Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
سەردانەکەی نەوشیروان مستەفا بۆ ئێران

سەردانەکەی نەوشیروان مستەفا بۆ ئێران

Closed
by July 12, 2012 گشتی

 

سەردانەکەی نەوشیروان مستەفا بۆ ئێران، لەکام هەلومەرج و بۆ چ دەستکەوتێک؟

 

 

 

بەرێز نەوشیروان مستەفا، کارگێڕی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ماوەی چوار رۆژ سەردانێکی ئێرانی کرد. لەو سەردانەدا ئەوەی بەشێوەی شەفاف و ئاشکرا راگەیەندراوە،نەوشیروان مستەفا لەگەڵ سێ کاربەدەستی ئێران ( ساڵەحی وەزیری دەروە، لاریجانی سەرۆکی مەجلس و جەلیلی سەرۆکی شواری بەرزی ئەمنیەتی نیشتمانی کۆماری ئیسلامی) دانیشتنی فەرمی هەبوە.

گەرچی دەکرێ باسی ئەوە بکەین کە نەوشروان مستەفا بە دڵنیاییەوە چاوپێکەوتنی دیکەشی(بەتایبەت لەگەڵ بەرێوەبەران و فەرماندەرانی سپاسی قودس یا هێزی ئەمنیەتی دیکە) هەبووە. بەڵام بەداخەوە بەگشتی ئێمە شەفافیەتێک کە بتوانێ لانی کەم بواری گشتی و راگەیەنەریی بە قەناعەت بگەیەنێت لە راگەیەندراوەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر ئەم چاوپێکەوتنە نابینین. تا ئەو جێگایە هیچ جیاوازیەک لە نێوان ئەم دیدارەی نەوشیروان مستەفا (بزووتنەوەی گۆڕان) و چاوپێکەوتنەکانی پارتی و یەکێتی و هێزە ئیسلامی‌یەکانی باشووری کوردستان لەگەڵ کاربەدەستانی ئێران بەدی ناکرێ. لە کاتێکدا بزووتنەوەی گۆڕان خۆی لەسەر پێوەندیی و هاتوچووی پارتی و یەکێتی و حیزبەکانی دیکە لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر هەمیشە هەلوێستی هەبووە و رەخنەی لێگرتوون. بەڵام بەداخەوە دەبینین خۆشی هەمان رێچکە و رێبازی ناشەفاف لەپێوەندی گرتن لەگەڵ داگیرکەرێک رەچاو دەکات.

ئەگەر سەردەمی سەرهەڵدان و هاتنە ئارای بزووتنەوەی گۆڕان لەبەر چاو بگرین، ئەم هێزە و بەتایبەت رێکخەرەکەی(کاک نەوشیروان)بە دروشمی سەردەمیانەی شەفافیەت و گۆڕکردنی سیاسەت و رێبازی حیزبە کۆنەکان(تۆ بڵی پارتی و یەکێتی) پێ‌نایە ناو سیاسەت و کۆمەڵگەیەوە و وەک دیتمان لەو شوێنانەی کە توانای خۆدەرخستنی هەبوو، پێشوازیەکی یەکجار باشی لێکرا.

گۆڕان لە سەرەتادا بە هێنانەئارای دروشم‌گەلی سەردەمیانە، بووە جێگای هیوای بەشێکی کۆمەڵگەی باشوور و ژمارێکی زۆر رووناکبیر(تەنانەت لە بەشەکانی دیکەی کوردستان). بەشێوەیەک کە وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە سیاسەتی حیزبی کوردیدا (لە قەوارە و رێباز و سیاسەتی کلاسیکی‌یەوە بۆ رێباز و سیاسەتی سەردەمیانە) حیسابی بۆ کرا. هەر ئەەش بوو لەیەکەم هەڵبژاردنی پاش خۆناساندنی سەرکەوتنێکی مێژوویی تۆمار کرد.

گۆڕان هەر لە سەرەتاوە وەک ئوپۆزیسونی دەسەڵاتی باشووری کوردستان و حێزبە دەسەڵاتدارەکانی خۆی ناساند. کە ئەوە لەناو رووناکبیرو و بەشێک لە کۆمەڵگەدا پێشوازیی لێکرا. بۆیە بەپێی ئەو چاوەروانی‌یە کە لێی دەکرا، هیوا و ئاوات ئەوە بوو کە باشووری کوردستان ببێتە خاوەن حیزبێک یا رەوتێکی عیلمانیی سەردەمیانە کە ئیتر سنووری خۆی لە گەڵ حیزب و لایەنە سونەتیەکان جودا بکاتەوە و سیاسەت و رێبازی “نان بە نرخی رۆژ خواردن” و “هەلپەرستی” و “بێ باج(ماڵیات) دروشم دان” فرێ بدات و سەردەمیانە و بۆ بەرژەوەندیی نەتەوەیی و جەماوەر خەبات بکات.

گەرچی “بزووتنەوەی گۆڕان” هەنگاوی باشی بۆ ناساندنی گەندەڵیی لە دەسەڵات و حیزبی دەسەڵاتدار دا هەڵگرد و لە گەشەی بیرکردنەوە و پرسیارکردنی جەماوەر لە دەسەلات دەوری هەبووە و هەیەتی، بەڵام بەداخەوە پاش ماوەیەک ئوپۆزیسون بوونی دەسەڵات و حیزبی دەسەڵاتدار بوە ستراتێژیی و ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی سەرەتای سەرهەڵدان کەوتنە پەراوێزەوە و بوون بە دروشم بۆ بانگەشەکردن. واتا گەڕانەوە بۆ هەمان رێبازی حیزبە سونەتیەکان. هەر ئەوەیە دەبینین هێزێک کە بڕیار وابوو وەک هێزێکی پێشکەوتنخواز و نەتەوەیی بێت و “گۆڕان” لە کۆمەڵگە و دەسەڵات پێک بێنێ، عیلمانیەت و پێشکەوتنخوازی لە بیری خۆی دەباتەوە و لەگەڵ دوو حیزبی ئیسلامی، کە زادەی زیهنیەتی دواکەوتوانەی کۆمەڵگە و پارە و دنەی ئیسلامی سیاسین، دەبێتە هاوپەیمان تا بەلکوو بەهاوکاریی ئەو هیزانە(کە رێسمەیان بە “تاران” یا “ریاز”ەوە گرێی خواردوە)، دەسەڵات لە باشووڕ بەدەستەوە بگرێ.

ئامانجی ئێران لە بانگکردنی نەوشیروان مستەفا

پێش هەموو شتێک دەبێ هۆی بانگکردنی کاک نەوشیروان بۆ تاران(ئەڵبەت سەرەتا بۆ سنە و بێگومان دانیشتن لەگەڵ کاربەدەستانی پێوەندیدار)، لەو گرژیەی بزانین کە ئێستە بەهەر هۆیەک کەوتوەتە نێوان ئێران و حکوومەتی هەرێمەوە. وەک دەزانین کە ئێستە لە حکوومەتی هەرێمدا پارتی و مەسعوود بارزانی دەسەڵاتی باڵایان هەیە و یەکێتی‌ش نە توانای بەربەرەکانێی پارتی هەیە و نەش ئەو ئینسجامەی هەیە کە لەسەر هەڵوێستی حیساب بکرێ، بۆیە بۆ کرمۆڵ کردنی دەسەڵاتی باشوور،حکوومەتی ئێران باشترین سناریوی رووکردن لە گۆڕان زانیوە. تا بتوانێ وەک بارییە(ئەهروم)ی فشار دژی دەسەلاتی باشوور(بارزانی) مانۆڕی پێوە بدات. کە سەد مەخابن، نەوشیروان مستەفا و بزووتنەوەی گۆڕان کەوتنە ئەو داوە. ئەگینا بۆ ئەوە چەند ساڵە بزووتنەوەی گۆڕان هەیە، بەڵام ئێران بۆ خاتری یەکێتی و شەخسی جەلال تاڵەبانی(وەک جێ متمانەی خۆیان) هیچ ئاوڕیکیان لێ نەداوەتەوە. بۆ دەبێ ڕاست لەم ئان و ساتەدا کە حکوومەتی ئێران چەشنێک فەزا سازیی دژی دەسەڵاتی کوردی و بەتایبەت بارزانی وەرێ خستوە، گۆڕان و سەرۆکەکەی بانگ‌هێشتی تاران بکات؟ و لە راگەیەنەرەکانی سەر بە ناوەندە ئەمنیەتیەکان بەشان و باڵی نەوشیروان و “گۆڕان” دا هەڵ بڵێن و دژی دەسەڵاتی باشوور و مەسعوود بارزانی قین و رق هەڵ رێژن. ( بۆ سەلماندنی ئەو ئیدیعایە دەتوانن سەردانی ئارشیوی “فارس نیوز” و لاپەرەکانی ماڵپەڕەکانی “گەرداب” ،”ئاکام نیوا” ،”بوڵتن”،”جوان ئانلاین”و… بکەن کە هەموویان لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتیەکان و سپای پاسدارانەوە بەرێوە دەچن.)

با ئیشارە بە ڕاستیەک بکەین. بە درێژایی مێژوو دەوڵەتەکانی داگیرکەر هیچکات هێزی کوردیی‌یان (بەبێ چاولێکردن لەوەی دژی دوژمنەکەیانە) جیدی نەگرتوە و هەمیشە لە ئاستی ناوەندە ئەمنیەتیەکانیاندا پێوەندیان لەگەڵ گرتوون.  بۆ نموونە لە سەردەمی شای ئێران و کۆماری ئیسلامی هەموو پێوەندیەک لەگەڵ هێزەکانی باشوور لە‌ ساواک و “زید ئیتڵاعات”ی ئەرتەشی شا و ئێستە سپای قودس و ناوەندە ئەمنیەتی و نیزامی‌یەکانی ئێران تێ‌نەپەریوە. ئەوەیە دەبینین کە ئێستەش  دەوڵەتی ئێران بە فەرمی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم پێوەندیی هەیە و بەناو کونسولگەریی لە هەولێر و سلێمانی هەیە،بەلام هەموو پێوەندیەکانی لە کاناڵی سپای قودس و ناوەندە ئەمنیەتیەکانیەوە لەگەڵ باشووری کوردستان دەباتە پێش. تا ئەو جێگایە کە سەرکونسوولەکانیشی لە ئەفسەرانی سپای پاسدارانن. بۆیە هەرکات دەبینین کە کاربەدستێک لە باشوور سەفەری ئێران دەکات، بە دڵنیاییەوە سەرەتا دەبێ بچێتە ناوەندە ئەمنیەتیەکان. پاش هەموو قسە و باس و رێککەوتنەکان لە ژوورەکانی ناوەندە ئەمنەتیەکان، بەشێوەی فورمالیتە یەک دوو دیداری ڕاگەیەنەریش لەگەڵ چەند بەرپرسێکیان بۆ ساز دەکەن و بەو شیوە سازان و هەلسوکەوتە نهێنی‌یەکان پەردەپۆشی دەکرێن.

بەوەی باسکرا، دیداری بەرێز نەوشیروان مستەفاش جیا لەو رەوەندە نەبوە. بەرێز نەوشیروان ڕاستەوخۆ بەفڕۆکە نەچوەتە تاران، بەڵکە سەرەتا چوەتە سنە. ئەوەی لە سنە چوەتە کوێ و کێ دیوە و چ دانیشتنێکی هەبوە، بەداخەوە تا ئێستەش شاراوەیە. ئەو چاوپێکەوتنانەش کە لە ڕاگەیەندراوەکاندا بڵاو بوونەتەوە، تەنیا فورمالیتەن و هیچیان هیچ پێوەندیەکی بە ئاستی سیاسی و پلەی دەوڵەتیی نەوشیروان مستەفاوە نی‌یە. جوونکە نەوشیروان مستەفا تەنانەت پارلەمنتاریش نی‌یە و سەرۆکی حیزبێکە. ئیتر دانیشتنی لەگەڵ کاربەدەستانی فەرمیی حكوومەتی تەنیا بەمەبەستی سیاسی‌یەوە بوە و بۆ نیشاندانی بە حکوومەتی هەرێم.

خالێکی دیکە کە دەبێ ئیشارەی پێ بکرێ ئەوەیە کە بزووتنەوەی گۆڕان لە مانیفیستی ڕاگەیەندراوی خۆیدا ئاماژەی بە پاراستنی بەرژەوەندیی گشتیی گەلی کورد کردبوو، بەڵام دەبینین لە کاتێکدا چ کاک نەوشیروان و چ بەرێوەبەریی گۆران بەباشێ دەزانن کە حکوومەتیی ئێران بەهیچ شێوەیەک چاری کورد و دەسەڵاتی کوردیی ناوێ، پاساوی ئەم دیدارەیان و بەتایبەت لەم کاتەدا لەگەڵ حکوومەتێک کە بەچەشنێک شەڕی راگەیەنەریی دژی دەسەلاتی کورد لە باشووڕ ڕاگەیاندوە چی‌یە؟

بێگومان من چاوەروانی ئەوە ناکەم کە گۆڕان لەگەڵ دەسەڵاتی باشوور یا پارتی یەک‌بگرێ. زۆریش پێمخۆشە ئوپۆزیسین بمێنێتەوە. بەڵام سەربەخۆ و بۆ قازانجی نەتەوەیی. نەک دۆستایەتی لەگەڵ ئێران یا لایەنی دیکە. ئایا گۆڕان و کاک نەوشیروان نازانن کە هەرچەشنە نزیکایەتی لەگەڵ ئێران، لە بەرژەوەندیی نەتەوەیی و رێبازی خەباتی سەردەمیانە دووریان دەخاتەوە؟ جیا لەوەش هەموو دیاردەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە حکوومەتە سەرەرۆ و جەنایەتکارەکان دێر یا زوو دەبنە ژێر تەوژمی چوونەپێشی زەمان و هوشیاریی خەڵکەوە، بۆ دەبێ گۆڕان کە رووی لە داهاتوە، هەمان رەوشی شەرمێون و بێ‌پرەنسیپانەی جەلال تاڵەبانی و یەکێتی دووپات بکاتەوە. رەوشێک کە بێگومان لە داهاتوودا وەک خەیانەت بە نەتەوە و وەک هاوپەیمانی لەگەڵ جەنایەتکار و داگیرکەر دێتە حیساب و مێژووش قەزاوەتی خۆی لەسەر دەکات.

خەلیل غەزەڵی

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.