Skip to Content

Thursday, May 26th, 2022

سایەقە سەرخۆشەکان …. یاسین بانیخێڵانی

Closed
by June 14, 2012 گشتی

لە دەربەندیخان بەرەو کەلار دەردەچیت بەرەوخوارکەیەکی لێیە، کە لە دەستە ڕاستەوە دۆڵێکی گەورەو پانە تا دەگاتە چەمی دێوانە، ئەم دۆڵە بە شەیتان بازاڕ ناسراوە.
ماوەی چەند ساڵێکە پرۆژەی درووستکردنی بەنداوێک لەسەر ئەم چەمە، کە بیرۆکەیەکی زۆرباشە ڕۆشتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش مانای ئەوە نییە، کە ئێمە دڵنیاین ئەم پرۆژە جێبەجێ دەکرێت، چونکە لە بیست ساڵی ڕابردووردا دەیان پرۆژە خرانە بواری جیبەجێکردنەوەو هیچیان یان هەر تەواو نەکران یان بە نیوە ناچڵی تەواویان کردن.
برادەرێکم بۆی گێرامەوە، کە دوو سێ ساڵ پێش ئێستا، تەنکەرێکی نەوت هەڵگر لەو بەرەوخوارکەی لەسەرەوە باسمان کرد بە نیازی بیرە کڕین ڕاوەستاوە، بەڵام تا هاتۆتە دەرەوە تەنکەرەکەی هێواش هێواش بۆ خۆی ڕۆشتووەو کەوتۆتە دۆڵەکەوە.
وابزانم کەسێک نییە لە کوردستاندا ئەگەر ڕۆژانە بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت تەماشای ڕۆژنامە، تەلەفزیۆن و سایتە ئەنتەرنێتییەکان بکات هەواڵێکی لەم شێوە بەرچاوو گوێی نەکەوێت” تەنکەرێکی نەوت هەڵگر لە دەربەندیخان وەرگەڕا” ئەم ڕوداوانە ئەوەندە دە بارە بوونەتەوە ئێستا خەڵکی دەربەندیخان هاوار دەکەن و دەڵێن: “بۆردومانی تەنکەرەکان ڕاگرن”.
تا ئێرە بە تەنها چیرۆکی وەرگەڕانی تەنکەرەکانە، بەڵام ئەوەی تا ئێستا من گوێم لێ نەبووەو دەمەوێت قسە لەسەر بکەم کارەساتی دوای وەرگەڕانەکانە، کە دەبێت هۆی وێرانکردنی سروشت و پیسکردنی ژینگە.
من هەر ئەو نمونەی سەرەوە باسدەکەم، گریمان ئەو بەنداوەی سەر چەمی دێوانە تەواو بووەو ئەو دۆڵەش بووە بە دەریاچە، ئاوی ئەو دەریاچەش دەڕژێتە ناو ڕوباری سیروانەوە، تەنکەرێک بەلای کەمەوە ٣٦٠٠٠ سی و شەش هەزار لیتر نەوتی هەڵگرتووەو دەکەوێتە ناو ئەو دەریاچەوە، تۆ بیهێنە بەرچاوی خۆت چ کارەساتێک ڕودەدات، ئەو ئاوە نەوتاوییە دەڕژێتە ناو سیروانەوەو ڕوباری سیروانیش بە درێژایی ٣٠٠ کیلۆمەتر سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەو بەروبوومی کشتوکاڵیی سەدان گوندو شارو شارۆچکەیە. من دەپرسم ئایا تا ئێستا لیژنەیەک لێکۆڵینەوەی لەو زەوییانە کردووە، کە تەنکەرەکانی تێدا وەرگەڕاون؟ ئایا تا ئێستا کەسێک ئەم پرسیارەی لەلا درووست بووە وەرگەڕانی هەر تەنکەرێک بەو ڕێژە زۆرەی نەوتەوە زیانەکانی بۆ سەر سروشت و ژینگەی ئەو شوێنە چەنێکە؟.
ساڵی ١٩٥٧ لە شاری جنێڤ ی سویسرابە سەرپەرشتی لیژنەی ئابوری ئەوروپا (UNECE) ڕێکەوتننامەیەک پێسنیارکرا، کە لە ١٩٦٨ خرایە بواری جێبەجێکردنەوە لەژێر ناوی (ADR) کە تا ئێستا ٤٨ وڵات ئەو ڕیکەوتننامەی ئیمزاکردووە. ئای دی ئار چییە؟ کورتکراوە ئەم دێڕە فەرەنسییەیە (Accord européen relatif au transport international des marchandises Dangereuses par Route) واتە “ڕێکەوتننامەی ئەوروپا پەیوەست بە گواستنەوەی کاڵا مەترسیدارەکان لەسەر شەقام” بە پێی ئەم ڕێکەوتننامەیە لەو ٤٨ وڵاتەی، کە ئیمزایان کردووەو دوو وڵاتی عارەبیشی تێدایە لەوانە مەغریب و تونس هەر تەنکەرێک کاتێک کاڵایەکی مەترسیدار وەک نەوتییەکان و کیمیاوییەکان باردەکات، پێویستە جگە لە پلاکی ئۆتۆمبیلەکە پلاکێکی سوریش هەڵگرێت، کە لە دوو ژمارە پێک هاتووە، ژمارەیەکیان کۆدی ڕێژەی مەترسی بارەکەیە و ژمارەی ژێرەوە جۆری مادەکەیە، بۆ نمونە لەهەر وڵاتێک لەو وڵاتانەی باسمان کردن تەنکەرێکتان بینی ژمارە سورەکەی ٣٣ لەسەر  ١٢٠٣ سێ بوو یەکسەر دەزانیت ئەو تەنکەرە بەنزینی هەڵگرتووە تا دوایی.
ئەوەی دەمەویست لێرەدا باسی لێوە بکەم، ئەوەیە؛ لەتەنیشت ئەو شەقام و جێگایانەی زەوی کشتوکاڵی یان چەم و ڕوبار هەن هێمایەکی تایبەت بۆ شۆفێری تەنکەرەکان هەن، کە دەبێت زۆر بە وریاییەوە لەو جێگانەدا لێبخوڕن، لەوەش گرنگتر هەر شۆفێرێک لەو شۆفێرانەی بۆیان هەیە تەنکەر لێبخوڕن جگە لەوەی پێویستە ڕوخسەتی ئۆتۆمبیلی بارهەڵگریان هەبێت، دەبێت هەڵگری بڕوانامەیەک بن تایبەت بە لێخوڕینی ئەو تەنکەرانەی کاڵای مەترسیدار دەگوازنەوە. جگە لەمەش هەر شۆفێرێک لەو شۆفێرانە لەکاتی گواستنەوەی ئەو کاڵانەدا بۆیان نییە جگەرە بکێشن تەنها ئەو کاتانە نەبێت، کە بۆ پشوو بۆیان دیاری کراوەو بە هیچ شێوەیەک نابێت هەشت کاتژمێر پێش لێخوڕینی ئۆتۆمبیلەکانیان خواردنەوەی کحولیان خواردبێتەوە، کەچی شۆفێری تەنکەرەکانی کوردستان، کە زۆربەیان ئێرانین و ئەوانیش ئەوەندە لە خواردنەوە کحولییەکان مەحرومن هەر لە سنور هاتن بەمدیودا تەرمۆزێکییان لە تەنیشتییان داناوە پڕی دەکەن خۆیان گوتەنی لە ئابجۆ تا دەگەڕێنەوە دەخۆنەوە، ئەمەش هۆکاری یەکەمی وەرگەڕانی ئەو تەنکەرانەیە. بۆیە پێویستە وەک ناتوانرێت ڕێگا لە دزینی نەوت بگیرێت هیچ نەبێت خۆ دەتوانرێت ڕێگا لەوە بگیرێت سروشت و ژینگەی ناوچەکە بە دەست سایەقە سەرخۆشەکانەوە پیس و وێران نەکرێت.
 

Previous
Next