گفتوگۆ له‌گه‌ڵ نوسه‌ر عه‌زیز ڕه‌ئووف
پرسیار: زۆرجار ئه‌و پێناسه باوه به‌كارده‌هێنرێت، كهعهلمانیهت واته نائاینی بون‌و جیاكردنه‌وه‌ی ئاین لهژیانو دهوڵهتو كایه‌ی سیاسی، زیاتریش ئیسلامیه‌كان ره‌هه‌نده سیاسیه‌كه‌ی سێكولاریزم وهردهگرنو قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، ئایا له‌لایه‌ك ئه‌مه تاچه‌ند وایه‌و لهلایهكیتریشهوه ده‌كرێ عه‌لمانیه‌ت وه‌ك شوناسێكی پارچه پارچه وه‌ربگیرێت؟
وه‌ڵام: به‌ته‌سه‌وری من قسه‌كردن له عه‌لمانیه‌ت قسه‌كردنێكی ئالۆزه و ڕه‌نگه به‌پێی شوێن و زه‌مه‌ن پێناسه‌كه‌ی بگۆڕێت، به‌ڵام ئه‌وه دیدی خه‌ڵكه‌كانی بۆ عه‌لمانیه‌ت ده‌گۆڕێت، له‌كاتێكدا عه‌لمانیه‌ت هه‌رگیز مانا ڕاسته‌قینه‌كه‌ی ون ناكات. به‌مانایه‌كی تر ئه‌وه هێز و گروپ و ئایدۆلۆژیا و مه‌زهه‌به جیاوازه‌كانن كه دیدێكی نادروست یان ئیشكالئامێز به عه‌لمانیه‌ت ده‌ده‌ن.
ناحاڵیبوونێكی ڕوون و ئاشكرایه پێمان وابێت عه‌لمانیه‌ت واته بێدینی یان هه‌وڵدان بۆ كوشتنی دین له كۆمه‌ڵگه‌دا، له‌وه‌ش كوشنده‌تر ئه‌وه‌یه دیدێك هه‌بێت پێی وابێت عه‌لمانیه‌ت هه‌ر له سه‌ره‌تاوه كه له دنیای مه‌سیحیه‌تدا سه‌ر هه‌ڵده‌دات بۆ ئه‌وه هاتووه ئایین په‌راوێز بخات و له كۆمه‌ڵگه وه‌ده‌ری بنێت، ئه‌م دیده ( ئه‌گه‌ر هه‌ربێت، كه هیچ گومانیشم نیه هه‌یه) له توندڕه‌وی و ناحاڵیبوون و ترسێكه‌وه هاتووه له كاڵبوونه‌وه‌ی ئایین به ته‌فسیری خۆیان. ئه‌گینا هه‌موو ئه‌وه ده‌زانین له‌و ولاتانه‌ی سیسته‌مێكی عه‌لمانی به‌ڕێوه‌یان ده‌بات ئایین تا دێت گه‌شه ده‌كات و له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ش كه ئایین حوكم ده‌كات تا دێت ئایین پاشه‌كشه ده‌كات. نمونه‌یه‌كی زۆر ڕوون، ئه‌وروپای خۆرئاوا به گشتی سیسته‌مێكی عه‌لمانیه و ئاینیش تێیدا گه‌شه ده‌كات و زۆرێك له وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكوری ئه‌فریقیا ده‌ستورێكی ئیسلامیان هه‌یه و به‌ڵام تا دێت له مانا ڕاسته‌قینه‌كانی ئایین دوور ده‌كه‌ونه‌وه.
عه‌لمانیه‌ت خۆی بۆخۆی هه‌وڵدانه بۆ خوڵقاندنی فه‌زایه‌ك بۆ پلورالیزمی ئایینی. ئه‌گه‌ر بڵێم عه‌لمانیه‌ت دژ به ئایینه نه‌خێر، به‌ڵكو دژ به یه‌ك جۆر له ئایین و یه‌ك جۆر له فۆرمی تهفسیركردمانه بۆ ئایین. عه‌لمانیه‌ت دێت و فه‌زایه‌ك بۆ سه‌رجه‌م ئایینه‌كان ده‌خولقێنێت كه هه‌موویان به‌یه‌كه‌وه موماره‌سه‌ی خۆیان بكه‌ن بێ ئه‌وه‌ی كه‌سیان باڵاده‌ستی به‌سه‌ر ئهدیانهكانی تردا ڕابگه‌یه‌نێت، به‌ڵێ عه‌لمانیه‌ت له‌و كاته‌دا دژ به ئایینه كه مرۆڤگه‌لێك ببنه جه‌نگاوه‌ری خودا و به ته‌فسیری خۆیان ئایین ڕاڤه بكه‌ن و به‌رامبه‌ر ڕه‌ت بكه‌نه‌وه. ده‌ستووری عه‌لمانی له هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا په‌یڕه‌و بكرێت ڕێگری گه‌وره ده‌بێت له سه‌پاندنی یه‌ك ئایین و یه‌ك جۆر له ڕاڤه‌ی دینی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا.
عه‌لمانیه‌ت نه مه‌زهه‌به و نه ئایدۆلۆژیایه‌كی دیاریكراوه تا جێگه‌ی ئایین بگرێته‌وه، وه‌زیفه‌ی عه‌لمانیه‌تیش ئه‌وه نیه خودا له دڵی مرۆڤه‌كان ده‌ربێنێت و بیانكات به مه‌خلوقی بێ‌دین، هینده‌ی ده‌یه‌وێت ئایین نه‌بێته بوونێك بۆ كۆنترۆڵكردن و خواردنی كۆمه‌ڵگه. واته ئه‌وه‌ی عه‌لمانیه‌ت گه‌ره‌كێتی جێگرتنه‌وه‌ی ئایین نیه له‌سه‌ر زه‌وی، هێده‌ی گه‌ره‌كێتی دۆخێك بخوڵقێنێت كه ئایین له‌ڕێگی پیاوانی ئایینه‌وه نه‌بێته ئه‌و عهنكهبووتهی ده‌ستی بگاته هه‌موو قوژبنێك و سه‌رجه‌م كایه‌كان له كۆمه‌ڵگه‌دا داگیر بكات.
بێشك عه‌لمانیه‌ت به‌رهه‌می مۆدێرنه‌یه و وه‌زیفه‌ی مۆدێرنه‌ش هێنانی زیاد له كایه‌یه‌كه بۆ كۆمه‌ڵگه و عه‌لمانیه‌تیش له مۆدێرنه‌دا ده‌خوازێت ئایین وه‌ك سه‌رجه‌م كایه‌كانی تر بوونی هه‌بێت نه‌ك ده‌ست بخاته هه‌موو كایه‌كانه‌وه، یان خۆی له سه‌روو هه‌موو كایه‌كانه‌وه ببینێت.
به‌ڵام به دیدێكدا سیكولاریزم زۆرجار بۆته سیسته‌م بۆ هێزگه‌لێكی فاشی و به‌مه‌ش به‌ته‌واوی ئه‌م چه‌مكه‌ی ناشرین كردووه، نمونه‌ی سیسته‌می سێكولاریزم له توركیا كه زۆر جار فه‌زایه‌ك بۆ كونترۆڵكردن و توندڕه‌وی و فاشیزم له‌و وڵاته ده‌خوڵقێنێت و ته‌سه‌ور ده‌كه‌م ترسی ئیسلامیسته‌كانی ناوچه‌كه له عه‌لمانیه‌ت له خراپی مۆدێلی سیكولاری توری و به‌عسیه‌كان له عیراق و سوریا و هه‌وڵه‌كانی عه‌بدولناسر له مسر دێت بۆ دروستكردنی فه‌وزایه‌كی سێكولار له وڵاته‌كانیاندا به‌ڵام به فۆرمێكی ته‌واو سته‌مكار و فاشی و دكیتاتۆریهت. تێگهلكردنی ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆر به سیسته‌می عه‌لمانی ترسی گه‌وره‌ی لای ئیسلامیسته‌كان دروست كردووه و هه‌ر به‌م دیده‌شه‌وه له عه‌لمانیه‌ت ده‌ڕوانن كه دیدێكی ته‌واو هه‌ڵه‌یه.
پرسیار: زۆرجار ئیسلامیه‌كان ره‌خنه‌ی ئه‌وه ده‌گرن، كه عه‌لمانیه‌ت به‌چاوی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاسته‌وه وه‌ك ئاینی مه‌سیحیه‌ت لهئیسلامیش ده‌ڕوانێت، بۆیه به‌رده‌وام سێكولاریزم وه‌ك دوژمن‌و مه‌ترسی وێنا ده‌كه‌ن، به‌بڕوای ئێوه كێشه‌كه په‌یوه‌ندی به‌موماره‌سه‌ی خراپی هه‌ندێ هێزه‌وه هه‌یه كهشوناسی عهلمانیبونیان به‌سه‌ر خۆیاندا دابڕیوه یان په‌یوه‌ندی به‌میتۆدی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و چه‌مكه‌وه هه‌یه لای ئیسلامیه‌كان؟
وه‌ڵام: من وای ده‌بینم ئیسلامیسته‌كان زۆر شاره‌زاییان له چه‌مكی عه‌لمانیه‌ت و مێژووی ئه‌م چه‌مكه‌وه نیه. ئه‌وان به دیدێكی زۆر سه‌رپێی له عه‌لمانیه‌ت ده‌ڕوانن كه به هه‌وڵێكی ده‌زانن بۆ به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ئایین له كۆمه‌ڵگه‌دا كه دروست ئه‌م دیده ناڕاسته. دیدی ئیسلامیه‌كان ئه‌وه‌یه كه ئایینی ئیسلام دوایین ئایینه و ده‌بێت خه‌ڵك په‌یڕه‌وی بكه‌ن و ته‌واو، له كاتێدا ئیسلامیه‌كانی لای خۆمان و هێزه دینیهكانمان ده‌بێت ئه‌وه بزانن له هاوسێكانی خۆیانه‌وه بۆ هێز و گروپه‌كانی تر چه‌ندین ئینسان هه‌ن كه عه‌لمانین و خواپه‌رستی ناكه‌ن و یان په‌یڕه‌و له ئاینێكی تر ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر عه‌لمانیه‌ت بێت و به‌ها بۆ سه‌رجه‌م ئایین و ئایدۆلۆژیاكان بگه‌ڕێنێته‌وه ئه‌وا بێشك ڕێگرییه له سه‌پاندنی ئایین له كۆمه‌ڵگه‌دا به‌ناوی زۆرینه‌ی ئایینیه‌وه كه ئایینی ئیسلامه، ترسی ئیسلامیه‌كان له عه‌لمانیه‌ت ئه‌مه‌یه و هیچی تر.
ترسی ئیسلامیه‌كان له‌وه‌ی كه عه‌لمانیه‌ت ئه‌وه ده‌كات له‌سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست به‌رامبه‌ر به مه‌سیحیه‌ت كردی، ترسێكی ته‌واو ناڕه‌وایه. وه‌كو وتم عه‌لمانیه‌ت كایه‌كان له‌یه‌ك جیا ده‌كاته‌وه و ئیسلامیه‌كانیش گه‌ره‌كیانه ئایین یان ڕاستتر بڵێم ئیسلام هه‌موو شتێكه‌و ده‌بێت له هه‌موو شتێك‌دا قسه‌ی هه‌بێت. كاتێك سێكولاره‌كان له ئاینی مه‌سیحیه‌تدا ده‌ڵێن ده‌سه‌ڵات بۆ قه‌یسه‌ر و كه‌نیسه بۆ مه‌سیح، دروست ئه‌م دێڕه بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامیش گونجاوه. ده‌سه‌ڵات بۆ ئه‌وه‌ی سیاسه‌ت ده‌كات و مزگه‌وتیش بۆ ئه‌وه‌ی خواپه‌رستیی ده‌كات، هیچ خیلاف له‌م قسه‌یه‌دا نیه. به‌ڵام هێزگه‌لێك هه‌بن پێیان وابێت جه‌نگاوه‌ری خودان له‌سه‌ر زه‌وی و پێیان وابێت هه‌موو شتێك له قورئاندا هاتووه و ئایین هه‌موو شتێكه له كۆمه‌ڵگه‌دا بێشك به‌ریه‌ككه‌وتنیان ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچوونه‌دا، ئه‌گینا سێكولاریزم وه‌ده‌رنانی ئایین ناكاته وه‌زیفه‌ی خۆی به‌قه‌ت ئه‌وه‌ی كه به‌های بۆ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه و پێی ده‌ڵێت تۆ قودره‌تی ئه‌وه‌ت نیه له‌م سه‌ری سیاسه‌ته‌وه بۆ ئه‌وسه‌ری ئابووری له كۆمه‌ڵگه‌دا قسه‌ت هه‌بێت و ته‌فسیری سه‌رجه‌م زانسته‌كانیش بكه‌یت له‌كاتێكدا ئێستا له بواری ئه‌كادیمیادا زانسته‌كان جیاكراونه‌ته‌وه و ئاینیش وه‌ك هه‌ر كایه‌یه‌كی ئه‌كادیمی له زانستگه‌كاندا ڕۆڵی خۆی هه‌یه نه‌ك له سه‌روو هه‌موانه‌وه بێت.
با ئیسلامیه‌كان ئه‌وه‌ش بپرسن كه ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی و ده‌ستووری ئیسلامی زیاد له ده‌ستوری عه‌لمانی شپازلهی لهبناگۆێی ئایین داوه. سه‌رباری هه‌موو تێبینیه‌كانمان له‌سه‌ر ده‌ستوری سێكولاری توركیا، با بپرسین ئایین له توركیا باشتر گه‌شه ده‌كات یان له ئێران كه ده‌ستوره‌كه‌ی ئیسلامیه؟ با بپرسین ئایین له فه‌رنسا باشتر گه‌شه ده‌كات یان له ئه‌فغانستان؟ ترسی ئیسلامیه‌كان له عه‌لمانیه‌ت ترسی نوخبه‌یه‌كی ئیسلامیسته ده‌یانه‌وێت به دیدی خۆیان ئایین هه‌مووشتێك بێت و سه‌رجه‌م كایه‌كان كۆنترۆڵ بكات.
ترسێكی تری ئیسلامیه‌كان له عه‌لمانیه‌كان سه‌باره‌ت به‌و هێزانه‌ی كه شوناسی عیلمانیبوونیان هه‌ڵگرتووه تا ڕاده‌یه‌ك ترسێكی ڕه‌وایه، به‌ڵام به تێگه‌یشتن له مانا ڕاسته‌قینه‌كانی چه‌مگی سێكولاریزم ڕه‌وا نیه. به‌ڵی ئه‌وه ڕاسته هێزگه‌لێكی فاشی، ده‌سه‌ڵاتگه‌لێكی دیكتاتۆر و سته‌مكار له ناوچه‌كه‌دا هه‌ڵگری شوناسی عه‌لمانی بوون و گورزی كوشنده‌یان له‌م چه‌مكه داوه و ترسێكی گه‌وره‌یان لای ئیسلامیه‌كان دروست كردووه. من دروست له‌و ترسه تێده‌گه‌م كه زیاتر له نیو سه‌ده ده‌سه‌ڵات له مسر ئیسلامیه‌كان ده‌چه‌وسێنێته‌وه به‌ناوی ناسیۆنالیزم و سێكولاریزمهوه. من دروست له‌و ترسه تێده‌گه‌م كه ته‌نانه‌ت لای به‌شێكی ده‌سه‌ڵاتی كوردیش به‌رامبه‌ر به ئیسلامیه‌كان له نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردودا ئه‌نجام دراوه، ترسی لای ئیسلامیه‌كانی لای خۆمان له‌مه‌ڕ عه‌لمانیه‌ت دروست كردووه. به‌م بێشك ئیسلامیستی مسری ده‌بێت له‌وه حالی بێت نه ئه‌وه‌ی موباره‌ك په‌یڕه‌وی لێ ده‌كرد عه‌لمانیه‌ته به‌مانا ڕاسته‌قینه‌كه‌ی، نه ده‌سه‌لاتی لۆكاڵی كوردی كه تێكه‌ڵه‌یه‌كه له ناسیۆنالیزم و سۆسیال دیموكرات به خێڵ، عه‌لمانیه‌ته به‌مانا ڕاسته‌قینه‌كه‌ی.
ترسی ئیسلامیه‌كان له‌مه‌ڕ ده‌سه‌ڵاتی عه‌لمانیه‌تی فاشی ( ئه‌گه‌ر ئه‌م قسه‌یه دروست بێت) گوازراوه‌ته‌وه بۆ ترس له چه‌مكی عه‌لمانیه‌ت خۆی، ئه‌مه‌ش هه‌م له ناحاڵیبوونێكی كوشنده‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، هه‌م له توندڕه‌وییه‌كی ئاینیه‌وه كه لهناحاڵیبوونهكه كوشنده‌تره.
پرسیار: ره‌خنه‌و سهرنجێكیتری ئیسلامیه‌كان ئه‌وه‌یه له‌باشوری كوردستان عهلمانیهتو سێكولاریزم زیاتر وه‌ك شێوه‌و فۆرمه فه‌ره‌نسیه‌كه‌ی لهگوتارو پراكتیكدا خۆی وێنا ده‌كات، وه‌ك له‌وه‌ی له‌سه‌ر ستایڵی مۆدێله ئه‌نگلۆ-سهكسۆنیهكهی بێت، ئێوه لێكدانه‌وه‌تان له‌مباره‌وه چیه؟
وه‌ڵام: ئه‌م ترسه به‌شێكی ڕاسته. به‌ڵی له ساڵانی ڕابردوودا ده‌سه‌ڵاتی لۆكاڵی كوردی ده‌ستی هه‌بوو له كوشتنی ده‌نگی جیاواز و ڕێگه‌دان به موماره‌سه‌ی ئیسلامیه‌كان له دام و ده‌زگا و ته‌نانه‌ت ڕێگریكردنیان به به‌شداریكردن به لیستی جیاواز( وه‌ك لێدانی پارتی له یه‌كگرتوو له 2005) . ئه‌م ترسه بێئه‌ندازه ڕاسته كه ده‌سه‌ڵاتی كوردی له گوتار و پراكتیكدا جۆرێك له سزایان به‌سه‌ر ئه‌ندام و لایه‌نگرانی هێزه دینیه‌كاندا سه‌پاندووه و چه‌ندین جار هێرشیان كردۆته سه‌ریان. به‌ڵام به‌و دیوه‌دا ئه‌م دیده ڕاست نیه كه ئه‌مه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردی ده‌یكات یه‌كسانی بكه‌ی به عه‌لمانیه‌ت. ئه‌م دیده ڕاست نیه كه عه‌لمانیه‌ت كورت بكه‌یته‌وه بۆ ڕه‌فتاری ده‌سه‌ڵاتی كوردی به‌رامبه‌ر به ئایین و موماره‌سه‌ی ئایین له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا.
جارێ من ته‌سه‌ور ناكه‌م ئیسلامیه‌كانی ئێمه بتوانن جیاوازی له‌نێوان عه‌لمانیه‌تی فه‌ره‌نسی یان ئه‌نگلۆ سه‌كسۆنی یان عه‌لمانیه‌تی توركیدا بكه‌ن. ته‌فسیری ئیسلامیه‌كان بۆ عه‌لمانیه‌ت تهفسیرێكی سلبیه و ته‌واو ئیتر هه‌ر هه‌وڵێك بۆ تاوانباركردنی ده‌سه‌ڵاتی كوردی كه ته‌عبیر له چ جۆرێك له په‌یڕه‌وكردنی عه‌لمانیه‌ت ده‌كات شتێكی زیاده‌یه و ته‌نها خۆشاردنه‌وه‌یه له ڕاستیه‌كان. تۆ بزانه میدیای ئه‌هلی و ئازاد چ كۆمه‌كێكی به فراوانی ده‌نگی ئیسلامیه‌كان كردووه له كوردستان، ئه‌وه‌تا به یاسا ده‌یانه‌وێت له پارله‌ماندا ئازادیه‌كان به‌رته‌سك بكه‌نه‌وه له‌سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌ند دێڕێك له‌سه‌ر خودا. تۆ بزانه چه‌ندین جار نوسه‌ر و ڕۆشنبیره عه‌لمانیه‌كان به‌رگریان له ئیسلامیه‌كان كردووه ئه‌و كاته‌وه‌ی بوونه‌ته قوربانی، به‌ڵام من ترسی ئه‌وه‌م هه‌یه ئه‌م هێمینهی ئیسلامیه‌كان و باسكردنی ئازادی لای ئه‌م هێ.انه و نوسینی ئازادی به قه‌ڵه‌می ڕه‌ساس بۆ ئه‌وه بێت سبه‌ی بتوانن بیسڕنه‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی له ئێستای مسردا هه‌یه كه هونه‌ر دادگای ده‌كه‌ن.
به هه‌ردوو دیدهكهدا ئیشكاڵ هه‌ڵده‌گرێت. شتێك نیه به‌ناوی عه‌لمانیه‌تی كوردی تاكو فۆرمی فه‌رنسی بێت یان ئه‌نگلۆ ساكسۆنی. شتێك نیه به‌ناوی دیدی سێكولار لای ده‌سه‌ڵاتی كوردی تاكو ئیسلامیه‌كان تاوانباریان بكه‌ن به‌وه‌ی كه ئه‌م جۆره له حوكمڕانی یه‌كسانه به حوكمڕانی عه‌لمانی و له‌وێوه بیانه‌وێت پێمان بڵێن ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی جوانترینه. به دیوه‌كه‌ی تریشدا ئه‌وه‌ی ئیسلامیه‌كان ده‌یكه‌ن شتێك نیه به‌ناوی ئیسلامی ڕۆحی و ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌م جۆره ڕه‌فتاره له ده‌سه‌ڵاتێكی توندڕه‌وه‌وه نزیكه له پراكتیزه‌كردنی خواپه‌رستیه‌كی ڕۆحیه‌وه نزیك نیه. ئه‌م ده‌نگه‌ده‌نگه‌ی هه‌ست پێده‌كرێت ئایین نیه، له‌كاتێكدا ئه‌م هه‌ڵپه‌ڕین و ڕووتكردنهوهیهی ده‌سه‌ڵاتی كوردیش عه‌لمانیه‌ت نیه به‌مانا ڕاسته‌قینه‌كه‌ی.
له ئێستادا ده‌سه‌ڵاتی كوردی ته‌عبیر له هیچ فۆرمێكی عه‌لمانیه‌ت ناكات، له به‌رامبه‌ریشدا هێزه ئیسلامیه‌كانی لای ئێمه‌ش ته‌فسیریان بۆ خودا و ئایین و شه‌ریعه‌ت تهفسیرگهلێكی زۆر لاوازه و هێنده‌ی ده‌نگه ده‌نگ ده‌كه‌ن، هێنده بیر ناكه‌نه‌وه. كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له ئێستادا خاڵییه له عه‌لمانیه‌ت و ئایین. به‌كورتی نه ئه‌وه‌ی هێزه ده‌سه‌ڵاتدار و چه‌په‌كان هه‌ڵگرین عه‌لمانیه‌ته، نه ئه‌و دیده‌ش كه ئیسلامیسته‌كانی ئێمه هه‌ڵیده‌گرن ته‌فسیری قوڵی ئایین و تێگه‌یشتنه له خودا و جوانیه‌كانی خودا.
پرسیار: به‌بڕوای ئێوه عهلمانیهتو سێكولاریزم به‌هایه یاخود سیستم؟ تاچه‌ند جێگه‌ی ئاین له‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا ده‌بێته‌وه، كهعهلمانیهت تیایدا باڵاده‌ست بێت؟
وه‌ڵام: سێكولاریزم بێشك سیسته‌مه. زۆرێك له ولاتان له خۆرئاوا به سیسته‌می عه‌لمانیه‌ت ده‌ستور و یاساكان به‌ڕێوه ده‌به‌ن. سێكولاریزم وه‌ك سیسته‌م توانای به‌ڕێوه‌بردنی جیاوازییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی هه‌یه. له‌سایه‌ی سیسته‌می عه‌لمانیدا ڕێگری ده‌كرێت له یه‌ك فۆرم له دنیابینی و یه‌ك فۆرم له خواپه‌رستی. له سیسته‌می عه‌لمانیه‌تدا زیاد له ئایدۆلۆژیایه‌ك ئاماده‌یه‌و زیاد له ئاینێك موماره‌سه‌ی خۆی ده‌كات به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌سیان ئه‌وه‌ی تریان بسڕنه‌وه به جیاواز له‌و ولاتانه‌ی كه ئایین به‌ڕێوه‌یان ده‌بات و ده‌ستی هه‌یه له سڕینه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئاینه‌كانی تر و گروپ و ئهتنیهكانی تر له‌چوارچێوه‌ی سیسته‌مێكدا جێگه‌یان نابێته‌وه كه ئایین حوكمی بكات.
ئه‌گه‌ر سێكولاریزم له ساده‌ترین پێناسه‌یدا بریتی بێت له ڕه‌خساندنی دۆخێك بۆ هه‌موان به‌جۆرێك ته‌عبیر له پلورالیزم و فره‌ده‌نگی بكات، ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه له‌وه‌ها سیسته‌مێكدا ئایین به‌های خۆی وه‌رده‌گرێته‌وه و ده‌بێته كایه‌یه‌ك وه‌ك سه‌رجه‌م كایه‌كانی تر. پێویستمان به گه‌ڕانه‌وه بۆ مێژوو نیه تا موماره‌سه‌ی عه‌لمانیه‌ت ببینین له ئێستای كۆمه‌ڵگه‌ی به‌شه‌ریدا. زۆرێك له ده‌وڵه‌تانی خۆرئاوا عه‌لمانیه‌ت بنه‌مای سه‌ره‌كی دهستورهكهیانهو هه‌رگیز له‌وه‌ها سیستهمێكیشدا دین ڕه‌ت نه‌كراوه‌ته‌وه و به‌ڵكو تا دێت له خۆرئاوا دین ده‌بێته پێداویستیه‌كی سه‌ره‌كی ئیسنان وه‌ك چۆن بێدینیش پێداویستیه‌كی سه‌ره‌كی ئینسانه. بۆیه له سیسته‌می عه‌لمانیه‌تدا بێ‌دین و باوه‌ڕدار جێیده‌بێته‌وه و هه‌ر یه‌كه‌شیان موماره‌سه‌ی ئاینی یان بێدینی خۆی ده‌كات، له به‌رامبه‌ریشدا له زۆرێك له‌و وڵاتانه‌ی كه ئاین له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و ده‌ستوردایه، ته‌نها باوه‌ڕدار ( به‌بۆچوونی خۆیان) ده‌توانێت موماره‌سه‌ی ژیان بكات، به‌مه‌ش ئایین ده‌بێته پۆلیس وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا له زۆرێك له وڵاتانی عه‌ره‌بیدا په‌یڕه‌وی لێ ده‌كرێت.
زیاد له نمونه‌یه‌كمان هه‌یه كه ده‌ستورێكی عه‌لمانی توانای به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگه‌ی به ته‌ندروسترین شێوه هه‌یه و زیاد له نمونهیهكیشمان له‌به‌ر ده‌سته كه ده‌ستور ئاینیه و كه‌چی ئایین له كۆمه‌ڵگه‌دا موماره‌سه‌ی خۆی ناكات. زۆرینه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپای خۆرئاوا ده‌ستورێكی عه‌لمانیان هه‌یه و ئاینیش تیایاندا گه‌شه ده‌كات و زۆریش له وڵاتانی دینای عه‌ره‌بی و ئیسلامی كه ده‌ستور ئیسلامیه و كه‌چی ئیسلامی تێدا ئه‌تك ده‌كرێت.
لێره‌وه ده‌بێت ئه‌و ڕاستیه‌ش بزانین كه هه‌رگیز عه‌لمانیه‌ت به‌دیلی ئاین نیه و ئه‌وه‌ی وا تێبگات عه‌لمانیه‌ت بریتیی بێت له بێ دینی و كوشتنی ئایین، له بێئاگاییه‌كی كوشنده‌دا ده‌ژێت. به‌ڵكو وه‌زیفه‌ی عه‌لمانیه‌ت نیه جێگره‌وه بێت بۆ هیچ ئایدۆلۆژیا و هیچ مه‌زهه‌بێكی دیاریكراو به‌ڵكو وه‌زیفه‌ی عه‌لمانیه‌ت گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌هایه بۆ ئایین كه ده‌یه‌وێت هه‌موو شتێك بێت ئایین نه‌بێت. له كاتێكدا كۆمه‌ڵگه پڕبێت له بێ دین و سێكولار و مرۆڤی بێ خودا و ئایدۆلۆژیای جیاواز ناكرێت ئایین هه‌موو شتێك بێت. كاتێك ئایین هه‌موو شتێك بوو له كۆمه‌ڵگه‌دا ئه‌وا بێشك كایه‌كانی تر ده‌كه‌ونه ژێر هه‌یمه‌نه‌ی یه‌ك جۆر له ئاینه‌وه و لێره‌شه‌وه ده‌بینین ئایین هه‌وڵ ده‌دات هه‌موو شت قۆرخ بكات و قسه له‌سه‌ر هه‌موو شتێك بكات. به‌ڵام عه‌لمانیه‌ت دێت و كایه ده‌به‌خشێته‌وه به ئایین وه‌ك كایه‌كانی تر و ڕێگر ده‌بێت له‌وه‌ی ئایین سه‌رجه‌م پنهكانی كۆمه‌ڵگه داگیر بكات.
بۆیه پێویسته به‌ده‌نگی به‌رز بڵێم ئه‌وه سیسته‌می عه‌لمانیه‌ته كه جێگه‌ی ئاینی تێدا ده‌بێته‌وه و به ده‌نگێكی به‌رزتریش ده‌ڵێم ئه‌وه ئایینه كه بچێته ناو ده‌ستور و به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ر وڵاتێكه‌وه جێگه‌ی ته‌نانه‌ت خودی ئاینیی تێدا نابێته‌وه و ئایین به‌ڕێگه‌یه‌كدا ده‌بات كه هه‌موو شتێك بێت ئایین نه‌بێـت.
پرسیار: پێتوایه تائێستا توانرابێت خوێندنه‌وه‌یه‌كی بابه‌تی‌و زانستیانه بۆچهمكو به‌هاكانی عه‌لمانیه‌ت له‌باشوری كوردستان له‌سه‌ر ئاستی هه‌ردو به‌ره‌ی دۆست‌و نه‌یار كرابێت، به‌جۆرێ تایبهتمهندێتیو ره‌وش‌و دۆخه جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی رهچاوكرابێت؟ به‌ومانایه‌ی كه‌زیاتر لێكدانه‌وه‌كان له‌باره‌یه‌وه زیاتر وه‌ك لاساییكردنه‌وه‌و كۆپیكردنی خوێندنه‌وه‌ی ده‌ره‌كی به‌رچاو ده‌كه‌ون؟
وه‌ڵام: دروست له كوردستاندا به‌مانا عهقڵانیهكهی شتێك نیه به‌ناوی ململانێی ئایین و عه‌لمانیه‌ت. له‌سه‌ر ئاستی تێگه‌یشتن له‌م چمكه هه‌وڵی زۆر سه‌ره‌تایی دراوه كه شایه‌نی باسكردن نین. كه‌مترین كتێب بۆ شیكرنه‌وه‌ی چه‌مكی عه‌لمانیه‌ت دراوه له‌سه‌ر ئاستی فكری و ئه‌كادیمیدا. له‌سه‌ر ئاستی ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگه‌ش ئه‌و هه‌وڵانه‌ی بۆ دژایه‌تیكردنی هێزه دینیه‌كان و ڕووتكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه و خستنه‌گه‌ڕی ماسمیدیا بۆ هه‌ڵپه‌ڕین و كاتبه‌سه‌ربردنی مرۆڤ له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه هه‌رگیز ناچێته خانه‌ی موماره‌سه‌كردنی عه‌لمانیه‌ته‌وه. واته هه‌م له ئاستی ئه‌كادیمیا و هه‌م له ئاستی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ( ئه‌گه‌ر عه‌لمانی بێت) هه‌وڵدان بۆ موماره‌سه‌كردنی سیسته‌مێك بۆ سێكولاریزم هه‌وڵدانێكی ته‌واو لاوازه و شایه‌نی له‌سه‌ر وه‌ستانیش نیه. ئێمه زیاد له هه‌وڵێكمان پێویسته له‌سه‌ر ئاستی ئه‌كادیمیا و فكردا بۆ شیكردنه‌وه‌ی چه‌مكی عه‌لمانیه‌ت، به هه‌مان شێوه‌ش زیاد له هه‌وڵێكمان گه‌ره‌كه له‌سه‌ر ئاستی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بۆ تهمسیلكردنی ده‌سه‌ڵاتێكی سێكولار كه عه‌لمانیه‌ت به‌مانا زانسیتیهكهی بكاته په‌یڕه‌وی خۆی.
به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی دۆست و نه‌یارانی ئه‌م چه‌مكه وه‌ك له پرسیارهكهتا هاتووه ئه‌م چه‌مكه به‌بێ شیكردنه‌وه‌ی زانستی و به‌بێ تێگه‌یشتن تێده‌په‌ڕێنرێت. ئه‌و به‌ره‌یه‌ی كه ته‌مسیلی عه‌لمانیه‌ت ده‌كات له كوردستان تا ئێستا نه‌یتوانیوه به شێوه‌یه‌كی زانستی و عه‌قڵانی ئه‌م چه‌مكه شی بكاته‌وه و پێمان بڵێت له كوێدا سێكولاریزم زه‌روره، له به‌رامبه‌ریشدا به‌ره‌ی نه‌یار ته‌نها به‌شێوه‌یه‌كی سهپێیی قسه له‌سه‌ر ئه‌م چه‌مكه ده‌كات و سوره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه عه‌لمانیه‌ت یه‌كسانه به بێدینی و كوفر و ئیلحاد. ئه‌م دوو دیده دوو دیدی زۆر ترسناكن و نه دیدی یه‌كه‌م بریتیه له عه‌لمانیه‌ت به‌مانا زانستیه‌كه‌ی و نه دیدی دووه‌م دیدێكی ئاینیه به‌مانا عه‌قڵانیی و ڕۆحیه‌كه‌ی.
پرسیار: ئه‌و ده‌نگانه‌ی كه‌له‌نێو جوڵانه‌وه‌ی ئیسلامی‌دا ده‌یه‌وێت لهچهمكو به‌هاكانی عهلمانیهتو سێكولاریزم تێبگات‌و خوێندنه‌وه‌ی بۆبكات هه‌میشه كه‌مه، به‌ڵام بۆچی توانای نیه ببێته ده‌نگێكی زاڵی نێو گوتاره ئیسلامیه‌كه؟
وه‌ڵام: گوتاری ئیسلامی سیاسی گوتارێكی شمولییه و توانای خوێندنه‌وه‌ی خۆی نیه چجای خوێندنه‌وه‌ی چه‌مكه‌كانی تر. گوتاری ئیسلامی سیاسی له كوردستان گوتارێكی ته‌واو كۆنزێرڤاتیڤانهیه و تێكه‌ڵه‌یه‌كه له خوێندنه‌وه‌ی ئایین به مانایه‌كی ته‌واو ته‌قلیدی له‌گه‌ڵ تێڕوانینێكی ته‌واو سه‌له‌فی و تاكڕه‌و كه له گوتاری مه‌لایه‌كی نه‌خوێنده‌وار ته‌جاوه‌زی نه‌كردووه. له‌ناو ئه‌م جۆره هێزانه‌دا ده‌نگێك بیه‌وێت خوێندنه‌وه نه‌ك بۆ عه‌لمانیه‌ت ته‌نانه‌ت بۆ ئاینیش بكات به‌مانا ڕۆحیهكی ده‌نگێكی كز و بێهێز ده‌بێت.
كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌به‌رده‌م گوتارێكی دینیدایه هێنده‌ی له‌سه‌ر حه‌ماس كار ده‌كات هێنده له بێده‌نگیدا بیر ناكاته‌وه. ئه‌م گوتاره ئه‌وه‌نده‌ی گورزی كوشنده له ئایین ده‌دات ئه‌وه‌نده به‌مانا عهقڵانیهكهی نه‌یتوانیوه ئایین وه‌ك بوونێكی ڕۆحی به كۆمه‌ڵگه بناسێنێت.
گوتاری ئیسلامی له كوردستان گوتارێكی عه‌قلانی نیه. ئه‌م گوتاره به شههرلعهسهل له‌گه‌ڵ دیدی سه‌له‌فی و به پاڵپشت به جۆرێك له گوتاری سه‌له‌فیانه‌ی پیاوانی ئاینی له هه‌وڵی به‌رده‌وامدان كه كۆمه‌ڵگه بكه‌نه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دینی( به دیدی خۆیان). تۆ ته‌ماشا بكه كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له چ دۆخێكدایه له‌سه‌ر ئاستی سیاسی و ئابووری، كه‌چی گوتاری ئیسلامی ته‌واو گوتارێكی بێده‌نگه به‌رامبه‌ر دۆخێكی له‌م شێوه‌یه، به‌ڵام سه‌باره‌ت به سه‌نته‌ره‌كانی مه‌ساج و خواردنه‌وه‌ی مه‌ی چۆن ده‌نگ هه‌ڵده‌بڕن. سه‌یر بكه به‌ناو نوسینێك له‌سه‌ر دین كه هه‌موو شتێكه به‌س نوسین نه‌بێت گوتاری ئیسلامی جۆن ده‌نگ هه‌ڵده‌بڕێت و وشه‌ی ئه‌ڵاهو ئه‌كبه‌ر له چه‌مكێكی دینی و ڕۆحیه‌وه ده‌كاته چه‌مكێكی سیاسی سیخناخ به عاتیفه و توندڕه‌وی.
ڕه‌نگه له‌ناو ئه‌م هێزانه‌دا ده‌نگ هه‌بێت بیه‌وێت ماڵئاوایی له‌م دۆخه جه‌هه‌نه‌میه بكات كه گوتاری ئیسلامی هه‌ڵگرێتی، ڕه‌گه گهنجگهلێكمان هه‌بن له‌ناو ئه‌م هێزه دینی و گوتاره دینیه ته‌قلیدیه‌دا قه‌ڵه‌ق بن له‌م دۆخه‌ی كه ئه‌م گوتاره هه‌ڵگرێتی، به‌ڵام ده‌نگه‌كان هێنده كز و بێهێزن توانای گۆڕانكاری گه‌وه‌یان نیه له‌ناو ئه‌م گوتاره‌دا. گوتاری دینی گوتارێكه زه‌حمه‌ته به ده‌نگه بێهێزه‌كانی ناوی بتوانێت جۆرێك گۆڕانكاری به‌سه‌ردا بێت. ئه‌م گوتاره پێویستی به گۆڕانی ڕیشه‌یی قوڵ هه‌یه. ئه‌م گوتاره كه دنیایه‌ك هێز و پیاوانی ئاینی و ده‌نگی ته‌قلیدی كۆمه‌ڵگه‌ی له‌پشته ئه‌سته‌مه به چه‌ند ده‌نگێكی كه‌می ناو ئه‌م گوتاره ( ئه‌گه‌ر هه‌بن) بتوانن گۆڕانگاری ڕیشه‌یی بكه‌ن.
پرسیار: عه‌لمانیه‌ت چ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌مه‌سه‌له‌كانی ئازادی تاكه‌كه‌س‌و ئازادی بیروڕاو مه‌سه‌له‌ی شوناس‌و هاوڵاتیبونو چه‌مه‌كانی تره‌وه، بۆههردو تاكی باوه‌ڕدارو بێباوه‌ڕ هه‌یه؟
وه‌ڵام: مادام عه‌لمانیه‌ت ته‌عبیر له فۆرمێك ده‌كات بۆ فره‌یی، ئه‌وا بێشك له سیكولاریزمدا مه‌سه‌له‌كانی ئازادی تاكه‌كه‌س و بیر و ڕاو شوناس و هاوڵاتیبوون مافگه‌لێكی پارێزراون. عهلماینهت ئایین نیه تا كۆمه‌ڵگه به فۆرمی ئاینی ڕابێنێت، ئایدۆلۆژیاش نیه تا ته‌عبیر له دید و بۆچوونێكی دیاریكراو بكات. عه‌لمانیه‌ت هیچ نیه جگه له خولقاندنی فه‌زایه‌ك له كۆمه‌ڵگه‌دا كه كۆی دید و بۆچوون و مه‌زهه‌به‌كانی تر بپارێزێت.
ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك یان ده‌ستورێكی ئایینی وه‌زیفه‌ی ئه‌وه بێت مافی موسوڵمانێك یان كه‌سێكی باوه‌ڕدار بپارێزێت، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكی ئایدۆلۆژی یان مه‌زهه‌بی وه‌زیفه‌ی ئه‌وه بێت كه كۆمه‌ڵگه به بۆچوونی خۆی له فه‌زایه‌كی فره‌وه بگوازێته‌وه بۆ فه‌زایه‌كی سرف دینی، ئه‌وا عه‌لمانیه‌ت به‌پێچه‌وانه‌وه ئیشی ئه‌وه نیه كه مرۆڤ چۆن بیر ده‌كاته‌وه و چۆن خوا په‌رستی ده‌كات و هه‌ڵگری چ گوتارێكه بۆ بیركردنه‌وه و تێڕامان له خۆی و دنیا، به‌ڵكو عه‌لمانیه‌ت ئیشی ئه‌وه‌یه كه به‌رگری له‌سه‌رجه‌م دید و تێڕوانینه‌كان بكات به‌بێ جیاوازی. به‌ڵام تێگه‌یشتن له‌م گوتاره دنیاویه بۆ موسوڵمانێكی توندڕه‌و، بۆ پیاوێكی ئاینی تاكڕه‌هه‌ند ئاسان نیه.
له عه‌لمانیه‌تدا شوناس ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ گروپ و هێز و كۆمه‌ڵگه‌ی بێ شوناس، چونكه عه‌لمانیه‌ت بۆخۆی هه‌ڵگری هیچ شوناسێك نیه تاكو شوناسه‌كانی تر بسڕێته‌وه. به‌ڵكو عه‌لمانیه‌ت وه‌زیفه‌ی ئه‌وه‌یه ده‌نگی ئه‌و گروپ و كۆمه‌ڵگانه بن كه شوناسیان نیه و هه‌وڵ ده‌دات شوناس بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك یان هێزێك كه شوناسی لێ سه‌ندراوه‌ته‌وه. بۆیه ههرڤیز له هیچ سیسته‌مێكدا مرۆڤی باوه‌ڕدار و بێ باوه‌ڕ ناتوانن به‌یه‌كه‌وه بژین له سیسته‌می عه‌لمانیه‌تدا نه‌بێت. ته‌نها له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌دا ده‌توانین باس له زیاد له شوناسێك و زیاد له مه‌زهه‌بێك و زیاد له دید و تێڕوانینێك بكه‌ین كه عه‌لمانیه‌ت تێیدا ده‌ستوره، به‌پێچه‌وانه‌وه له زۆرێك له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی كه ئایین تیایاندا حوكم ده‌كات چه‌مكه‌كانی له‌مه‌ڕ هاوڵاتیبوون و ئازادی بیروڕا و ئازادی تاكه‌كه‌س ته‌واو غائیبه.
ئاماده‌كردنی سه‌ڵام عه‌بدولكه‌ریم
>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>
عه‌زیز ڕه‌ئووف
نوسه‌ر و وه‌رگێڕ
ساڵی 1975 له گوندێكی نزیك چه‌مچه‌ماڵ له‌دایك بووه
بهكالیۆریۆسی له ئه‌ده‌بی ئینگلیزی ساڵی 2003 له زانكۆی سلێمانی وه‌رگرتووه
دبلۆمی له مافه‌كانی مرۆڤ وه‌رگرتووه
خاوه‌نی هه‌شت كتێبی وه‌رگێردراوه له بواره‌كانی ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه و ئایین
به‌رده‌وام له گۆڤار و ڕۆژنامه‌كاندا بابه‌تی ئه‌ده‌بی و سیاسی ده‌نوسێت.
………………………………..
ئه‌م چاوپێكه‌وتنه له ژماره (316) و (317)ی ڕۆژنامه‌ی چاودێردا بڵاو كراوه‌ته‌وه.