Skip to Content

Sunday, September 8th, 2024
كاڵبونەوەی مەرگەساتەكانو سارێژنەبوونی زامەكان

كاڵبونەوەی مەرگەساتەكانو سارێژنەبوونی زامەكان

Closed
by April 16, 2008 گشتی

بەناز كوێستانی……

 گەلی كورد یەكێكە لەو گەلانەی كەگەورەترین كارەساتو مەرگەساتی تراژیدیای بەسەر هاتووەو گەورەترین قوربانیو لافاوی خوێنی بەخشیووە بەخاكو دەستكەوتو نەتەوەكەی، لەپێناو بەزیندووی مانەوەى خۆیو زمانو كەلتورو فەرهەنگو….هتد.
 ئەوەندە مەرگەساتەكان زۆرە نازانی لەكامیانەوە دەست پێ بكەیتو بەچی كۆتایی پێ بهێنی كەهەرگیز كۆتایی نایەتو مێژوو شایەتی حاڵەتەكەیە.
 زۆربەی زۆری مەرگەساتەكانیش دەكەونە مانگەكانی سێو چوارو پێنج بەبۆنە خۆشو ناخۆشەكانییەوە، هەندێجار وارێدەكەوێت، كەلەرۆژێكدا دووبۆنەی زۆر جیاواز لەیەكتر لەئامێز دەگرێت، هەندێكجاریش بۆنەیەكیان شادیەو بۆنەكەی تریان مەرگەساتە، بۆیە زۆر كەس رادەمێنێو نازانی بەشداری كامیان بكاتو چۆن هەستەكانی ناوەوەی خۆی دەرببرێت.
 مەرگەساتی كیمیابارانی هەڵەبجەو دۆڵی جافایەتیو مەرگەساتی ئەنفالو كوشتنو برینو تاڵانكردنو بەسوتماك كردنی گوندەكانو كوێركردنەوەی كانیەكان و رووخاندنی مزگەوتو خوێندنگەو … چەندەها دامو دەزگای تری ناو گوندەكان خاپوركردنیان، كارەساتێكە كەناكرێت لەزهنو فكری مرۆڤی كوردا كاڵ بێتەوەو ئەوەمان بیر بچێتەوە كەچۆن منداڵی شیرەخۆرەو پیرە مێردو ژنەكانو كورو كچە لاوەكانمان هەر بەزیندووی ژێر خاك كرانو زیندە بەچاڵ كران، ئەو زیندە بەچاڵەی كەتەنها كلتوری  عەرەب خاوەنێتی.
 چۆن بیرمان بچێتەوە وێنەی ئەو كچە جوانانەی كەلەلایەن پیاوانی بەعسەوە تەعەدایان لێدەكراو رووت دەكرانەو بەزۆرە ملێ ئیغتساب دەكرانو پاشان یان بەوڵاتانی دراوسێیان دەفرۆشتن، یان زیندە بەچاڵیان دەكردن.
 ئەنفال ئەو وشەو مەرگەساتو كارەساتەیە كەهیچ میلەتێك تەنانەت لەفیلمیشدا نەیدیووە، جاوەرە بەهەقیقی بەسەر نەتەوەكەیدا بێت.
 رەنگە ئەوانەی سەرەوە كەمن باسیان دەكەم هەندێك كەس بڵًێت، تەنها قسەی رووتەو كەی باوی ئەوە ماوە ئەوەندە لەسەر ئەو رووداوانە بدوێیت.
 تارادەیەك دەڵێم برا رەنگە وتەكەی تۆش راست بێت، بەڵام بۆ كەسانێك راستە كەئێستا بوونەتە مشەخۆرو گیرفانو بانگەكان لەسەر حسابی ئەم كارەساتانە پڕ دەكەنو خۆیانی پێ دەوڵەمەند دەكەن ڤێلاو باڵەخانەكانیانی پێ بەرز دەكەنەوەو باخەكانیانی پێ دەرازێنەوەو مۆدێلی ئۆتۆمبیلەكانیانی پێ دەگۆرنو بازرگانی ناشەرعی بەتلیاكو ئافرەتو سەروەتو سامانی ئەم گەلەوە دەكەن. یادەوەریەكانی خۆیان دلێت كردووە لەهەموو مەرگەساتەكانو مێشكی خۆیان لەسەر بنەمای سەرەوەرتو سامان كۆكردنەوە پرۆگرام كردۆتەوە، نەئەو رووداوەیان دێتەوە بیرو نەچاویان كەسو كارو پاشماوەی ئەنفالەكان دەبینێت.
 ئەگەرنا وەرە رۆژانە بڕوانە لەو گەرمیانی مەرگەساتەدا چەندەها كەسو كارو پاشماوی  ئەنفال دەبینی، كەلەحاڵەتێكی زۆر خراپدا ژیان دەگوزرێننو خەون بەرابردوو هاتنەوەی رۆڵەكانیان دەبیننەوە، چەندەها كچو كوری پاشماوەی ئەنفال چاوەروانی هاتنەوەی دایكو باوكیان دەكەن، چەندەها كچی رەش پۆشی، پرچ ئاڵۆسكاوی چاو بەرۆندك چاوەروانی هاتنەوەی دەزگیرانو برا و باوكیان دەكەن.
 ئێستا گەرمیان ئەو ناوچەیە كەپێویستی بەگەورەترین پرۆژەی خزمەتگوزاری هەیە، هەر لەخوێندنگەو نەخۆشخانەو باخچەو پاركو سەنتەری لاوانو سەنتەری ئینتەرنێتو كۆمپیوتەرو كۆفی نێت هەیە، ئێستا لاوانی گەرمیان چاوەروانی دەستی حكومەت دەكەن، كەئاوریان لێ بداتەوەو خزمەتگوزاری پێویستیان بۆ دابین بكات.
 گەرمیان پێویستی بەپرۆژەی شەقامو رێگەو بانو دابینكردنی ئاوی خواردنەوەو كارەبا هەیە.
 لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە، ئایا كێ خەمخۆری ئەم دەڤەرەیەو كێ دەتوانێت خزمەتیان بكات، ئایا حكومەت وەك پێویست ئاوری لێ داونەتەوەو بەدەنگ پێداویستیەكانیانەوە چووە..؟ بێگومان نەخێر حكومەت تەنها لەبۆنەو رۆژەكانی یادی ئەو مەرگەساتەدا ئەو ناوچەی بیر دەكەوێتەوەو ئەویش بەناچاریو بەزاكیرەیەكی زۆر لاوازەوە كەوێنەی مەرگەساتەكە وەك خۆی نابینێتو لای كاڵ بۆتەوە، بەپێچەوانەشەوە لای جەماوەری دەڤەرەكە مەرگەساتەكە زیندوو دەبێتەوەو سەدەها جار زامەكانیان قوڵ دەبێتەوەو سارێژ نابێت.
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.