شیعری نوێی كوردی و وڕێنه‌یه‌ك
شیعر ده‌روازه‌ی ئه‌وینه، كڵاوڕۆژنهی گزنگی ژیانێكی نوێیه. باڵی نه‌خشاوی په‌پووله نازه‌نینه‌كان گه‌ر پیته‌كانی شیعر هه‌وێنیان نه‌بوایه نه‌یانده‌توانی به ئاسمانی گوڵه‌كاندا به فڕكه فڕك گوزه‌ر بكه‌ن.
هیچ دڕدۆنگ نیم گه‌ر بڵێم هیچ په‌یامێك وه‌ك شیعر ئاوازی ناسكبوونهوهی مرۆڤی پێ نییه. ئاخر من مێژ ساڵه ده‌زانم دووان و نووسین له‌باره‌ی سیاسه‌ت و ئابووری و سه‌ربازی…تاد، ڕه‌زای مرۆ قوڕس و درنجاوی ده‌كه‌ن و گیانی ده‌خه‌نه گیانه‌ڵڵا.
دنیای جه‌نجاڵا و سه‌رقاڵی ئه‌مڕۆی سه‌ده‌ی بیست ویه‌ك گه‌ر به وشه ئهفسووناویهكانی شیعر نه‌بێت زۆر زه‌حمه‌ته ئارام بێته‌وه، ئه‌ی به‌چاوی سه‌ر نابینن ته‌كنۆلۆژیا چێژی ڕووحه‌كانی هه‌ڵمژیوه، مه‌گه‌ر ته‌نها شیعر جارێكی دیكه ئه‌م چێژه‌مان بۆ بگێرێته‌وه، ده‌نا هه‌یهاته هه‌یهاته!
ئه‌وین گه‌ر سیخناخ نه‌كرێ به شیعر مه‌حاڵه له‌زه‌ت بچۆڕێنێتهوه، خۆكوژ و مرۆڤ كوژان و چه‌ته و مافیاكان، به خوێندنه‌وه‌ی شیعری شاعیرانی ڕه‌سه‌ن خاوده‌بنه‌وه، چوون ئاشكرایه شیعری جوان و واتادار باڵانسی رق و كینه سفر ده‌كاته‌وه. شیعر دایكی گۆرانی و باوكی سه‌ما و ده‌سته‌خوشكی مۆسیقایه. ئازاره‌كانی مرۆی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك كه ره‌گیان له ره‌گی دار و دره‌خت قووڵتره به خوێندنه‌وه‌ی شیعر رادهپسكێن و هه‌پرون به هه‌پرون ده‌بن.
وه‌لێ داخی گرانم ئه‌مڕۆ له جیهانی شیعری كوردییدا، خه‌ریكه شیعر و قسه‌ی ساده‌ی رۆژانه‌مان لێ تێكه‌ڵاو ده‌بێت. كاتێك هێندێك شیعر ده‌خوێنیته‌وه واده‌زانی مام وسو و مام سمایل به‌ده‌م دۆمینه كردنه‌وه قسه‌ت بۆ ده‌كه‌ن. هه‌رچی تام و بۆنی شیعره لێیانه‌وه هه‌ست پێ ناكرێت.
گرفتی به‌شێك له شاعیره نوێیه‌كانمان شیعر نووسینه له سه‌ر ئیقاعی شیعری بیانی، بێ ئه‌وه‌ی گوێ به ژینگه و ژیاری ناوچه‌كه‌ی خۆیان بده‌ن! پێیان نه‌نگییه له شیعره‌كانیاندا باسی مهم و زین و خه‌ج و سامهندی كوردی بكه‌ن، كه‌چی سه‌دان مهم و زین و خه‌ج وسیامهندی ئه‌ورووپی له شیعره‌كانیان ڕه‌نگ ده‌داته‌وه. به‌داخه‌وه ئێمه سامگرتووی ناوه بیانییهكانین، هه‌ر ناو و شیعری ئه‌وان تێكه‌ڵ به تێكسته شیعریهكانمان بوو، ئیتر مه‌عصووم ده‌بن و خوێنه‌ران ده‌میان هیچ بۆڵه‌یه‌ك ناكات، له‌مه‌ش دزێوتر هێندێ به‌ناو فه‌ریكه شاعیری كورد، شیعری شاعیرانی بیانی وه‌رده‌گێڕنه سه‌ر زمانی كوردی و ئه‌وسا پێیان عه‌یبه‌یه مه‌رحه‌با له نالی و مه‌وله‌ویش بكه‌ن، به‌ڵام بێ ئاگا له‌وه‌ی كه مه‌وله‌وی شاعیر ده‌مێكه به‌وجۆره كاڵفامانه‌ی گوتووه:
بیگری و بیدزی و كلكی هه‌ڵپاچی * له ده‌ست خاوه‌ن ماڵ هه‌رگیز ده‌رناچی!
لێره‌دا مه‌به‌ستی من هه‌موو ئه‌و كه‌سانه ده‌گرێته‌وه كه له جیاتی داهێنان خه‌ریكی دهرهێنانن، وشه و رسته‌ی خه‌ڵك به رۆژی رووناك ده‌دزن و ده‌ڵێن ئێمه‌ی شاعیری سه‌رده‌مین.
به‌داخه‌وه فلته‌رێك، پاڵاوگهیهك، بۆبڵاوبوونه‌وه شیعری باش و خراپی كوردی نییه، هه‌رچی هه‌ڵده‌ستێته‌وه چه‌ند وشه‌یه‌ك به‌یه‌ك ده‌گه‌ێنێ و دیوانه شیعرێك چاپ ده‌كات و ناوی خۆی له لیستی شاعیران تۆمار ده‌كات، شیعره‌كان چین؟ چۆنن؟ ئه‌مه پێویست به قسه له‌سه‌ر كردن ناكات، بۆ؟ وه‌رام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌مه شیعری ئازاد(حر)هو هه‌موو كه‌سێك سه‌ربه‌سته چۆن وشه ڕیز ده‌كات و چۆن گوزارشت له ناخی خۆی ده‌كات!.
لێره‌دا من نامه‌وێت به‌هره‌ی گه‌نجان به ڕه‌خنه بپووكێنمهوه، ناوه‌رۆكی شیعره‌كانیان له خۆوه بپوچێنمهوه.هه‌ڵبه‌ت ناشمه‌وێت ده‌سخۆشی له سادهنووسینهكهیان بكه‌م. ڕه‌خنه‌ی من بۆ شیعره‌كانیان ده‌لوێ ببێته مایه‌ی به خۆداچوونه‌وه و خۆسازكردن، به‌ڵام ده‌سخۆشی و پێداهه‌ڵدانی بێ لزووم ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه ماڵی وێران كات و له هه‌ناوی له خۆ رازیبووندا بیخنكێنێ، بۆ هه‌تا هه‌تایه ده‌رفه‌تی شاعیربوونی هه‌قیقی له كیس بچێت. تۆ ده‌بێ خه‌ریكی په‌روه‌رده‌كردنی به‌هره‌ی كه‌سه‌كان بیت، نه‌ك تهفروتوناكردنیان به هۆی په‌سند و پێداهه‌ڵدانی ناشیاو و كات نه‌هاتوو!
باسكردن له شیعری ئه‌مرۆ وه‌ك كارێز وایه هه‌رچه‌ند باسی بكه‌ی هێنده‌ی دیكه دزێتهوه و ئاماده‌یه بۆ هه‌ڵڕژان.
په‌یامی هه‌ره سه‌ره‌كی شیعر پێناساندنی عیشقه به مرۆڤه‌كان، نمایشكردنیهتی به‌و شێوه‌یه‌ی عه‌شق داخوازیه‌تی نه‌ك وه‌ك هه‌ندێك ئاره‌زووی مرۆڤی نه‌خۆش خوازیاریه‌تی. ده‌ی كه‌وایه بابزانین عه‌شق چییه؟ واده‌زانم پێناسه‌یه‌كی گشتگیرنییه ئه‌وپه‌ڕی سنووره‌كانی عه‌شق بگرێته‌وه، ئه‌و پێناسانه‌ی بۆ عه‌شق كراون له كه‌نار ده‌ریاوه‌ن و بۆ قوڵاییه‌كه‌ی نالوێن و ناشێن، هه‌موو شاعیر و عاریفه‌كان به ئاوه‌ز و ئاره‌زووی خۆیان باسی عیشق و ئه‌وینیان كردووه، دیاره ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی عه‌شقی مرۆڤه‌كان هه‌مه‌جۆره و هه‌ر كه‌سه‌و به چه‌شنێك سه‌ودا سه‌ر ده‌بێت، هه‌یه عه‌شقی دین و خوداناسی ده‌بێت و به ده‌میه‌وه جه‌زبه ده‌گرێت، هه‌موو جوانی و وزه‌ی خۆی له قاپیه‌كه‌ی ئه‌و خه‌رج ده‌كات. له سۆفیگه‌ریدا عهشقبوون پله و پایه‌ی به‌رزی خۆی هه‌یه و (فنا فی الله)، وته‌یه‌كی مه‌شهووره له نێویان دا. عه‌شقی كچێك ده‌بێت، سه‌دان جار خۆی به قوربان ده‌كات و بۆی ده‌توێته‌وه، ئاگر له دڵ و هه‌ناوی به‌رده‌بێت و بۆن سۆ له هه‌ناسه‌ی به‌رزه‌بێته‌وه.
له شاری به‌غدا پیاوێكم بینی به‌ردێكی بیست كیلۆیی به‌سه‌ر شانه‌وه بوو كۆڵان به كۆڵان ده‌سووڕایه‌وه، پرسیارم كرد ئه‌مه چییه و ئه‌م پیاوه بۆ واده‌كات؟ یه‌كێ وه‌رامی دامه‌وه، گوتی: ئه‌مه چه‌ندان ساڵه ئه‌م به‌رده‌ی به‌سه‌ر شانه‌وه‌یه و نایهێنێته خواره‌وه، گوتم بۆچی؟ وتیان چونكه ده‌ڵێ ئه‌مه (مه‌عشووقه‌كه‌ی منه)! ده‌ی شیعر ده‌رخه‌ری ئه‌م هه‌قیقه‌ته په‌نهانه‌یه كه بیركوڵان په‌ی پێ نابه‌ن.
شیعر ده‌بێ باسی كرۆكی عیشقی مرۆیی بكات، ئاشنابێت به ده‌روبه‌ر و بیرۆكه‌كانی خۆماڵی بن، ناكرێ كوڕه كوردێكی ده‌شتی شاره‌زوور باسی چیایه‌كانی تۆراوبۆرا و بیابانه‌كانی سودانمان بۆ بكات! ناشێ كچه كوردێكی شاعیر وێنای كورێكی سوێدی بكات و وه‌سفی قه‌د و باڵای لاولاوی بكات، ئه‌گه‌ر وایكرد ئه‌مه وه‌رگێڕانی كلتووره به رووخسارێكی شیعریی نه‌ك شیعری كوردی! ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له شیعری كوردی به‌شێك له شاعیری لاودا ده‌یبینین (تقلید)ێكی په‌تی شاعیرانی بیانییه، هیچ خهمڵینێك به شیعره‌كانیانه‌وه دیار نییه! شیعری جوان ده‌بێ به بیر و ئه‌ندێشه‌یه‌كی هاوچه‌رخ بنووسرێت، ده‌رخه‌ری حیكمه‌تێكی ڕوون بێت، دووربێت له هیچگه‌رایی . هه‌ركاتێك شیعرێكی نوێت خوێنده‌وه هه‌ستت به هیچ داهێنانێك نه‌كرد، به واتاێكی دیكه دووباره‌ی سێباره ده‌كردوه و تاقه‌تی چێژ به‌خشینیشی نه‌بوو، رێنووس و زمانیشی خێچ وخێل بوو، سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش وزه‌ی لێ دهپڕوكاندی، باش وایه به‌لایه‌وه نه‌چیت. شیعر فێرمان ده‌كات خۆمان له ڕق و كینه خاڵی بكه‌ینه‌وه، چونكه مرۆڤ گه‌ر شیعر بنووسێ، یان شیعر بخوێنێته‌وه، ناشێ و ناكرێ و نابێ دڵی به كینه ئاوس كات، چوون ئه‌وانه‌ی شیعر ده‌نووسن و كینهداریشن ئه‌وانه شاعیری هه‌قیقی نین، ئه‌وانه راسته ههنگوێنفرۆشن لێ هه‌نگوێن له سه‌ر زمانیان تاڵه. به گوێره‌ی پێوه‌ركانی خۆشه‌ویستی و یاساكانی ئه‌وین ناگونجێ ئه‌وان شاعیر بن، له‌وانه‌یه ئه‌وان وشه دز و چه‌ته‌گه‌ری رسته بن، بۆیه شیعره‌كانیان لاسه‌نگن، زۆربه‌یان خه‌وشدار و نه‌نگن، گه‌ر راستیت ده‌وێ ئه‌وان دووژمنی هه‌نگوین و هه‌نگن.
شیعری نوێ به بیانوی ئه‌وه‌ی له به‌ندی كێش و سه‌روا رزگاری بووه، یه‌خه‌ی هه‌مووشتێك ده‌گرێت، به‌سه‌ر هه‌موو هه‌ورازێكدا ههڵهدهبهزێ، هه‌موو سنووره‌كان تێك ده‌شكێنێ، هیچ دابێك له به‌رچاو ناگرێت.
تۆیش گهرخوێنهرێكی زۆر ئاسایی ده‌توانی شاعیر بیت، له چه‌ند كۆڕێك به‌شدار بیت، چهندارێك له حزووری شاعیران شیعر بخوێنیه‌وه، چه‌ندجارێك چه‌پڵه‌ت بۆ لێ بدرێت، ئیتر تۆ مۆڵه‌تی شاعیربوونت وه‌رگرت، ئه‌گه‌ر سه‌ره واوێكی دیكه‌ش نه‌خوێنیه‌وه تۆ شاعیری، تازه تۆ به فه‌رمی ناسرای، له كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌كان به شان و شهپێلكتدا هه‌ڵده‌درێت، بائاڵو واڵه‌وه دیوانه‌كه‌ت چاپده‌كرێت!.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا
تێبینی له ژماره (4)ی گۆڤاری (23) بڵاو كراوه‌ته‌وه