Skip to Content

Tuesday, March 5th, 2024
هەڵسەنگاندنی فیلمێك:  وێنوسی ڕەش یا دەردی جیاواز بوون

هەڵسەنگاندنی فیلمێك: وێنوسی ڕەش یا دەردی جیاواز بوون

Closed
by June 27, 2012 سینەما

 

 


دوای وەرگرتنی برێكی زۆر خەڵاتی تەرازی یەكەم، شێری ئاڵتونی و هەروەها بۆ یەكەمین فیلمی “خەتای واڵتێرە” لە ساڵی 2000، چوار سێزار بۆ “خۆبواردن” لە ساڵی 2004 و برێكی زۆر خەڵاتی جیهانی بۆ “دان و ماسی سپی” یان “ڕازی دان” لە ساڵی2007دا، عەبدۆل تەیف كەشیش، دەرهێنەری فەرانسەوی، لە دایك بووی تونس، بە “وێنوسی ڕەش”، فیلمێكە گەلێك مانادار، دەردناك و كاریگەر ئەگاتە ئاستێكی بەرزی دەرهێنەری.

عەبدۆل تەیف كەشیش لەم فیلمە دا بە كەڵك وەرگرتن لە ژیان نامەی “سارتیە بارتمن”، كە ژنێكی گەنجی ڕەش پێستە لەڵایەن خاوەن كارە سپی پێستەكەیەوە، لە سەدەی نۆزدەیەم دا، لە ئافریقای باشورەوە بۆ بریتانیا ئەهێندرێ تاوەكو هەر گیانلەبەرێكی تری ناو قەفەس لە بازاڕی مەكارەكان بخرێتە بەر چاوی خەڵك، ئەچێتە ناو قوڵای ئەو توندوتیژیەی كە لە ڵایەكەوە لەمروڤێك ، دواتر لە ڕەش پێستێك و لە كۆتای دا لە ژنێك ئەكرێ. ڕووداوێك كە لەو سەردەمەدا جگە لە ناو بریتانیا دا، توڕەیەكی دروست نەكرد.

“وێنوسی ڕەش” یان “وێنوسی هاتن تات”، ژنێكی ڕەش پێست بە قەبارەیەكی زۆر گەورە و سمتێكی زۆر زۆر گەورەوە لە ناو قەفەسێك دا نیشان ئەدا كە لە ڵایەن پیاوێكی سپی پێست و یان لە ڕاستی دا خاوەنەكەیەوە هەروەك عەنتەرێك، بە زۆر دەرەقسێنرێ. لە كۆتای هەر شانۆیەك دا پیاوی ڕام كەر داوا لە ئامادەبووان ئەكا كە دەستێك بە سمتی دا بێنن. ئەم ژنە زۆر بە قورس ئەم سوكایەتیە قەبوڵ ئەكا بەڵام ناچارە كە تەحەمولی بكا و بە یارمەتی ئەڵكوڵ درێژە بە كارەكەی ئەدا. بە هۆی ئەو دەنگ هەڵبرینانەی كە لە پارڵەمانی بریتانیا دا بەرامبەر بەم دەست دریژیەی كە كراوەتە سەر مافی ئینسانی تاكە كەسێك بووە هۆی ئەوەی كە مەیدان بۆ خاوەن كارە سپی پێستەكە تەنگ بێتەوە، ئەو “وێنوسی ڕەش” ەكەی لە ژێر كاریگەری دەست فرۆشێكی بەرەڵای وەك خۆی، ئەهێنێتە دەر و ئەیبا بۆ فەرانسا و ئەم بونەوەرە، كە بۆتە قوربانی فێڵ بازێكی تر، دەبێتە ئامرازی یاری ئەشراف لە شەونشینیە كانیاندا.

لەو دیو وێنە ڕوخێنەرەكانەوە، چ لە ناو ئاكادمی زانستی فەرانسا كە زاناكانیان ئەیانهەویست لە نزیكەوە  لە هەندێ تایبەتمەندی لەشی ئەو ژنە بكۆڵنەوە و هەر لەم كاتەشدا یەكەمین تئۆریە ڕەگەز پەرەستانەكانیان داڕشتو و چ لە شەو نشینیەكان دا، عەبدۆل تەیف كەشیش، بابەتی جیاواز بوون، كەڵكی نابەجێ وەرگرتن لە مرۆڤەكان، بێ دیفاعی هەندێك لەوانی بە شێوەیەكی زۆر تایبەتمەند وێنا كردبوو بە بێ وێنەی زیادە كە لە ناو فیلمەكەی پێشووی “دان و ماسی ڕەش” یان “ڕازی دان” دا ئەكەوتنە بەر چاو، نیشان دا. عەبدۆل تەیف كەشیش لەگەڵ ئەوەی كە نایەوێ شیوەن گێر بێ، فیلمێك دروست ئەكا كە هەروەك كوتكێك لە مێشكی بینەر ئەدرێ. پێداكێشانێك كە تا ماوەیەكی زۆر كاریگەریەكەی هەست پێدەكرێ.

پێداكێشانەكە لەم ڕووەوە كە “وێنوسی ڕەش” ئامادە نیە، دوای لێكۆلینەوە زانستیەكان، پێوانی ئەندامەكانی لەشی، شەویلكە و سەر، ئەندامی زاوزێی بە نرخێكی زۆر پیشانی زانایان و لێكۆلەرەوانی ئەو سەردەمە بدا و دوایی ئەو لە پشتیوانی كۆمەڵگای زانستی و لە سەرووی هەموویانەوە”ژۆرژ كوویە”، “ئاناتۆمی ناس” بە ناوی سەرەتای سەدەی نۆزدەیەم، بەهرەمەند بوو، لە ژێر كارێگەری ئەو شەرەنگێزە بێ ئەخڵاقەی كە كەوتۆتە داویەوە، بە نرخێكی زۆر كەمتر بەهاكانی لە دەست ئەدا و بە پێچەوانەی هەر كەسێك كە بە هۆی شۆرشەوە زیاتر لە ئازادی نزیك ئەبنەوە، ئەو بە هەر شۆرشێك زیاتر ئەروخێ و بۆ خواستە بێ ئەرزشەكانی “خاوەنەكەی” سەر شۆر ئەكا، كەم كەم سەر لە شوێنە لەش فرۆشیە كەم بایخەكان دەر دێنێ و دواتر لە تەنیشت خیابان جەستەی نەخۆشی هەڕاج دەكا و بە هۆی نەخۆشی تەنگە نەفەسی و ئەو نەخۆشیانەی بە هۆی جووت بونەوە توشی بووە لە هەژاری دا گیان لە دەست ئەدا. بەڵام مەیتەكەشی ئەبێتە سەرچاوەیەكی دارایی بۆ هۆكاری بەدبەختیەكەی كە ئەیفرۆشن بە ئاكادێمی زانست بۆ لێكۆلینەوە. پر ئازارتر لەوە ئەمەیە كە ژنێك كە لەسەرەتادا بە توندی لە بەشێك لە لەشی خۆی وە یان تەنها بەشێك كە تا ڕادەیەك لە ژێر ئیختیاری دا بوو، بەرگری بكا، تەنانەت دوای مردنیشی ساڵانێكی زۆر دەست درێژی ئەكرایە سەر، دەست درێژیەك كە نیگاگەلێك ئەیان كرد كە بە دوور بوون لە ڕەزامەندی و خواستی ئەو بۆ ئەو بەشە لە لەشی. بەم مانایەی كە دكتۆر “كوویە” دوای لێكۆلینەوە لە ڵاشەكەی، مێشك و ئەندامە زازوزێ نائاسایەكەی لە ناو شوشەیەكی پڕ لە ئاڵكۆڵ دا داناو تا ساڵی 1976 لە موزەی مرۆڤ ناسی پاریس  لە بەر چاوی بینەران بوو و دواتر برا بۆ ئەمبار. قاڵبێكی گەچیش كە لە لەشی دروست كرابوو تا ساڵی 1976 هەر لەو موزەیە دانرابوو.

لە كۆتای سەردەمی ئاپارتاید دا، لە ساڵی 1994، سەرۆكەكانی هۆزی “خۆی زان” داوایان لە “نێڵسۆن ماندێڵا” كرد پاشماوەی جەستەی “وێنوس هاتێن تات” ( هاتێن تات بە مانای بونەوەرێك لە نێوان مرۆڤ و شامپانزەدا وە یان ئەڵقەی ونبووی داروین ) لە فەرانسا وەرگرێتەوە بیگەرێنێتەوە بۆ ئافریقای باشوور. لە ساڵی 2002 دا یاسای گەڕانەوەی “وێنوس هاتێن تات” لە سێنای فەرانسا پەسەند كرا و لە رۆژی 9ی ئوتی 2002، بە بۆنەی رۆژی ژن لە ئافریقای باشوور، پاشماوەكانی “وێنوسی ڕەش” لە ناوچەی لە دایك بوونی واتە “كیپ تاون” بە ئامادەبوونی “تابۆم بكی”، سەرۆك كۆمار و هەندێ كەسایەتی دەرەكی بە خاك سپێردرا.

عەبدۆل تەیف كەشیش سەبارەت بە چۆنیەتی ئاشنایی لەگەڵ ژیانی “سارتیە بارتمن” دەڵێ ئەو باسانەی كە لە نێوان فەرانسا و ئافریقای باشور دەستی پێكرد سەرنجی ئەوی بۆڵای خۆی ڕاكێشا و دوای لێكۆلینەوە سەبارەت بە ژیانی توشی شۆك بوو. لە درێژەدا دەڵێ: “لەگەڵ چونەسەرەوەی تەمەن، من بەرپرسیارێتیەكی زیاتر چاو كەسانی تر هەست پێدەكەم وە چون ئەوە كەسانی ترن كە دەبێ سەمەرەی كاری من ببینن، ئەم كارە دەبوو لە پێوەند بە كۆمەڵگا  دا بێ و بۆی بەسوود بێ. لە ڵایەكی ترەوە من دەمهەوێ كەسانی تر لە خەمەكانم دا شەریك بكەم چونكە من لە دەیەی ئێستادا ڕادەی نیگەرانیم بە بەراورد بە ڕابردوو روو لە زیاد بوون بووە و ئەم نیگەرانیانەش كەسانی تر هەستیان پێكردووە. من بەش بەحاڵی خۆم هەوڵ ئەدەم كە بەسەر ئەم ترس و دڵەراوكێیە دا زاڵ بم، ئەو ترس و دڵەڕاوكێیە بۆخۆم و كەسانی تر شی و شرۆڤە بكەم. بەڵام لە كۆتایی دا ئەبینم كە هیچ شتێكم جگە لە دروست كردنی چەند پرسیارێك نەكردووە…

ئێستا با بزانین ئەو ئەكتەرەی كە بە شارەزایی تەواوەوە لە قاڵبی “وێنوسی ڕەش”دا دەوری بینی و لەشیشی لەم ڕێگایەدا یارمەتیەكی زۆری دا كێیە؟ ئەو “یاهیما تۆرس”ی ناوە. لە كوبا لە دایك بووە و پێنج ساڵ لەمەو پێش كوبای بە مەبەستی پاریس بەجێهێشتووە. عەبدۆل تەیف كەشیش رۆژێك كە لە ترافی كافەی گەرەكە عەرەبنێشینەكانی پاریس دانیشتووە “یاهیما”ی كە خەریكبووە لە ناوەوە ڕەت بێ بینیوە. بەپەلە هاورێی یارمەتیدەری بە مەبەستی ئاشنایی لەگەڵیدا نارد بەڵام چون لەو كاتەدا سەرگەرمی دروست كردنی فیلمی پێشووی بوو، ئەم پێوەندیە بەردەوام نەبوو. لە ساڵی 2008 جارێكە تر دیدارێكی ڕێكەوتی لە نێوان ئەم دوانەدا ڕووی دا و چون عەبدۆل تەیف كەشیش لەحاڵەتی هەڵبژاردنی ئەكتەر دا بوو بۆ “وێنوسی ڕەش”، بۆ ئەو ڕۆلە هیچ كەسێكی تر نیدەتوانی لەگەڵ كاندیداتۆڕی “یاهیما” بەربەرەكانی بكا. بەڵام “یاهیما” هێشتا بە پێی پێویست قەڵەو نەبوو و دەبوو لە ماوەی هەشت مانگ دا 13 كیلو زیاد بكا. دواتر فێر بوو كە چۆن دیالێكتیك “لەهجە” و زمانی خۆی بگۆرێ تا زیاتر لە كەسایەتی “وێنوسی ڕەش” نزیك بێتەوە. “یاهیما تورس” دواتر موی سەری تاشی تا كڵاو گیسێكی لە شێوەی موەكانی “سارتیە بارتمن” لە سەر سەری دابنێن. ئەم ئاڵوگۆڕانە و ڕۆڵبینینی سروشتی ئەو ژنە گەنجە بێ پێشینەیە لە سینەمادا، یەكێك لە هۆكارەكانی سەركەوتنی ئەو فیلمەیە. فیلمێك كە بووە هۆی ئەوەی عەبدۆل تەیف كەشیش بگاتە ئاستێكی بەرز تر لە كاری دەرهێنەری و ئاسۆیەكی جیهانی بۆ سینەمای خۆی و فەرانسا بكاتەوە. هەڵبەتە نابێ وێنە زۆر باشەكانی فیلم كە بە شێوەی تابڵۆ بەرەو پێش ئەچوو لەبیر بەرین.

 

…وەرگیراو لە سایتی ڕادیۆ فەرانسا…

 

 


ن: شەهڵا ڕوستەمی

و: هیوا ئەمانی

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.