
كاڵه‌به‌ی … عه‌لی پێنجوێنی
له‌هه‌ر شوێنێكه‌وه ده‌ست به‌گێڕانه‌وه‌ی
حیكایه‌تی ئاسمان بكه‌ی
پڕده‌بیت له تاشهتاشی خه‌یاڵ
به‌مه‌رجێك جێنشینی سه‌رزه‌مین نه‌بی
كراسی پایز نه‌كه‌یته به‌رت
چاوت چۆن گه‌ڵا ده‌گرێ؟
هه‌نار هه‌ر، له‌سه‌ر سینه‌ی ڕووتی تاریكی‌دا دهوهرێنرێ
چه‌م هه‌ر ،له شه‌ودا ده‌په‌ڕێنرێته‌وه
ده‌نا، له ڕۆژدا فیشه‌كی به‌یه‌كگه‌یشتن دهیپێكێ
هه‌ر وام له ژووره‌كه‌دا
دهسڕێك، له به‌فرم ناوه‌ته سه‌ر ناوچاوانی مه‌رگ
تاكو تاكه‌ی دابه‌زێ
وای له پاڵما چۆقه چۆقی دانت خه‌وی لێ زراندویت
كه‌چی یه‌كتر نابینین
ئاخر مردن سه‌ری ده‌یه‌شێت………….كاڵه‌به‌ی
گه‌ڵای په‌لی دره‌خته‌كه‌م هه‌ر هێنده‌ی له‌پی ده‌ستم ئه‌بێ
به‌ڕۆژ هه‌تاو تیایا ده‌نوێ
نیوه‌شه‌ویش مانگ ئارام ئارام تیا ڕائهكشێ
خۆر‌و مانگ هه‌رگیز نابێت به‌شه‌ڕیان
كه‌چی من و تۆ به‌م بچوكیهمانهوه
له ناو دوو دڵدا جێگه‌مان نابێته‌وه ، كه به‌ته‌ماین
هه‌موو دنیای تێدا بشارینه‌وه……….كاڵه‌به‌ی
له په‌نجه‌كانمه‌وه دهتكێم
هاكا دڵم له په‌نجه‌ی شایهتومانمهوه دڵۆپه‌ی كرد
هاكا چاوم له ناو كتێبێكا خه‌و بردیه‌وه‌و لێم به جێ‌ما
ساوای سه‌یر كردنمم له شته پڕ‌و و پوچهكانا به هه‌ده‌ر دا
پێناچێت ئێواره‌م بۆ بدۆزرێته‌وه
تا ،له‌گه‌ڵ خۆما بیبه‌مه‌وه بۆماڵه‌وه
دره‌خت له شكۆفه بووندا بوو
من و تۆ گره‌ومان له‌سه‌ر ڕه‌نگی گه‌ڵاكه‌ی ده‌كرد
ئاسمان خه‌وی به بارانه‌وه ده‌بینی
ئێمه گره‌ومان له‌سه‌ر ژماره‌ی دڵۆپه بارانه‌كان ده‌كرد
ته‌زبیحی بێتاقه‌تیمان له‌به‌ر چرای چاوه‌ڕوانیا ده‌هۆنیه‌وه
كه، تامان لێده‌هات، قایم نوێژ ده‌ڕۆشتین
ڕوومه‌تمان ده‌نا به به‌ردی ناو بێستانهكانهوه
ئه‌و به‌ردانه‌ی ته‌نیا ئه‌وان ده‌زانن
شه‌و و شه‌مامه چ نهێنیه‌ك وا له‌به‌ینیاندا
به یه‌كتریمان ده‌وت …
بۆق نایه‌ڵێ ئاو بخه‌وێ یان
شه‌پۆل بۆقی تووڕه كردوه و بێده‌نگ نابێ
یان هێنده له‌یه‌كه‌وه نزیكن ده‌نگیان ناگاته یه‌كتری و
تاقیامهتیش له‌یه‌كتر حاڵی نابن………كاڵه‌به‌ی
ده‌بوو من وتۆ زوتر بمانزانیایه
ده‌بوو ئه‌و شهبهقیه بمانزانیبا
كه به‌یانی به پێكراوی
كه‌به‌یانی له‌ناو خوێنا مه‌وجی ئه‌داو
له‌سه‌ر جێی نوستنه‌كه‌مان گیانی ئه‌دا
ئاخر به‌یانی به‌و نازداریه
به‌یانی به ده‌م ولێوی نه پشكوتووهوه
یه‌ك جار ویستی له‌گه‌ڵ شه‌ودا، هاو سه‌فه‌ر بێ
خه‌ڵتانی خوێنیان كرد‌و ناردیانه‌وه
ده‌بوو زوتر بمانزانیایه……….كاڵه‌به‌ی
سنه‌وبه‌ر و تاریكی هێنده چوون به‌ناو یهكداو لێك نزیكن
كه شه‌و ده‌گووشیت بۆنی سنه‌وبه‌ری لێ ئه‌چۆڕێ
كه سنه‌وبه‌ر ڕائهوهشێنی تاریكی لێ ئه‌وه‌رێ
كه‌چی هه‌رگیز سنه‌وبه‌ر و تاریكی نه‌یان توانی
دێڕێك له سه‌ر یه‌كتر بڵێن
له یه‌كتر نهبینینا دنیایه‌ك گفتووگۆمان
له ده‌فته‌ری چاوه‌ڕوانیا ده‌نووسیه‌وه
حازرمان ده‌كرد بۆ ڕۆژی لیقا
هه‌ر كه گه‌شتین زمانمان چوه كلیله و له بێقسهییدا
گوڵه‌كانی ده‌ور و پشتی خۆمان هه‌ڵه پروچقان…….. كاڵه‌به‌ی
ئه‌م به‌یه‌كگه‌یشتنه تۆی لێسه‌ندمه‌وه و
منیشی له‌تۆ وونكرد
ئه‌ی نابینی ده‌ستێكم پڕپڕه له ته‌نیایی و
ده‌سته‌كه‌ی تریشم پڕه له تۆ
ناوێرم ده‌سته‌كانم بده‌م به‌یه‌كدا
چونكه دڵنیام ته‌نیایی ده‌تخوا
چه‌م چۆن ئهپهڕێنرێتهوه، ئه‌گه‌ر پێ له‌سه‌ر ورده گیا دانه‌نێ؟
به‌ڵام چه‌م و ورده گیا زۆر له‌لای یه‌ك نامێننه‌وه
بۆ ئه‌وه‌ی ئاو هه‌میشه خووڕه‌ی بێت و ورده گیاش هه‌میشه سه‌وز
وام لێمه‌كه، با پروشه بهفرهكانت لێنه‌گرم به شایه‌د و پێت بڵێن
بیركردنه‌وه له تۆ، ڕیشی سپی سپی كردم
وام لێمه‌كه
باتاڵی فڵچهكهمت لێنه‌گرم به شایه‌د و بڵێ
من كه‌ی ده‌مزانی پۆترێتی مه‌رگ دروست بكه‌م كاتێك كه، سه‌ری دهیهێشێت؟
ئه‌گه‌ر تۆنه‌بی….
وام لێمه‌كه ده‌نا
كۆڵهوژت لێده‌گرم به شایه‌د و ده‌ڵێ …..
ئه‌گه‌ر ته‌نوری خه‌یاڵ نه‌بێ نانی تیری چۆن ده‌برژێ؟
ده‌نا وه‌ك نانی سه‌ر سفره‌كه‌مان
ده‌بوو به په‌ڵاس و ده‌می مردوو……… كاڵه‌به‌ی
وام لێمه‌كه ده‌نا
وه‌ك پڵنگێكی بریندار ده‌نه‌ڕێنم و ده‌ڵێم ……
بێتاقه‌تم
وام لێمه‌كه ئه‌گینا
گریانی ناو باخه به‌هێكان ده‌كه‌م به گژتا
وام لێمه‌كه ده‌نا پێتناڵێم
ئه‌و هه‌موو به‌یه‌كه‌وه بوونه‌مان
له ناو چ كهوشێكا شاردۆته‌وه و داومه، به‌ده‌م چ ئاوێكه‌وه
هێشتا مه‌رگ تاكه‌ی دانه‌به‌زیوه و به لۆكه ئاو دهتكێنمه ده‌می
وام له پاڵتاو تۆ نامبینی چ شینێك ده‌گێڕم…….. كاڵه‌به‌ی
ههرزاڵمان بۆ ئه‌وه دروست نه‌كرد، تیایا بگرین
خوریمان بۆ ئه‌وه شینهكردهوه
ملپێچی لێدروستكهین و شه‌وی پێ بخنكێنین
ئاگرمان بۆئه‌وه نه‌كرده‌وه، به‌ده‌وریا دابنیشین و هه‌ڵنه‌سین
تاوه‌كو تای غه‌ریبی هه‌لا ههلامان ده‌كات
وێنه‌مان بۆ ئه‌وه نه‌گرت
پێكه‌نینی تیا ڕابگرین و تا قیامه‌ت
هه‌نسكی به لاوه هه‌ڵده‌ین
ئێمه ئینجانهمان بۆ ئه‌وه نه‌هێنایه به‌ر په‌نجه‌ره‌كه
تا پاركی ئازادی تیا دیل بكه‌ین………. كاڵه‌به‌ی
تۆ سه‌رت هه‌ڵ نه‌ده‌بڕی و كافرانه ده‌تبینیم
پشكۆت به گڕه‌وه ،له به‌ینی پهراسوهكانما ده‌بینی
پێم ده‌وتی سه‌رێ هه‌ڵێنه هۆ هۆ ….. كاڵه‌به‌ی
ئێستا سه‌رت هه‌ڵبڕیوه، بۆم ده‌ڕوانیت و نامبینی
ده‌زانی بۆ؟
چونكه ونت كردوم ……. كاڵه‌به‌ی
خه‌تای من بوو ئه‌گه‌ر ئاگری وشه‌م به‌ر نه‌دایه‌ته پووشی خه‌یاڵت
ئێستا خانه تاڵان نه‌ده‌بویت له‌خه‌یاڵ
خه‌تای من بوو زهڕنهقوتهم هه‌ڵگرته‌وه و خستمه‌وه ناو هێلانه‌كه‌ی
تومه‌ز له دۆزه‌خی ماڵ هه‌ڵاتوه
چ ده‌ست به‌تاڵیت له من و چ سارایه‌كی قاقڕم له تۆ
بۆنی شه‌وم له سوخمه‌ی دار به‌هێدا، ده‌شارده‌وه و
له ده‌ستێكی ئه‌مینا بۆم هه‌ڵگرتی
وام ده‌زانی ده‌توانم وات لێبكه‌م
په‌نجه‌ت گوڵی شه‌وبۆ بگرێت و قژی ئاڵۆزاویشت تاریكی لێ هه‌ڵبسێ
ئاخر من وام ده‌زانی
پرچ بۆ ئه‌وه خۆی ده‌داته ده‌ست شه‌ماڵ ، تا ئێواره بنوسێته‌وه
ئاخر من وام ده‌زانی
كه‌من ده‌قیژێنم به‌سه‌ر به‌ردێكا و ده‌یكه‌مه گریان
تۆ له‌وسه‌ری دنیاوه ،ده‌توانی ژیری بكه‌یته‌وه
هیچ كه‌س چاوساغی باران نییه
خۆی دێت و ئه‌و ڕێگه دوره ده‌بڕێت
دێت و ده‌م و لێوی گه‌ڵای كوزه‌ڵه ته‌ڕده‌كات
خۆ كه‌س ماڵی سمۆره‌ی پیشانی باران نه‌داوه
خۆی دێت و به ئه‌سپایی ده‌م و لێوی ته‌ڕده‌كات
من په‌نجه‌كانم ڕه‌وانه‌ی ناو ده‌سته‌كانت كرد
كه‌چی نكونائومێد ،به ده‌م ولێوی وشكه‌وه
گه‌ڕانه‌وه و دڵتیان بۆ نه‌دۆزرایه‌وه
ئیدی چۆن نه‌ڵیم….به‌م هه‌مو به‌یه‌كه‌وه بوونهمانهوه
خانهتاڵان خۆم له خۆم
خانه تاڵان خۆم له تۆ……. كاڵه‌به‌ی
له بێتاقه‌تی خۆما ،ئه‌وه‌نده‌م شه‌ڕ به ئاو فرۆشته‌وه
هه‌ناسه‌ی توند بوه و هاكا خنكا
به دیار ئاوه‌وه، داده‌نیشتم و فه لسهفهم ده‌خوێنده‌وه
دوایی زانیم ئاو ده‌بێ یاری له‌گه‌ڵدا بكه‌ی
هێنده له‌یه‌كه‌وه نزیكین
پهراسوهكانمان ده‌م و ده‌ستیان ههڵپێكاوه ،له یه‌كتری
كه‌چی ورده زیخێكی ده‌م به پێكه‌نینم بۆ ناگوێزرێته‌وه لای تۆ
ئه‌وه‌نده دڵته‌نگ ده‌بم
كڵوی شه‌كره‌كه، له ده‌ستما ده‌كه‌م به‌خۆڵ و تا خوا هێزی پێداوم
بێده‌نگ بێده‌نگ ده‌ست ده‌كه‌م به گریان…….. كاڵه‌به‌ی
وه‌ك چۆن سه‌گێك به‌دیار
گوێچكه نانێكه‌وه، ده‌نوزێته‌وه ئاوا به دیار
زمانی خۆمه‌وه، دهلاڵێمهوه، تا
به سواری حه‌رفێكی برینداره‌وه، بمگه‌یه‌نێته لای تۆ
ئاخر كونكردنی كێوێك قورس‌تر نیه، له گه‌یاندنی دێڕێك
چ ده‌ردێكی تازه و دهردناكی ئه‌ی ئینسان
وه‌ك چۆن تاعون جۆرێكه له جۆره‌كانی نه‌خۆشی
ئینسانیش ئاوا ده‌رده ده‌رد ،ئێمه پێمان نه‌زانیوه
ئه‌ی ئه‌وه‌نیه به‌رد كۆڵی لێداین و ئاوه‌دانی بۆ ئێمه جێهێشت
تاكهیفی تیادا بكه‌ین
بێده‌لیل نیه ئاو، دور له ئاوه‌دانی هه‌میشه به‌رزه دهماخهو گۆرانی ئه چڕێ
كه‌چی ،له به‌لوعه‌ی ماڵه‌كانمانه‌وه
زه‌رد زه‌رد وه‌ك میزی نه‌خۆش دێته خوارێ
توشی زه‌ردویی نه‌بووه، ئاو
ئه‌وه تووشی په‌تای ئینسان بوه…….. كاڵه‌به‌ی
باشتره نه‌گه‌ین
باشتره ،سهوڵهكانمان له بنی ده‌ریادا
سه‌نگ و به‌ردی بنێین و جێی بهێڵین
بیر كردنه‌وه له كه‌نار ،جوانتره له گه‌یشتن به كه‌نار
كه‌بیر له فڕین ده‌كه‌مه‌وه، هێنده‌ی هه‌موو دنیا پڕده‌بم له باڵ بۆ فڕین
به‌ڵام كه‌به‌ڕاستی ده‌فڕم
جگه له دو باڵی قورس و بریندار هیچی تر شك نابه‌م
با ههمودنیا نه‌دۆڕێنین بۆ دوباڵی پرزهبڕاو
ئاخر باڵ جادوهكانی فڕین به‌تاڵ ئه‌كاته‌وه
فڕین ،كه‌له كاسه‌ی سه‌ر دێته ده‌ره‌وه
به‌هه‌شته‌كانی سه‌فه‌ر ده‌كاته دۆزه‌خ
ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌به‌د تۆم لێ‌ون ناكات
بیركردنه‌وه‌یه، له تۆ، نه‌وه‌كو گه‌یشتن پێت
ده‌ئیتر توخوا، با نه‌گه‌ین ……. كاڵه‌به‌ی
ئه‌وه‌نده به‌ناو جادهكانا پیاسه‌م كردوه و بیرم له تۆ كردۆته‌وه
كه ئێواران كه‌وشه‌كانم ده‌شۆرد
جاده ،له پێڵاوه‌كانمه‌وه جۆگه‌له‌ی ده‌به‌ست و پێی ده‌وتم ….
ئیتر به‌رگه‌ی پیاسه‌ی تۆ ناگرم كه‌ی ده‌گه‌ی؟
هێنده ،له‌ناو باخه‌كاندا ده‌مامه‌وه
په‌نجه‌م ،له‌ناو پهرژینهكانا به‌جێده‌ماو له‌بیرم ئه‌چو
شه‌وان ،كهدهگریام بیرم ده‌كه‌وته‌وه په‌نجه‌م نه‌ماوه
تا چاوه تهڕهكانم بسڕێ
توخوا، باجاده بمێنێ
بۆ ئه‌وه‌ی نه‌گه‌یشتنیش بمێنێ
پێم مه‌ڵێ ئه‌ژنۆی ڕوانینم شل بوه ،هێنده گه‌ڕاوم به‌دوای په‌نجه‌ره‌دا
گه‌ڕان له‌دۆزینه‌وه و گه‌یشتن قه‌شه‌نگتره
دۆزه‌خه گه‌یشتن به په‌نجه‌ره ……دۆزه‌خ
بابچینه به‌رده‌م ئاوێنه‌ی ئاوێنه‌ی چه‌مه‌كان
ئه‌ها گه‌ڵای ئه‌و چنارانه چۆن سه‌ما ده‌كه‌ن!
با بڕۆین ،له ئاوێنه‌ی چهمهكانا فێری سه‌ما ببین
تۆ بۆ شوێنێك ده‌بات و من بۆ جێگه‌یه‌كی تر
كه‌چی دڵمان به‌یه‌كه‌وه لێده‌دات و به یه‌كه‌وه گیان ده‌سپێرێ
ئه‌وه‌ی مه‌له‌ی ده‌كرد ،له ناو ئاوا خه‌یاڵمان بو
ئه‌وه‌ی خنكا، له تینوانا ئه‌م به‌یه‌كه‌وه بونه‌مان بو
ئه‌وه‌ی ،له ئاوێنه‌ی چهمهكانا سه‌مای ده‌كرد خه‌یاڵمان بو
ئه‌وه‌ی خۆی كێشا به ئاوێنه‌ی ژوره‌كه‌دا و مێشكی پژا
ئه‌وه خۆمان بووین ……خۆمان………….. كاڵه‌به‌ی