Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
دوای خواردنەوەی قاپێک شەراب

دوای خواردنەوەی قاپێک شەراب

Closed
by July 18, 2012 ئەدەب

 

 

 

باران خەریکە ئەتەقێتەوە

هەورێک بەدزیی تەنیاییەوە پێی وتم،

٠٠٠٠٠٠

ئاسمانێک بەژێرەوە ئەبێت

موسافیرێک بەر لە ونبوون بۆی باسکردم،

٠٠٠٠٠٠

بیرکردنەوەیەک دەخنکێت

پیاوێکی تەنیا گێڕایەوە بۆم،

٠٠٠٠٠٠

فڕینێک ئەکەوێتە خوارەوە

چۆلەکەیەک بە بۆڵەبۆڵەوە وتی،

٠٠٠٠٠٠

پرخە پرخێک خۆی ئەکوژێت

ژنێک لە بێزاریدا ئەیدرکێنێت،

٠٠٠٠٠٠

شەرابێک تازە ئەبێتەوە

لەدەستنووسی مێژوودا باسکرابوو،

٠٠٠٠٠٠

تەنیایی ئەبێت بە سێ بەشەوە

شاعیریک وای نووسیبوو،

٠٠٠٠٠٠

چیرۆکێک نانووسرێتەوە

سیاسییەک هەڕەشەی لێکردووە،

٠٠٠٠٠٠

ئاو بەرەو حەپەسان دەچێت

گەردوون ڕقی لێهەڵگرتووە،

٠٠٠٠٠٠

نیگایەک خۆی ئەسووتێنێت

کچێک بۆخۆی ئەگێڕێتەوە،

٠٠٠٠٠٠

فەیسبووک نامێنێت

چونکە کۆتایی بە ژیان دێت

ڕۆژێک،

٠٠٠٠٠٠

هەزار حەشر بەخۆی ئەکات

ناتوانێت هیچ بڵێت

نووسەرێک،

٠٠٠٠٠٠

ئەوەندەی هاوار کردووە

ئیتر دەنگیی نانووسێت

کۆنە شیعرێک،

٠٠٠٠٠٠

خۆی لێ وندەبێت و

کەس هەستیی پێناکات

ماسکێکی ئێکسپایەر،

٠٠٠٠٠٠

شانۆیەک سازناکرێت

لەبەر ئەوەی کارەکتەرێک دیار نەماوە

حیزبێک ئاودیوی کردووە،

٠٠٠٠٠٠

خەریکن سەفەر دەکەن

خەیاڵەکانی کاتنووسێک،

٠٠٠٠٠٠

سەری لە هەموو شتێک دەرئەچێت

تەنیا نیشتمان نەبێت

سەرکردەیەک،

٠٠٠٠٠٠

ئەویش تاڵان فرۆش دەکەن

خەیاڵکردنەوەی دوا ڕۆژیی

گەنجێک،

٠٠٠٠٠٠

هەناریش لە خشتە ئەبات

خەیاڵی پوچیی

کۆلکە شاعیرێک،

٠٠٠٠٠٠

خۆیان لێدەبێت بە نیتچە

داماوەکانی ئەودیویی

ژیان،

٠٠٠٠٠٠

لە کۆتایی ئەم تێکستانەدا وندەبێت

کەس نا

تەنیا زانا سامان نەبێت.

 

زانا سامان

ئەڵمانیا / هانۆڤەر

٢٠١٢

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.