
خەونی هاوبەش، مالكیوئەوانی تریش
نوری مالیكی سیاسەتێك بەرێوە دەبات كە نامۆنیە بە سیاسەتمەدارانی پێشخۆی، بێگومان ئەویش وەكو سەرۆك وەزیرانی پێشخۆی لەعێراقدا دنیابینیەكی سیاسیی هەیەو نایەوێ سنوری فكری عەرەبی ببەزێنێ، ئەوەی لە هەوەنتە شتێكی تری لێ چاوەروانكردووە، لەخۆیەوە بووە، دەنا ئەو پیاوە نەدۆستی كوردەو نە دەشیەوێ دۆستی بێت، بەو مانایەی رێز لە مافە مەدەنیو سیاسیەكانی بگرێت. ئەوە ئەركی هەر سیاسەتمەدارێكی تەندروستودیموكراتیە بە پێچەوانەشەوە هەموو ئەوانەی دژ بە مافوئازادیەكانی خەڵكی تر دەوەستنەوە نە لە واتای دۆستایەتی تێگەیشتوونو نەكاریشیان بە هاوسۆزی مرۆڤایەتیو دۆستایەتی نێوان گەلانی جیهانە.
بەداخەوە هەتا ئەمرۆ سیاتمەدارانی عەرەب نایانەوێت لە ڕاستیەك تێبگەن ئەویش پێكەوە ژیانی ئاشتیانەو هاوسۆزی گەلانی ترە، بەپێوانەیەكی زۆركۆن پەیوەندیەكانیان دەپێونو بەوەش دنیای عەرەبوگەلانی عەرەب چەواشە دەكەن كە هەموو پەیوەندییەك دەبەنەوە سەر بەرژەوەندییە كلاسیكیەكان كە لەم رۆژگارەدا تارادەیەكی زۆر نەنگییە، مالیكی ناتوانێ سنوری ئەو خواستە داگیركاریە ببەزینێ كە لە بیری شۆڤێنی عەرەبدا ئامادەیە، بێگومان ئەوەش لە سۆنگەی تێگەیشتنێكی خراپەوەیە كە پابەندە بە ئاینەوەو زۆر لەمێژە رەگی داكوتاوە، دەنا لە بنەڕەتەوە خەتاكە هی ئاین نیە، بەڵكو ئاینیش كراوەتە ئامراز، دەنا خەتاكە لەدنیابینی ئەواندایە بۆئاین.
ئەوساتەوەختەی باس لە برایەتی دەكەن ئەوان مەسەلەی پیرۆزی ئاینی بەجۆرێك دەهێننە پێشەوە كە تابۆیە لەسەر عەرەب، ئەمەش بە ئامرازكردنی ئاینە، دەنا بۆچی بەودیوەدا ئاین نابینن كە سنوری نەتەوە دەبەزێنێ، ئەگەرئاین ئامانج بێت دەبێت چ جیاوازییەك هەبێت لە نێوان كوردێكو ئینگلیزێكوعەرەبێكی موسلماندا ؟ بەڵام مەسەلەكە لەلای ئەوان پێچەوانەیە مادام بویتە موسوڵمان كەوایە بە شێوەیەك لە شێوەكان مل بۆ تەعریبیش كەچ بكەیت، ئەمەش خستونیەتیە كۆڵانێكی تەنگە بەری بیركردنەوەوە، هەروەك چۆن كە باس لەبرایەتی كوردوعەرەب دەكەن لەودیدە دۆستانەیەوە باسی ناكەن، كە پێكەوە ژیانی ئاشتیانە بەهەموو مافە نەتەوەیەكانەوە قبوڵ بكەن، بەڵكو لەوێوە باسی دەكەن كە كوردیش ئۆمەتی محمدەوەو لە مێژە بووەتە بەشێك لەعەرەبوهەڵگری كلتوری عەرەب !! ئەوان دەیانەوێت لە بنەڕەتەوە ئینكاری مافێك بكەن كە هی كوردە هەربۆیە شانازی بە صلاح الدینی ئەیوبیەوە دەكەین كە مافە نەتەوایەتیەكانی نەكردووەتە كێشەو وەكو هەر جەنگاوەرێكی موسولمان لە مەیدان بووە، وەكوعەرەبێك داكۆكی لەئاین كردووە. دەنا باپرسین كام لە عێراقو ئێرانو توركیا، كام وڵاتی عەرەبی ئامادەیە نەك دەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردی بگرە دەوڵەتێكی ئیسلامی كوردیش دروست بێت ؟ تەنانەت حزبێكی ئیسلامی كوردیش بە رەنگوبۆی نەتەوەیی خۆیەوە دروست بێت ؟!
وەها دنیابینیەكە دەمانگەیەنێتە ئەو سەرئەنجامەی ئاین ئامانج نیە بەڵكو ئامرازە لە لایان دەنا خۆ زۆربەی خەلكی كوردستان موسوڵمان بوون، ئەی بۆچی كۆنگرەی ئیسلامی كە لە ساڵی 1988 دا بەسترا، هەمووی چەند رۆژێك بەسەركیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا تێپەریبوو ئامادە نەبوو بەیەك وشەش باسی ئەو تاوانە گەورەیە بكات ؟ پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئەگەر تاكە گوندێكی عەرەب كیمیاباران كرابا ئەندامانی كۆنگرەی ئیسلامی بێدەنگ دەبوون ؟ بێگومان نەخێر، ئەوە خەیاڵێكی پوچە چاوەروان بیت مالكی لە بەر خاتری چاوی كورد ” با موسولمانیش بێت” بێدڵی ملیۆنان عەرەب بكات.
نامۆ نیە كە مالكی لە كێبەركێودژایەتی نەیارە كوردەكەیدا وا قسان بكات، چوونكە پێشتریش ئەم قسانە زۆركراون، ئەی مەگەر صدام حسینیش نەی دەگوت: ( كوردستان بە هەشتی سەر زەمینە..؟ بەڵام بەچەكی كیمیاوی سوتاندیو ژینگەی ئەو بەهەشتەی بە تەرمو خەردەل پیسكردوكردی بە دۆزەخ بۆ ئەو كوردانەی بیری شۆڤینی عەرەبی نەفرەتی لێكرد بوون، هەموومان باش ئەو ڕاستیە دەزانین نەك تەنێ مالكی بەڵكو خودی بەرزانیش شەڕەكەیان لەسەر بەهاو كەرامەتی هاوڵاتیانی عێراقو كوردستانو مافە مەدەنیو سیاسیەكانیان نیە، بەڵكو لە سەر بەرژەوەندی خۆیانە لە داهاتو بودجەوشەراكەتی داهات بەتایبەتی ( نەوت) كە بۆ كوردستان بە تایبەتیوبۆعێراقیەكان بەگشتی مایەی خێرو بەرەكەت نیە بە پێچەوانەوە بووەتە شێرپەنجەیەكی چارەسەرنەكراو، دەنا مالیكی نەك هەر پشتگیریی لە كوردو مافەكانی ناكات بەڵكو هەوڵی بێبرانەوە دەدات، بۆ سەندنەوەی ئەوانەشی كە لە ڕاپەرینی ئازارەوە بە دەستی هێناون، لە باشترین حاڵەتدا رەنگە بخوازێ كورد بكاتەوە بە جاشو لە ئێستادا بەگژ دەسەلاتە لۆكالیەكەی مەسعودبارزانیولە داهاتوشدا بەگژ تەواوی ئەوكوردانەیاندا بكەنەوە كە داوای مافە نەتەوەییەكانی خۆیان دەكەن. بێگومان ئەوە خەونێكی هەمیشەیی شۆڤینیەكانی عەرەبی عێراقە، ئەمڕۆش كە دەبینن لەسەر شەقامی كوردی نارەزایەتیەكی گەورە لە دژی دەسەڵات هەیە بەچنگو نینۆك خەریكن زەمینەی ئەم جاشایەتیە سازدەكەنەوە. كە لەرابوردوشدا جگەلە ئابروبردنوكەرامەت شكاندنی كورد هیچی تری لێ شین نەبووە .
“من زۆر لە سەركردە كوردەكان دڵسۆزترم بۆ گەلی كورد”. ئەوە قسەی مالكی سەرۆك وەزیران بوو، لە كەناڵیكی ئاسمانی كوردیەوە !؟ هەرچەندە ئەم قسانە ئێكسپایەرنو، مێژویان دەگەرێتەوە بۆسەردەمی دروست بوونی دەوڵەتی عێراق، بەڵام لە ئێستادا زیاتر كۆمیدی دەكەوێتەوە چونكە وەك دەڵێن كوردی مەینەتبار زۆر خێری لە سەركردە كوردەكانی خۆی بینیووە ئینجا نۆرەی بێگانەیە !! هەڵبەتە قسەكەی مالكیش بێ بناغە نیە بەڵكو هەڵەیەكی زەقی سەركردایەتی كوردە كە نەدەبوو، لە ماوەی بیست ساڵی دەسەڵاتیاندا ئەوەندە كەلێن بخەنە نیوان خۆیانو جەماوەری كوردستانەوە تا ئەو بەهانانە بدەنە دەست نەیارانیان، بەڵكو خەڵكی كوردستان ئەو مافەی هەبوو، هەزار بەقەد ئێستا سود لە مومارەسەی دەسەڵاتی خۆی وەربگرێ، هەر هیچ نەبێ لەبەرئەوەی خەڵكی كوردستان زولمو ستەمی زۆریان بەدەست رژێمەكانی عێراقەوە چەشتبوو، دەبوایە رێزگرتن لە مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستانو لە سایەی دەسەڵاتیاندا لە ئاستێكدا بوایە هەموو نەیارانی كوردیان لاڵ بكردایە. بەڵام كە حاڵ پێچەوانە بێت، سەرەوتو سامانی كوردستان بەتالانببریو لەسەر شەقامەكان لاوانی كورد بدرێنە بەر دەسترێژی گوللە، لە بری تێگەیشتن سەركوێركردنی تاكی كورد ئامادەبێت ئەو قسانەشی بەدوادا دێن.
من تێنەگەیشتم دیمانە سازی ئەو بەرنامەیە بۆ جورئەتی ئەوەی نەكرد بپرسێت مادام لە سەركردە كوردەكان دڵسۆز تری بۆچی داوای لێبوردن لەگەلی كورد ناكەن لە بەرامبەر تاوانی جینۆساید..؟ بۆچی رێز لە دادگا ناگرن كە تاوانەكەی بە جینۆساید ناساندووە..؟ بۆچی كۆسپ دەخەنە بەردەم مادەی 140 ؟ ئەوكاتەی باسی ئەوەی كرد كە مسعود بارزانی نەیهێشتووە بزووتنەوەی گۆڕان لە حكومەت بەشدار بكەین، هەق بوو بپرسێ مادام لەوان دڵسۆزتری ئەی تۆ بۆ بە قسەی ئەوت كرد؟ بۆچی بەوناهەقیە قایل بوویت ؟ بەهەرحاڵ ئامانجی كەناڵەكە هەرچییەك بووبێت، ئەوە پەیوەندی بەخۆیانو سیاسەتی كاركردنی خۆیانەوە هەیەو ناكرێت لە بری ئەوان بیر بكەینەوەولەبری ئەوان قسە بكەین، بەڵام بینەرانی كوردیش مافی خۆیانە، بپرسن، بەلای كەمەوە ئەركی هەركەنالێكە رێز لە بینەری خۆی بگرێت، بەشبەحاڵی خۆم بە ناڕەوای دەزانم لە تەلەفزیۆنێكی كوردیەوە، رێگە بدرێت هەمان ڕوخسارەكانی پێشوو بە دەمامكی نوێوە بێنو مزایەدە بەسەر كوردەوە بكەنوبەتەنیشت خەونە دۆزەخیەكانیانەوە بێن باسی دڵسۆزیی بۆ گەلی كورد بكەن، چ جای كەناڵێك ببێتە رایەڵەو پردی پەڕینەوەی سۆزی خەڵكی كوردستان هەرچەندە كەمیش بن. ئاخر دڵسۆزی مالكی لە كوێدایە كەوەك هەر سەرۆكێكی شۆڤێنی دژایەتی مافەكانی كورد دەكاتو لە سایەی دەسەڵاتیدا عێراقیەكان بەگشتیو كوردەكانی جەلەولاوموسڵ بەتایبەتی خەڵتانی خوێن دەكرێن ؟
خۆ وەنەبێ من ڕوی قسەكانم تەنها لە مالكی بێت نەخێر قسەم لەسەر كۆی تێگەیشتنی جیهانی عەرەبیە دەرهەق بە كوردودۆزە سیاسیەكەی .
پێموایە نمونەیەكی گونجاوبێت كە لەم بارەیەوە رێكەوتێكی سەیرتان بۆ یاداشت بكەم، كاتێك سەرقاڵی ئەم نوسینە بووم، برای بەرێزم كاك ئاسۆ بیارەیی نوسینێكی خۆی بۆ ناردم، ئەویش هەمان خەمی بەیانكردوەونوسیوێتی: (حزبی شیوعی كوردستان پتر لە ٥٠٠ پێنجسەد ملیۆن دینار لە پارتی ویەكێتی وەردەگرێت، بەلام نێوە زیاتری ئەو بڕە پارەیە بۆ حزبی شیوعی عێراق دەنێرێت، كەچی حزبی شیوعی عێراق لە ناوجەرگەی كوردستان (شەقڵاوە) بەبودجەی شیوعیە كوردەكان كۆنگرەی خۆی بەست، بێئەوەی بەیەك ووشەش باسی جیابوونەوەی باشووری كوردستان لە عێراقی عروبە بكات.) بیارەیی كە خۆی یەكێكە لە پێشمەرگە پارتیزانەكانی دوای ئەنفال لە ریزەكانی حزبی شیوعیدا لەوەش گرنگتری نوسیوە: ( ئەو حزبە هەندێ ئەندامی لە شیوعیە كوردەكان كردوەتە عێراقی وبۆ شارە عەرەبیەكان بەلای خۆیدا ڕایكێشاون ) زیاتر پەردە لەروی شۆڤێنیزمی عەرەبی هەڵدەماڵی لە نوسینەكەیدا دەگێریتەوەكە لەگەڵ (وسام الخزعلی) ئەندامی حزبی شیوعی دەربارەی دۆزی نەتەوایەتی قسەی كردووە كەچی ئەو هاوڕێیە زۆر بەوە توڕەوقەڵس بووە كەوتویەتی : كوردستان داگیركراوە !! بە دەمارگیر تۆمەتباری كردووە، لەهەمان كاتیشدا پێی وتووە دەبێ فەلەستین ڕزگاری بێ..) ( ) كورتو كرمانج شۆڤێنیزم ناتوانی نیازەكانی بشارێتەوە جا هەر دەمامكێكی ئیسلامی یان شیوعیوعەلمانی بەستبێ، ئیسلامیەكانی كوردستان كە تاسەرمۆخ دژی شیوعیەتنو دەسەڵاتی عەلمانی بە ناداد پەروەر دەزانن، لەگەڵ شیوعیەكان كۆكن بۆئەوەی شەرعیەت بەنەتەوەی سەردەست بدەن، ئامادەن بچن لە فەلەستین جیهاد بكەن بەڵام ئامادەنین كۆمەڵكوژی كوردانی جەلەولا تەكفیر بكەن، ئیتر ئەوە رۆژگارێكی زۆرمەترسیدارە سەركردایەتی كورد شەڕ لەسەر نەوتو بودجەو بازرگانی دەكات بەڵام ئامادەنیە، شەڕی مافە سیاسیەكانی كورد لەگەڵ بەغداو ئەم هێزانە بكات، شیوعیەكان ئامادەن لە قورگی ئەندامەكانی خۆیان بگرنەوە، بۆ برا عەرەبەكانیان، ئیسلامیەكان ئامادەی جیهادن لەپێناوی فەلستیندا، بەڵام دۆزی كورد بە كێشەی ناوخۆیی دەزاننوئامادەی قوربانیدان نین بۆ سەربەخۆیی، كەس هەیە شایەتی ئەو ڕاستیە نەبێت كە زۆربەی ئەندامانی سەركردایەتی حزبی شیوعی بە ئەبو فلانو ئەبوو فیسار دەناسرینەوە..؟ ئیسلامیەكانی كوردستان لەوەشیان تێپەراندووەو ناوی كوردی بە كوفرو ناوی شەیتان دەزاننو موسوڵمانان هان دەدەن ناوی منداڵەكانیان عەرەبی بنو ئەوانەشی كە پێشتر ناوی كوردیان لێناون بیانگۆڕن بە ناوی عەرەبی ؟ ئایا ئەمانە سەرباری هەر جیاوازیەكیشیان پێكەوە ڕاستەو خۆوناڕاستەوخۆ رەوایەتی بە تەعریبی كوردستان نادەن..؟ ئیتر كە حاڵ بەو شێوەیە بێت گللەیی چی لە مالكی بكەین كە خەنجەری لەكالان دەرهێناوەو لەدەرفەتی ڕەخساودەگەرێ بۆگێچەڵ .
عومەرمحەمەد