
گۆرانییەک بە تەنیا لە چۆڵەوانیدا پیاسەى کرد ..!!
بەداخ و پەژارەیەکى زۆرەوە هەواڵى کۆچى دوایی کاک ( ئاوەدان )م بیست .
کاک ( ئاوەدان ) سەربارى چوست و چالاکی ، هەمیشە پۆشاکی دڵدانەوەى دەپۆشی ، خۆراکی وژەى دارستان بوو . کلیلى هەڵکردن و کپکردنى رەشەبای پێ بوو . شەوانە یەک دوو پەرداخ خۆرەتاوى هەڵدەدا ، ناخی خۆی پێ پاک و روناک دەکردەوە . هێندە میهرەبان بوو رۆژانە لە ناو لەپی کانی هەڵدەقوڵا . لەگەڵ برادەرانیدا بەزارى شەونم دەدوا ، بە مشت ومڕ ناسازی دەمراند .
زۆر حەزی لە کێڵانی سێبەرى رەق بوو . کەم دەخەوت و بەردەوام ناوشانی خاکی دەشێلا ، نەمامى رەگ و رەچەڵەکی بەخێودەکرد . زۆر تێکۆشا بۆ ئەوەى خەڵک واز لە ئاودانی دوورە پەرێزى بهێنن ، خۆیان لە داڵدەدانی دوو بەرەکی بپارێزن ، باوەش بۆ روانینی متمانەى دوو لایەنە بکەنەوە .
بەردەوام لەگەڵ دڵرەقیدا کۆک نەبوو ، بەچەپۆک سەرکوتى دەکرد و دەیچەماندەوە . بە دەست وشککردنەوەى خەمساردییەوە زۆر ماندوو بوو . سڵى لە تەپ و تۆزی تەڕ نەدەکردەوە . لە پێناوى حەوانەوەى خەڵکدا سەری ژیان و گرێکوێرەکانى دەخوراند و ئارەزووەکانى خۆی قەد دەکرد .
دانوی لەگەڵ کەلێن و کەلەبەردا نەدەکوڵا ، زۆر گوێ قولاغی چرپەى بایەخدان بوو ، لە کاتى بەرتەنگدا فراوانی بڵاو دەکردەوە . گۆرانی خوێنگەرمی دەرخواردی لاوانەوەى دڵسارد دەدا .
قەت خۆشی بە کەفاوی لووت بەرزییدا نەدەهات ، بە گوزەرێکدا تێنەدەپەڕی کە بۆنی خۆ بەشتزانی لێبهاتایە . کەیفی بە گوزەرانی لا بە لا نەدەهات و حەزی نەدەکرد نیشتیمان بە حەسرەت بار بکرێت . بەردەوام هەناسە ساردی دەماڵى و نەیدەهێشت هیچ کون و قوژبنێک داپۆشێ . کارقایم بوو لە پاشەکەوت کردنى بەزەیی و توڕەییدا .
زۆر حەکیم بوو ، هات و هاوارى ورد و خاش دەکرد ، فووى بێدەنگیی پیادا دەکرد و دەبوو بە گڕ و گاڵ . ئاردە گزنگی کۆدەکردەوە و بە بۆنی گەردەلوول دەیگرتەوە و دەیکردە دەرمان بۆ چارەسەرى پەتای ئاژاوە رەشە .قسەى هەموومانی رادەخست و جوگرافیای دوا رۆژى لە سەر دەنەخشاند .
سەرماى بەرز و گەرمای نزمى دەردەسەرى کۆڵی پێنەدەدا ، چاوپۆشیی لە چاوپۆشی نەدەکرد . پێی باش نەبوو ئاخ و ئۆف کەڵەکە ببن و زوو زوو دەیدانە دەم روبارى چارەسەرەوە . لە زەمینە سازیدا شارەزا بوو ، پەتی گوڕ وتینی دەدایە دەستمان وعەترى ئاسمان وئاوی جوانی پێ دەبەخشین .
زۆر بەداخەوە بۆ کۆچی ناوادەی کاک ( ئاوەدان ) .
هاوارێک بوو بە گوێی بۆشاییدا ، گۆرانییەک بوو بە تەنیا لە چۆڵەوانیدا پیاسەى کرد .
یەزدانی مەزن بە بەهەشتی بەرینی شاد بکات و سەبورى هەموو لایەکمان بدات .
إنا لله و إنا إلیە راجعون
براى دڵسۆزتان
تەیب جەبار
بەڕێوەبەرى بارینى شیعر