Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
ئەدیب نادر لە تەپەوە بۆ کتێبی بۆشاییەکان

ئەدیب نادر لە تەپەوە بۆ کتێبی بۆشاییەکان

Closed

 

لەڕاستەوە: ئەدیب نادرو ئازاد ئەحمەد، لەندەن 20/04/2012 فۆتۆ: کاکەیی

شاعیرانی 2003

ئەدیب نادر پاش پتر لە 30 ساڵ لە شیعر نووسین، یەکەمین کۆمەڵە شیعری خۆی بە چاپ گەیاند.
       لەپاش رووخانی بت (2003)وە بارودۆخێکی ئەدەبیی وا دروست بووە هەموو نانووسەرێکی کردووە بە نووسەر، هەموو ناشاعیرێکی کردووە بە شاعیر. دەزگاو چاپەمەنییە رۆشنبیرییەکان بەناوی ئازادییەوە بێ ئەژمار کتێب چاپ ئەکەن بێ ئەوەی بە سانسۆری زمانەوانی و هونەریدا تێپەڕێ. شاعیری لاو ئەبینی هێشتا لە بیستەکانی تەمەنیدایە سێ چوار کۆمەڵە شیعری بە چاپ گەیاندووە. بێگومان ئەم شاعیرە لاوانە، پاش دە ساڵی دی، گەر بەردەوام بن لە شیعر نووسین، لە بەرهەمەکانی ئێستایان پەشیمان ئەبنەوە. بەڵام ئەدیب نادر دانی بەخۆیدا گرت و بەردەوام کاری لەسەر ئەزموونە شیعری یەکەی خۆی کردووە. بە درێژایی ئەم سی ساڵە، ئەدیب، لە پێناو خەمڵاندنی ئەزموونی شیعریی، هەموو جۆرە  تەکنیکێکی شیعریی ئەزموون کردووە؛ لە ئەو پەڕی فۆرمالیستی و یاری کردن بە زمان و وشەبازی یەوە، بۆ زمانی ئاسایی و گفتوگۆو ئیدیۆمی رۆژانە. جگە لەمانە، ئەدیب بەردەوام کار لەسەر شیعرە کۆنەکانی خۆی ئەکات و دایانئەڕێژێتەوە، بێ گوێدانە ئەو وتە باوەی نێو شاعیرانی کورد کە ئەڵێ شاعیر وەکو جگەرگۆشەی خۆی ئەڕوانێتە شیعرە کۆنەکانی بۆیە نابێ دەسکارییان بکات چونکە زادەی سەردەمی خۆیەتی، بەڵام ئەدیب ئەزانێ خوێنەر گرنگ نی یە بەلایەوە شاعیر وەکو جگەرگۆشە ئەڕوانیتە بەرهەمەکانی خۆی یان نا، خوێنەر داهێنانی لە شاعیر ئەوێ. 

کۆچی بێ وادە

رەنگە زۆر کەس بەوە نەزانن کە ئەدیب، ساڵی 1986 لە ئێران، کۆمەڵە شیعرێکی بە شێوازێکی بەرایی و چەند دانەیەکی کەمەوە بەچاپ گەیاند بەناونیشانی “کۆچی بێ وادە”، ئەدیب ئەو کۆمەڵە شیعرەی لەژێر کاریگەریی شیعری ئەدۆنیس دا نووسییەوە، بەتایبەتی قەسیدەی “اسماعیل”. ئەو شێوازە شیعرییەی کۆچی بێ وادە بۆ ئەو سەردەمە شتێکی نوێ بوو، هێشتا چەشەی شاعیری کورد بە شیعری ئەدۆنیسی رانەهاتبوو، هێشتا ئەحمەدی مەلا “زەردك”ی چاپ نەکردبوو. ئەوسا کەمال میراودەلی بڕیاری دا لە هەموو ژمارەیەکی گۆڤارەکەی خۆیدا “پەیڤ” کە لە لەندەن دەری ئەکرد، یەکێك لە شیعرەکانی کۆچی بێ وادە بڵاو بکاتەوە. هەروەها فەهمی کاکەیی بابەتێکی لەسەر ئەو کۆمەڵە شیعرە نووسی. هەر لە ئێران، لەگەڵ هونەرمەندی شێوەکار حوسێن کاکەیی دا گۆڤارێکی ئەدەبی و هونەرییان بەناوی “زەنگ” دەرکرد، بەڵام لەبەر دەستکورتی تەنیا یەك ژمارەیان لێ چاپ کرد.

لە کامپی پەناهەندەدا

ئاشنا یەتیی ئەدیب لەگەڵ شیعری ئەدۆنیس دا لەڕێی هاوڕێ عەرەبەکانیەوە بوو، کە لە کامپی پەناهەندان لە ئێران پێکەوە ئەژیان. لەوێدا ئەدیب هەندێ نووسەری عێراقیی ناسی، کە دواتر رۆڵێکی گرنگیان لە ئەدەبی عێراقی و عەرەبی دا بینی، وەکو؛ جەمال جومعەو جەمال مستەفاو کەریم عەبدو کەریم ناسڕو حەمید عقابی. بە یارمەتی و هاندانی ئەو کۆمەڵە نووسەرە ئەدیب دەستی بە شیعر نووسین بە عەرەبی کردو لە گۆڤاری ئەليف “أ”و “الثقافة الجديدة” و “الصوت” کە لە دانیمارك دەرئەچوو و، رۆژنامەی “القدس العربي”و “الوفاق”دا بڵاوی ئەکردنەوە. هەروەها شیعرێکی مەوجود سامانی وەرگێڕایە عەرەبی بەناوی “الهجرة الشرقية”.
پاشان ئەدیب ساڵی 1989 رووی لە بەریتانیا کردو لە هاوڕێ نووسەرەکانی دابڕا. مافی پەنابەریی لەو وڵاتە وەرگرت و لە چێشتخانەیەکی بچووکی ژەمی خێرا “تەیك ئەوەی”دا لە لەندەن سەرقاڵی کارکردن بوو و، بۆ ماوەی پانزدە ساڵ لە نووسین دوور کەوتەوە. 
هاوڕێیانی تەپەو بۆنی ئێم Boney M 
ئەدیب نادرمان لە کۆتایی حەفتاکان ناسی. لەڕێی عەلی شێخ عومەر قەرەداغی، کە هاوڕێی هەموو نووسەرانی کەرکوك بوو، هاوڕێیانی تەپەمان ناسی؛ ئەدیب نادر، نەجات حەمید، خالید مەجید فەتحوڵلا کە ئەوسا کۆمەڵە شیعرێکی چاپ کرد بەناوی “خونچەکانی گەرووی تەپە”، محەمەد مەشعەل، فەیسەڵ هەمەوەندی. ئەدیب ئەوسا بەناوە راستەقینەکەی خۆی، فەخرەدین محێدین، بابەتی ئەنووسی، بەڵام، بەپێچەوانەی هەموومانەوە، ئەدیب بە شیعر دەستی پێ نەکرد. یەکەم بەرهەمی بڵاو کراوەی بابەتێك بوو لەسەر ئیزرا پاوند. ئەدیب ئەوسا کەسێکی کەمدوو و هێمن بوو، بەڵام لە وتووێژی ئەددەبی دا دیپلۆماسیەتی نەئەزانی، رەخنەو تێبینی یەکانی لەسەر نووسینی هاوڕێکانی تا رادەیەك توند بوو. بەڵام رەنگە کەس وەکو ئەدیب هاوڕێ نووسەرەکانی خۆی خۆش نەویستبێ، ئەبوو رۆژانە سەری لە کتێبخانەی ئاسۆ – تاقە شوێنی پێکگەیشتنی ئەدیبانی کەرکوك- بدایە بۆ بینینی هاوڕێکانی و کەوتنە گفتوگۆی ئەدەبی و سیاسی لەگەڵیاندا.
ئەوسا گوێمان لە گۆرانییەکانی بۆنی ئێم ئەگرت؛ راسپۆتین، ما بەیکەر، دادی کوول، وامان ئەزانی لەسەر پردی گۆڵدن گەیت بریجی سان فرانسیسکۆ یان شەقامەکانی لەندەن پیاسە ئەکەین. ئێستاش لە بەریتانیا، من و ئەدیب کە گوێمان لە گۆرانییەکانی بۆنی ئێم ئەبێ وا ئەزانین ساڵی 1979یەو لە شەقامی جمهوریی کەرکوك دا پیاسە ئەکەین!

گەڕانەوە بۆ کەرکوك
ئەدیب ساڵی 2004 بە یەکجاری گەڕایەوە کەرکوك و، لەوساوە هەموو کاتی خۆی بۆ نووسین و وەرگێڕان تەرخان کردووە. تا ئێستا پێنج کتێبی لە ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوەتە سەر کوردی؛ شیعرەکانی ئۆکتاڤیۆ پاث و کۆمەڵە چیرۆکێکی جەیمز ثێربەرو (مەزرای ئاژەڵان)ی جۆرج ئۆروێڵ و (هێوری)ی میلان کوندێراو (مشك و بنیادەم)ی جۆن ستاینبێك، جگە لە کۆمەڵە شیعرێکی خۆی بەناوی (کتێبی بۆشاییەکان). هەروەها رۆمانێك و کۆمەڵە چیرۆکێکی خۆی لەژێر چاپدایە. جگە لەمانەش، شانۆنامەی (دکتۆر فاوستوس)ی کریستۆفەر ماڵڕۆو کۆمەڵە چیرۆکێکی بیانیی لە ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوەتە کوردی و ئامادەن بۆ چاپ.
گرفتی ئەدیب ئەوەیە ئاشنایەتیی لەگەڵ تەکنۆلۆجیای سەردەمدا نییە. پێی وایە ئینتەرنێت، بە هەموو بەشەکانیەوە؛ ئیمەیل و گوگڵ و فەیسبووك، خەیاڵ ئەکوژێ و هۆیەکە بۆ خافڵاندنی ئەدیب لە پرۆسەی داهێنان. تا ئێستاش بەرهەمە ئەدەبییەکانی بە دەست ئەنووسێتەوە.  ئێستاش هەرچەند ئەگەرێتەوە بۆ وڵات، ئەڵێ؛ نامەت نییە بۆ نەوزادی (براتی) ببەمەوە؟! 


ئازاد ئەحمەد – بەریتانیا

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.