Skip to Content

Saturday, May 21st, 2022

وێرانی لە پێشانگای ئارکیۆلۆژیای کات و شوێن دا

Closed
by June 12, 2012 گشتی

زۆرجارکە دەگەڕێمەوە ئەو شوێنەی کە ناوی نیشتمانە بە دڵ ئارەزووی ئەوە دەکەم سەردانی شوێنێکی هونەری بکەم، هونەرێک کە مرۆڤ فراژوو بکات، بیخاتە ناو بیرکردنەوە و خولیا و سەرسوڕمان و پرسیاری لا دروست بکات، هونەرێک کە مرۆڤ بگوازێتەوە شوێن و کاتێکی دیکە، بیبات بەرەو “ناسینی نەناسراوەکان” و بینینی نەبینراوەکان. لە سەفەری مانگی رابردوومدا شاگەشکە بووم کاتێ برادەرێک هەواڵی کردنەوەی پێشانگایەکی قەرەنی جەمیل -ی پێڕاگەیاندم کە لە 30 مانگی ئەپریل لە هۆڵی میدیا لە هەولێر کرایەوە. ئەم پێشانگایە بە ناونیشانی “ئارکیۆلۆژیای کات و شوێن” بوو. ئەم نووسراوە رانانێکە بۆ ئەو پێشانگایە کە ئەو ئێوارەیە منی سەرسام کرد، بردمیە بەردەم پرسیار و ناو رامان و بیرکردنەوە.

کاتێ لە رۆژێکی خۆڵباریندا شارغەرقی خامۆشی دەبێت و سەردانی پێشانگای “ئارکیۆلۆژیای کات و شوێن”ی قەرەنی جەمیل دەکەیت، خۆت دامەتەکێنە و چاوەڕوانیی جەستەی رەنگ و سەمای هێڵ و هێما هێدمەکان مەکە. هۆڵی پێشانگا “وێرانەکەیە  لە ناو وێرانیەکی گەورەتر”، نغرۆبوونە لە ژێر سەقفی ئاسمانێکی نزمتر کە ئاماژە بە نادیاریی چارەنووسی هەموومان، بە نادیاریی چارەنووسی کورد و شاراوەیی و پەنهانی شتەکان دەدات. هەر کە پێ دەنێیتە هۆڵەکە، لەگەڵ ریتمی ئاسۆیی و جووڵەی باڵای نۆتەکانی مۆسیقای کیث جارێت کە قەرەنی جەمیل بە هۆشیاریەوە هەڵیبژاردووە بۆ ئەو پێشانگایە دەکەویە ناو قووڵاییەکی فراوان و دوور کە یەک رەنگ لە خۆی دەگرێت، رووبەرێکی لێڵ بەڵام تاریک نیە و پڕە لە شاعیریەت، دیارە شاعیریەتێکی رۆمانسیانە نا، بەڵکو زیهنی و بە ئاگایانە، چەشنی “وێرانە خاک” ی تی ئێس ئێلیەت، هێما و هێل و هێدم و رەنگی تاکمەودا قەسیدەیەکی ئەفسانەیی دادەڕێژن. قەسیدەیەک کە پێش سەیرکردن و خوێندنەوەی، باشتر وایە خۆت لەگەڵ فیکری سەردەم و جوانی و عەدەم رابهێنی ئینجا بخزێیتە ناویەوە  و دواتر بە تێگەیشتن و رووانینێکی فراوانتر لێی بێیتە دەرەوە.

ئەگەر دەتەوێ بە بەهەشت بگەیت، ئەی مرۆڤی کورد و رۆژهەڵاتی، ئەوە هەوڵ بدە لەسەر زەمین دروستی بکە. لەسەر روخساری شارەکەت تۆز و خۆڵی جەهل و جەنگ و رق و ناتەبایی و تۆڵە و توندوتیژی راماڵە ئەوسا دەبینی بەهەشت بستێ لێتەوە دوورە و تەنها خۆت دەتوانی دروستی بکەیت

خەسڵەتی تایبەتی سەرجەم تابلۆکانی ئەو پێشانگایە بریتیە لە نەبوونی توخمی مرۆڤ. یەکەم پرسیار کە لە لات دروست دەبێ ئەوەیە: بۆچی مرۆڤ لە ناو پانیاییەکی قوول و فراوانی ئەو شوێن و کاتەدا غائیبە؟ کوا وجود و جووڵەکانی ژیان؟ جگە لەمە، سیمای شار و نەخشەسازیی لادێ و نشینگەکان خەریکە دادەڕمێن و خەریکە شوێنەواریان ون دەبێت لە ژیر چەپۆکی سەنگێکی قورس کە دەشێ سەنگی قورسی کات بێت، یا سەنگی رووخێنەری جەنگ و پێکدادان و جینۆساید کە هەموو شتێک لەگەڵ خۆیان رادەماڵن و هیچ شتێک بە زیندوویی ناهێڵنەوە. تەنانەت دوای وەستانی جەنگ و پێکدادانەکان، ئەوەی کە دەمێنێتەوە مردووە؛ ئەگەر مرۆڤ هەبێت لەو تابلۆیانەدا ئەوە لە شێوەی تەرمە، تەرمێکی تەنها و سیمبۆلیانە لەو لاوە کەوتووە و مانای بوون و نەبوون وەکو یەک دەردەخات. هێزێکی قورس زەمین دادەپڵۆسێ و ئاسمانیش لە روخساری شاراوەی حاجی لەقلەقێکەوە سپیایەتیەکی لێدەڕژێ کە چەشنی باڵی کەوتوو بە رووی زەمیندا دادەبارێ و پێمان دەڵێ ئارەزووی کرانەوە و جووڵە  و هەرەکەت لەناوچوو و سەردەمی فڕین کۆتایی هات، هەمووی داڕمان و وەستان و سڕبوونە. گەردەلوولی خۆڵ لەولاوە لانکی زارۆکێک هەڵدەلووشێ، کێلی گۆڕەکان لەناو پانتایی زەردی دەشتەکان بیرمان دەهێننەوە کە مەرگ کۆتایی هەموو شتەکانە، کە سەردەمانێک ژیان لەو دەڤەرەدا هەبوو، بەڵام هەمووی عاقیبەتی بە نەمان گەیشت، ئەوەی کە ماوەتەوە چەشنی رێگایەکی درێژی راکشاو لەناو خۆڵ دەڵێی کفنە لەژێر خۆڵ سەری دەرهێناوە و بەرەوڕوومان دەکشێ. هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن کە لە قۆناغێکی ئەم وجودە بێهودەیەدا مردن روویەکی دیکەی ژیانە و تێکەڵبوونەوەیە بە خاک و بەرجەستەبوونە لە خۆڵ و بەرد کە بە زمانی خۆی شتێکی نوێمان پێدەڵێت، بەڵام مرۆڤ زۆر لەوە ساکارترە کە لە بێدەنگیی بەرد تێبگات. هەموو ئەو توخمانە  گۆزارشت لە بیرکردنەوە و تێگەیشتنێکی قووڵ دەکەن کە لە نیگا و روخسار و ئاماژەکانی دەستی هونەرمەند قەرەنی جەمیلەوە لە شێوەی جووڵە و هێما و رەنگ رژاونەتە ناو پانتایی تابلۆکان. هونەرمەندێکی هۆشیار و بە زەین و ناسک و بێفیز کە مێژووی هەموومان، مێژووی مرۆڤەکانی ئەو نیشتمانە وێرانە لەو پێشانگایەدا پیشان دەدات، مێژووی کوردی کۆتایی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیست و یەکمان دەخاتەوە یاد.

لە رێگای ئەم تابلۆیانەوە قەرەنی جەمیل پێمان دەڵێ کە لەودیوی مەرگ هیچی دیکە نیە، هەمووی هەر خاک و خۆڵ و رۆچوونە. ئەگەر دەتەوێ بە بەهەشت بگەیت، ئەی مرۆڤی کورد و رۆژهەڵاتی، ئەوە هەوڵ بدە لەسەر زەمین دروستی بکە. لەسەر روخساری شارەکەت تۆز و خۆڵی جەهل و جەنگ و رق و ناتەبایی و تۆڵە و توندوتیژی راماڵە ئەوسا دەبینی بەهەشت بستێ لێتەوە دوورە و تەنها خۆت دەتوانی دروستی بکەیت. دواتر کە لێژدەبینەوە ناو خاک و “ئارکیۆلۆژیای کات و شوێن” جێدەهێڵین، ئەوسا دەگەینەوە بەو گەردەی کە هەر لە ئەزەلەوە وجودی ئێمە بوو. کاتێ فڕێ دراینە ئێرەی بیابان، ئەوە تەنها جوانی و پێکەوەیی و ئاشتی و ئازادی و کاری داهێنەرانەن کە دەتوانن سیمای بوونمان، روخساری شار و نیشتمانەکەمان رەنگدار بکەن و بمانپەڕێننەوە ناو پانتاییەکی باڵاتر لە پانتایی واقیعی کرچ و نابووت. ئەوسا کە تێکەڵبووینەوە بە خاک، لە یادەوەریی ئەوانیدیکەدا هەمیشە زیندوو و نەمر دەمێنینەوە، وەکو زیندوویی و نەمریی قەرەنی جەمیل.

شتێک کە سەرنجی راکێشام، مەخابن، نائامادەیی پەیامنێرانی کەنالەکانی میدیا بوو بۆ رووماڵکردنی پێشانگایەکی لەمجۆرە. ئەمەش هەر دەمانباتەوە ناو تێمی سەرەکیی “ئارکیۆلۆژیای کات و شوێن” و پێمان دەڵێت کە لەو نیشتمانە وێران و نغرۆیەدا سەنگی قورسی سیاسەت جوانیەکانی داپۆشیوە و رۆژنامەنووسە بەناو رۆشنبیر و “پێشڕەوە”کانی نیشتمان بەوە راناگەن ساتێک بۆ جوانیی هونەر و بینینی ئەودیوی واقیعی رۆژانە تەرخان بکەن، ساتێک لە دەرەوەی حیزبایەتی و سیاسەت و ناوچەگەرێتی. خۆ ئەگەر سەرکردەیەکی سیاسی هاتبا و پێشانگاکەی کردباوە، ئەوە رێچکەی رۆژنامەنووس و پەیامنێران زۆر درێژ دەبوو. کێ دەڵێ ئەو سەنگە قورسەی کە پێشتر ئاماژەمان پێدا و لە تابلۆکان وجود دادەپڵۆسێ، سەنگی سیاسەت نیە کە لەسەر رێی خۆی هەمووانی داگیرکردووە و روخساری نیشتیمان و سەرنشینگەکانی لە یەک رەنگ و یەک مەودا و یەک بۆچوون و رووانین و یەک جۆری بیرکردنەوە و تێگەیشتن قەتیس کردووە.

سەرچاوە: لومۆند دیپلۆماتیکی کوردی، ژمارە 24، مایسی 2012.

Previous
Next