ده‌سه‌ڵاتێكی نانیشتیمانیی… به‌ختیار محه‌مه‌د
وا باشه، كه سه‌رۆك و سه‌ركرده‌كانی هه‌ر حزبێكی (یان چه‌ند حزبێكی هاوپه‌یمانی) فه‌رمانڕه‌وا – ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌پێناو مانه‌وه‌ی حزب و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی خۆشیان بێ، نه‌ك خۆشه‌ویستیی گه‌ل و وڵاته‌كه‌یان – دیموكراسی بن و له دیارده‌ی خراپی وه‌ك گه‌نده‌ڵیی دوور بكه‌ونه‌وه. (1) ئه‌وه‌ش دیاره، كه هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێك (حكومه‌تێك) (2) و هه‌موو حزبێك و هه‌موو كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسی له چوارچێوه‌ی سیستمی دیموكراتیدا، به‌هێز ده‌بن (ئه‌مه‌ش مێژووی كۆمه‌ڵگه دیموكراسییه‌كان بۆی سه‌لماندووین). هه‌ڵبه‌ت ئێمه لێره بۆ ئه‌وه‌ی به شێوه قانونیه‌كه‌ی (پرۆسه‌ی ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردن) له ده‌سه‌ڵاتدا بمێنینه‌وه، پێویستمان به‌وه نییه، كه هێز به‌كار بهێنین. لێره‌شدا جیاوازی له نێوان سیستمێكی سیاسی دیموكراسی و دیكتاتۆرییدا،بریتییه له ڕه‌گه‌زی هێز. واته دیكتاتۆره‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌كان، پشت به به‌كار هێنانی هێزی زۆر ده‌به‌ستن، به‌ڵام دیموكراته‌كان پترپشت به یاسا و به‌ها دیموكراسییه‌كان ده‌به‌ستن. هه‌ڵبه‌ت هه‌مووشمان ده‌زانین، كه له دنیای مه‌ده‌نی هاوچه‌رخدا، به‌هێزیی هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك (ده‌وڵه‌تێك)، له به‌هێزیی دام و ده‌زگا سیاسی و یاساییه دیموكراتییه سهربهخۆیهكانیدایه (ئه‌و دام و ده‌زگایانه‌ی، كه نوێنه‌رایه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی ئیراده‌ی هه‌موو خه‌ڵك ده‌كه‌ن). واته ده‌سه‌ڵاتی سیاسی (ده‌وڵه‌ت) ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ بێ و مه‌رجه‌عی بێلایه‌نی شه‌رعی هه‌موو حزب و هه‌موو لایه‌نێك بێ. واته ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌بێ له ده‌سه‌ڵاتی حزبێك و سه‌ركرده‌یه‌ك گه‌وره‌تر بێ و ده‌سه‌ڵاتی پاراستنی مافه‌كانی هه‌موو تاكێك و هه‌موو كۆمه‌ڵگه بێ؛ ئه‌وسا ده‌كرێ بڵێین، كه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ده‌سه‌ڵاتێكی دیموكراتیی و نیشتیمانییه؛ به‌ڵام ئێمه له كۆمه‌ڵگه ته‌قلیدییه‌كان و له وڵاته نادیموكراسییه‌كانی وه‌ك خۆماندا، ئه‌م پێوه‌ندییه به ته‌واویی به‌پێچه‌وانه ده‌بینین. واته مه‌رجه‌عی (سه‌رچاوه‌ی) ده‌سه‌ڵات (ده‌وڵه‌ت)، تاكه حزبێك و تاكه سه‌ركرده‌یه‌كه.(3) واته ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، كه له بنه‌ڕه‌تدا ده‌بێ قه‌واره‌یه‌كی سیاسی فره‌وانتر و گه‌وره‌تر بێ له هه‌موو قه‌واره و یه‌كه‌یه‌كی سیاسی بچووكتری وه‌ك حزب و سه‌ركرده و بنه‌ماڵه و خێڵ…، كه‌چی لێره به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌م قه‌واره سیاسییه گه‌وره‌یه ده‌بێته پاژێك له‌م قه‌واره بچووكانه و ده‌بێته پاشكۆی ئه‌م قه‌واره سیاسییه بچووكانه. واته ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌چێته ناو چوارچێوه بچووكه‌كان و ده‌بێته شتێكی بێ بایه‌خی شكڵیی و لاوه‌كیی و ده‌بێته ئامرازێك بۆ گه‌وره‌كردن و به‌هێزكردنی ئه‌م یه‌كه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه بچووكانه (ئه‌مه‌ش بێ هێزیی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته و قۆناغی – له ڕه‌وشی ئه‌و نه‌ته‌وه بێ ده‌وڵه‌تانه‌ی، كه ده‌سه‌ڵاتێكی خۆبهڕێوهریان هه‌یه- به‌ر له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تیش ده‌گه‌یه‌نێ). ئێستا ئه‌م واقیعه – له دوای بیست و دوو ساڵ له ئه‌زموونی سیاسی خۆبه‌ڕێوه‌بردن – واقیعی سیاسی باشووری كوردستانه. ئه‌و واقیعه‌ی، كه نادادپه‌روه‌ریی هه‌رگیز نه‌یهێشت نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌م به‌شه‌ی كوردستاندا، له‌سه‌ر پێی خۆی ڕابوه‌ستێ و به دڵنیاییشه‌وه بیر له دواڕۆژ و چاره‌نووسی ژیانی سیاسی خۆی بكاته‌وه (به‌و پێیه‌ی، كه ئێمه ڕاپه‌ڕینمان كرد و له چنگی فاشیترین داگیركه‌ر ڕزگارمان بوو). ئێستا ئێمه – به داخه‌وه – هه‌ر وه‌ك دوێنێ نه‌ته‌وه‌یه‌كی سیاسی په‌رش و بڵاوین؛ په‌رش و بڵاوین له‌ناو قینی ململانێی حزبایه‌تیدا (حزبه‌كاندا). ئه‌وه‌ته وا نزیكه‌ی بیست و دوو ساڵه (زۆر به‌ر له‌م مێژووه‌ش)، سیستمی كاری حزبایه‌تی له وڵاتی ئێمه‌دا، قین له نێوان هاووڵاتییانی نه‌ته‌وه‌یه‌ك و وڵاتێكدا ده‌چێنی: پارتییه‌كان ڕقی قووڵیان له یهكیهتییهكانه و ئه‌مانیش ڕقی قووڵیان له‌وانه و ئه‌مانه‌ش هه‌ردوولایان پێكه‌وه له‌سه‌ر عه‌رشی ده‌سه‌ڵاتێكی خێڵه‌كیدا، ڕقی قووڵیان له هه‌موو كه‌سێكه (لایه‌نێكه)، كه سه‌ر به حزبه‌كه‌ی ئه‌وان نه‌بێ.(4) به‌ڵێ، ئا ئه‌م ده‌سه‌ڵاته بیست و دوو ساڵه – له سایه‌ی جیاوازیكردندا : جیاوازیكردن له به‌خشینی سوودی ماددیی و مه‌عنه‌وییدا – قین له نێوان هاووڵاتییانی كوردستاندا ده‌چێنێ.(5) لێره‌شدا ئه‌م ده‌سه‌ڵاته – چونكه به فیعلیی ده‌سه‌ڵاتی پارتی و یه‌كیه‌تییه، نه‌ك ده‌سه‌ڵاتی هه‌موو خه‌ڵك – ئه‌سته‌مه هیچ كه‌سێك و هیچ لایه‌نێك، بێجگه له ئه‌ندام ولایه‌نگرانی ئه‌م دوو حزبه، به ده‌سه‌ڵاتی خۆیانی بزانن؛ كه‌واته ئه‌م ده‌سه‌ڵاته هه‌تا سه‌ر ئێسكان ده‌سه‌ڵاتێكی نانیشتیمانییه. له ڕاستیدا ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ده‌سه‌ڵاتی حزبه‌كانه. واته له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حزبه‌كاندا، ئێمه هیچ سیستمێكی سیاسی سه‌ربه‌خۆمان نییه، كه نوێنه‌رایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌موو خه‌ڵك بكا. هه‌موو ئه‌و دام و ده‌زگایانه‌ی، كه له دنیای هاوچه‌رخدا سیستمێكی (ده‌سه‌ڵاتێكی) سیاسی دیموكراسی مۆدێرن پێكده‌هێنن، له وڵاتی ئێمه‌دا له چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌رژه‌وه‌ندی حزبێكدا (یاخود دوو حزبی هاوپه‌یماندا) قه‌تیسن؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ش، ئایا ئێمه ده‌كرێ له هه‌لومه‌رجێكی سیاسی وه‌هادا، بیر له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت بكه‌ینه‌وه ؟ ئایا ده‌شێ به بڕیاری كتوپڕی تاكه‌كه‌سێك (سه‌ركرده‌یه‌ك)، ته‌نها له‌به‌ر گرفتێكی سیاسی دیاریكراو و كاتهكی – ئه‌گه‌ر ئیراده‌ی (هۆشیاری) هه‌موو گه‌ل ئاماده و ته‌یار نه‌بوو – ده‌زگایه‌كی مێژوویی وه‌ها هه‌ستیار، له ڕه‌وشێكی بابه‌ته‌كیی ناهه‌مواردا دابمه‌زرێ؟ پاشان ئێمه – ده‌بێ بڕوای ته‌واومان به‌وه هه‌بێ – ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی نیشتیمانیی پاكمان نه‌بێ، كه له ده‌زگا فه‌رمییه دادپه‌روه‌ره‌كان پێكهاتبێ – ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی، كه هه‌موو خه‌ڵك به ده‌سه‌ڵاتی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی ده‌زانێ، نه‌ك ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی ته‌نها دوو حزب بێ – دبێژین له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی وه‌ها نادادپه‌روه‌ر و نادیموكراسیدا، چۆن ده‌شێ ده‌وڵه‌ت دابمه‌زرێ؟ له كاتێكدا له‌وانه‌یه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی ئه‌مڕۆمان – ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكی نیشتیمانیی و دیموكراسی و پاك بوایه – ببوایه به به‌ردی بناغه‌ی دروستكردنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی ئاینده‌مان (به‌ڵام دیاره هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك وه‌ك ئه‌م ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌ی ئه‌مڕۆی ئێمه ناده‌زگایی و گه‌نده‌ڵ بێ، زۆر ئه‌سته‌مه بتوانێ ده‌وڵه‌تێكی دیموكراسی مه‌ده‌نی دابمه‌زرێنێ، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵكو ڕێش له ئیراده‌ی سیاسی دیموكراسییانه‌ی خه‌ڵك ده‌گرێ بۆ به‌دی هێنانی ئه‌م پڕۆژه سیاسییه مێژووییه).(6) له ڕاستیدا ئێمه وای ده‌بینین، كه ئه‌مڕۆ به‌شێكی زۆری خه‌ڵكی كوردستان، له زۆر شتی (ڕه‌فتاری) ئه‌م ده‌سه‌ڵاته نا‌ئومێد و بێ هیوا بووه (ده‌توانم بڵێم ئه‌مڕۆ ئه‌وانه‌ی، كه هیوادار و گه‌شبینن له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، ته‌نها بێ ئاگا و نه‌زان و حزبییه ده‌مارگیر و ههلپهرستهكانن). ئه‌وه‌ته هه‌تا دێش ڕۆژ له دوای ڕۆژ ئاشكرا بوونی ڕاستییه‌كان (دزینی نه‌وت، كۆشك و ته‌لاری گرانبه‌های كوڕانی سه‌ركرده شۆڕشگێڕهكانمان؟!)،پتر خه‌ڵك بێ هیواو نیگه‌ران ده‌كه‌ن. تۆ بڵێی تازه ئیدی هیچ لۆژیكێك هه‌بێ ئه‌وه بهسهلمێنێ، كه سه‌ركرده‌ی گه‌نده‌ڵ (خۆپه‌رست و خێڵه‌كیی و پاوانكهر)، بتوانێ ئازادیی بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ك به ده‌ست بهێنێ؟ هه‌ڵبه‌ت من باسی ئه‌و قه‌واره سیاسییه بچووكه نه‌وتییانه ناكه‌م، كه به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووری ڕۆژئاوا له كه‌نداو دایمه‌زراندوون، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ئێمه ده‌زانین، كه ئازادیی نه‌ته‌وه‌یه‌ك – له ڕووی ڕه‌هه‌نده ئاكارییه سیاسییه‌كه‌یه‌وه – له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ك، دوو شتی لێك جودان: ڕاسته مه‌رجێكی ئازادیی نه‌ته‌وه بوونی ده‌زگای ده‌وڵه‌ته، به‌ڵام مه‌رجیش نییه، كه ئه‌م ده‌وڵه‌ته له ئاكامدا نه‌بێته ده‌وڵه‌تێكی سه‌ركوتكه‌ر و تۆتالیتاریی و هه‌موو مافێكی هاووڵاتییانی پێشێل نه‌كا. دیاره نموونه‌ی ئه‌م جۆره ده‌وڵه‌ته‌ش له جیهانی ڕۆژهه‌ڵاتی ئێمه‌دا زۆره؛ لێره‌شدا ده‌توانم بڵێم – بێجگه له‌و ڕژێمه تۆتالیتارییه عه‌ره‌بییانه‌ی، كه له‌م ماوه‌یه‌دا ڕووخاون – سه‌رله‌به‌ری ده‌وڵه‌ته میرنشینه‌كانی كه‌نداویش، ده‌وڵه‌تی خێڵه‌كیی تۆتالیتاریین (كوێت و به‌حره‌ینی لێ ده‌ربچێ، كه وه‌ك هه‌رێمی كوردستان دوو په‌رله‌مانی سست و ناچالاكیان هه‌یه).(7) ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌ی له‌م وڵاتانه‌دا هه‌یه، نه‌وتی زۆر و ده‌سه‌ڵاتێكی ڕه‌ها هه‌یه. له‌م وڵاتانه‌دا فۆبیا له ئازادیی و هه‌موو گۆڕانێك هه‌یه. بنه‌ماڵه‌ی شێخه بهپۆزه فه‌رمانڕه‌واكانی كه‌نداو، نه‌ك هه‌ر دوژمنی سه‌رسه‌ختی ئازادیی و هه‌موو گۆڕانێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تین له كۆمه‌ڵگه‌كانیاندا (گۆڕان به كوفرێكی زۆر گه‌وره ده‌زانن)، به‌ڵكو له جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسلامیشدا، دژایه‌تی هه‌موو گۆڕانێكی سیاسی ڕاسته‌قینه‌ی لیبرال و دیموكراسیانه ده‌كه‌ن (پاڵپشتیشیان بۆ دروشمی دیموكراسییه‌ت و هه‌ر گۆڕانێكی سیاسی له ناوچه‌كه‌دا – وه‌ك ئێران – له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌زهه‌بگه‌ریی و تایه‌فه‌گه‌رییه)، بۆیه هیوادارین ده‌سه‌ڵاته حزبییه‌كه‌ی ئێمه‌ش (سه‌ركرده خۆپه‌رسته حزبییه‌كانی ئێمه‌ش)، ئه‌م ڕێگایه نه‌گرێته به‌ر و نه‌وت ئیغرای نه‌كا بۆ په‌یڕه‌و كردنی ده‌سه‌ڵاتێكی ڕه‌ها (هیواداریشین سه‌ركرده‌كانمان خه‌ون به‌وه نه‌بینن، كه كوردستان وه‌ك دوبه‌ی بكه‌نه هه‌رێمێكی ده‌وڵه‌مه‌ندیی میرنشینانه، كه ده‌سه‌ڵاتی ئابووری نه‌وت هه‌موو ئازادیی و پێشكه‌وتنێكی شارستانانه‌ی ڕاسته‌قینه له كۆمه‌ڵگه‌كه‌ماندا بسووتێنێ – مه‌به‌ستم له‌پێشكه‌وتنی لایه‌نی سیاسی و فیكریی و مهعنهوییشه، نه‌ك هه‌ر ته‌نها ماددیی و ته‌كنه‌لۆژیی)، چونكه ئه‌م به‌رپرس و سه‌ركرده سیاسییانه‌ی ئێمه باش ده‌زانن، كه سه‌ركرده‌كانی كه‌نداو هیچیان سه‌ركرده‌ی نیشتیمانیی نین. ڕاسته دوبه‌ی (كه‌نداو) هه‌رێمێكی ئارامی ئابووریی ده‌وڵه‌مه‌نده، به‌ڵام جیهانێكی سیاسی مردووه؛ بێجگه له شاری (مستهورهدی) جوان و له كڕینی ته‌كنه‌لۆژیای نوێ، ئێمه نه له ڕووی ئازادییه سیاسییه‌كان و نه له ڕووی داهێنان و پێشكه‌وتنه زانستیی و فیكریی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیرییه‌كانه‌وه، هیچ شتێكی نوێ و هاوچه‌رخ له كۆمه‌ڵگه‌كانی كه‌نداودا به‌دی ناكه‌ین (دیاره ئێستا ئێمه‌ش وه‌ك ئه‌وان ته‌نها كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی به‌كار به‌رین و هیچ شتێك به‌رهه‌م ناهێنین، به‌ڵكو ڕه‌نگه زۆر له‌وانیش خراپتر بین)…(8) ڕاستییه‌كه‌ی من هه‌ندێ جار ئه‌م وڵاتانه‌م وه‌ك قه‌فه‌سی باڵنده دێته به‌رچاو، كه نوخبه‌ی بنه‌ماڵه‌ی شێخه‌كان خاوه‌نیانن و گه‌لیان تێدا به‌ند كردووه (بۆیه ئێمه پێویسته وه‌ك كورد، به‌رله‌وه‌ی بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه، كه كوردستان وه‌ك دوبه‌ی به هۆی ئابووری نه‌وته‌وه ده‌وڵه‌مه‌ند بێ، با جارێ بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه، كه له ڕووی سیاسییه‌وه وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ و ئازاد بێ و خاوه‌ن سیستمێكی سیاسی دیموكراسی ڕاسته‌قینه بێ و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیموكرات و دادپه‌روه‌ر بێ. هه‌ڵبه‌ت ئێمه نكوڵی له‌وه‌ش ناكه‌ین، كه ئابوورییه‌كی به‌هێز یه‌كجار گرنگه بۆ سه‌ربه‌خۆیی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی خۆشگوزه‌ران، به مه‌رجێك ئه‌م ئابوورییه، ده‌زگای دارایی و سیاسی دیموكراسی و دادپه‌روه‌ر به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن)؛ واته به‌رله‌وه‌ی ئێمه ئابوورییه‌كی فیۆدالیی و ئۆرۆستۆكراتیی به‌هێز دابمه‌زرێنین، كه له‌سه‌ر بنه‌مای جیاوازیی ته‌قلیدیی قووڵی چینایه‌تی به‌ڕێوه بچێ، با خه‌م له‌وه بخۆین و بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه، كه له‌ڕێگه‌ی سیستمێكی سیاسی دیموكراسی ڕاسته‌قینه و دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، كۆمه‌ڵگه و نه‌ته‌وه‌یه‌كی به‌هێز بنیاد بنێین و هاووڵاتی و تاكه‌كه‌سێك په‌روه‌رده بكه‌ین، كه له‌ڕێگه‌ی ئومێدی سیاسییه‌وه، وڵات و نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی خۆش بوێ و له كاتی ته‌نگانه و پێویستدا بتوانێ به‌رگرییان لێ بكا، نه‌ك وه‌ك نموونه‌ی ئه‌و هاووڵاتی و تاكهكهسهی ئه‌مڕۆ، كه له سایه‌ی حوكمی نادادپه‌روه‌ری پارتی و یه‌كیه‌تیدا، كه‌مته‌رخه‌م و ڕه‌شبین بووه له ئاست پاشه‌ڕۆژی گه‌ل و وڵاته‌كه‌یدا (ڕاستییه‌كه‌ی ئێمه وه‌ك كورد – چ وه‌ك تاك و چ وه‌ك هێز ولایه‌نی سیاسیش – هه‌میشه ده‌بێ ئه‌و ڕاستیه‌مان له‌به‌ر چاو بێ، كه ئێمه هه‌تا ئه‌مڕۆش گه‌لێكی به‌شكراو و ژێرده‌سته‌ین و هه‌تا ئه‌مڕۆش شه‌ڕ و ململانێی چاره‌نووسسازمان له‌گه‌ڵ داگیركهرانماندا له‌به‌رده‌مدا ماوه؛ له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش پێویسته له‌گه‌ڵ یه‌كتر هاوپه‌یمان و ڕاستگۆ و دادپه‌روه‌ر بین و خۆشه‌ویستیی و نیازپاكیی پردی پێوه‌ندی نێوانمان بێ. ئێمه ده‌شێ به به‌رژه‌وه‌نده جیاوازهكانیشمانهوه یه‌كترمان خۆشبوێ، به‌مه‌رجێك سته‌م له ئارادا نه‌بێ. به‌كورتی ده‌مانه‌وێ بڵێین، كه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته سیاسیه‌ی ئێستای ئێمه،پێویسته شێوازی فه‌رمانڕه‌وایی خۆی بگۆڕێ و له ده‌سه‌ڵاتێكی نانیشتیمانیی حزبییه‌وه، ببێته ده‌سه‌ڵاتێكی دیموكراسی نیشتیمانیی نه‌ته‌وه‌یی؛ ئه‌مه‌ش له‌و ڕێگایه‌وه ده‌بێ، كه پارتی و یه‌كیه‌تی – وه‌ك دوو حزبی فه‌رمانڕه‌وا – ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له پاوانكردن ئازاد بكه‌ن و ببنه دوو هێزی نیشتیمانیی دیموكراسیخواز؛ ئه‌وساش ده‌شێ هه‌ر له ڕێگه‌ی دادپه‌روه‌ریی و متمانه بوون به حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه، مه‌ترسی گوتاری توندڕه‌وی ئیسلامی سیاسیش ئیحتیوا بكرێ). به‌هه‌رحاڵ ئێمه لێره ده‌مانه‌وێ بڵێین، كه ده‌سه‌ڵاتی نیشتیمانیی ده‌سه‌ڵاتێكی دیموكراسییه. سه‌ركرده‌كانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ش خۆنه‌ویست و خۆشه‌ویست و دیموكراسیخوازن. سه‌ركرده‌ی سیاسی نیشتیمانیی له سه‌رووی یاساوه كار ناكا. جیاوازیی ماددیی و مه‌عنه‌وییش له نێوان هاووڵاتییانی وڵاته‌كه‌یدا ناكا، بۆیه ئێمه لێره له سهركردهكانمانی خۆمان ده‌پرسین: چۆن ده‌بێ سه‌ركرده‌ی نیشتیمانیی كه‌سێكی حزبیی ده‌مارگیر بێ و له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش ڕقی له‌وانی دیكه‌ی (بێلایه‌ن، یان سه‌ر به حزبی دیكه) ببێته‌وه و وه‌ك هاووڵاتی پله دوو و سێ ته‌ماشایان بكا؟ له ڕاستیدا سه‌ركرده‌ی وه‌ها سه‌ركرده‌ی حزبه، خێڵه، بنه‌ماڵه‌یه، نه‌ك نه‌ته‌وه و نیشتیمان. سه‌ركرده‌ی وه‌ها دوژمنكاره، نه‌ك ئازادیخواز. تێكده‌ره، نه‌ك بیناكهر. به‌م شێوه‌یه هه‌موو دیكتاتۆره‌كان ئاماده‌ن وڵات بسووتێنن و وێران بكه‌ن، به‌ڵام هه‌رگیز ئاماده نین دان به بوونی ده‌نگێكی جیاوازی ئازاد‌دا بنێن. ئه‌وه‌ته وا هه‌موومان ڕۆژنه به چاوی خۆمان ده‌بینین، كه له هه‌ندێك وڵاتی عه‌ره‌بیدا، دیكتاتۆره‌كان دژ به ئازادیی گه‌له‌كانیان وڵاته‌كانیان ده‌سووتێنن و وێران ده‌كه‌ن (هه‌ربۆیه‌ش وه‌ها پێده‌چێ، كه دیكتاتۆره‌كان كه‌سایه‌تی خۆپه‌رست و ترسنۆك بن، چونكه ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌وان شه‌ڕی گه‌له‌كانیان ده‌كه‌ن و به‌رانبه‌ر به گه‌له‌كانیان ئازان، نیو هێنده شه‌ڕی دوژمنه ده‌ره‌كییه‌كانیان پێناكرێ. به كورتی ئه‌وان ههمیشهپاڵهوانی شه‌ڕه‌كانی ناوخۆن، به‌ڵام دۆڕاوی شه‌ڕی دوژمنه دهرهكییهكانیانن. ئه‌وه‌ته هه‌موومان ده‌زانین، كه ڕژمێكی وه‌ك به‌عسی سوریا، ده‌یان ساڵه له‌لایه‌ن دوژمنێكی سه‌رسه‌ختیه‌وه (ئیسرائیل)، خاكی وڵاته‌كه‌ی لێ داگیر و زه‌وت كراوه، به‌ڵام ناتوانێ لێی وه‌ربگرێته‌وه، كه‌چی ئه‌مڕۆ شه‌ڕێكی خوێناویی سه‌رسه‌ختی دژ به گه‌له ئازادیخوازه‌كه‌ی به‌رپا كردووه. بێگومان ئێستا ڕژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د له‌به‌ر ڕاپه‌ڕین و له‌به‌ر كوشتنی ڕۆژانه‌ی گه‌له‌كه‌ی، ئیسرائیلی له‌بیر كردووه؛ ئێستا له‌لای ئه‌سه‌د – به هه‌موو مانایه‌ك – نیشتیمانی ده‌سه‌ڵات، له نیشتیمانی سوریا و له ژیانی گه‌لانی سوریا گرنگتره. ئه‌سه‌د سوریای سووتاند و وێران‌كرد، تا هیچ ده‌نگێك نه‌ڵێ من ئازادم. ئێستا ده‌سه‌ڵاتی ئه‌سه‌د ئه‌و نیشتیمانه ده‌سووتێنێ، كه هه‌رگیز – به‌ده‌ر كه‌وت – به نیشتیمانی خۆی نه‌ده‌زانی، چونكه له‌لای بنه‌ماڵه‌كه‌ی ئه‌ویش وه‌ك هه‌موو بنه‌ماڵه دیكتاتۆره فه‌رمانڕه‌واكان، هیچ نیشتیمانێك بوونی نییه له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ئه‌وان، كه‌واته لێره هه‌رگیز ده‌سه‌ڵاتێكی نیشتیمانیی بوونی نییه. له ڕاستیدا ده‌سه‌ڵاته نیشتیمانییه‌كان له‌سایه‌ی دیموكراسییه‌تدا هه‌ن. واته هیچ ده‌سه‌ڵاتێك نیشتیمانیی نییه، ئه‌گه‌ر دام و ده‌زگای دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری نه‌بێ. به‌ر له‌هه‌ر شتێك، گرفتی ده‌سه‌ڵاتی نانیشتیمانیی ئه‌وه‌یه، كه خۆی به‌هێز ده‌كا له‌سه‌ر حیسابی بێ هێزكردنی هه‌موو كۆمه‌ڵگه؛ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانیش به‌هێز ده‌كا له‌سه‌ر حیسابی سه‌رله‌به‌ری ده‌زگا خزمه‌تگوزارییه‌كان (ئێمه هیوادارین ده‌سه‌ڵاتی سیاسی باشووری كوردستانیش، دام و ده‌زگا سه‌ربازییه‌كانی به‌هێز بن و له كاتی پێویستدا دژ به داگیركه‌ر و دوژمنه ده‌ره‌كییه‌كان به‌كاریان بهێنی، نه‌ك دژ به ده‌نگی ئازادیخوازانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان). هیوادارین ئه‌م هێزانه له‌شكری نیشتیمانیی بن و بتوانن به‌رگری له ناوچه دابڕاوه‌كان بكه‌ن، نه‌ك له كاتی هه‌ر خۆپیشاندانێكی ئاشتییانه‌ی جه‌ماوه‌ردا، شاره‌كانمان لێ بكه‌نه سه‌ربازگه. ئێمه له هه‌ر كاتێك زیاتر – وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی بێ ده‌وڵه‌ت و بنده‌ست – پێویستمان به له‌شكری نیشتیمانییه، نه‌ك میلیشیای حزبیی: ئه‌م له‌شكره ده‌توانێ به‌رگریی له ئازادیی وڵات بكا، به‌ڵام میلیشیا به‌رگریی له دیكتاتۆرییه‌تی حزب ده‌كا. لێره‌شدا ئێمه ده‌توانین پێشمه‌رگه بكه‌ینه‌وه به هێزێكی نیشتیمانیی و له حاڵه‌تی میلیشیایی ئێستای ڕزگاری بكه‌ین. واته ڕۆحی ئامانجه‌كانی شۆڕشی ئازادیخوازانه ببه‌خشینه‌وه به هێزی پێشمه‌رگه و ده‌سه‌ڵاتێكی نیشتیمانیی ڕاسته‌قینه‌ش دابمه‌زرێنین. ئیدی له دوماهیدا ماوه بڵێم، كه سه‌ركردایه‌تی كورد له قه‌یرانی سیاسی ئه‌مڕۆی عیراقدا (یان با بڵێین له ساڵی 2003ـه‌وه)، له نێوان هاوپه‌یمانیی له‌گه‌ڵ شیعه و سوننه‌دا، گه‌مه‌یه‌كی سیاسی دۆڕاو ده‌كا. ئه‌م گه‌مه‌یه (هاوپه‌یمانییه) بۆ ئێمه‌ی كورد ته‌نها یه‌ك ئاكامی هه‌یه، ئه‌ویش: نكوڵی كردنه له مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان؛ واته ده‌سه‌ڵاتی سیاسی شیعه و سوننه كوردستان به به‌شێك له عیراقی عه‌ره‌بی ده‌زانن (ده‌بێ بزانین له‌لای عه‌ره‌ب، له ده‌راوه دینیهكهوه، هه‌موو داگیركردنێك به ڕه‌وا ده‌زاندرێ، هه‌روه‌ك چۆن به‌هه‌مان شێوه له‌لای نه‌ته‌وه‌ی دیكه‌ی ئیسلامی سه‌رده‌سته {تورك، فارس}ش هه‌موو داگیركردنێك به ڕه‌وا ده‌زاندرێ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌ی داگیركراو موسڵمانیش بێ. ئه‌م حاڵه‌ته هه‌م باكگراوندی سیاسی، هه‌م باكگراوندی ئایینییشی هه‌یه. واته هه‌میشه فاكته‌ره سیاسی و فاكته‌ره ئایینییه‌كه له پرۆسه‌ی داگیركاریی مێژووی عه‌ره‌ب و ئیسلامدا، پاڵپشتی یه‌ك ده‌كه‌ن و ده‌بنه پاساو بۆ یه‌كدی. له‌مه‌شه‌وه بوو، كه ڕژێمێكی ناسیۆنالیستی فاشی وه‌ك به‌عس، پرۆسه‌ی ئه‌نفالی دژ به كورد ئه‌نجام دا. به هه‌مان شێوه ئه‌ردۆگان و ئایهتوڵڵایهكانیش ئیسلامیین و كه‌چی ڕقی قووڵیان له نه‌ته‌وه‌ی موسڵمانی كورد هه‌یه و سه‌ركوت و كوشت و بڕی ده‌كه‌ن و ئه‌و زمانه زگماكهشی لێ قه‌ده‌غه ده‌كه‌ن، كه به قه‌ولی خۆیان خوا – خوای موسڵمانه‌كان – دایناوه. له ڕاستیدا فاشیسته‌كان هه‌ر فاشیستن، ئنجا له‌هه‌ر نه‌ته‌وه و ئایینێكدا بن). (9) به‌هه‌ر حاڵ ئێمه ده‌ڵێین، سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد نه‌ده‌بوایه به درێژایی ئه‌و هه‌موو ساڵه، هێنده هه‌لپه‌رست و خۆشباوه‌ڕ بێ و پشت به‌و هێزه سیاسییه سوننیی و شیعییه عه‌ره‌بانه ببه‌ستێ و ئومێدی پێیان هه‌بێ، كه هه‌رگیز باوه‌ڕیان بهپهیڕهوكردن و سه‌لماندنی ده‌ستوور و مافه دیموكراسییه‌كان نه‌بووه و نییه (هه‌روه‌ك چۆن ده‌سه‌ڵاتی سیاسی پارتی و یه‌كیه‌تیش، له چوارچێوه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی 22 ساڵه‌ی خۆیان له هه‌رێمی كوردستاندا، هه‌رگیز باوه‌ڕی ڕاسته‌قینه‌یان به په‌یڕه‌وكردنی پره‌نسیپه دیموكراسییه‌كان نه‌بووه). هه‌ڵبه‌ت سه‌ركردایه‌تی كورد ده‌بوایه بزانێ – ئه‌گه‌ر له حاڵه‌تێكدا زانیبێتی، به‌ڵام گوێی پێ نه‌دابێ، ئه‌وه یان بێ هه‌ڵوه‌ست و بێ ئیراده بووه، یانیش هه‌لپه‌رست و بهرژهوهندخوازبووه – كه نه‌ك هه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی كورد و خه‌ڵكی عیراق و كوردستان، له سایه‌ی حكومه‌تێكی به‌هێزی مه‌زهه‌بیی، یان ناسیۆنالیستیی شۆفینی مهركهزییدا له مه‌ترسیدا ده‌بێ، به‌ڵكو به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری و سیاسی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی خۆشیان له مه‌ترسیدا ده‌بێ، ئه‌وه خۆ ئه‌گه‌ر له حاڵه‌تێكدا بوونی قه‌واره‌ی ئێستای هه‌رێمی كوردستان و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی خۆشیان به ته‌واویی له مه‌ترسیدا نه‌بێ. ئێستاش وا ده‌بینین ئه‌م مه‌ترسییه نیشانه و ئاكامه خراپه سه‌ره‌تاییه‌كانی به‌ده‌رده‌كه‌وێ. پێشده‌چێ كورد (سه‌ركردایه‌تی یه‌كیه‌تی و پارتی) له‌م نێوه‌دا، دۆڕاوترین و ڕه‌نج به خهسارترین لایه‌نی (عیراقی نوێ!) بێ؛ ئه‌و عیراقه‌ی، كه زۆر به سه‌یری سه‌ركردایه‌تی كورد (پارتی و یه‌كیه‌تی) شانازیی به بیناكردنه‌وه و دروستكردنه‌وه‌ی ده‌كا. له ئاكامیشدا له نێوان سێ پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كه‌دا، كورد وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی بووه‌ته دۆڕاوترین لایه‌ن.(10) ئه‌م سه‌ركردایه‌تییه به ئیددیعای خۆی، كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی بیناكردنه‌وه‌ی عیراقی نوێ بوو (خه‌مخۆری یه‌كپارچه‌یی و ئارامیی عیراق بوو)، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش به درێژایی 9 ساڵ چاوه‌ڕێی ئه‌وه بوو، كه سه‌ركردایه‌تی سیاسی عه‌ره‌ب له به‌غدا، پاداشتی بداته‌وه و به گوته‌ی خۆیان مادده‌ی (140) جێ به جێ بكرێ و ناوچه دابڕاوه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر هه‌رێم. من لێره‌وه له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌م خه‌ونه و واقیعی ئه‌مڕۆ ده‌پرسم: تۆ بڵێی له هه‌موو جیهاندا بگه‌ڕێی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك هه‌بێ وه‌ك نه‌ته‌وه‌ی كورد، كه سه‌ركرده‌ی وه‌ها سافیلكه و هه‌لپه‌رست و خۆشباوه‌ڕی هه‌بێ و چاوه‌ڕێی داگیركه‌ر و دوژمنه‌كانی بێ، كه مافه سیاسییه ستراتیژییه‌كانی بۆ بسه‌لمێنن؟ من لێره وه‌كو هاووڵاتییه‌كیش له سه‌ركردایه‌تی پارتی و یه‌كیه‌تی ده‌پرسم: باشه، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی عیراق (وه‌ك كه ئێوه باوه‌ڕتان وا بووه و هه‌میشه به گوێی ئێمهتاندا داوه)، هێنده حكومه‌تێكی دیموكراسییه و هه‌موو مافێكمان له ڕێَگهی ده‌ستووره‌وه بۆ دابین ده‌كا، تازه ئیدی ئێمه – هه‌ر چ نا له ساڵی 2003 ـه‌وه – چ پێویستییه‌كمان به حوكمی نادیموكراسییانهی (گه‌نده‌ڵی) 22 ساڵه‌ی ئێوه ماوه؟ هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه له خۆمان ده‌پرسم: ئایا ئێستا كاتی ئه‌وه نه‌هاتووه، كه له ڕێگه‌ی چاكسازیی دیموكراسییه‌وه، هه‌موو شتێك له سیستمی سیاسی حزبایه‌تی ئێمه‌دا بگۆڕێ؟ ئه‌و سیستمه‌ی، كه گه‌وهه‌ری ده‌سه‌ڵاته نادیموكراسی و نانیشتیمانییهكهی ئێمه پێكده‌هێنێ.
په‌راوێزه‌كان:
1- وه‌ك ده‌زانین، له‌م حاڵه‌ته‌دا سه‌ركرده به پێی خولی هه‌ڵبژاردن ده‌گۆڕێ، به‌ڵام حزب له‌ناو ناچێ و ده‌سه‌ڵاتیش ناڕووخێ، كه‌چی له ڕژێمه دیكتاتۆرییه‌كاندا، زۆربه‌ی جار له ڕێگه‌ی به‌رته‌كی شۆڕشی گه‌له‌وه، ده‌سه‌ڵاته‌كان ده‌ڕووخێن و حزبه‌كان یاساغ ده‌كرێن و له‌ناو ده‌چن و سه‌ركرده‌كانیش ده‌كوژرێن و له سێداره ده‌درێن. له‌مه‌شه‌وه ده‌پرسین: ئایا حیكمه‌تی مه‌زن له‌وه‌دا نییه، كه هه‌موو سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی دیموكرات بێ، به‌ر له‌وه‌ی جڵه‌وی هه‌موو شتێك له ده‌ست ده‌ربچێ؟ دیاره ئه‌وانه‌ی له‌م حیكمه‌ته تێناگه‌ن، زوو یا دره‌نگ، زه‌ره‌رێكی زۆر ده‌كه‌ن و گه‌لیش باجێكی یه‌كجار زۆر به ژیان و خوێنی خۆی ده‌دا بۆ ئازادیی و تۆڵه ستاندنه‌وه. لێره‌شدا مرۆڤایه‌تی ده‌بێ زوو تێ‌بگا، كه دیكتاتۆره‌كان نابێ بمێنن.
2- دیاره له كوردستاندا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و حكومه‌ت یه‌ك شتن، چونكه هه‌ردووك ده‌زگاكه بریتین له ده‌سه‌ڵاتی یه‌كیه‌تی و پارتی و هه‌ردووك ده‌زگاكه بریتین له قۆرخكاریی ئه‌م دوو حزبه؛ ئه‌مه‌ش تراژیدیایه‌كی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێمه‌یه.
3- له حاڵه‌تی یه‌كیه‌تی و پارتیدا، ده‌شێ بڵێین ئه‌وان دوو دیوی یه‌ك دراون: ئه‌وان له نادیموكراسییهتدا پێك ده‌چن؛ له گهندهڵییشدا زۆر پێك ده‌چن و به‌ڵكو هاوپه‌یمان و هاوبه‌شی ڕاسته‌قینه‌ی یه‌كن. ئه‌وان ڕاسته دوو حزبن، به‌ڵام وه‌ك بڵێی یه‌ك حزبن فه‌رمانڕه‌وایی ده‌كه‌ن و وڵات به‌ڕێوه ده‌به‌ن. به كورتی ئه‌وان ئاكاری سیاسیان له ڕاست خه‌ڵكی كوردستاندا زۆر پێك ده‌چێ. ئه‌م ئاكاره سیاسییه‌ش ئاكاری هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی نادیموكراسییانهیه.
4- ئه‌وان وڵاتێكیان بۆ خۆیان قۆرخ كردووه (باشووری كوردستان- باشوورێكی له‌تكراو و لێی دزراو)، كه هه‌تا ئه‌مڕۆش داگیركه‌ر به موڵكی خۆی ده‌زانێ.
5- ده‌سه‌ڵاتی ئێمه (ده‌سه‌ڵاتی برابه‌شی پارتی و یه‌كیه‌تی)، له هه‌موو دام و ده‌زگاكانی حكومه‌تدا، له‌سه‌ر بنه‌مای دابه‌شكردنی (جیاوازی) حزبایه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تی و چینایه‌تی، له ئه‌رك و مافی ژیانی هاووڵاتییانی كوردستان ده‌ڕوانێ.
6- ئێمه وای ده‌بینین، كه ته‌ناقوزێكی سیاسی ناعه‌قڵانی زۆر سه‌یر له هه‌ڵوه‌سته و قسه‌كانی سه‌ركرده‌كانی پارتی و یه‌كیه‌تیدا هه‌یه: له لایه‌كه‌وه ئه‌وان باشووری كوردستان به به‌شێك له عیراق ده‌زانن (تا ئێستاش به ئاشكرا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن) و باوه‌ڕیان – ئه‌گه‌ر به ڕوواڵه‌تیش بێ – به برایه‌تی و پێكه‌وه ژیانی كورد و عه‌ره‌ب هه‌یه – تۆ سه‌یر كه ئه‌وان چۆن بۆ پڕوپاگه‌نده ده‌یانه‌وێ به جیهانی ده‌ره‌وه بڵێن، كه ئێمه دیموكراسیخواز و لێبوورده‌ین، به‌ڵام بێگومان هه‌موومان ده‌زانین، كه ئه‌م دیموكراسییه‌ته دیموكراسییهتێكی ساخته و دووفاقانهیه (ئه‌م دیموكراسییه‌ته دیموكراسییه‌تی لاوازییه به‌رانبه‌ر به داگیركه‌ری عه‌ره‌ب)، ئا ئه‌م دیموكراسییه‌ته ساخته‌یه له ئاكامدا له‌سه‌ر حیسابی مافه‌كانی ئێمه‌ی كورد ته‌واو ده‌بێ – له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ئه‌وان له ناكاو، كه پێده‌چێ هیچ جددییه‌تێكی تێدا نه‌بێ – ته‌نها وه‌ك كارتێكی فشاری ناكاریگه‌ر بۆ سه‌ر حكومه‌تی به‌غدا – داوای ڕاپرسی بۆ سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ن. سه‌یره، ئێمه خه‌ونی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تیشمان بووه‌ته به‌شێك له میزاجی كه‌سایه‌تی سه‌ركرده‌كانی ئه‌م دوو حزبه. باشه (ئێمه ده‌پرسین)، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك خه‌ڵك متمانه‌ی پێ نه‌مابێ، چۆن ده‌توانێ به فیعلی ده‌وڵه‌ت ڕابگه‌یه‌نی؟ كه‌واته له‌لای سه‌ركرده‌كانی ئێمه پرسی ده‌وڵه‌تیش بووه‌ته دروشمێكی سیاسی هه‌رزانبه‌ها و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كاتهكی به‌كار دێ، یانیش له باشترین حاڵه‌تدا ئاكامی تووڕه بوون و هه‌ڵچوونێكی كاتهكییه و پاشان زوو داده‌مركێته‌وه. هه‌ڵبه‌ت ئێمه له باشووری كوردستاندا، دوو سه‌ركرده‌ی سه‌ره‌كی كاربهدهستمان هه‌ن: یه‌كیان داوای كتوپڕی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت ده‌كا (به بێ ئه‌وه‌ی زه‌مینه‌ی زاتیی له‌بار بێ، چونكه زاتی ئێمه زاتێكی حزبییه، نه‌ك نه‌ته‌وه‌یی)؛ یه‌كێكیشیان (له‌مێژه) دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت به خه‌ونێكی شاعیرانه ده‌زانێ (ده‌چوێنێ)، {ئا ئه‌م تێزه سووكایه‌تییه به نه‌ته‌وه و كوشتنی زاتی نه‌ته‌وه‌ییه و دڵخۆشكه‌ری داگیركهریشه}؛ كه‌واته ئه‌م دوو هه‌ڵوه‌سته (ویسته) ناعه‌قڵانییه ناكۆك و دژبه‌یه‌كه چۆن به یه‌كه‌وه كۆده‌بنه‌وه؟ بێگومان ئه‌م ناكۆكییه به‌ڵگه‌ی لوتكه‌ی سه‌رخستنی به‌رژه‌وه‌ندی حزبه به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو نه‌ته‌وه‌دا. ئا له سایه‌ی ئه‌م ناكۆكیهشدا، حكومه‌تی به‌غدا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی عه‌ره‌ب خۆی به‌هێز ده‌كا. ئه‌وه‌ته دیتمان هه‌ر له‌و ساتانه‌ی، كه سه‌رۆك كۆمار پاڵپشتی مانه‌وه‌ی سه‌ره‌ك وه‌زیران ده‌كا له پۆسته‌كه‌ی، ئه‌میش هاوكات له‌گه‌ڵ سوپاسكردنی سه‌رۆك گۆمار،پاڵپشتی داخوازیه‌كانی عه‌ره‌به داگیركه‌ره شۆفینیهكانی كه‌ركوك ده‌كا، پێده‌چێ سه‌رۆك كۆماری كوردیش به ناچاریی پابه‌ند بێ به به‌رژه‌وه‌نده سیاسییه‌كانی عیراقی عه‌ره‌بی، به پێچه‌وانه‌ی سه‌ره‌ك وه‌زیرانه‌وه، كه بێ باكانه كار بۆ پاراستنی ئه‌م به‌رژه‌وه‌ندییانه ده‌كا… ئایا ئه‌مه شه‌رمه‌زاریی نییه بۆ سه‌ركردایه‌تی كورد و نیشانه‌یه‌كی وازهێنانی ئه‌م سهركردایهتییهش نییه له كه‌ركوك و هه‌موو مافه نه‌ته‌وه‌ییه سه‌ره‌كییه‌كانمان؟ باشه، ئه‌گه‌ر سه‌ركرده‌یه‌كی كورد له‌پایته‌ختی ده‌وڵه‌ته داكیركهرهكانی كوردستانه‌وه جار ناجار بڵێ، ده‌وڵه‌تی كوردی خه‌ونێكی شاعیرانه‌یه، ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ، كه ئه‌م سه‌ركرده‌یه وازی له شوناسی كوردستانیه‌تی كه‌ركوك هێناوه؟ به‌هه‌ر حاڵا، له‌م نێوه‌دا مالكی له گهمهكاندا سه‌ركه‌وت، چونكه هه‌م ناو ماڵی كوردی پتر شه‌ق كرد، هه‌م خۆشی به‌هێزتر كرد و ڕای گشتی عه‌ره‌ب (به تایبه‌تی شیعه) یشی پتر بۆلای خۆی ڕ‌اكێشا… له‌م نێوه‌شدا دۆڕاوترین لایه‌ن گه‌لی كورد بوو (به‌ڵام له هه‌مووانیش دۆڕاوتر، هاووڵاتی ساده و هه‌ژاری كوردستان و عیراق بوو).
7- لێره كه‌سی میر و بنه‌ماڵه‌كه‌ی بریتین له ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های هه‌موو شتێك. لێره‌دا ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های ده‌وڵه‌تن و وڵاتیش موڵكی ڕه‌های ئه‌وانه. بێجگه له ئیراده‌ی سیاسی ڕه‌های میر و بنه‌ماڵه‌كه‌ی، هیچ ئیراده‌یه‌كی دیكه‌ی سیاسی بوونی نییه، هه‌ر بۆیه‌ش له‌م وڵاتانه‌دا ڕیكخراو و حزبی سیاسی بوونیان نییه: سعودیه، ئیمارات، قه‌ته‌ر… له كوێتیشدا، په‌رله‌مان ئیسلامییه‌كان به‌سه‌ریدا زاڵن. هه‌ر بۆیه‌ش به‌م دواییانه حكومه‌ت بڕیارێكی ده‌ركردووه، كه هه‌ر كه‌سێك ڕه‌خنه له پیرۆزییه‌كانی ئیسلام بگرێ، له سێداره ده‌درێ.
8- له‌م دواییانه‌دا ده‌سه‌ڵاتی میرنشینی ئیمارات، له پێشانگایه‌كدا نمایشكردنی ته‌نها وێنه‌یه‌كی شۆڕشی تونسی قه‌ده‌غه‌كرد و به‌ر له‌م مێژووه‌ش، چالاكێكی مه‌ده‌نی به‌رهه‌ڵستكاری خۆشی له‌م وڵاته‌دا به ((عاره‌قخۆر)) تاوانبار كرد. پێده‌چێ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م میرنشینانه، فۆبیایان له ئازادیی و له گۆڕانكاریی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی هه‌بێ.
9- پێده‌چێ له نه‌ستی كۆی عه‌ره‌بدا، شانازیكردن به مێژووی پرۆسه‌ی ئه‌نفاله‌وه هه‌بێ (با له ده‌لاله‌ته پیرۆزه ئایینییه‌كه‌ی وشه‌ی ئه‌نفال بڕوانین، كه سووره‌تێكی قورئانه!) ، ئه‌گه‌رنا چ شتێك به‌عسی عه‌لمانیی و ئه‌نفالی ئایینییی پیكه‌وه كۆ ده‌كاته‌وه؟ ئایا ئه‌مه هه‌ر شه‌رعیه‌تدانه به پرۆسه‌ی دڕندانه و ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌ی به‌عس، یانیش شانازیكردنه به مێژووی ئه‌نفالی ئایینی ئیسلام؟
10- من باسی مافی كه‌مینه‌كانی وه‌ك توركمان و كلدۆ ئاشوورییه‌كانیش ناكه‌م، كه به ته‌واویی په‌راوێز خراون، به‌ڵام له هه‌موو حاڵه‌تێكدا ده‌بێ ئه‌وه‌مان له بیر بێ، كه هاووڵاتی كه‌م ده‌رامه‌ت و هه‌ژاری هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان، زه‌ره‌رمه‌ندی گه‌وره و یه‌كه‌من.