
شه‌واره …. ستار ئەحمەد
به شۆسته‌یه‌كا تێده‌په‌ڕین
ترس نیگای چرا كوێره‌كانه
له هه‌نیه‌ی زه‌مین .. كولله ده‌رده‌چێت و
به باڵی په‌پووله بێزاره‌كان ده‌یاننه‌خشێنن
ده‌نگ.. سه‌ربرده‌ی ریسوایی چه‌رخێك ده‌رده‌خا
له فارگۆنی دڵه پووكاوهكانا
ڕێگا له عه‌شق ده‌گرێ
حه‌ز به ته‌لی كووچهكانا هه‌ڵده‌واسێ
بوون له چڕنووكی داڵی ڕقایه‌تی گیر ده‌كا
خۆشه‌ویستی له‌لرفه‌ی بادا ده‌پێچێته‌وه
دۆستایه‌تی له گه‌رووی زامه‌كانی شارا ده‌شارێته‌وه
بۆیه له نێوانی من و تۆدا
ئێمه و ئه‌وانا
خولگه‌ی كاتژمێر.. گه‌ردنی ڕۆژگاره داڕوشاوهكانه
بیره‌وه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاوه‌ڕۆی بیره
له شیله‌ی ده‌سته تاڵهكانا ژه‌هر ده‌بارێ و..
له ئه‌نگوستی پێنووسه ڕهنگاوڕهنگهكانا
سكی په‌ڕه به ته‌فره ئاووس ده‌بێت
له دیمه‌نم ڕامێنه
وا ده‌بینی ردێنی وشه‌م به‌رداوه‌ته‌وه
تاڵی رسته‌م له هێڵی ڕوو ناوچه‌وانما
بۆ زه‌مه‌نه نووستووه‌كان
گه‌واڵه‌ی هه‌وری قهدكراوه
پاشا‌كان ماندوون
له ژێر تۆڕی غه‌زه‌با
تاڵاوی خه‌و دایانی گرتووه
ئه‌ستێره‌یه‌كی شیعر
له گه‌ردنی دیوانێكا سه‌ره‌تاتكێ بكات
وێنه زه‌قه‌كانی ته‌لبه‌ندی مردووه‌كانه
ده‌بنه حه‌سحه‌س و
چاودێری كۆرهڕاكانی مێژوو ده‌كه‌ن
به‌م شه‌وگاره له‌م گۆڕستانه تراتێنه
گوایه شایی جنۆكه‌یه و
مردووه‌كان له‌گه‌ڵیانا سه‌رچۆپی ده‌گرن
دوێنێ به‌و چاوانه‌م بینیم
كراسی شیعرم.. له‌به‌ر شاعیرێكی مردوودا
رۆمانێكی شه‌وڕه‌و بوو
ئاوازی گۆرانی.. ئه‌و گۆڕه‌ی هێنا بووه خرۆش
تاوێك له‌گه‌ڵیانا ده‌ستم گرت و
حه‌سره‌تی ژیانێكی پڕ له ژارم هه‌ڵڕشت
ئه‌مڕۆ هاوسه‌ره‌كه‌م
چاوه‌كانی كردبووه ئامان و
ئه‌و كراسه‌ی به فرمێسك ده‌شوشت
سه‌رم خسته ژێر پرشنگی ئاو و
ردێنم پاككرده‌وه
له كووره‌ی ده‌روونما.. بێچووه ژانێك په‌ڕ و باڵی ده‌ركرد
له‌سه‌ر په‌ڕه‌ی یادگاره‌كان
خوێن ته‌نافی هه‌ڵواسی
له تارمایی وێڵستانی شاره زامدارهكهمهوه
گۆشه‌ی مانگ ده‌ركه‌وت
ئه‌ستێره‌كان بوونه چزووی هه‌نگ و
دڵی هه‌وریان.. به شیله‌ی ره‌شه‌با ده‌گه‌ست
ئاسمان و زه‌وی له خاڵێكا گیرسانه‌وه
حه‌زیان ده‌كرد خۆر راپێچن
بیخه‌نه گۆشه‌ی گیرفانه‌وه