کاتێ حیزبايهتی ته‌داخولی زمانی ستاندارد ده‌کات
له‌به‌ر ڕۆشناییی ئه‌و به‌رنامه تايبهتييهی له ته‌له‌فزيۆنی يه‌کێتی له دهۆک پێشکه‌ش ده‌کرێت……
موحسين جوامێر……
له هه‌واڵێکدا که له ژماره 686 ی ڕۆژنامه‌ی ئاسۆدا بڵاو کراوه‌ته‌وه، هاتووه که له‌لايه‌ن ته‌له‌فزيۆنی پی يوو که‌ی ـ ه وه له دهۆک دانوستانێک به‌نێوی ( ده‌کرێت بادينان بکرێته ده‌روازه‌ی پاراستنی ديالێکتی کرمانجی ) له‌سه‌ر زمان ساز ده‌کرێت، تێیدا ژماره‌يه‌ک دکتۆر و پسپۆڕی زمان‌ناس به‌ژداری ده‌که‌ن. ئه‌م خه‌به‌ره، کۆنفڕانسه‌که‌ی ساڵی پار که له‌ژێر ناوی دهۆک پردێکه له‌نێوان باکوور و باشووردا، ساز کرا، وه‌بیر پياو ده‌هێنێته‌وه. ئه‌مجاره‌يان که‌ناڵی يه‌کێتيش هاته سه‌ر خه‌ت و بووه خانه‌خوێ، وه‌لێ به‌نێوی پاراستنی ديالێکتی کوردانی تورکيا که له 85% ی خه‌ڵکه‌که‌ی به‌کوردی قسه ناکه‌ن، هه‌روه‌کوو لێکۆڵینهوهيهک پێشانی داوه. ئه‌م دانوستانه، بهبهژداريی چه‌ند مامۆستا، شاره‌زا و پسپۆڕی زمانی کوردی، له زانکۆ و ده‌ره‌وه‌ی زانکۆ‌دا، که زۆربه‌يان پێشترێ بڕياريان داوه ـ وه‌ک هه‌نگاوی يه‌که‌م ـ کوردان بکرێن به دوو قه‌ومی سه‌ره‌کی : سۆرانی و بادينانی، به‌ڕێوه ده‌چێت. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و بیری زمان که کوردان بۆ خۆيان هه‌ڵکه‌ندووه و ده‌يانه‌وێ خۆیانی تێ باوێن، ئه‌وه‌نده قووڵه، بای شێوه‌زاری ئاوه‌هايش که ده‌توانێت به‌شێکی خوارووی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به کوردستانی فيدڕاڵی ببه‌ستێته‌وه، ده‌کات. مخابن، ڕێکخه‌رانی به‌رنامه، ئه‌و چه‌ند ملوێن کورده زازايهشيان له‌بیر کردووه، که پياو مه‌گه‌ر به ئاماژه له قسه‌يان بگات، که‌واته چ ناوچه‌يه‌کی نزيک به تورکيا بکرێته ده‌روازه بۆ پاراستنی ديالێکتی زازاکی، ئه‌وانیش به‌شه‌رن و گوناحن؟! وێڕای ئه‌وه، ده‌بێ بزانرێت که له هه‌موو زمانێکدا، له‌هجه‌ی ئاوا هه‌يه که زمانێکی بێگانه بۆ خه‌ڵکه‌که ئاسانتره، وه‌ک عه‌ره‌بی، تورکی، سوێدی و نهڕوێجی . سامیسکه که زمانی قه‌ومێکی 80 هه‌زار که‌سييه، نۆ لههجهيان هه‌يه، يه‌کێکیان؛ به‌س خودان له‌هجه‌که تێی ده‌گه‌ن.
سه‌مه‌ره له‌وه دايه، ڕێبه‌رانی زمان له دهۆک، به‌م هه‌نگاوه ناعيلمییانهی عهوامفريوانه، يان ڕاستتر به‌م پیلانه بۆداڕێژراو و پڕمهترسييه، خۆيان له ميلله‌تی باشوور نامۆ ده‌که‌ن و هێدی هێدی منداڵ، گه‌نج و مه‌زنی دهۆکمان، له هاونهتهوهيان هاوێر ده‌که‌ن و ئه‌و شێوه‌زاره‌ی سه‌د ساڵه بووه‌ته سفره‌ی هه‌موومان، له خه‌ڵکی ئه‌و ده‌ڤه‌ره ڕه‌سه‌نه‌ی کوردستان، ده‌که‌ن به هاوشێوه‌ی عه‌ره‌بی، تورکی و هه‌ر زارێکی ديکه‌ی بێگانه، بهيانیش وای لێ دێ کوردانی دهۆکی، هه‌ولێری، سلێمانی، که‌رکووکی و خانه‌قینی، ناچار بن به عه‌ره‌بی يان به ئینگلیزی يان به تورکی له‌گه‌ڵ دهۆکییاندا بئاخفن و مه‌گه‌ر له شاری مووسڵ به‌يه‌ک بگه‌ن. هه‌روه‌ها پاش ئه‌و کودهتايهی دژی زمانی کوردی کرا و ده‌کرێت، قوتابیيهکی دهۆکی ناتوانێ ـ بۆ نموونه ـ نه‌قڵی هه‌ولێر بێت، مه‌گه‌ر ـ وه‌ک عه‌ره‌بان ـ مه‌کته‌بی تايبهتییان بۆ بکرێته‌وه. گشت ئه‌مه‌يش به بيانووی ئه‌وه‌ی بادينی بکرێته ده‌روازه‌ی پاراستنی ديالێکتی کرمانجی له تورکيا. کار و ڕێگه‌چاره‌ی ئه‌و جۆره که‌سانه، ده‌ق وه‌ک ئه‌و مه‌سه‌له عهرهبييهيه که ده‌ڵێت 🙁 کمن يداوي بالتي هي الداء ) واته : وه‌ک کاری ئه‌و که‌سه‌يه، چاره‌ی ده‌ردێک به شتێک ده‌کا که ئه‌سڵی عيللهتهکهيه.
له‌وانه‌يه بۆت هه‌بێ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی میلله‌ته‌که‌ت، ههمووگهمهيهکی سياسی له‌گه‌ڵ نهيارهکهتدا بکه‌ی، نهموشکيلهيه و دهستخۆشيشت لێ ده‌کرێ، وه‌لێ تۆ بێیت له‌سه‌ر حسێبی زمان، میلله‌ت و داهاتووه‌که‌ی، کڵاو له‌سه‌ر خه‌ڵکی خۆت بنێیت، ئا ئه‌مه‌يان گه‌وره‌ترین وه‌رچه‌رخانی کاره‌ساتئامێزه که به‌هیچ پێوه‌رێکی نه‌ته‌وه‌یی قابيلی قبووڵ نییه. پار و پێرار، که ده‌چوون عهرزوحاڵیان به خه‌ڵکی دهۆک ده‌نووسی و تێیدا داوايان ده‌کرد به‌سۆرانی نه‌خوێنن، چونکه تێی ناگه‌ن ـ که‌چی پێشترێ باش له عه‌ره‌بی ده‌گه‌يشتن ـ و ڕێژه‌ی ساقيتبوونيان زۆره، ئه‌وسا که‌س باسی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌کرد بادينی بکرێته ده‌روازه‌ی پاراستنی ديالێکتی کرمانجی، که ئه‌م ته‌عبیره خۆی له‌خۆيدا، دوای ئه‌وه‌ی باشوور بووه‌ته قيبله‌ی هه‌موو کوردان و زمانی پێته‌خت، بڤێ نه‌ڤێ، به‌عه‌مه‌لی زمانی پێوهنديمانه به يه‌کدی و به هه‌موو دنياوه.. ئه‌رێ، ئه‌م لێههستانهوهيه، ئیعلانی ته‌ڵاقه و ده‌ستپێکی دروستکردنی ديواری به‌رلینی کوردستانه له نێوان باکوور و باشووردا، نه‌ک هه‌ڵچنینی پرد لێره و له‌وێدا.
له ڕوانگه‌ی ڕه‌شبینییه‌وه ناڵێم، به‌ڵام وازهێنان له زمانی باشوور، به بيانووی پاراستنی شێوه‌زاری باکوور، هه‌م دۆڕاندنی واقعێکی زمانیی کوردستانييه که هه‌يه، چه‌سپاوه وه‌ی سه‌رله‌به‌ری کوردانه، هه‌میش خۆخه‌ڵه‌تاندنه به خه‌ونێک ئه‌گه‌ر پاش سه‌د ساڵی ديکه ـ کهمۆکهيهکیشی له تورکيا بێته دی ـ ده‌ڵێین ئه‌لحه‌ملای و خوايه له کیسه‌ت بهزياد بێت، چونکه ئه‌وه‌ی ئاگای له کێشه‌ی حيجاب بێ؛ باش له ئاريشهی زمان ده‌گات. ئه‌وجا تۆ له‌بری ئه‌وه‌ی ئه‌م زمانه‌ی باشوور که موڵکی هه‌مووانه و وه‌کوو داربه‌ڕوو چه‌سپیوه، بکه‌يته زمانی ستانداردی باکووريش و بیگشتێنیت، دێیت هه‌ر له هه‌نووکه‌وه، له سفره‌وه، شێوه‌زارێکی ديکه که حه‌تمه‌ن قه‌ومییه‌تێکی ديکه‌ی لێ به‌وه‌له‌د ده‌بێ، ده‌خوڵقێنیت، ئا ئه‌مه‌يه ترۆپکی جه‌هل و نه‌فامی، بته‌وێ يان نه‌ته‌وێت !.. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ی وترا، دژی ئه‌وه نييه بايه‌خ به شێوه‌زار بدرێ و که‌ڵکی فره‌ی لێوه وه‌ربگیرێت، به‌مه‌رجێ له‌پاڵ زمانی يهکگرتوودا که لهسايهيدا منداڵێکی زاخۆیی و هه‌ڵه‌بجه‌یی به ئاسانی له يه‌کدی بگه‌ن، ئه‌گه‌رنا بۆ ناويان لێ بنێین کورد و بۆ ناوی ئه‌م خاکه کوردستان بێت ؟! وێڕای ئه‌وه، ئه‌وسا نێوگه‌لی باکوور، باشوور، ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوای کوردستان که له‌زگه گوێی دنيای پێ که‌ڕ ده‌که‌ين؛ خڕ ده‌بنه فشه‌ی بنه‌سڵاوه، چ له مێردين يان له شه‌قڵاوه.
به‌نده لهمیژساڵه له‌سه‌ر ئه‌م خه‌تی زمانه کار ده‌که‌م، هه‌نگاوبه‌هه‌نگاو به‌دوايدا ده‌ڕۆم، له گه‌ڕه‌لاوژه و پێکهه‌ڵپڕژانی له‌هجان ڕاده‌مێنم و سه‌رنج ده‌ده‌مه پرۆسه‌ی قه‌تڵوعامکردنی زمانی يه‌کگرتوومان که که‌متاکورتێک کۆی کردووينهتهوه و نه‌خشه‌ی دواڕۆژی بۆ کێشاوین، ئه‌گه‌ر به‌قه‌د سهرهداوێکیش بێت. هه‌میشه وتوومه ئه‌گه‌ر موخهييهر بم له نێوان خوێندن به بادينی و هاوکات خوێندن به بادينی و سۆرانی؛ ئه‌وه بهتهحقيق بادينی هه‌ڵده‌بژێرم، چونکه ئه‌وسا میلله‌ته‌که‌م پهرتهواز و دووبه‌ره نابێت. به‌داخێکی زۆره‌وه، سه‌رپاکی پێشبینييهکانم ـ په‌يتاپه‌يتا ـ هاتن و دێنه جێ. به‌رده‌وام وتوومه، ئه‌گه‌ر بشێ هه‌موو شتێک گره‌وی له‌سه‌ر بکرێت، بۆ زمانی ستاندارد مه‌حاڵه، حه‌ڕامه و کوفرێکی نه‌ته‌وه‌ييه. ئه‌م ڕاستييهيش، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی کۆڕه‌که‌ی دهۆک به‌ڕێوه ده‌به‌ن و ئه‌وانه‌ی ـ به‌فه‌لسه‌فه‌ی بێ‌بن ـ زمانێکی ديکه و ميلله‌تێکی تری تێدا دروست ده‌که‌ن، ده‌يزانن، چونکه يه‌ک له‌وانه‌ی ناوی له‌گه‌ڵ به‌شداربووه‌کاندا هاتووه و زيکر و فکری بۆ خۆجوداکردنهوهيه، پار له کۆنفڕانسێکدا که به‌نده‌يش تێیدا به‌ژدار بووم، پێی گوترا : ئاخر ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده له‌هجانه له خۆمان خڕ بکه‌ينه‌وه، ده‌بین به قهومييات و میله‌ل، له‌وه‌رامدا وتی : خه‌مناکه، ئيشاڵڵا ده‌بینه په‌نجا قه‌ومییه‌ت!
ئه‌گه‌ر سياسه‌تی چه‌واشه‌کار ته‌داخولی ژيانمانی کرد، زيانی ماددی و مه‌عنه‌ویمان کرد. ئه‌مڕۆژ که حيزبايه‌تی ته‌داخولی زمانمان ده‌کا و ته‌له‌فزيۆنی يه‌کێتيش ـ له‌ڕێگه‌ی ئه‌و براده‌رانه‌وه ـ له دهۆک دێته سه‌ر خه‌تی فه‌لسه‌فاندن و وه‌رگرتنی فه‌توا له ئاغای که‌نداڵ نه‌زانه‌وه له فڕه‌نسا، هه‌م بۆ نه‌هێشتنی زمانی ستاندارد و هه‌میش بۆ چه‌سپاندنی ئه‌لفوبێتکه‌ی ئه‌تاتورک، ئه‌وه هه‌م زمان، هه‌م نه‌ته‌وه و هه‌میش کوردستان له‌ده‌ست ده‌ده‌ين. من نه‌مزانیوه ميلله‌تێک هه‌بێ ـ وه‌ک کوردی قه‌له‌نده‌ر ـ زمانانی بێگانه‌ی پێ زه‌حمه‌ت نه‌بن، ئه‌ممان بێت هه‌ره‌س به زمانی خۆی بهێنی و نه‌شزانێ چی ده‌کات، هه‌روه‌ک له دوا په‌ڕه‌گرافی هه‌واڵه‌که‌ی که ڕۆژنامه‌ی ئاسۆ بڵاوی کردووه‌ته‌وه، دێته به‌ر ديد و زه‌ينی زانا و دووربینان : " له‌لايه‌کی تره‌وه سه‌رچاوه‌يه‌ک له په‌روه‌رده‌ی دهۆکه‌وه ڕايگه‌ياند ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌يه ديالێکتی سۆرانی له مه‌نهه‌جی سنووری بادينان ته‌رک بکرێت، تا چاره‌سه‌ری ـ ماشه‌ڵڵا ! م.ج ـ بۆ ده‌دۆزرێته‌وه. به هه‌مان شێوه ڕه‌نگه ديالێکتی کرمانجیی ژووروو له سنووری سلێمانی له‌لايه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رێتیی په‌روه‌رده‌ی سلێمانییه‌وه له پڕۆگرامی خوێندندا ته‌رک بکرێت ".
2008/04/07
mohsinjwamir@hotmail.com