Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
فەلسەفە و فێربوون….ئازاد حەمە

فەلسەفە و فێربوون….ئازاد حەمە

Closed
by June 19, 2012 فەلسەفە

 

چۆن بە فێربوون ، یان بە زانین، لەسەر ماهیەتی شتەکان دەگەین؟ بۆ بیریاران ، لە یۆنانی کۆنەوە تاکو ئێستا، ئەو ڕێگایانەی فەلسەفە بۆ وەدەستهێنانی فێربوون گرتوویەتیەبەر باسێ سەرەکیبووە. چونکە فەلسەفە لە گەیاندندایە و لەڕێگای ئەم گەیاندنەوەوە پێوەندی بە شتەکانی ناو بوون یان بە دەوروبەرمانەوە دەکات و وێنابوونەکانی خۆی دەسازێنێ، بەس ئەو لایەنە لەسەر دەستی هەندێ لە بیرمەندانی ڕۆژئاوا، بۆنموونە دێکارت، خۆی وەک کێشەێ ڕێڕەوی نیشاندا. چونکە دێکارت دەیەویست پرسیار لەسەر گەیشتن بە فێربوون بە شێوازی چۆنیەتی قۆرخکردنی ئەو فێربوونە گرێداتەوە. کەواتە، فێربوونەکە هەیە بەس ئەو ڕێگایانەی بۆ گەیشتن بە فێربوونەکان دەگیرێنەبەر پێویستی بە شیکردنەوەی زۆرترو زۆرتر هەیە. بۆیە، بۆ دێکارت دادوەریەکانمان بەسەر شتەکانەوە پێویستی کردوە هەمیشە سەرچاوە لە بۆچوونی عەقڵییەوە هەڵگرن. بۆئەوەی ئەمە بکرێت، بەقەولی دێکارت، پێویستمان بە ڕێڕەو(مەنهەج، مێتۆد) هەبووە. واتە بەهۆی ڕێڕەوەوە بە فێربوونەکان (یان زانینەکان) دەگەین و ئەم فێربوونەش پێویستە لە حوکمی پەلە و تووڕەوە بەدووربێت. بەمجۆرە، دێکارت پێیوابووە عەقڵ پێویستی بەوەیە بە ڕێڕەوەوە وابەستە بێت و، تەنیا لەم ڕێگایەوە ئێمە دەتوانین بە فێربوونێ ڕاستەقینەبگەین و لە بڕیار و وێنابوونەکانمانا دووچاری هەڵەنەبین.   
ڕێباز و ئاڕاستەجیاوازەکانی مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوا تایبەت بە وەدەستهێنانی فێربوون هاوشێوە نیین لێ فەلسەفە وەک زانستێ پڕبایەخ دەبینن. ئەم زانستە بایەخی خۆی بۆ مرۆڤ هەیە. ئەم بایەخە پێوەندی بە هەوەسی مرۆڤەوەیە بۆ فێربوون. مرۆڤ ئارەزووی فێربوون دەکات و ئەمەش وایلێدەکات بایەخ بۆ فەلسەفە دانێت. چونکە فەلسەفە مرۆڤ فێری گەڕاندەکات بۆ گەیشتن بە فێربوون و ڕاشیدێنێ لەسەر بەدەستهێنانی فێربوون. لەڕێگای ئەو فێربوونەشەوە مرۆڤ دەرک بە بوون و بەهای خۆی دەکات. ئەڵبەتە ئەم لە فەلسەفە فێربوونە بۆ مرۆڤ گرینگە و بەرهەمی ئەو شتە خۆرسکەشە لە مرۆڤدا هەیە. 
مێژووکردانی فەلسەفە لە ڕۆژئاوا دەستکاری پێوەندی نێوان فەلسەفە و فێربوونیانکردووە و لەمڕوەشەوە هەمیشە گرینگیان بە سەرچاوەکانی فێربوون (زانین) و ئەوەش داوە کە فێربوون چییە یاخود چۆنچۆنی ئەم فێربوونە پێکدێت. هەربۆیە بۆ بەشێ زۆر لە فەیلەسوفانی ڕۆژئاوا ئەوە مایەی هەڵوەستەێ زۆر بووە چەند عەقڵی مرۆڤ توانای بەرهەمهێنانی فێربوونی هەیە؟ یان ئەوەی ئەوە عەقڵ نییە فێربوون بەرهەمدێنێت؟ ڕاستە مرۆڤ پێویستی بە بەرهەمهێنانی فێربوونە تایبەت بە ژیان و بوون و ئەو جیهانەی تیایدەژێت لێ ئایا فێربوون لەڕێگای عەقڵەوە بەرهەمدێت یان شتێ ترەوە؟ بەواتاێتر، چۆن دەگەین بە فێربوون؟ ئایا لەڕێگای عەقڵەوە یان دەرک یاخودیش ئەزموونەوە بەم فێربوونە دەگەین؟ کەوابێت، بۆ گەلێ لە فەیلەسوفان ئەوە گرینگ بووە تێیبگەن چۆن ئەو فێربوونەی بەرهەمدێت شیاو دەبێت؟ هەر تایبەت بەم لایەنە دەشێ ئەوەش بڵێین کە گومانخوازەکان پێیانوایە عەقڵ توانای بەرهەمهێنانی فێربوونی نییە هەرچی ئەوانیترە پێیانوایە عەقڵ بەرهەمهێنەری زانینە. بەمجۆرە، ئەو فەیلەسوفانەی (واتە ڕاسیۆنالیەکان، عەقڵانیەکان) پێیانوایە ئێمە لەڕێگای عەقڵەوە بە فێربوون دەگەین نرخ بۆ دەرک یان ئەزموون لە گەیشتن بە فێربوون دانانێن. بەڵام ئەم فەیلەسوفانە باوەڕیان بە توانای خودی مرۆڤە لەخستنەگەڕی عەقڵ بۆ گەیشتن بە فێربوون. بەڵام ئەم توانایەی خود لەپێوەندیدایە بەو شتەی مرۆڤ بە زگماک وەریگریتوە یان پێشتر فێریبووە یاخود زانیوویەتی. شایانی ووتنە، گومانخوازەکان دوو جۆرن. گومانخوازە ڕێڕەویەکان و ئەویتر ناڕێڕەویەکان. ڕێڕەویەکان، لەوانە دێکارت، باوەڕیان بەوەیە گومان دەیانگەێنێت بە فێربوون ( یاخود ڕاستی) هەرچی ناڕێڕەویەکانە باوەڕییان بەوە نییە فێربوون عەقڵ بەرهەمیدێنێ. لە ڕیزی ئەو فەیلەسوفانەی باوەڕیان بە گومانی ناڕێڕەوی بوو ( بۆنموونە پرۆتاگۆراس و گۆرگیاس) پێیانوابووە ئێمەی مرۆڤ ناتوانین بگەین بە فێربوون ( یان ڕاستی) تەنانەت گەر بیشیگەینێ ناتوانین بەویتری بگەێنین. هەروەها گومانیئەوەشدەکەن زمان بکارێ شتەکان بگەێنێت. ئەم جۆرە بیرمەندانە باوەڕیانبەوەشە ئەو فێربوونەی پێیدەگەین بۆ هەموان هەمان شت نیە بۆیە گەیشتن بە فێربوونێ (ڕاستیێ) ڕەها و بنەبڕ بوونی نییە. با لێرە ئەوەشبڵێین، کردەی فەلسەفەکردن بەدرێژای مێژووی فەلسەفە گفتووگۆی زۆری لەمبارەوە هێناوەتەگۆڕێ و پێوەندی نێوان فەلسەفە و ئێمەی مرۆڤی شیکردۆتەوە و ئەوەشی ساغکردۆتەوە بۆ گەڕان بەدووی زانین، یان ڕاستی، و  تێگەیشتن لە ڕیشەی بەها و ماناکان گرینگ و پێویستە.
بۆیە سرووشتی بیرکردنەوەی فەلسەفی بۆ بەشێ لە فەیلەسوفان لەوەدا خۆی چڕدەکاتەوە کە کردەی فەلسەفەکردن کردەێ عەقڵیە. لەمحاڵەتەدا مەرجە بپرسین بۆ عەقڵ فەلسەفەدەکات؟ ئایا عەقڵ ئەمە ناکات چونکە پێویستیپێیەتی؟ کەواتە، فەلسەفەکردن بەرهەمی عەقڵە. مرۆڤیش بەوە لە ئاژەڵ جیادەکرێتەوە کە عەقڵی هەیە بۆیە توانای فەلسەفەکردنی هەیە. عەقل کە فەلسەفەدەکات گەشە بە بوونیادی بیرکردنەوەی خۆشی دەدات. فەیلەسوف عەقڵی هەیە و عەقڵ بۆ گەیشتن بە فێربوون بەکاردەبات. واتە، ئەزموونی فەلسەفەکردن ئەزموونێ مرۆییە و تەنیا بە مرۆڤەوە تایبەتە و، بەهۆی فەلسەفەکردنیشەوە بوونی مرۆیی خۆمان دەستنیشاندەکەین و دووبارە جەغتلەوەدەکەین کە ئێمە هەین و مرۆڤین. بەپێی ئەوەبێت، پرسیاری فەلسەفە لەسەر ماهیەتی عەقڵمان لە پرسیارە سەرەتای و هەمیشەییەکانی فەلسەفەیە.
یەک لەو لایەنانەی تایبەت بە بەدەستهێنانی فێربوون سەرنجدارە باسکرێت ئەوەیە ئامانج لە فەلسەفەکردن ئەوەشە ئێمە لە ناکۆکی و هەڵەکانی خۆمان حاڵیبین. چونکە لەڕێگای فەلسەفەکردنەوە لەوەش تێدەگەین لەکوێی بیرکردنەوەمان هەڵەی تیایە و یان فێربوونەکانمان لەسەر بوونمان لە ژیان و جیهانا چەند بەکەموکوڕیە و چەندیش لەتەک فێربوون و حاڵیبوونەکانی ئەویتردا یەکناگرنەوە. کەوابێت گرینگە بزانین بۆ بیرکردنەوەی فەلسەفی پیادەدەکەین؟ گەر بیرکردنەوەی فەلسەفی پیادەدەکەین تا باش لە خراپ جیاکەینەوە ئەمە ئەوەش دەگەێنێت ئێمە ئەمە لەبەرئەوەش دەکەین تا بگەین بە بیرکردنەوەێک شتەکانمان بۆیەکلاکاتەوە. ئەودەمەش فەلسەفیانە بیردەکەینەوە لەتەک تێکڕای گشت فێربوونەکانماندا ڕووبەڕوودەبینەوە، بۆنموونە کاتێ درۆ ڕووبەڕووی ڕاستی دەکەینەوە. ئەمەش بۆئەوەی دڵنیابین ڕاست کامەیە یان چۆنە و لەکوێش پێویستمان بە بیرکردنەوەیە.

 

ئازاد حەمە
ئەم نووسینە لە گۆشەی “ڕوانگەی فەلسەفی” ژمارەی 376 ی حوزەیرانی 2012 ی ڕەخنەی چاودێردا بڵاوکراوەتەوە

.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.