لە فەلسەفەى مێژووەوە بۆ كۆمەڵناسى
پسپۆری كۆمەڵایەتی : حەمەی ئەحمەد رەسوڵ…..
زانیارى مێژوو, بە گشتی ڕۆشناییەكى گەش ئەخاتە سەر كارەسات و دیاردە كۆمەڵایەتى و ڕامیارى و ڕۆشنبیرییە بەرفراوانەكانى كۆمەڵگاو ئامانجى سەرەكى تۆژینەوەى مێژوویى بۆ ووردبوونەوەیە لە پەیوەندى هۆكارەكان بەیەكترەوە ڕۆڵیان لە چەسپاندنى ڕاستى مێژووییدا فەراهەمئەكات, لە كۆتایى چەرخى هەڤدە و سەرەتاى هەژدەدا زۆربەى نووسین و لێكۆڵینەوە مێژووییەكان سەبارەت بە كاریگەرى دەوروبەرى كۆمەڵایەتى و ئابوورى بەسەر مرۆڤەوە ئەدوان, نووسراوە ڕەنگینەكانى ئەم سەردەمە بۆ بەرپەرچدانەوەى بیروڕاى تێولۆژیى چاخەكانى ناوەڕاست, پەرەیان بە یاساكانى تیۆریى پەرەسەندن Development Theory داوە.
ڕۆشبنیرانى ڕۆشنگەریى, توانیان پاڵێكى بێوێنەو بەهێزتر بە ڕەوڕەوەى زانستى مێژوەوە بنێن, لەوانەش ڤۆڵتێرو هێردەرو كۆندەرسآ و مۆنتسكیۆو ترگۆو هێگیلأ بوون. زۆربەى زانا و مێژوو نووسانى رۆشن فیكرى لەو باوەڕدا بوون كە ئەتوانرێت مێژووى ئادەمیزادو كۆمەلأ بخرێتە بەر پێوانە و شرۆڤەى زانستەوە, هەروەها ڕایئەگەیەنن كە دیرۆكى ئادەمیزاد دەقاودەق چەشنى سروشت و بەزەبرى ژمارەیەكى زۆر لە یاساى چەسپاو وسەقامگیر ئەبزووێت و ئەگۆڕێت..
لەوانە فیكۆ( ( 1744-1668/Vico ى ئیتاڵى بوو كە هیچ جیاوازییەكى لە نێوان گەلاندا نەئەبینى و بەوپەڕى دڵنیاییەوە ئەیووت: هەموویان وەك یەك قۆناغەكانى مێژوو ئەبڕن, ئەگەرچى جیاوازیش لە نێوان مەڵبەندى جوگرافیایى و نەژادیاندا هەبێت, بەلاى ئەوەوە پەیدا بوون وتەشەنەكردنى بچووكترین خانەى كۆمەڵگا كە خێزانەو ئاڵووگۆڕییەكانى, دروستبوونى زمانى ئاخاوتن و بەرەو پێشچوونى, ستایڵى هوشیاریى بیركردنەوەو گۆڕانكارییەكانى, دامەزراندن و بونیاتنانى دەستگاى ڕامیارى لە سەراپاى كۆمەڵگاكانى دونیادا یەك ڕێبازیان بڕیوەو ئەبڕن..
لە فیكرى مێژوویى و هزرى سۆسیۆلۆژییانەى هەریەك لەو زانایانەوە ئەوەمان بۆ ڕاڤە ئەبآ و ڕوون ئەبێتەوە كە بە پێچەوانەى ڕاپەڕێنەرانى چەرخى هەڤدە هەمەوە, ئاڵووگۆڕكارى و پەرەسەندنى دیاردە ئاساییەكانى نێوكۆمەڵگا بۆ چەند هۆكارێكى ڕامیارى و جوگرافى و ئابوورى ئەگەڕێننەوە..ئەمەش خۆى لە خۆیدا جێگەى سەرنجەو هەنگاوێكى بێهاوتایە, ئەگەر بەراووردێكى لەگەلأ چەرخە تاریكەكانى پێشینى دیرۆكى بكەین, كاتێك پشت بە تاقە هۆیەكى شارراوە ئەبەسترا بۆشرۆڤە كارى و بەدواى حەقیقەتدا گەڕان كە دەموەختێك لە پشت ئاسمانى حەوتەمەوە بڕیاریان لەسەر ئەدرا.
تەنها مۆنتسكیۆ نەبێت كە بە دامەزرێنەرى نێوەندى جوگرافى دائەنرێت, لە كتێبە ناودارەكەیدا كە بەناوى گیانى یاساكان (روح القوانین 1748)ەوە بڵاویكردەوە كە خاكوخۆلأ و ئاوو هەوا كارێكى زۆر ئەكەنە سەر دەروون و نۆرم و نەرێتى خەڵكان و شێوازى ڕژێمى ڕامیارى و كۆمەڵایەتى لە میحرابى سروشتدا ئەپارێزرێت.
مۆنتسكیۆ Montesquieu/ 1689- 1755/بە پێچەوانەى ئەو هەموو دژایەتییەى كە پێوەى ئەناڵاند, تێڕوانینى خۆى و قوتابخانەكەى بۆ نەشوونماكردنى كۆمەڵگا لە كڵاوڕۆژنەى تەنها یاسایەكى جوگرافییەوە لێك ئەدایەوە, كەچى ئەبینین دەروێشى بەجۆشى زۆرە لەوانە: (ڕیتسڵى ئەڵمانى و دووركهایمى فەرەنسى و بۆ كلى ئینگلیزین) كە هەموو تێكڕا داكۆكییان لە بۆنوبەرامەى ڕژێمى سەرمایەدارى و كۆڵۆنیالیزمى جیهانى ئەكرد..
هەروەها كار گەیشتە ئەوەى سەدەى بیستەم ببێتە گۆڕەپانى جێبەجێكردنى مەبەستیان. ئەوان واى بۆ ئەچوون و بانگیان ڕائەهێشت كە خاكو خۆلأ (التربە) سنوور بۆ پاشەڕۆژى مرۆڤ دائەنێت و ڕازیبوون بەو چارەنووسە قەدەریەش, باشترین ژیانێكى دێنێتە بەرهەم, كێشە و مەسەلەى گۆڕینیش شتێكى ئاستەمە, چونكآ قۆناغى مێژوویى یاسایەكى چەسپاوى سروشتەو بڕیارى هێزو توانایەكى فیزیكى لەسەرە.
بەڵام ئەگەر پەنجەى مێژوویى بۆ كات و شوێنى (مۆنتسكیۆ) درێژبكەین ئەبینین هەوڵدانێكى تازەترەو دوورە لە لاسایكردنەوە, ئەیەوێت لە نهێنییەكانى یاساى پێشكەوتن و بەرەو پێشچوونى كۆمەڵگا بگات, هەروەها ڕۆڵى دیاردە سروشتییەكان لە گەشەسەندنى سامانە ئابوورییەكاندا دیاریبكات. ئەمەش تاقە هۆكارێكە كە بتوانآ بۆچوونەكانى سەردەمى خۆى بووروژێنێت و خامەى دەستى ڕووناكبیرانیش هوشیار بكاتەوە..نەخشەیەكى نوآ بۆ هێزە بزووێنەرەكانى ڕەوڕەوەى مێژوو ڕەنگڕێژبكەن..
شایانى بیرنەكردن و هەقبێژییە كە بڵێین: دەستكەوتى گەورەى بیروڕاكانى سەدەى هەژدە ئەوەیە كە شارەزاو بیریاران مێژوویان داوەتە دەست ئادەمیزاد خۆى و بە پەڕۆشەوە ویستوویانە هێزە بزوێنەرەكان لە ڕێچكەى خودى ژیان و دیاردەكانیدا بە دیبكەن..هەروەها ئەڵێت؛ كەسێك تا ئەو سەردەمە وەكو ئەوان (واتە بیریاران) بە پەڕۆشەوە بە دواى یاسا پالأ پێوەنەرەكانى مێژوودا نەگەڕاون…
ئەوان بێووچان سووربوون لەسەر ئەوەى كە مێژوو ڕاناوەستێت, هەمیشە بە حوكمى یاساى سروشت و هێزى تەلیسماوى ئاوەز بەرەو پێش ئەڕوات . ئەتوانین لەبەر ڕۆشنایى ئەو بۆچوونانەى سەرەوەدا بڵێین, فیكرەى گۆڕان و قۆناغەكانى گۆڕانى كۆمەڵایەتى هەروەها بیرى پەرەسەندنى كۆمەڵگا دیارترین خەسڵەتە نووسراوەكان و هزرى ئەم سەردەمە بوون, ئەویش لە پاى ڕەنگدانەوەى واقیعدا, ئەم بانگەوازە دەنگدانەوەو زایەڵەیەكى كتوپڕ و بەسام بوو, بەتایبەت لەگەلأ دەركەوتنى لایەنگرانى شۆڕشى گەورەى فەرەنسیدا كە لە ساڵى 1789دا لە دڵى هەموو بیرمەندێكدا موتووربەبوو ئەوجا چەكەرەیان دەركرد.
شارلأ فۆرییآ/1837-1772/ch.Fourierهەروەها سان سیمۆنى/ 1825-1760/s.simon زیندووكەرەوەى بیروباوەڕى سۆشیالیزمى یۆتۆپیایى و زاناى ئینگلیزى ڕۆبەرت ئەوین/1858-1771/R.owen دوژمنى سەرسەختى مۆلكدارێتى تایبەتى بوو.. هەرچى سان سیمۆنە لە باسى كێشەو ململانێى ئابووریدا وەكو هێزى بزوێنەرى مێژوو زۆر نزیك كەوتەوەو بە پێوانەى ئەو كێشەیە دەركى بە حەتمیەتى گۆڕانى قۆناغە جیاوازەكانى كۆمەڵگا ئەكرد .. چونكآ بە چاوى خۆى سەرئەنجام و فەراهەمبوونى شۆڕشى پیشەسازى ئەبینى, تەنانەت ڕایانگەیاند كە نەشوونماو گەڵاڵە بوونى چینى بۆرژوا لە ژێر سێبەرى ئەو شۆڕشەدا خۆى لە خۆیدا ئاڵقەیەكى نوێبوو بۆ هاویشتنى هەنگاوێكى بێهاوتا تاوەكو بتوانێت, چالاكییە ئابوورییەكان لەلادێوە بەرەو شار بگوێزێتەوە..كە ئەمەش پێویستى بە خوڵقاندنى زانستێك هەیە كە بتوانێت ڕوواڵەتەكانى پێشكەوتنى كۆمەڵگا شرۆڤە بكات و لە سەرەنجامى گۆڕانى دەستگاكانى دەوڵەت بدوێت.
سان سیمۆن ئەو ماف و ئەركەى بە زانیارییەك سپارد هەروەكو خۆى ناوى لێنا: (زانستى ڕامیارى/ Politlque (Science كە هەر ئەو زانستەیە و دواى خۆى ئۆگەست كۆنت ناوى لێنا سۆسیۆلۆژیا..
فریدریش هێگلأ ( 1831-1770/F.Hegel) ململانآ و ناكۆكییەكانى نیۆكۆمەڵگاى بەهێزێكى بزوێنەرى بەرەو پێشچوونى مێژوو ناوزد ئەكرد. بەم پێودانگە بۆمان دەرئەكەوێت كە لۆژیكى پەیوەستى نێوان كۆمەڵناسى و زانستى مێژوو لە یەكەیەكى هەتا بڵێیت توندو تۆڵدا ئەسووڕێتەوە و لەلێكۆڵینەوەى ناوەڕۆكدا, لە ئەركى دەستنیشانكردنى گۆڕانكارییەكاندا, پێبەپێى چەندایەنى وچلۆنایەتى گەشەسەندنى كۆمەڵگا, ئەتوانێت بڕوا بە وتەیەكى (جۆرج هاوەرد) بكەین كە ئەڵێت: سۆسیۆلۆژیا مێژووى ئەمڕۆیەو مێژووش سۆسیۆلۆژیاى نووسراوى لەمەوپێشە! (دنیكن میشێل/ معجم علم الاجتماع/ل161,165). هەروەها وەدەركەوتن و سەقامگیر بوونی تیۆری گرێبەستی كۆمەڵایەتی زۆر گرنگ بوو لە مێژوودا و هۆكار و فاكتەرێك بوو بۆ سەرهەڵدانی زووتری كۆمەڵناسی ..!
بیرۆكەی – مۆدێلی سەرهەڵدانی دەوڵەت و دەزگاكانی كۆمەڵگا – كە بەرهەمی ڕێككەوتنی خەڵكە و لەسەر بەرژەوەندی گشت لایەك دێتە ئاراوە ، پێبە پێی تیۆری بەند و پەیمانی كۆمەڵایەتی ئەم بیرۆكەیە گەیشتۆتە باڵاترین ستایڵێك كە ئەویش لەسەر دەستی / گرۆتیۆس ( Grotius,Hugo 1583 – 1645 ) و هۆبزی ئینگلیزی و پووڤێندۆرفی ئاڵمانی ( Puffendorf 1632 – 1694 ) و جۆن لۆكی ئینگلیزی ( Locke,John 1632 – 1704 ) كە ڕۆڵێكی ئەوتۆی هەبووە لە وێناكردنی قۆناغە سەرەتاییەكانی ژیاندا ، لۆك سەدو هەشتا پلە بە پێچەوانەی هۆبزەوە ئەڵێت : ئاشتی و سەربەستی كاركردن لە قۆناغی سەرەتایی مرۆڤایەتیدا بەركەماڵە و بە پێی ئارەزووی ئینسان بەڕێوەئەبرێت ، ئەم حاڵەتەش پێش قۆناغی ڕێكخستنی ڕامیاری " دروستبوونی دەوڵەت " ئەكەوێت و كۆمەڵ پێویستی بە دادپەروەرێكی بێلایەن و بە توانا هەیە كە بتوانێ دەستـەڵات بگرێتە دەست و ململانێی كۆمەڵایەتی و كێشەی نێوان كەسانی كۆمەڵگا دابمركێنێتەوە …
هەروەها ئەڵێت : هۆی سەرەكی لەناوچوونی قۆناغی بەرایی – سروشتی – ئەگەڕێتەوە بۆ تەشەنەكردنی موڵكدارێتی تایبەتی و بەكارهێنانی لەژێر سێبەری یاسا و دەوڵەتدا .. بە بڕوای لۆك كۆمەڵگا لە منداڵـدانی ئەو پەیمان و بەندە كۆمەڵایەتییەوە هەناسە وەرئەگرێ كە پێویستە لەم كاتەدا ڕووبدات ، دەوڵەتیش چاودێرێكی ڕامیارییە و خواست و ئەركی هەمووان بەجێئەگەیەنێت ، بەڵام ئەگەر لە یەكێك لە بەندەكانی ئەو پەیمان و بەندە پاشگەزبوونەوە مافی گۆڕینی سیستم و پێڕەو و شۆڕش بەرپاكردن بە دەستی گەل و كەسانی كۆمەڵگاوەیە ..
شایانی وتنە ، كە لۆك سروش و وەحی ئەو بیروڕایانەی خۆی دەربارەی دەوڵەت ، لە شۆڕشی 1688 ی ئینگلیزییەوە دەستەبەركردبوو .. ژان ژاك ڕۆسۆ ( Rousseau ,Jean-Jacques 1712 – 1778 ) بیروڕایەكانی لە ئاوەز و زانینەوە سەرچاوە ئەگرێ و بە كورت و چڕی باس لە یەكەمین قۆناغی سروشتی ئەكات و ئەڵێت : ژیانی ئینسان بریتی بووە لە كڵافەیەك دڵەڕاوكێی و دژواری و پەشێوی و دەستەواژەیەك لە دەردەسەری و چەوساندنەوە ، سەرباری ئەمەش نەبوونی ئاسایش و متمانەیی لە خۆی و دەوروبەرەكەی .. بۆیە یەكەم هەوڵدانی ئینسانی پێشین لەوەدا خۆی ئەبینیەوە كە تەوق و كۆتی گەردنی ببچڕێنێ و ئازادییەكی كۆمەڵایەتی و ژیاری فەراهەمبكات ، لەگەڵئەوەشدا كە ڕۆسۆ ئەنتی و دژ بووە سەبارەت بە ژیار و ئەیووت : یەكسانی مرۆ تێیدا لەدەست ئەچێ و كارئەكاتە سەر داهێزران و هەرەسهێنانی ڕەوشت و ئاكاری مرۆڤـ .
لە ساڵی 1762 دا و لە پەرتووكە زۆر ناودارەكەیدا " گرێبەستی كۆمەڵایـــەتی " دا پوختەی بیروڕای لیــــبرالیزمی – سۆسیۆلۆژی خۆی لەوەدا سەنترالیزە ئەگرێ كە هەر ناچاری بونیاتنانی كۆمەڵگایەكی شارستانییە كە دەنگی تەواوی خەڵكان یەكئەخات و پەیمانێكی هاوبەش مۆرئەكەن هەرئەوەش تاقە مۆدێلێكە كە ئەتوانرێت لە سایەیدا دێمۆكراسیەێت لە حوكمڕانیدا دەستەبەربكەن ( ڕۆزانتال / ل232 ) .
داڤید هیوم ( Hume,David 1711- 1776 ) بە مەبەستی ڕەخنەلێگرتن ، پردێك لە سەر دووڕێیانی – لۆك و ئادەم سمیس Smith. Adam – دا هەڵئەبەستێ ولەسەر پرەنسیپی ئەمپیریكی ( التجریبیە ) بیروڕای فەلسەفی و هزری كۆمەڵایەتی خۆی دائەڕێژێت و ئەڵێت :
"مرۆڤـ بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتییە و كێشەی پرۆسێسی كۆمەڵایەتی ( العملیە الاجتماعیە بە ڕەمەك دەست پێئەكات و لە هەست و هەڵسووكەوتی مرۆڤدا ڕەنگئەداتەوە ، پاشان ئەچێتە ژێر چاودێری ئاوەزەوە – ئەقڵەوە – ئەمەش ڕاستییەكی كۆمەڵایەتییە و ئەگەر بە وردی سەرنجێك بدەین كە چۆن غەریزەی سێكسی لێپرسراوە بەرامبەر پێكهاتنی خێزان ئاوەهاش چـەشنـە سۆز و ویژدانێك دێتەكایەوە كەلە خۆوە – تلقائی – نۆرمو نەرێتێكی چەسپاو – القیم الپابتە – لە نێوان كەسانی كۆمەڵـــگادا ئەخوڵقێنـــێت "
بۆیە هیوم ڕاز و نیازی لایەنگرانی پەیمان و بەندی كۆمەڵایەتی یەكاڵائەكاتەوە و بە فەلسەفەیەكی یۆتۆپیایی و ئەفسووناوی دوور لە واقیعی دائەنێت ، ئەو پەیمانەش پووچەڵ ئەكاتەوە كە بتوانێ لە هەمانكاتدا هەست و سۆزی نێوان دەوڵەت لە بارێكی ئاساییدا ڕابگرێت. چونكێ كۆمەڵگا دیاردەیەكی كۆمەڵایەتـــییە و ئەكەوێــــتە ژێر كاریـــگەری و فاكتەری سایكۆلۆژییەكانەوە بۆئەوەی مرۆڤـ دوچاری ئاژاوە و دەردەسەری نەبێت پێویستە ڕێز لە شارستانیەێت بنێت ، هەروەها دابینكردنی بەختەوەری هیومانیستی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی وەكو پێداویستییەكی حــــەتمی و دیرۆكی خۆی بەسەر كۆمەڵگادا ئەسەپێنێت و ئەو ناچارییەش هێزی كەڵكخوازی بەسەر بیروڕای ئینساندا زاڵئەكات …. سەرەڕاى ئەوەى كارى بەڕێوەبردنى ئەم تێورییە لەمەدارى بۆچوونێكى ئایدیاڵى و دوور لەمەوزوعیەتەوە ئەسووڕایەوە كە هەرگیز گریمانە (الفرچیه) و بەڵگەى زانستى و مێژوویى تێدا بەدینەئەكرا, ئەتوانین بڵێین كە هەرهیچ نەبآ ولانیكەم بآ پەرژینى خستە نێو بۆچوونە قووڵەكانەوە, سنوورەكانى بیركردنەوەى بەزاند كە دەربارەى نەشونماى كۆمەڵگاو پەیوەندى تاكە كەس بە كۆمەڵەوە خەمڵیبوون..پێبەپێى ئەمەش بیروڕا كۆمەڵایەتییەكانى ڕووتكردەوە لە تێولۆژیاى سەدەكانى ناوەڕاستدا ( كە مەبەستمان لە بیروڕا مەسیحى و بۆچوونە ئاینییە تەسكەكانە).
سەربارى ئەوانەش لایەنگرانى ئەم تێورییە مەشخەڵى دەستى ڕاپەڕێنەرانى بزووتنەوەى ئاینیان وەرگرت و ڕێبازێكى ڕۆشن كەرەوە (كە كلیلىَ بوون بۆ شكۆفەبوونى ڕۆشنگەریى ) لەسەرتاپاى كۆمەڵگاى ئەوروپاییدا..بەو پێودانگە توانیان سەرانسەرى سروشت و مۆركى فەلسەفەو هزرى ئارسیتۆكراسى بگۆڕن و دژى دەسەڵاتدارێتى كڵێساو مافى پادشایى و ڕەهاى پیرۆزى پیاوە ئاینییەكان بوەستن.
لێرەدا پێویستە خاڵێكى گەشتر لە سەنتەرى چوارچێوەى ئەم فیكرە زنجیرەییەدا دابنێین و بڵێین :-
بە زەبرى ئەو ململانآ بەردەوامەى لە نێوان بەرژەوەندى بۆرژواى تازە پێگەیشتووداو مافى لەدەستچووى فیۆداڵى ئەوروپاییدا هەبوو, پاساوى ئایدیۆلۆژى ئەم قوتابخانە كلاسیكیە وەكو ڕۆژى ڕووناك ئاشكرا بوو كە هەڵپەى ئەوەى بوو مافى موڵكدارێتى تایبەتى, لە شێوەى پسووڵەدا ببەستێتەوە بەسەر توێژالأ و چینەجیاجیاكانى كۆمەڵگادا…بەو ئاواتەوەى بانگەوازى بۆرژوازیێت ڕابدرآ لە بەڕێوەبردنى دەسەڵات و دادوەرى ڕامیارى نوێدا…شایانی ووتنە لە سەدەى نۆزدەدا بیروباوەڕى سۆسیۆلۆژیی و بیركردنەوەی سۆسیۆلۆژییانە بە بەرفراوانی سەریانهەڵدا …..!
ئەو شۆك و هەژاندنە بێوێنەیەی كە بوارەكانى ژیانى گرتەوە, رێگەیان بۆ لێكۆڵینەوە ئابوورى و دیمۆگرافیانەش خۆشكرد و ڕاز و نیازى هەریەكە لە ئادەم سمس 17901723/A.Smith) و ڕیكاردۆ 1823-1772/Ricardo)) كە گوێڕایەڵى قوتابخانەى فیزیۆكراتى بوون, هەرگیز مێژوو ئەو ڕستەیەیان لە بیرناكات كە ئەڵێت؛ (لێگەڕآ با مرۆڤ قۆناغە سروشتیەكەى خۆى ببڕێت و هەر ئەبێت پیایدا تێپەڕێت) ئەمان هاندەرى گیانى خۆپەرشتى و سەربەستى كاركردن بوون, لە باسى تێكۆشانى ئادەمیزادا بۆ وە دەستهێنانى سامان و بەكاربردن و دابەشكردنیاندا قالأ بووبوون!
تۆژینەوە كانیان پەیوەندییان بە چلۆنایەتى بارودۆخى چینەكانى كۆمەڵگاوە هەیە, ڕایئەگەیەنن كە چالاكى بەرهەمهێنانى شمەكى ئابوورى و خواستى بەكاربردن لەلایەن مرۆڤەوە زۆر بوون و گەشە كردنى دانیشتوان و دابەشبوونیان بە ڕێژەى تەمەنیان دیاریئەكات).
بۆیە لە خۆوە نەبوو ماڵتووس ( 1834-1766/Malthus) لێكۆڵینەوەكانى سەبارەت بە: زیادبوونى لە ڕادەبەدەرى ئادەمیزادوگەشەنەكردنى كەرەستەى خۆراك (وسائل العیش والقوت) بڵاوكردەوەو هەوڵیدا بە دوو ڕێگەى لێكجیاواز چارەسەرى مەترسى برسێتى و هەژارى بكات
وێڕاى ئەوەش كە لایەنگرانى قوتابخانەى فیزیۆكرات و تێورییەكانى ماڵتووس چاویان سیستمى كۆمەڵایەتى و ئابوورى تازەیان نەئەبینى و ڕۆڵى گرنگى زانست و تەكنۆلۆژیایان لەم بوارەدا پشت گوێئەخست ( فەرهەنگى نوآ/ل 153). نووسینەكانیان ڕۆڵێكى پرشنگداریان هەبوو لەوروژاندنى ئەو لێتۆژینەوانەى سەبارەت بە كۆمەڵگاى مرۆڤایەتى خەمڵیبوون لە چەرخى نۆزدەدا…
ئیتر لەو ڕۆژەوە مەسەلەى ئاڵۆزبوونى گرێیەكانى ژیان و چەوساندنەوەى ئینسان لە پاى دامەزراندنى یەك لە دواییەكى كارگە قووسەركاندا, سەرنجى هەموو زانایەكى بەلاى خۆیدا ڕاكێشاو قیبلەنووماى هزرو بیركردنەوەیانى وەرچەرخاند لە پێناوى هووشیاركردنەوەى مرۆڤـــــ و ساڕێژبوونى كەلێنە گەورەكانى كۆمەڵگادا..
هەروەك ئاشكراشە دەركەوتنى سیماو شەقڵى تایبەتمەندى هەر زانستێك لە خۆڕِا بڕیارى لە دایكبوونى لەسەر نادرێت, بەڵكو ژانگرتنێكى بێپایانى گەرەكە بەجۆرێك بتوانێت گشت ئاواتەكانى مرۆڤ لە باوەشبگرێت و پەیمانى كامەرانى و خۆشگوزەرانى هەتا سەرى بۆ مۆر بكات..! ئیدی وردە وردە تیۆرییەكانی سۆسیۆلۆژیاى هاوچەرخ دەركەوتن و شكۆفەیانكرد …!!
لە دروێنەكردنى ناسنامەى – ئیبن خەلدوندا- بۆمان ڕوونتر ئەبێتەوە كە سۆسیۆلۆژیا وەك خۆى ناوى لێنابوو: ( زانستى ئاوەدانكردنەوەى ئادەمیزادى) ئەو زانستەیە كە لە مرۆڤـــ و دەوروبەرەكەى ئەكۆڵێتەوەو دیاردە كۆمەڵایەتییەكانى گۆڕانیش لەبەر ڕۆشنایى پرۆگرامێگى بابەتییانەدا ئاشكرا ئەكات, بەمەرجێك تۆژەرەوە بتوانێت هۆكارە بنەڕەتییە ئابوورییەكانى دیاریبكات…
سان سیمۆن تیشكێكى زێرین ئەخاتە سەر پێناسەكردنى زانست و ئەڵێت: هەموو ئەو زانیارییانەى كە مرۆڤ توانیوویەتى نهێنى ناوەرۆكیان بپشكنآ, پێویستە لە هاریكارى بونیاتنانەوەو ڕێكخستنى سەر لە نوێى كۆمەڵگادا بەشداربن.. (ڕۆزانتال/ الموسوعە/ ل239)..
ئۆگەست كۆنت یان كۆمت 1857-1798/ A.Comte)) كە سكرتێرێكى گوێڕایەڵى سان سیمۆن بووە تەنها بە پێناسە كردنییەوە ڕاناوەستآ, ڕەنگ و بۆیەكى تایبەتى پێئەبەخشێت, پەنا ئەباتە بەر بەكارهێنانى نەخشەیەكى قووچكەیى (هرمی) بۆ زنجیرە زانستەكانى پێشنیار كردووە بە پێى دەركەوتنیان, كە لەم شێوەیەدا ئاڵقەبەندو ڕیزكراون: (زانستى بیركارى و فەلەك, كیمیك و فیزیكى سروشتى, پاشان فیسیۆلۆژیا, لە دوایشدا فیزیكى كۆمەڵایەتى كە لە كۆتاییدا ناوى لێنا سۆسیۆلۆژیا)*
زاراوەى سۆسیۆلۆژیا/ كۆمەڵناسى بەلاى كۆمتەوە ناچارییەكى زمانەوانى بووە, ئەویش لە ترسى ئەوەى لەگەلأ لێكۆڵینەوە زانستى و فەلسەفییەكاندا تێكەلأ نەبێت و تایبەتمەندێتى خۆى وەرگرآ لە تۆژینەوەى ئینسان و پەیوەندى بە دیاردە كۆمەڵایەتى و سروشتیەكانەوە.
یەكێتى زانستەكان- وحدە العلوم- لەلاى- كۆنت- سەرەكیترین مەسەلەیە هەر وەك خۆى ئەڵێت: لە تۆ ژینەوەو ئەنجام وە دەست هێناندا كام زانست لەو زانستە بنچینەییانە بگریت, ئەبینى لەگەلأ ئەوەى پێشوویدا ئاشنایەو, ئەوەى بنەوەیان بنەماى ئەوەی سەرەوەیەو بەبآ یەكترى هەڵناكەن, بۆیە هەمیشە لە زانستى ڕامیارى جیانەكردۆتەوەو خزمایەتى لەگەلأ دەروونناسى و ئاكار ناسى و بایۆلۆژیاو یاسازانیدا هەبووەو تەواوكەرى یەكتربوون, بۆیە ئەڵێت سەرتاجى هەموو زانستە كانە, بەم پێودانگە توانیوویەتى وەڵامى ئەو پرسیارە ئاستەنگە بداتەوە كە ئەڵێت: لە سۆنگەى چییەوەیە كەزانستى كۆمەڵناسى وا درەنگ دەستەبەر بووەو سەریهەڵداوە زوو ساخ نەبۆتەوە؟! (موسوعە علم الاجتماع/1976 ل3-4).
بە بڕواى كۆمت شرۆڤە و لێكۆڵینەوە ئەنجامدان سەبارەت بە كۆمەڵگا لەیەكەیەكى هەمەلاییداو شیكردنەوەى دیاردەو سیستمە كۆمەڵایەتیەكان لەسەر میتۆدێكى تایبەتى, ستایلأ و چۆنییەتى باسەكە ئاڵۆزتر ئەكات و مێژووى سەر هەڵدانیشى دووائەخات!..
ئۆگەست كۆنت, لەسەر بنچینەو پرەنسیپى فەلسەفەیەكى ئایدیاڵى ئەیویسیت بناغەى سۆسیۆلۆژیاى زانستى دابڕێژێت, هەروەها هەوڵێكى ئەوتۆى داوە تیۆرییەكانى ئەم زانستە لە باوەشى میتافیزیك و تیۆلۆژیاى ڕووت و تاریك دەربێنێت, وەلىَ ڕەنجى بەفیڕۆ ڕۆیشت! بۆیە ناچار بەشێوەیەكى ئەندازەیى زانستى (كۆمەڵناسى) بۆ دوولكى سەرەكى دابەشكردووە..
یەكەم/ ستاتیكى كۆمەڵایەتییە Social Statics)) لە سیستمەكۆمەڵایەتیە بنچینەییەكانى مانەوەى كۆمەڵگا ئەكۆڵێتەوە.
دووەم/دینامێكى كۆمەڵایەتییە Social Dynamics)) لە یاساكانى بەرەو پێشچوونى گۆڕانى ئەو سستمە كۆمەڵایەتیانە ئەكۆڵێتەوە كە كۆمەلأ بە خۆیەوە ئەیبینێت لە قۆناغە جیاجیاكاندا, لە باسكردنى نەشوونماى خێزان و دەوڵەت و دیاردە كۆمەڵایەتیەكاندا پەنایبردۆتە بەر پرۆگرامێكى پۆزەتیڤیزمى و هێزى بزوێنەرى مێژووش, ئایدۆلۆژیاى سەردەم بڕیارى لەسەر ئەدات و بەبێئەوەى مۆركى مەوزوعییەتى بداتآ قۆناغەكانى گۆڕان لە ژێر دەسەڵاتى بیركردنەوەو توانستى مرۆڤدا خۆى ئەبینێتەوە..
(جاستۆن بۆتۆل/ل57,60, نیقولاتیماشیف/ل 266, 267)پێچەوانەى ئەو بۆ چوونەش ڕاستى ئەو ڕایە ئەگەیەنێت كە ئەڵێت: پێویستە زانست لە خزمەتى بەرەوپێشچوون و گۆڕانى كۆمەڵدا بێت نەك كۆمەلأ لە خزمەتى زانستدا, ئەگینا وەكو ئەو قوتابخانە ئەدەبى و هونەرییەى لێدێت كە پێیئەووترێت: ( هونەر بۆ هونەر!)…
سۆسیۆلۆژیاى پاش ئۆگەست (كۆنت)ى دامەزرێنەر و هەروەها پەلهاویشتنى تیۆرییەكانى سۆسیۆلۆژیاى هاوچەرخ لەسآ ڕێبازى فیكریدا خۆیئەنووێنێت :-
* رێبازى یەكەم : تیۆرییە كۆمەڵایەتییەكانى ئیمیل دووركهایم 1917-1858/ E. Durkheim ) )
و قوتابخانەكەیەتى كە ڕۆڵێكى گەورەى گێڕا لە چەسپاندنى مێتۆدى بەراوردكاریى نۆرم و دابونەرێتى نێوان گەلان و وڵاتان و پەلهاویشتنى سۆسیۆلۆژیا بۆ بوارەكانى دیكەى وەكو ئەنترۆپۆلۆژیا (مرۆناسى) و ئەتنۆگرافیا وسۆسێولۆژیاى زانین…. دووركهایم بە توندى هێرشى كردە سەر لێكۆڵینەوەكانى ( هەربەرت سپەنسەر و ستیوارد میل) كە بایەخیان بە ڕەفتار و هەڵسوكەوتى تاكەكەس ئەداو وەكو هەبوویەكى بایۆلۆژیى دابڕاو لە كۆمەلأ مامەڵەیان لە تەكدا ئەكرد, سۆسیۆلۆژیاى دووركهایم, لە قاڵبى تۆژینەوەى تیۆریى دەرئەچێت و ئەچێتە مەیدانى پرۆسێسەوە, چونكە بەسیستمەكۆمەڵایەتییەكانى كۆمەڵگا سەرەتایبەكانەوە خەریك ئەبێت و جیاوازى بیركردنەوەى ئایین و فەلسەفییان لەگەلأ وڵاتە پیشەسازییەكاندا زیاتر پاڵى بە دووركهایمەوە ناوە كە ئەم زانستە ناو بنێت ( زانستى شیكردنەوەو لێكۆڵینەوەى گەلان) كە ئەمڕۆ پێى ئەووترێت ئەتنۆلۆژیا..
لایەنگران و شاگردەكانى ئەو قوتابخانەیە (واتە قوتابخانەى دەروونیى كۆمەڵایەتى) لەو باوەڕەدان كە سۆزو هەستێكى دەروونى بەهێز كۆمەڵگاى یەكخستووەو لە دیاریكردنى هوشیارى كۆمەڵایەتیاندا جآ پەنجەى دیارە كە هەر ئەویشە بەرژەوەندى ئابوورى نێوان چینەكان دابینئەكات…
گیبرایێل تارد 1904-1843 G.Tard)) و گۆستاف لۆبۆن G. lobounرێچكەى ئەم ڕێبازە ئەگرن و لەو ڕایەشدا یەكئەگرنەوە كە ئەڵێت: (سیستمە بنەڕەتییەكانى كۆمەڵگا لەسەر لاساییكردنەوەى نۆرم و نەرێتى هاوبەش بەندەو یاساى دووبارەبوونەوە (قانون التكرار/ Repetition)ى دیاردە كۆمەڵایەتییەكان پەیوەندى نێوان كەسان ئەڕەخسێنێت…
(موسوعە علم الاجتماع/ ل 20).
*رێبازى دووەم: تێورییە سۆسێولوژیەكانى هەردوو زاناى ئەڵمانى كارلأ ماركس ( 1883-1818/K.Marx)و ماكس ڤێبەر 1920-1864/M.Weber )) ئەگرنەوە.. كە وەكو دوو جەمسەرى ساردو گەرم بەگژ یەكترداچووبوون, ماركس ئەیەوێت بەتەواوەتى ئەركى تیۆریى زانستى لە شرۆڤە كردنى فەلسەفەى سروشتى و تێڕوانینى ئایدیاڵى نەزۆك داببڕێت, بۆیە لە پێناسەكردنى سۆسیۆلۆژیادا ئەڵێت؛ ئەركى تیۆرییە كۆمەڵایەتییەكان لەوەدایە كە یاسا گشتییەكانى پێشكەوتن و گۆڕانى كۆمەڵگا بدۆزێنەوە.
هەروەها لە ڕوانگەى مێتودى دیالێكتیكى مێژووییەوە بڕواى وایە كە هەر كاریگەرى ئابوورییە, بڕیار لەسەر دروستبوون وپێكهاتنى هەیكەلى كۆمەڵایەتى و بەرەو پێشچوونى كۆمەڵگا ئەدات .. (عێر الایدیولوجیا/هنری ایكن/ ل 232 ,236). بەڵام ماكس ڤێبەر واى بۆ ئەچێت كە كۆمەڵناسى ئەو زانستەیە كە ئەیەوێت بگاتە تێگەیشتنێكى ڕاقەكراوى كردارى كۆمەڵایەتى (الفعل الاجتماعی/ Social Action), لەگەلأ لێوورد بوونەوەیەكى تیۆریدا بۆمان ئاشكرا ئەبێت كە سەراپاى نووسینەكانى ڤێبەر بایەخ بەچاككردنى كۆمەڵگا ئەدەن لە ڕێگاى چاككردنى تاكەكەسەوە بەلێكدانەوەى ئایینى و بایۆلۆژى و ئاكارى مرۆڤ لە سەردەمى سەرمایەدارى نوێدا, بۆیە لە ناوەرۆك و كرۆكى بۆ چوونەكانیدا ڕایئەگەیەنێت كە ئایین كاریگەرێك و فاكتەرێكى گرنگ و باشە/ راستەو خۆیە لە جموجوڵى و چالاكى ئابووریدا و لەسەر ڕەوشت و ئاكارى مرۆڤدا ڕەنگ ئەداتەوە… هەروەها بە هۆیەكى كاریگەرو سەرەكى دائەنێت لە دیاریكردنى روواڵەتەكانى گۆڕانى كۆمەڵگادا.. (نیقۆلا تیماشیف/ ل 266, 271).
*ڕێبازى سێیەم: بیروڕایەكانى زاناى ئینگلیزى هەربەرت سپەنسەر ( (1903-1820/H. Spencer ئەگرێتە خۆ كە بە ئاشكرا كاریگەریى تیۆریى پەرەسەندنخوازیى لەمەسەلەى نەشونماى ئۆرگانیدا پێوە دیارە, ئەویش پاش وە دەركەوتنى نووسینەكانى- لامارك- وكتێبەزۆر بەنرخەكەى چارلس داروین (بنەچەى جۆرەكان)..
سپەنسەر پێكهاتنى كۆمەڵگاو پەرەسەندیان كتوومت وەكو پەرەسەندنى بوونەوەرى زیندوو- لە ڕو وەك و ئاژەڵدا- لە ڕووى وێكچوون و جیاوازى و فەرمان و ئەركى ئەندامەكانەوە تەماشا ئەكات…
(س.ى.پۆپۆف/ ل 18-19) لەم بارەیەوە ئەڵێت: (هەر ناڕێكییەك لە یەكێك لە ئەندامەكانى بوونەوەرى زیندوودا ڕووبدات كار ئەكاتە سەر ئەندامەكانى تریش, هەر بەو جۆرەش هەر ناڕێكییەك لە یەكێك لە دەزگا كۆمەڵایەتیەكاندا ڕووبدات كار ئەكاتە سەر دەستگاكانى دیكەى كۆمەڵگا)…
زانایانی هاوچەرخ هەر بەو تەرزە بۆچوونانە ، سپەنسەر بە یەكێك لە دامەزرێنەرانى ڕێبازى داروینیزمى كۆمەڵایەتى لە قەڵەم ئەدەن..!
ئەو سآ ڕێبازو قوتابخانەیە گرنگترین تیۆرییە سۆسیۆلۆژییەكانى كۆتایى سەدەى نۆزدە و سەرەتاى سەدەى بیستەم بوون, كە بریاران و داهێنەرانى ئەو سآ ڕێبازە جیاوازانە بە پێشەنگ و دامەزرێنەرانى سۆسیۆلۆژیاى هاوچەرخ دائەنرێن, كە بەندە زۆر بە كورتى و وەكو پێناسەیەكى سەرپێى باسى تنۆكێك لە دەریاى هزرى ئەوانمان بە كوردى و بەكورتى بۆ كردن…
لە سەدەى ڕابردووشەوە تاوەكو ئەوڕۆ, نووسینەكانى هێربەرت ماركۆزە و جۆرج لۆكاتش و لۆسیان گۆڵدمان كە لە بوارى سۆسیۆلۆژیاى ئەدەبدا و بۆردێوى فەرەنسى لە بوارەكانى ڕامیارى و پەروەردەدا كایەكانى سۆسیۆلۆژیایان دەوڵەمەندكردووە… ئەمڕۆكەش زیگمۆند باوومانى بە ڕەچەڵەك پۆڵۆنى, لە دیارترین سۆسیۆلۆژیستە مۆدیرنەكانن كە ئومێد ئەكەم لە ئایندەیەكى نزیكدا هەرهیچ نەبێت ئاوڕێكى خێرا و پێوستییان لێبدرێنەوە كە كتێبخانەى كوردى بە هەق زۆر پێیان هەژارو نەدارە…..!
تێبینی
1-*سۆسیۆلۆژیا-كۆمەڵناسی: لە دوو وشەى لاتینی و گریكى پێكهاتووە, یەكەمیان:
Sociotas)) بە ماناى كۆمەڵگاو دووەمیان Logos)) بە ماناى زانست, واتە ئەو زانستەى لە كۆمەڵگا ئەكۆڵێتەوە…
2- نوسینی ژێدەر و سەرچاوەكانی ئەم وتارە شوێن و پانتایی زۆری داگیردەكرد .
3- ئەم وتارە بەشێكە لە پرۆژەی كتێبێك كە بەم زووانە چاپدەبێت
hemea.rasoel961@yahoo.com