Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024

کورته‌ نامه‌کانی غوربه‌ت… به‌ندی عه‌لی

Closed
by June 4, 2012 هۆنراوە

 

له‌پاییزا
من ئێره‌یی به‌جورئه‌تی
دره‌خت ئه‌به‌م
بێ شه‌رم و ترس
له‌ڕێساکانی جه‌نگه‌ڵ و
له‌به‌ر چاوی
چۆله‌که‌ فیتنه‌بازه‌کانا
کراسی گه‌ڵا دائه‌که‌نێ و
به‌ڕووتی خۆی ئه‌داته‌به‌ر
په‌نجه‌ له‌زه‌تبازه‌کانی
ڕێژنه‌باران
……..
هه‌ناسه‌ سوارو دۆشدامان
به‌دوی فرسه‌تا ئه‌گه‌ڕێم
له‌بۆ ڕاوی
سووره‌ ماسیه‌کی شادی
له‌م ڕووباره‌ به‌خوڕه‌ی ژیان
ئه‌ویش ئه‌ڕواو
ئاوڕێ له‌دوا ناداته‌وه‌
منیش له‌جێی خۆما
ئه‌ڕوێم
……….
عه‌یامێکه‌
گوڵی ڕه‌نج ئه‌گرمه‌ ژیان
ئه‌ویش هه‌ر به‌ردی به‌دبه‌ختی
ئه‌گرێته‌ گۆمی ته‌مه‌نم
که‌چی ئه‌م دڵه‌ بێ عاره‌م
ئه‌به‌د ته‌رکی سیگاره‌که‌ی
لێوه‌ گومڕه‌هاکه‌ت ناکا
ئه‌ی ژیان ئه‌ی .. مۆنالیزا
…………
په‌رله‌مانی ماڵی ئێمه
ته‌نیا سێ ئه‌ندامی تیایه‌
من و یارو
گوڵه‌هه‌ناره‌که‌ی کچمان
بۆیه‌ لێره‌ .. بڕیاری مێ
ده‌نگی زۆرینه‌ی ڕه‌هایه
………….
ئه‌مشه‌و
فریشته‌که‌ی شیعر
نه‌هاته‌ لام
کاتێ زانی .. بۆ مردنی
بولبولێکی کچۆڵه‌که‌م
له‌پرسه‌دام
…………..
بریا ئه‌مشه‌و هه‌موو جه‌سته‌م
به‌ته‌نیا یه‌ک په‌نجه‌ بوایه‌
تا به‌کامی دڵ ، شه‌ونمی
گه‌ڵاکانی
دره‌خته‌ هه‌میشه‌ سه‌وزه‌که‌ی
ژانی فیراقی پێ بسڕم

.. 2012

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.