێگایەدا، قودسیەتێک دەسەپێنێت کە مرۆڤ بۆی نەبێت هیچ لێدوانێک بە دژی ئەو ئاینە بدات. ئاخۆ لە کاتێکی وادا ئەوە دەسەڵاتە کە بە یاساکەی ڕێگری لە ئازادی گشتی کردوە یاخود ئەوە خواستی کۆمەڵگا خۆیەتی کە ڕێگری لە چەمکی ئازادی دەکات؟ بۆ هەرکەسێک خوازیاری تێگەیشتن بێت لە هۆکاری مانەوەی تا ئێستای ئاینەکان، وە هۆکاری لە نێوچونی هەندێک لە ئاینەکانی تر، لە نێویشیاندا ئاینی زەردەشتی، ڕەنگە باشترین پەرتوک ئەو پەرتوکەی(ماری بویس بێت، مێژوی زەردەشتی لە سەرەتاوە تا سەدەی بیستەم/ لە وەرگێڕانی زرار عەلی)، بخوێنێتەوە، بەباشی تێدەگات کە هۆکاری مانەوەی ئاینەکان چیە و کامەن ئەو هەلومەرجانەی کە کاتێک ئاینی سەردەمی دواکەوتوی مرۆڤایەتی دەتوانێت خۆی بسەپێنێت بۆ هەزاران ساڵ. مانەوەی ئاینەکان لە نێو دەستور و یاساکاندا، هەمیشە دەرئەنجامی کۆی ئەو دەسەڵاتە ناعەدالەتیانە بوە کە بەشوێن مانەوەی بەرژەوەندیە تایبەتەکانی خانەوادەی خۆیان و چینە باڵا دەستەکەیانەوە بوون، لە گەڵ ئاستی لاوازی وشیاری سیاسی کۆمەڵگا بۆ سەرجەم ماناکانی کایەکانی نێو ژیان.
لە نێو ئەو چەمکە ڕەهایانەی کە دەسەڵاتی ناعەدالەت دەیسەپێنێت بەسەر ئاستی دید و بۆ چونە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگادا، بەو هۆکارەی ئەو چەمکانە پیرۆزن، لەم کاتەدا هەلومەرجێک دەروست دەبێت کە کۆمەڵگا وە بەتایبەت ئەو توێژەی کە ئاستی وشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتیان لەسەرە، بخرێنە نێو بازنەی پیلانە دژەکانی دەسەڵاتەوە، تا ئەوەی ئەو نوزە یەش بنبڕ بکرێت لە نێو کۆمەڵگادا بونی هەیە، وە بۆ ئەوەی ئەو توێژە وشیارە نەبنە ئەو پاڵنەرە بەهێزەی کە کۆمەڵگا بەرەو ئامانجێک ببەن تا دەست وە خەبات بکەن دژی کۆی ئەو ناعەدالەتیانەی دەسەڵات سەپاندویەتی.
لە کوردستاندا، هەروەک عێراقی سەردەمی تائیفی ئەمڕۆ، خاوەن پێگەیەکی ئابوری ژێر زەمینی مەزنە، چ لە ڕوی نەوتی ڕەشەوە بێت تا دەگات بە کانزاکانی دیکە و بواری کشتوکاڵیش لە گەڵیدا بێت، بەڵام تا ئیستا لانی کەم ٨ ملیۆن مرۆڤی ئەو وڵاتە لە ژێر هێڵی هەژاریەوە دەژین، ئیتر مانای ئازادی و قسەی زلی دەسەڵاتداران بۆ دیموکراسی و ئازادی چ قورساییەکی هەیە؟، لە هەلومەرجێکی وەک ئەم سەردەمەشدا خودی ئەو چینەی باڵادەستە لە کۆمەڵگادا، تەنها تا ئەو سنورە ڕێز لە ماناکانی ئازادی دەگرن، کە خودی بەرژەوەندیەکانیان تێیدا پارێزراو بێت. دینەکانیش بەگشتی تا ئەو ساتەی خۆیان بسەپێنن بەسەر کۆی گشتی ماناکانی ئازادی کۆمەڵگا و دەورانێکی وا دوبارە بکەنەوە، وەک سەردەمی گرتنە دەستی هێز لە کاتی خۆیدا، دیسان، خودی ئەم ئاینانە پێکهاتەیەکن لە قەتیس کردنی چەمکی ماناکانی ئازادی و تەنها و تەنها لە پێناو پیاوانی هەڵگری ئەو ئاینە لە گەڵ دەسەڵاتی ناعەدالەت خواز بەم شێوە یە، قازانجی سەرەکیان بۆ مسۆگەر دەبێت. مانەوەی ئاینەکان تا ئەم سەردەمەش، تەنها پەیوەستە بەو بەرژەوەندیە تایبەتانەی کە دەسەڵاتە دیکتاۆر و ناعەدالەتەکان هەیانە، گەر نا ئەوە کۆمەڵگا نیە کە تا ئەمڕ ئاینی هەزاران ساڵەی پاراستبێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەوە قازانجی دەسەڵاتەکان بوە لە مانەوەی تا ئێستای ئاینەکان بە شێوەیەکی گشتی، بە تایبەتیش لەو کۆمەڵگایانەی کە دواکەوتوی و ئاستی نزمی بژێوی ژیان لەو سەری خۆیدایە.
ئازادی بەیان و ئازادی بیروڕا، کاتێک بونی دەبێت، کە چیتر ئاین نەکرابێت بە پایەیەکی مەزنی بنیات نانی دەستور و یاسا، بەو مانایەی تا ئاین بە ڕەسمی وەدەر نەکرێت لە نێو دەستور و یاساکاندا، چەمکی گشتی ئازادیش هیچ مانایەکی نابێت لە ڕووی عەمەلیەوە. هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەستور و یاسایەی لە عێراق و کوردستاندا هەیە، بە جیاکردنەوەی ئاین لە نێو دەستور و یاساکاندا، وە نەناسینی هیچ ئاینێک بە نمرە یەکی، خۆبەخۆ کۆمەڵگا دەتوانێت هەنگاوی کرداری ببات بەرە و پێشەوە و، خودی پەروەردەی گشتی نێو کۆمەڵگا و نێو قوتابخانەکانیش گۆڕانی مەزنی بەدوادا دێت. ڕەنگە نمونەی وڵاتانی ئەوروپا، باشترین نمونەی ئەم سەردەمە بن، لە جێخستنی فەرهەنگ و کەلتوری مەدەنیانەی کۆمەڵگادا.
تاهیر حاجی حەسەن
٣٠/٠٥/٢٠١٢