پەتای سیاسەت … عەلی موحەمەد زەڵمی
وا ئەزانم زۆربەتان لەتەکم هاوڕان کە هەنووکە سیاسەتکردن لەوڵاتی ئێمە زۆر قەیراناویە، تائێرە هەرچۆنێک بێت ئاساییە و زۆرجار سیاسەتی فڵانە وڵات و فیسارە شوێن قەیراناوی دەبێت. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا لەو فڵان و فیسارە وڵات و شوێنانەدا سیاسەت دەبێتە پەتا؟ ڕێک چۆن لەڕێگەی پرۆسەیەکی چڕوپڕو ئەقڵانیەوە شێتی بوویە پەتا و جێگای تاعوون و گەڕی گرتەوە لەچاخەکانی حەڤدەهەم و هەژدەهەمی ئەوروپا، وەک فوکو لە کتێبی ‘شێتی و شارستانیەت’ دا باسی ئەوەمان بۆ دەکات کە چۆن ‘شێتی’ وەک بارێکی تاڕادەیەک پەسەندکراوی کۆمەڵایەتی لە چاخەکانی کۆن و ناوەڕاستدا کەچی دواتر دەگۆڕێتە سەر نەخۆشی. بەهەمان شێوەش لە کوردستان سیاسەت بوویە پەتا جێگای زۆر شتی گرنگ و بنەڕتی ژیانی گرتەوەو سیاسەتوانیش بوویە حەکیم و چارەی هەموو دەردەکانی لایە. فوکو سەرنجمان بۆ ئەوە ڕادەکێشێت کە چۆن ئەو پرۆسەیە لە ژیانی مۆدێرندا نەک شێتی وەک پەتا ناسناند بەتەنها بەڵکو خودی شێتەکانیشی گۆڕی کە ئەوان ئاسایی نین، لەکاتێکدا پێشتر نە نەساغ و نەشێت ئەو تێڕوانینەی نەبووە بەرامبەر بە کەسی توشبوو. گەر زیادەڕۆیمان نەکردبێت هەمان شت راستە بەرامبەر کاری سیاسی و سیاسەتوان لەم دەڤەری ئێمەدا سیاسیەکان هەمان دیدیان بۆ دروستبووە کە ئەوان و کاری ئەوان یەکسانە بە هەموو ژیان. بەداخەوە تاڕادەیەکی زۆریش هەمووان بە نوسەرو بازرگان و ئەکادیمست و پیشەگەرو و شاعیر و مەلاو قوتابی و خانمان و پزیشکەوە ئەو بارو واقعەمان لا ئاسایی بوەتەوە و زۆرجاریش پشتگیری دەکەین بە نائاگایی. هەڵبەت من لێرەدا نامەوێت هەموو ئەو بوارو گرفتانە باس بکەم کە پەیوەندیدارە بەم کێشەوە؛ بەڵام گەر بەکورتیش بێت ئاماژە بە هەندێ لەو کێشەیە دەکەم و ئالوودەبوونی چەند بوارێکی گرنگی ژیان بە پەتای سیاسەتەوە. هەمووان گەواهی دەری ئەو ڕاستیەن کە لەساڵانی دوای ڕاپەڕینەوە و بەتایبەتی لەسەردەمی شەڕی ناوخۆ بەداخەوە بەئێستەشەوە چۆن هونەرو و وەرزش و ئابوری و زانست و ئاین و ستراکتۆری کۆمەڵایەتی و دیمۆگرافی و جیوگرافی و زمان و میدیا و تەنانەت ڕەنگەکان بە سیاسەتەوە گلاون. رۆژنامەیەک لە جێگایەک دەردەچێت یەکسەر دەبێت پرسیاری ئەوە بکەین ئاخو چ بەرپرسێک تەمویلی دەکات، کۆمپانیایەک دەکەوێتەکار یەکسەر زەینمان بۆ ئەوە دەڕوات داخو هی چ بەرپرسێکە یان پشکی چ بەرپرسێکی حزبی تیایە، کۆنسێترتێک بۆ گۆرانبێژێک دەگیرێ یەکسەر دەنگۆی ئەوە هەیە چ حزبێک ئەم کارەی کردوە، کۆنفراسێکی زانستی یان زمانەوانی دەگیرێت هەرزوو دەزانین کە مەرامە سیاسەکانی چین و بۆ دەکرێت. لەمەش خراپتر ئەوەیە کە چەندە دەسەڵات لەکوردستاندا بەرپرسیارە لەم قەیرانە بەهەمان شێوەش ئۆپۆزیسیۆنش بەرپرسیارە لەبەرهەمهێنانی گوتارێکی لەوچەشنە ، ئەویش بەکردنی هەموو هەناسەکان بە سیاسی، لای ئەوانیش ، ئیدی لەدەرەوەی کایەی ئەوجۆرە ‘ لە سیاسەتکردن’ هیچ کارو چالاکێکی دیکە ئەرزشی وای نیە. ئایا بەشەکانی’ زانستی سیاسەت ‘ لە زانکۆکانی هەرێم جورئەتی ئەوە دەکەن ئەم دۆخە بە تەندروست بناسێنن، هەر تیوەگلانی خۆیان لە بەرەکانی دەسەڵات و موعارەزە ئەو ڕاستیەمان دەداتێ کە هێشتا ئەم قەیرانە نەبووەتە مادەی بیرکردنەوەی زانستی سیاسی لای ئێمە. من تێناگەم هەر کە ڕاستەخۆ قوتابی هەر بەشێکی پەیوەندیداری بە زانستی سیاسەتەوە هەڵبژارد لەزانکۆکاندا ئیدی ڕاستەوخۆ خۆی گرێدەدات بە ئۆرگانێکی سیاسیەوە ، ئیتر هەر لێرەوە ئەو خوێندکارە لەبری ئەوەی پەیوەندی خۆی و سیاسەت لەسەر بنەمای زانستی سیاسی ببەستێ کەچی لەسەر بنەمای بوون بەئەندام و وەلای حزبێکی دیاریکراو دەبەستێت. بەداخەوە ئەم پەیوەندیە نەسازە درێژدەبێتەوە بۆ ژیانی قوتابی و تا دەبێت بە توێژەرو وانەبێژیش لە قۆناغەکانی دواتری خوێندنی باڵادا. بیست ساڵی تەمەنی دەسەڵاتی سیاسی لەهەرێمدا پرۆسەیەکی ئاڵۆزی تێڕوانینی بەرهەمهێناوە سەبارەت بەکاری سیاسی و خودی زانستی سیاسەت. هەروەک چۆن بەدەیان میکانیزم خرانە گەڕ هەتا شێتەکان بکەن بەنەخۆش و لەزیندان و شوێنی تایبەت بەند بکرێن ، وردتر لەجێگای ئەو نەخۆشانەی چاکبوبونەوە لە پەتای گەڕی و گوولی ، بەدەیان پرۆسەی تەئدیبکردن و ڕامکردندا بران هەتا بەکەڵکی ئەوە بێن بگەڕینەوە بۆ ژیانی ئاسایی کۆمەڵایەتی. بەڵام ئەوان هەرگیز نەگەڕانەوە بۆ ئەو ژیانە چونکە ئیتر ئەوان خۆیان ئالودەی جۆریک لەدەردبوون ، بڕوایان بەخۆیان نەما و وەک پیس و بێکەڵک سەیری خۆیان دەکرد لەکاتێکدا پێشتر شیتەکان وەک کەسانی خاوەنی ئەقڵی باڵاو نمونەیی سەیر دەکران ( بڕوانە ؛ فوکو ١٩٦٧). لەم دەڤەرەشدا کەس لەدەرەوەی سیاسەت بڕوای بەخۆی نەماوە و لەبەرامبەردا هەموو چاوەکان لەسەر بابای سیاسین. ئەوە چییە وایکردوە ئیتر دانەکانی کۆمەڵ بەهەموو چین و توێژیکەوە حەیرانی سیاسەتکردن بوون، ئەرزشی زانستی و کۆمەڵایەتی و فەزیلەت بەستراوە بە ئینتمای سیاسی واتە ئەم قەیرانە تەنها ئەبستمۆلۆژی نییە بەڵکو ئەنتۆلۆژیشە. دیسانەوە من کێشەم نییە لەگەڵ ئەوەی کەسەکان سەربەچ پارتێکی سیاسین ئەوە مافی هاوڵاتی خۆیانە؛ کێشەی من لەتەک ئەو ئەقڵیەتەدایە کە تەواوی فەزای گشتی بتەنی بە سیاسەت ،چ وەک تیۆر هەموو گفتوگۆو باسەکان لەو ناوەندەدا قەتیس بکرێن و چ وەک پراکتیک رزق و رۆزی و دەرفەتی کارو چالاکی کۆمەڵایەتی و فکری هەر لەوچوارچێوەیەدا بێت. بەجۆرێ دوو تێڕوانین تەواوی ژینگەی سیاسی هەرێمی گرتوەتەوە ئەوانیش کاری سیاسی پراکتیکی واتە راستەوخۆ لەڕێگەی بوونە ئەندامی پارتێک کە زۆرینەی دانەکانی ئەم کۆمەڵگە لەمجۆرەن، یان دیدێکی نەهیلستی و ڕەشبینانە بەرامبەر هەر تروسکایەک بۆ ژیان و داهاتوو. بەندە هەردوو بارەکە بە ناتەندروست سەیر دەکەم، لەبەر ڕۆشنای چەند خاڵیک بە خێرایی ئەم بارە قەیراناوی و ناتەندروستە ئەخوێنینەوە: یەک، چەمکی هاوڵاتی و ئەندامی حزب وا تێکەڵ بوون لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ژیاری ئەم هەرێمەی ئێمە زۆر ئەستەمە هەڵاوێردیان بکەیت، بەجۆرێ مافەکانی هاوڵاتی بوون ڕاست بەستراوە بە ئەندام بوونەوە. ئەمەش لەڕیگەی پرۆسەیەکی دوردرێژەوە هاتوەتە گۆڕێ و بەجۆرێ لە تێگەیشتندا چەسپیوە و دەستکاری کردنی هەرو ئاسان نییە. بۆیە گەرەکە ئەوە ڕوون بێتەوە هەروەک چۆن ئەندام بوون ماف و دەستکەوت و ئیلتزامی خۆی هەیە هەرواش هاوڵاتیبوون ئەو مافانەی هەیە ، جیاوازیەکەیان لەوەدایە ئەمیان واتە ئەندام کارێکی خۆبەخشانەیەو ویستی خۆتە و ئەویتریان واتە هاوڵاتی سروشتی خۆتە و مافێکی ئاسایی و بێ منەتە. واتە تۆ ماف و دەستکەوتت هەیە لەبەرئەوەی بەسروشتی خەڵکی ئەو جێگایەی بێ هیچ ئیلتزامێکی سیاسی و ئینتمای بەڵام بێگومان دواجار وەک مرۆڤ لە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی کۆمەڵیک بەرپرسیارەتی ژینگەی و ژیواریت هەیە. دوو، کاری سیاسی ئەوەندە واڵاو و کراوە بووە چووتە هەموو هەناسیەکی ژیانەوە، تەواوی بڕگەو بوارەکانی تری ژیانی شارستانی و کۆمەڵایەتی و کەلتوری و ئابوری تەنیوە ، ئەمەش بۆخۆی ژینگەیەکی ناتەندروستی سیاسی دروست دەکات. بەجۆرێ وا هاوکێشەکە کەوتوەتەوە لەپاڵ هەر پیشەگەرێک ڕاست ئاوەڵناوی سیاسیش قوت بوەتەوە؛ مامۆستایەکی سیاسی، توێژەرێکی سیاسی، رۆژنامەونوسیکی سیاسی، کرێکاریکی سیاسی و بازرگانێکی سیاسی هتد. ئەمەش دیسان ئاسەواری خراپی لێدەکەوێتەوە بۆ نمونە دەچیتە تەعزیە باسوخواسی سیاسیە و مێزگردی تەلەڤزیۆنەکان هەر ئەوەیە، ژوورەکانی پاڵتاک و فەیسبووک بەهەمان شێوە، یاریگاکان، مەلەوانگەکان، مەیدانی ئاژەڵ و چاخانەکان رۆژانە وەک کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن وان. تەسک نەکردنەوەی ئەم دەشتە بەرینەی بازاڕو دوکانی سیاسی ئەوەندەی دیکەی کۆمەڵگەی کوردی بەرەو گرفت و لێکترازان دەبات و چەمکەگەلی وێنەی عەدالەت و هاوڵاتیبوون ئازادیەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە. لە دونیادا لانی کەم لە گەرمەی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکان دا فەزای گشتی یەک دوو هەفتەیەک سەرقاڵ دەکرێن بە دیبەتی سیاسی و بانگەشەی هەڵبژاردنەوە؛ ئیتر بەدەر لەمە مەگەر کەسێک خۆی ئارەزووی کاری سیاسی هەبێت یان چاودێر و توێژەربێت ئەگینا سیاسەت کاری هەندێ سیاستمەدارو لایەنی پەیوەندیدارە وەک ڕۆژنامەنوس و توێژەری سیاسی و مامۆستای زانکۆ لە پسپۆریەکانی تایبەت بە زانستی سیاسەت و زانستی دەوڵەت وەک ئەرستۆ ناوی دەبات. بەجۆرێ کێشەکە وا کەوتوەتەوە گۆرانبێژیک ، وەرزشەوانێک ، هونەرمەندێک، مامۆستایەکی زانکۆ (لە ڕشتەیەکی دەرەوەی سیاسەت)، بازرگانێک، بەڕێوەبەرێک، ، پیشەوەرێک کە بانگدەکرێت بۆ چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنی بۆ قسەکردن لەسەر بابەتێک بە ناچاری ئەبێت خۆی فێری هەندێ دەستەواژەی سیاسیش بکات و بە بینەری داماوی بفرۆشێتەوە. من کاتێ دیدارێکی دەیڤد بێکهام دەبینم یان دەمەتەقێک لەتەک بریتنی سپەیرسی کچە گۆرانیبێژ هیچ خۆبەکەم زانینێک نابینێم لەلایان گەر خۆیان بوێرن لەهەر پرسیارێکی سیاسی یان زانیاریان لەسەر ئەو بوارە نەبێت. شاعر و ئەکتەری کۆمیدی و زاناو وەرزشەوان و دیزاینەرو میدیاکار ئەشێ لەبەر خۆیان رێزیان لێبگیرێت وەک ئەوەی لە دونیادا وایە ، نەک لەبەر ئەوەی بەرپرسێک پشگیریان دەکات. بەداخەوە لای ئێمە هەرچەندە قەڵەمەکەت بەبڕشت بێت و خەیاڵی هونەریت واڵاو بەرفراوان بێت ؛ کەچی هەردەبێت جار جار بۆ ئەوەی نەڵێن ئەم نوسەرە لەگوێی گادا نوستوە دەم لەهەندێ مەسەلەی سیاسی بدات. وەک ئەوەی ئەو بوارەی ئەو تیایدا قاڵەو بەتوانایە ئەرزشی نەبێت و بایەخی سیاسی کەم بێت، ئاخر مانای نییە رۆمانوسی وا بەتواناو بەهرەمەندمان هەیە کەچی وەک ئەوەی رۆمانوسی پیشەیەکی کەم بێت یان چونکە وا سەیر دەکرێت لای خەڵکی ئیتر لەزۆر بابەتی دیکە رۆژنامەوانی دەنوسێ. هەموان دەزانین خۆ مژوڵ کردن بە بابەتە سیاسیە گەرمەکان و ڕوماڵە هەواڵی و رۆژنامەوانیەکان بیری مرۆڤ پرش وبڵاو دەکات ؛ بەتایبەتی لای کەسێ مامەڵە لەگەڵ خەیاڵ و فەنتازیاو زمان بکات ، ئەمەش هیچ کات بەو مانایە ناێت ستون نوس و بابەتی گەرمی سیاسی و رۆژنامەوانی گرنگیان نیە بەڵکو دەڵێن با تەنها کاری ئەوانە بێت لەو بوارەدا سەرقاڵن و گرنگی بەو بوارە دەدەن.لەکۆتایدا وەک نوسەری ئەمەریکی مۆردکی جۆنسن دەربارەی پەتای سیاسی لە پەنجاو شەستەکانی ئەمەریکادا دەڵێت سیاسەتی رەگەزپەرستی گەورەترین دوژمنی گەلی ئەمەریکایەو بەتەنها قەلاچۆکردنی ئەو پەتایە دەکرێت ڕێگەی دیمۆکراسی بگرێتەبەر. بەهەمان شێوەش هەنووکە لەم هەرێمەی ئێمەدا گەرەکە حورمەت بۆ ژیان بگەڕێندرێتەوە و سیاسەتی بە سیاسەتکردنی گشت کون قوژبنەکانی ژیان ڕابگیرێت، حزب لەو دەزگا زەبەلاحە کۆمەڵایەتی و ئابوری و راگەیاندن و ئاینی و وەرزشی و هونەری و پەروەردەی و زانستی و پیشەگەریەوە بچێتەوە کاری سیاسی لە ئۆفیسیکدا و ئەندامی حزبیش لەو هەمە ئیمتیازاتە رەمزی و ماددیانە داڕنرێت و ببێتەوە بە هاوڵاتی. ئەگەرنا پرنسیپەکانی دیمۆکراسی لەم هەرێمەدا ناچەسپێن و بەهاکانی ئازادی و دادپەروەری لەم دەڤەرەدا ئەوەندەی تر دەکەونە ژێر پرسیارەوە.