گاندی سه‌ركرده‌یه‌كی تاقانه … مه‌حمود نه‌جمه‌دین
گاندی ئه‌و ئه‌ستێره دره‌وشاوه‌یه‌یه كه هه‌تا كۆتایی بوون به‌ئاسمانی تاریكی ئه‌م دونیایه‌ی ئێمه‌دا به‌گه‌شاوه‌یی ده‌مێنێته‌وه. مرۆڤێك ساده و ساكار ژیا، خزمه‌تی مرۆڤایه‌تی كردووه، به‌هێوری و دوور له توند و تیژی تێكۆشانی كردووه. په‌ند و قسه‌كانی خزمه‌ت به مرۆڤایه‌تی و ئاشتیخوازی ده‌كه‌ن. گاندی ئه‌و پیاوه مه‌زنه‌یه كه له‌پاش خۆی به هه‌زاران كه‌س له‌هندۆسی و له خه‌ڵكانی دونیا كاریگه‌ری ئه‌ویان له‌سه‌ر بووه و له‌ژێر كاریگه‌ری گوته‌كانی ئه‌ودا خه‌بات ده‌كه‌ن و وه‌ك ئه‌و بیر ده‌كه‌نه‌وه. هیچ كه‌س شیاوی ئه‌وه نییه نازناوی گاندی هه‌ڵبگرێت، چونكه یه‌ك گاندی هه‌بووه، هیچ كه‌س ناتوانێ وه‌ك ئه‌و بێت. پێم سه‌یره خه‌ڵكانێك هه‌ن نازناوی گاندی ده‌ده‌ن به‌و سه‌ركردانه‌ی كه خۆیان باوه‌ڕیان پێیه‌تی. له‌نێوكۆمه‌ڵگای كوردی و هه‌موو كۆمه‌ڵگاكانی تر ده‌بینین نازناوی گاندی ده‌درێت به‌سه‌ركرده‌یه‌ك كه نه‌ك له گاندی ناچێت و په‌یڕه‌وی فه‌لسه‌فه‌ی گاندی ناكات بگره پێچه‌وانه‌ی گاندییه. له‌نێو كوردا نه‌ك سه‌ركرده‌ی سیاسی بگره نووسه‌ره ئازاد و لیبراڵه‌كانیشمان ناتوانن وه‌ك ئه‌و هێوربن و ناتوندوتیژبن به‌رانبه‌ر به‌نه‌یاره‌كانیان. به‌سه‌ركرده عه‌لمانی و ئیسلامییه‌كانه‌وه له‌دونیادا سه‌ركرده‌یه‌ك نییه وه‌ك گاندی عاشقی حه‌قیقه‌ت بێت و دژی توندوتیژی بێت و ساده‌وساكاربژی و..
هیتله‌ر به‌خوێنرشتن و شه‌ڕدونیای داگیركرد و گاندی به‌خۆشه‌ویستی و موحیبه‌ت دڵه‌كانی داگیركرد، ئه‌و دونیای كاول نه‌كرد، خوێنی نه‌رشت، پاوانخوازی نه‌كرد، به‌ڵكو به‌خۆشه‌ویستی و لێبورده‌یی توانی دڵه‌كان به‌جۆرێك داگیربكات كه گوێبیستی كه‌سێك نابین بڵێت (من رقم له‌گاندییه) ئه‌و ته‌نانه‌ت رق و كینه‌ی بۆ دووژمنه‌كانیشی نه‌بووه. رۆحێكی سه‌رگه‌ردان بووه به‌دوای حه‌قیقه‌ت و جوانی و مرۆڤدۆستیدا گه‌ڕاوه. گاندی پیاوی بژارده و سه‌ركرده‌ی تاقانه، من ده‌ڵێم تاقانه جونكه تا ئێستا له مێژووی سیاسه‌تدا هیچ پێشه‌وایه‌ك نه‌بووه به‌ئه‌ندازه‌ی ئه‌م پیاوه مرۆڤ دۆست و میانڕه‌وبێت كه بۆ دووژمن و بكوژه‌كه‌شی لێبوردنی هه‌یه و سۆزی پێ ده‌به‌خشێ. هێنده عاشقی حه‌قیقه‌ت بووه كه حه‌قیقه‌تی له سه‌رووی هه‌موو موقه‌ده‌ساتێكه‌وه داناوه، ئه‌سڵن ئه‌و حه‌قیقه‌تی پێ موقه‌ده‌سه له هه‌مووشتێك پتر وه‌ك خۆی ده‌ڵێ ئازادی وڵاته‌كه‌مم ناوێت ئه‌گه‌ر حه‌قیقه‌ت له‌ده‌ست بده‌م. دونیای سیاسه‌ت هه‌میشه دونیای فرت و فێڵ و گه‌مه‌یه و سیاسییه‌گه‌وره‌كانی دونیا پێیان وایه سیاسه‌ت واته درۆكردن و گه‌مه كردن، سیاسه‌ت واته یاری كردن به‌هه‌موو شتێك، به‌موقه‌ده‌سات و به‌مرۆڤ و… به‌ڵام گاندی سیاسه‌تی وه‌ها نه‌كرد، به‌ڵكو سیاسه‌تی به‌شێوه‌یه‌كی تركرد، سه‌ركرده‌ی رۆحی گاندی راستگۆیانه و نه‌ترسانه به‌بێ چه‌ك و به بیری ناتوندوتیژی به‌رگری له وڵاته‌كه‌ی و له مرۆڤایه‌تی كرد. ئه‌مه زۆرگرنگه، ئه‌و به زمان و به روانینه‌كانی شۆڕشی كرد، نه‌ك به‌چه‌ك بۆیه دواجار ئیمبراتۆری گه‌وره ئینگلیز له‌به‌رده‌م مرۆڤدۆستی و میانڕه‌وی گاندیدا شكستیان هێنا. زۆركه‌س كاری به‌ناتوندوتیژی كردووه له سه‌ر ئاستی تاك به‌ڵام گاندی ناتوندوتیژی برده دونیای سیاسه‌ته‌وه و فه‌لسه‌فه‌ی سیاسه‌تی ناتوندوتیژی بڵاوكردوه و گه‌شی پێ دا، كه‌سایه‌تی گاندی مرۆڤێكی بێ فیز و هێور و ساده بووه و له بیره‌وه‌رییه‌كانیدا مه‌ردانه دان به هه‌ڵه‌كانیدا ده‌نێت و به‌ساده‌گی باسی كاره‌باشه‌كانی ده‌كات و منه‌ت به‌سه‌ر مرۆڤایه‌تیدا ناكات. لێبورده‌یه ته‌نانه‌ت به‌رانبه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ی كه نه‌خشه‌ی كوشتنی ده‌كێشێ. له‌ته‌واوی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تیدا كێ هه‌یه وه‌ها بیربكاته‌وه، ئێمه‌ی مرۆڤ به‌رانبه‌ر به‌یه‌كتری رق ئه‌ستور و توڕین و یه‌كتری بریندار ده‌كه‌ین و ئازاری رۆحی یه‌كتری ده‌ده‌ین له‌پێناوی چیدا؟ له پێناوی شتی زۆر پڕوپوچ و شتگه‌لێكی بێ به‌ها، كێ ده‌توانێ وه‌ك گاندی لێبورده‌بێت، راستگۆ بێت، بێ غه‌ل و غه‌ش بێت. رۆحپاكی شتێكه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه گاندی گرنگی پێداوه و به‌سروشت رۆح پاكبووه. وه‌ك خۆی باسی لێوه ده‌كات كه له منداڵی‌دا. ئه‌و كاته‌ی كه خوێنكاربووه و له‌تاقیكردنه‌وه‌دا مامۆستاكه‌ی رێگای پێداوه غه‌ش بكات. گاندی غه‌شی نه‌كردووه و هه‌وڵی داوه توانا و زیره‌كی خۆی چه‌نده، پیشانی بدات. هه‌ر ئه‌و روداوه شایه‌نی ئه‌وه‌یه قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت كه‌سێكی وه‌ها راستگۆ له‌و ته‌مه‌نه‌دا دركی به‌وه‌كردووه غه‌ش كردن كارێكی ناشیاوه و گه‌ره‌كی بووه هێز و زیره‌كی خۆی چه‌نده ئه‌وه‌ند نیشان بدات. ئه‌مه ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات كه گاندی راستگۆیی له‌هه‌موو شتێك به‌لاوه گرنگتربووه، ئه‌گه‌ر گاندی له تاقیكردنه‌وه‌كاندا غه‌شی بكردایه واته غه‌شی له مرۆڤایه‌تی كردووه، ئه‌و شكستی پێ باشتربووه له‌وه‌ی كه غه‌ش بكات . هه‌ربۆیه راستگۆیی لای ئه‌و له ئازادی هندستان و له ده‌رچوون له‌تاقیكردنه‌وه‌كانی خوێندن گرنگتربووه. ئه‌وه‌ی كه زۆر گرنگبووه ئه‌وه‌یه كه گاندی نه‌یتوانیوه درۆ بكات و نه‌یتوانیوه ئازارده‌ربێت. گاندی به‌منداڵی لاوازبووه و هاوڕێیه‌كی فریوی ده‌دات و ده‌ڵێت گۆشت بخو به‌هێز ده‌بیت گاندیش به‌قسه‌ی ده‌كات به‌دزی خێزانه‌كه‌ییه‌وه گۆشت ده‌خوات كه خێزانێكی هندۆسین و گۆشت خواردن لای ئه‌وان گوناهه و له‌حه‌رامكراوه‌كانه ئه‌م كاره ئازاری ده‌دات و هه‌ست ده‌كات درۆی له گه‌ڵ دایكی كردووه بۆیه هه‌ر زوو واز له‌و كاره ده‌هێنێ. ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر بیروباوه‌ڕی خۆی. ئه‌و دۆسته خراپه‌ی ماوه‌یه‌ك كاریگه‌ری هه‌بووه له‌سه‌ری و كێشه‌ی بۆ دروست كردووه و به لارێ‌دا بردوویه‌تی به‌ڵام رۆحی مرۆڤدۆستی و هێزی چاكه‌خوازی به‌سه‌ر خراپه‌كاریدا زاڵ ده‌بێت و ورده ورده له‌و دۆسته‌خراپه‌ی دوور ده‌كه‌وێته‌وه. ئیدی عه‌شقی جوانی و حه‌قیقه‌ت و هێوری ده‌بێت. له دوای خوێندنه‌وه‌ی كتێبی به‌رگری له رووه‌كخۆری ده‌بێت ئه‌ندام له یانه‌ی رووه‌كخۆره‌كان له به‌ریتانیا و پاشان سه‌فه‌ری كردووه بۆ پاریس تا بورجی ئیڤڵ ببینێ. پاش ته‌واو كردنی كۆلێژی ماف گه‌ڕاوه‌ته‌وه هندو له‌دوای مردنی دایكییه‌وه له رێگای برا گه‌وره‌كه‌یه‌وه له ئه‌فریقای باشوور كار ده‌دۆزێته‌وه و له‌وێش خۆی ته‌رخان كردوه بۆ خزمه‌تی ئازادی مرۆڤایه‌تی، خزمه‌تی هه‌ژارانی كردووه‌و هه‌ژارانه ژیاوه. گاندی ده‌ڵێ ئه‌وه‌نده بخۆ زیندووبیت نه‌ك بۆچێژخواردن بخۆیت. ده‌ڵێت من له‌گه‌ڵ لێدان و ته‌مبێ كردن‌دا نیم، ده‌ڵێ شه‌ڕ شتێكی ناته‌ندروسته و ئه‌و ئازادییه‌ی له‌رێگای خوێنه‌وه به‌دی دێت باش نییه ….. هه‌رشتێك ئه‌و گوتویه‌تی حیكمه‌تێكی تێدابووه هه‌رچی ئه‌و گوتویه‌تی بۆ خزمه‌تی مرۆڤ بووه. تف لێ كردنی له‌مه‌تح و ستایش پێ باشتربووه. به‌پێچه‌وانه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردییه‌وه كه حه‌زمان له مه‌تح و ستایشه.
گاندی پێش بینی مه‌رگی خۆی ده‌كات و ده‌ڵێت نامه‌وێت له‌حاڵێكدا بمرم كه هۆش و گۆشم نه‌مابێ و مومكینه گولله‌ی بكوژێك به‌ره‌و رووم بێت و منیش به‌خێرهاتنی مه‌رگ ده‌كه‌م. باس له‌كام قسه و په‌ندی گاندی بكه‌ین هیچ قسه‌یه‌كی ئه‌و پیاوه بژارده‌یه نییه گرنگ نه‌بێت و سوودبه‌خش نه‌بێت بۆ مرۆڤ. كاتێك بۆمباكان هێرۆشیما ده‌پێكن ئه‌و ئازار ده‌چێژێ. گاندی رێزی له‌هه‌موو مه‌زهه‌به‌كان گرتووه و پێی وابووه كه هه‌موو مه‌زهه‌به‌كان بۆ یه‌ك رێگان و بۆ یه‌ك شوێن ده‌چن، ئه‌ویش رێگای حه‌قیقه‌ته. وه‌ك خۆی ده‌ڵێت هه‌موو مه‌زهه‌به‌كان وه‌كو مه‌زهه‌بی خۆم ئازیز و پیرۆز‌و خۆشه‌ویسته له‌لام. له زۆربه‌ی ئاین و مه‌زهه‌ب و بیروباوه‌ڕ و ئایدۆلۆژیاكانی دونیادا جۆرێك له‌پاوانخوازی و گاڕانی هه‌یه و هه‌ریه‌كه و بۆ خۆی هه‌وڵ ده‌دات، ده‌سه‌ڵاته‌دارانی هه‌وڵ ده‌ده‌ن ده‌سه‌ڵاتی خۆیان فراوانتر بكه‌ن و خه‌ونیان ئه‌وه‌یه كه زۆرترین خاك و زۆرترین مرۆڤ له‌ژێرركێفی خۆیان بێت. به‌ڵام گاندی ئه‌وه‌ی نه‌كردووه. ئه‌سڵن ئه‌و باوه‌ڕی به‌وه نه‌بووه كه‌سێك ته‌نها كه‌سێك بخاته ژێر ركێفی خۆیه‌وه. ئه‌و ته‌نها خزمه‌تی مرۆڤی كردووه و فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌و مرۆڤ دۆستی بوو. گاندی حه‌زی به‌وانه نه‌بووه كه بیرله‌وه ده‌كه‌نه‌وه مرۆڤه‌كان بۆ مه‌زهه‌بی خۆیان راكێشن. ئه‌و ده‌یویست هه‌ركه‌سه‌و له‌سه‌ر مه‌زهه‌بی خۆی بێت و له مه‌زهه‌بی خۆیه‌وه خزمه‌ت به‌مرۆڤایه‌تی و حه‌قیقه‌ت بكات.
گاندی ده‌ڵێ من له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دام له رێگای خزمه‌ت كردن به‌مرۆڤه‌وه خودا ببینم چونكه ده‌زانم خودا نه له ئاسمانه‌و نه‌له ژێر زه‌وییه به‌ڵكو له‌دڵی مرۆڤدایه.
ئه‌م گوته‌یه‌ی گاندی ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌كاته‌وه كه گاندی مرۆڤی پێ موقه‌ده‌سترین شته. نه‌ك مرۆڤ هه‌موو گیاندا‌رێك لای ئه‌و موقه‌ده‌سه. ئه‌و پێمان ده‌ڵێ مرۆڤ له هه‌موو شتێك گرنگتره. بوونی خودا له‌دڵی مرۆڤ دا واته‌ی ئه‌وه‌یه كه گاندی په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵ له‌نێوان خۆی و خودا و مرۆڤه‌كاندا ده‌بینێت، جیاواز له سیاسه‌تمه‌دارو ده‌سه‌ڵاتداران جیاواز له ئاینه‌كانی تر ئه‌ومرۆڤی له بیروباوه‌ره‌كان له‌لا موقه‌ده‌ستره. ئاینه‌كان و ئایدۆلۆژیاكان هه‌زاران ساڵه‌له پێناوی بیروباوه‌ر و فه‌لسه‌فه‌ی خۆیان مرۆڤ ده‌كه‌ن به‌قوربانی، له پێناوی پاوانخوازی و ئابووری و داگیركردن و فراوانكردنی زه‌مینیدا مرۆڤ ده‌كه‌ن به‌قوربانی به‌ڵام گاندی مرۆڤی له هه‌موو شت پێ موقه‌ده‌ستربووه. ئه‌و خودا به‌چاكه و راسته‌قینه و سه‌رچاوه‌ی رووناكی و ژیانه‌ده‌زانێت بۆیه كاتێ مرۆڤێك ده‌گوژرێت خودا ده‌كوژرێ، كه خودا‌ش بكوژرێت واته جوانی و حه‌قیقه‌ت و رووناكی ده‌كوژرێت. گاندی وه‌ك سۆفی یه‌كی مه‌زن و حه‌قیقه‌ت خواز له‌نێو دڵی مرۆڤدا خودای به‌دی كردووه‌و رۆحی خۆی له گه‌ڵ خودا تێكه‌ڵكردووه. ئه‌و له‌كتێبدا بۆ خودا نه‌گه‌ڕاوه و له رۆحی خۆیدا بۆ خودا گه‌ڕاوه‌و پێی وابووه زانستی خودا و وجودی خودا له كتێبه‌كاندا نییه به‌ڵكو له وجودی مرۆڤدایه. له‌سیاسه‌تیشدا قه‌ڵه‌م ره‌وی خودا‌و حه‌قخوازی ده‌كرد. گه‌وره‌ترین مه‌زهه‌ب لای گاندی راسته‌قینه‌یه. حه‌قیقه‌ت و خۆشه‌ویستی دوو دیوی دراوێكن. دراوێك كه مرۆڤایه‌تی رزگار ده‌كات، راسته‌قینه لای ئه‌و خودی خودایه. وه‌ك خۆشی ده‌ڵێ هیچ مه‌زهه‌بێك له راسته‌قینه به‌رزتر نییه.
ناتوندو تیژی بیر و باوه‌ڕو فه‌لسه‌فه‌ی گاندی بووه، ناتوندوتیژی پانتاییه‌كی فراوانی هه‌بووه له بیربوباوه‌ری گاندیدا. ئه‌و بۆ رزگار كردنی وڵاته‌كه‌ی ئاشتیخواز و ناتوندوتیژبووه، به‌هێوری و هێمنی خه‌باتی كردووه. پێی وابووه به حه‌قیقه‌تخوازی و ناتوندوتیژی ده‌توانێ وڵاته‌كه‌ی رزگاربكات و ئه‌وه‌نده ئاشتی خوازبووه ئه‌وانه‌شی خۆشویستووه كه رقیان لێی بووه. له‌سیاسه‌تیشدا ئه‌وانه‌ی دژایه‌تییان كردووه ئه‌و خۆشیویستوون و رێزی لێ‌گرتوون به‌جۆرێك كه سه‌رنجی راكێشاون و دژه‌كانیشی هۆگری بوون. دووژمنی كردبه‌دۆست. وه‌ك ژه‌نه‌ڕاڵ ئسموتس كه سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌فریقای باشووربوو سه‌ره‌تا رقی له گاندی بووه‌و پاشان زیره‌كی و توانای هۆگری و سه‌رنج راكێشان وای لێ كردووه كه ئسموتس گاندی زۆرخۆشویستووه. ناتوندوتیژی گرنگترین شته كه گاندی كاری پێكردووه‌و توانیوێتی مرۆڤی پێ رزگاربكات و وڵاته‌كه‌ی پێ رزگاركرد. ئه‌و له‌بازرگانیشدا باوه‌ڕی به‌ناتوندوتیژی هه‌بووه و پێی وابووه بازرگانی و ته‌كنه‌لۆژیا ئه‌گه‌ر بۆ خزمه‌تی مرۆڤ و هه‌ژاران بێت باشه. گاندی به‌سه‌رمایه‌داران ده‌ڵێ ئه‌وه‌تان بیرنه‌چێ كه سه‌رمایه‌ی ئێوه به‌ره‌نجی هه‌ژارانه. عه‌داله‌ت لای ئه‌و ئه‌وه‌یه كه كار بۆهه‌موو كه‌سێك هه‌بێت وه‌ك خۆی ده‌ڵێت پێم خۆش نییه جارێكی تر بگه‌ڕێمه‌وه بۆ سه‌ر دنیا به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره روویدا حه‌زده‌كه‌م ژیانی دووه‌مم له‌چینی ده‌ركراو و گڵاوه‌كان بێت تا بتوانم له‌و بێحورمه‌تی پێ كردنه رزگاریان بكه‌م. ژن و پیاو یه‌كسانه و زوڵم كردن له‌ژن لای ئه‌و ناعه‌داله‌تییه. سه‌باره‌ت به‌دیموكراسیش دیسانه‌وه ناتوندوتیژی ده‌كاته پێوه‌ر.
سه‌باره‌ت به‌هونه‌ریش گاندی ده‌ڵێت من مۆسیقا و هه‌موو هونه‌ره‌كانی ترم خۆشده‌وێت.
هونه‌ری راسته‌قینه و ژیان به‌خشی خۆشده‌وێت وه‌ك خۆی ده‌ڵێت هونه‌ر هه‌یه ده‌كوژێت و هونه‌ر هه‌یه ژیان به‌خشه. گاندی رقی له گروپ و گروپ بازی بووه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه تا ئێستا شتێك نییه پێی بگوترێت گاندیزم. سه‌ده‌ی گاندی سه‌ده‌ی گۆڕانكاری گه‌وره‌بووه له‌ساڵی 1869 گاندی له‌دایكبووه ئه‌و ساڵه‌ی گاندی له‌دایكبووه ئینگلیز ده‌ستی به‌سه‌ر هندستاندا گرتووه و كاتێكیش گاندی شه‌هید ده‌كرێت گه‌لی هند ئازادبووبوون له‌ژێرده‌سته‌یی ئینگلیز. فیله‌سوفی حه‌قیقه‌تخوازی مهتاما گاندی له‌قۆناغی داگیركردنی هندستاندا توانی خه‌باتی مه‌ده‌نی و شۆڕشی ئاشتیخوازی په‌ره‌پێ بدات و خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌ی له خوێنرێژییه‌كی گه‌وره رزگاركرد، ئه‌گه‌رئه‌و نه‌بوایه له‌شه‌ڕی داگیركردنی هندستان ملیۆنه‌ها مرۆڤ ده‌كوژرا. به‌ڵام گاندی به هێوری و ئاشتیخوازی توانی گه‌وره‌ترین شۆڕشه به‌رپابكات و هندستان رزگاربكات. ژیانی گاندی له‌سه‌رده‌می هه‌ردوو جه‌نگه گه‌وره‌كه‌ی جیهان بوو جه‌نگی یه‌كه‌م و دووه‌می جیهانی. له‌و رۆژگاری كاولكاری و مه‌رگدۆستی و خوێنرێژییه‌دا ئه‌و په‌یامی ناتوندوتیژی بڵاوكرده‌وه . دواجار كێ هه‌یه له‌گاندی بچێت؟! كێ هه‌یه بتوانێ وه‌ك گاندی بێت؟! .