Skip to the content
عومەر جەلال…..
ئایا تا هەنووكە پاش (20) ساڵ لەو گەلكوژییەى بەرابەر بەكورد كراوە چەند توانیومانەوە ئەنفال وەك ژینۆساید بەنەتەوەكانى دى بناسێنین ؟ ئایا كورد كەسانى پسپۆرى نییە بۆ توێژینەوە لە رەهەندەكانى ئەنفال لە روانگەى دەروونى و مرۆییەوە؟ ئەو هەموو وەرگێڕەمان هەیە كە زۆرینەیان بە ناو وەرگێڕن كوا ئەو كتێب و دیمانە رۆژنامەوانییەى كەلەسەر ئەنفال ئامادە كراوە تواناى ئەوەیان هەبێت بەزمانە زیندووەكانى جیهان وەریبگێڕن ؟
ئەم پرسانە و دەیان پرسی دى هەیە لەمەڕ ئەنفال كە وەڵامدانەوەیان زۆر سادە و روون دیارن , ئەوەى نەتەوەى كورد جودا دەكاتەوە لەنەتەوەكانى دى ئەو فەرامۆشی و سازشكردنەیەتى لە ئاست رووداوەكان دەكرێت , بۆ كوشتن و سڕینەوەى شوناسی بە ژینۆسایدكردنى نەتەوەكەى و پشت كردن لە گەلكوژی و خەباتى رابوردووى .ئەگەر هۆیەكى ئەوە بێت كەوا تاكى كوردى بەشێكە لەو بەرپرسیارییە ئەوا بێگومان بەشی هەرە گەورەى ئەو بەرپرسیارییەى دەكەوێتە سەر دەسەڵاتى كوردى و فەرامۆش كردن و بەدەنگەوە نەهاتنى كەسانى خاوەن قوربانییانى ئەنفال ,ئەگەر لە پاش (20) ساڵ ئەنفال ناساندنى وەك خۆى سادەو بچوكردنەوەى بەرەو كاڵكردنەوە چووبێت گوناهێكى گەورەى حیزبە كوردییەكانە هەر لە شەڕى ناوخۆ و دابەشكردنى داهات و تەنانەت هێنانەوەى رووفاتى قوربانییانى ئەنفال بە پێى باكگراوندى حیزبی وخێڵەكى یەكێكى دیبووە لەو جوداخوازییەى كە دەسەڵاتى كوردى لەبەرابەر ئەنفال كردوویەتى .
ئەو گەندەڵییەى لەدەسەڵاَتى كوردیدا هەیە بەشێكى كەم لەو داهاتەى كەوا كەس نازانێت بۆ كوێ دەروا و پاوەن كردنى لە لایەن كێیە؟ دەتوانرێت سەنتەرێكى تایبەت بە ئەنفال وتوێژینەوە و كەسانى پسپۆر پێك بهێنرێت بۆ بەجیهان ناساندنى ئەنفال و گرنگى بە وانەیەكى تایبەت بدرێت لە پەروەردەوە تا زانكۆ بۆ زیاتر ئاشناكردنى نەوەى نوێ لە ترسی یادچووونەوەى ئەنفال و زانیارى زیاتر لەمەڕ قۆناغەكانى ئەنفال و مەبەستى ئەنفال و كورد وەك گەلێكى چەوساوە.
ئەو هەموو سامانەى بۆ راگەیاندنى حیزبییەكان تەرخان دەكرێت دەتوانرێت بەشێكى زۆر كەم لەو داهاتە بۆ بەرنامەى تایبەت بە ئەنفال ئامادە بكرێت ,ئەو هەموو كتێبە بێ نرخ و رۆژنامە سادانە دەردەچێت بە موچەیەكى خەیاڵى كە زۆر جار هێندەى ژمارەى پەڕەكانى خوێنەرى نییە (لەگەڵ رێزماندا بۆ ئەو رۆژنامە و گۆڤارە دەگمەنانەى كە بە پێ ى تواناى خۆیان ئاوریان لەئەنفال داوەتەوە) .
رۆژانە لە مێدیا عەرەبی و جیهانییەكانەوە دەیبیستین ودەیبینین كە زۆر سات تەقینەوەى بۆمبێك یان كوشتنى عەرەبێك یان برینداربوونى كەسێكى سادەى عەرەب چەند گەورە دەكرێتەوە و كەسانى پسپۆر لەبوراى تیرۆر و شرۆڤەى ئەو كارەساتە دەكەن ,كەچى ئێمەى نەتەوەى كورد تەنیا لە ژینۆسایدى ئەنفالدا (182000 ) پەپولەى ئازیزمان لەدەست دا جگە( 5000 ) قوربانى گازى كیمیاوى لە هەڵەبجە , كەچى نەك گرنگى پێنادەین وەلێ هەوڵى سڕینەوە و ناشتنى ئەو بەلگانە دەدەین كە ئاماژە دەكەن بە ژینۆسایدى نەتەوەكەمان,
omerjelal@yahoo.com