Skip to Content

Tuesday, October 15th, 2024
دۆستێكی دێرینی مامۆستا قانیعی شاعر له‌ كه‌ركوك

دۆستێكی دێرینی مامۆستا قانیعی شاعر له‌ كه‌ركوك

Closed
by July 24, 2012 ئەدەب

 

 

    نزیكه‌ی به‌ر له‌ دوو ساڵێك , له‌ رێگه‌ی هاورێیه‌كی ئه‌ده‌ب دۆست و نیشتمان په‌روه‌رێكی دڵسۆزوو ڕاسته‌قینه‌وه‌ , من مام (جه‌بار ) م ناسی , ئه‌و كاته‌ی ئه‌وم تیادا ناسی , ئه‌و ته‌مه‌نی به‌ره‌و هه‌شتا ساڵی هه‌ڵده‌كشا , ئه‌و سه‌ڕه‌ڕای ئه‌و ته‌مه‌نه‌ گه‌وره‌یه‌ی هه‌یبوو , سه‌ڕه‌ڕای په‌ڕینه‌وه‌ی به‌گه‌لێك گۆمی تاڵ و جۆگای سوێردا , سه‌ڕه‌ڕای ئه‌و هه‌موو هێڵه‌ خواروو خێچه‌ی زه‌مه‌ن له‌روخساریدا كێشابووی , وه‌لێ‌ هێشتاكه‌ ده‌یویست به‌به‌ری ره‌نج و ئاره‌قه‌ی نێوچه‌وانی خۆی بژێت و بژێوی ماڵ و منداڵی به‌ده‌ست بهێنێ‌ , ئه‌و وه‌ك گه‌لێك كه‌سانی دڵشكاوی تری ئه‌م نیشتمانه‌ له‌روحه‌وه‌ بیماروو بریندار بوو , وه‌ك زۆرێك له‌گه‌نجانی ئه‌م وڵاته‌ میزاجی كوردایه‌تی تێكچوبوو , وه‌ك ئه‌وان كوردایه‌تی و نیشتمان په‌روه‌ری راسته‌قینه‌ , داب و نه‌رێتی كورد بوون پڕی كردبوو له‌ گله‌یی و تووڕه‌یی , له‌ بێزاری و گازنده‌یی . ئه‌و سه‌ڕه‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی ڕه‌سه‌نی شاری (كه‌ركوك )ه‌ ,وه‌لێ‌ تا ئێستا له‌شاره‌كه‌ی خۆی كرێنشینه‌ , ئه‌و ساڵگارێك له‌ناو رێكخستنه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌ندام و پێشمه‌رگه‌یه‌كی چالاكبووه‌ , من هه‌موو جارێك ,كه‌ له‌ شه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی (شۆریجه‌ ) وه‌ختێك ده‌مبینی گورج و گۆڵ و چالاكانه‌ هه‌نگاوی ده‌ناو له‌كار ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ , دووای چاك و چۆنی و باوه‌ش به‌یه‌كدا كردن له‌ خه‌یاڵی خۆمدا ده‌موت 🙁 ئای خودای گه‌وره‌ ئه‌م نیشتمانه‌ی من ده‌بێ‌ چه‌ند مام جه‌باری تری تێدا بێ‌ ,ده‌بێ‌ چه‌ند كه‌سی تری وه‌ك ئه‌م ئاواره‌و په‌راگه‌نده‌ی نێو شاره‌كه‌ی خۆیان بوبیتن , )من بۆ ساڵێك ده‌چێ‌ نه‌خشه‌و پلانم بۆ ئه‌م دیداره‌ ده‌كێشا , به‌ڵام هه‌میشه‌ وایه‌ شته‌ جوانه‌كان یاخوود هه‌ر نایه‌ن , یان زۆر دره‌نگ دێن , به‌تایبه‌تیش كه‌ زانیم مام جه‌بار یه‌كێك بووه‌ له‌ هاوڕێ‌ هه‌ره‌ نزیكه‌كانی (قانع ) ی شاعیر , قانعی مرۆڤ و دۆستی گیانی به‌ گیانی كه‌سانی وه‌ك مام جه‌بار ,هه‌ر بۆیه‌ له‌ رۆژی 1 /4 / 2012 له‌گه‌ڵ ئه‌و هاورَێ‌ ئازیزه‌م كاك (كارزان )بڕیارماندا  سه‌ردانی مام جه‌بار بكه‌ین له‌ماڵه‌كه‌ی خۆیدا ,ئه‌م سه‌ردانه‌ش جیاواز له‌ دیداروو سه‌ردانه‌كانی تر تایبه‌ت بێت به‌ گفتوو گۆ ده‌رباره‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی , كه‌ (قانع ) ی شاعیر له‌ شاری (كه‌ركوك ) دا بووه‌ .  

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مام جه‌بار له‌ ئێستادا نه‌خۆشه‌و به‌هۆی شێرپه‌نجه‌ی جگه‌رێوه‌ له‌سه‌ر جێگا كه‌وتووه‌ , بۆیه‌ بڕیارماندا دیداره‌كه‌ كورت و كورتبڕ بێ‌ , تاكو نه‌بینه‌ مایه‌ی ئه‌زێت و ماندوویه‌تی زیاتر بۆ ئه‌و پیاوه‌ ماندووه‌ ,كه‌ سه‌رئه‌نجام ئه‌م دیداره‌ی لێكه‌وته‌وه‌ به‌ هیوای ئه‌وه‌ی شتیك سوود به‌ ئێستای ئێمه‌ ببه‌خشێ‌ .

_ مام جه‌بار چۆنی ؟

_ له‌ خوای گه‌وره‌ به‌زیاد بێ‌ باشم ,(19 ) ی ئه‌م مانگه‌ مه‌وعیدی لێدانی ده‌رزی كیمیام هه‌یه‌ له‌لای دكتۆر (عه‌دنان سابیر ) ماڵی ئاوا بێ‌ ئه‌و دكتۆره‌ زۆر له‌ گه‌ڵما به‌ره‌حمه‌ , خودایه‌ك كه‌ منی دروستكردبێ‌ و ژیان و مردنم به‌ده‌ستی ئه‌و بێ‌ ئیتر بۆچی بترسم .

_ مام جه‌بار وه‌ك خۆت باست كردووه‌ ,كه‌ تۆ هاورێیه‌كی نزیكی (قانع ) ی شاعیر بوویته‌ له‌و رۆژگارانه‌ی ئه‌و له‌شاری كه‌ركوكدا ژیاوه‌ , حه‌ز ئه‌كه‌ین شتێك بمانبه‌یته‌وه‌ بۆ ئه‌و رۆژگارانه‌ ؟

_ به‌ڵێ‌ ئه‌و ئه‌دیب و نووسه‌روو شاعیر بوو , هاوڕێ‌ و دۆستی خه‌ڵكی هه‌ژاروو رووته‌ڵه‌ی وه‌ك من بوو , كورد نه‌بوایه‌ له‌ هه‌موو شوێنێك په‌یكه‌ریان بۆ ده‌كرد .

_ به‌ڵام له‌ سلێملنی په‌یكه‌ریان بۆ كردووه‌ .

_ ئه‌ی له‌ خوا به‌زیاد بێت , دیاره‌ كورد هاتۆته‌ هۆش خۆی .

_ باشه‌ تۆ چۆن ئه‌وت ناسی ؟

_ ئه‌و له‌خانوویه‌ك كرێچی بوو به‌رانبه‌ر ئوتێل مسته‌فا ,به‌ته‌نیشت مزگه‌وته‌كه‌ی حاجی خورشیده‌وه‌ , نازانم ناوی شه‌قامه‌كه‌ چییه‌و چی پێده‌ڵێن . ؟

_ناوی شه‌قامی سه‌ڵاحه‌دینه‌ .

تۆ باشتر ئه‌زانی , وا بزانم وایه‌ . من یه‌كه‌مجار له‌ماڵ (سابیر ) و له‌ رێگه‌ی ئه‌وه‌وه‌ ناسیم ,چونكه‌ سابیر زاوای من بوو , مامۆستا قانعیش له‌ خانووه‌كه‌ی سابیردا كرێنشین بوو , له‌وێ‌ ده‌ژیا , ئه‌و پێشتر مامۆستای ده‌ناسی , ئه‌و خانووه‌ چوار پێنج خێزان تیایدا ده‌ژیا , ئه‌مه‌ له‌ ساڵی (50 ) بۆ (53 ) بوو .

_ناوی ئه‌وانت له‌بیر ماوه‌ كه‌ له‌و خانووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ودا ده‌ژیان ؟

_به‌ڵێ‌ , ئه‌مانه‌ بوون , ئه‌حمه‌د كۆیی , عه‌زه‌ ده‌لۆیی و مسته‌فا كرێكار . هه‌روه‌ها سابیرمه‌دحه‌تیش كه‌ خاوه‌ن خانووه‌كه‌ و زاوای من و له‌ ئاغاكان زه‌نگنه‌ش بوو . 

_ باشه‌ مام جه‌بار (قانع ) ی ره‌حمه‌تی هاورێیه‌تی و هاتوو چۆی كێی ده‌كرد ؟ 

_وه‌ڵڵا هاتوو چۆی مزگه‌وتی زۆر ده‌كرد , هاورێی (مه‌حه‌مه‌د عه‌سری )ش بوو ,زوو زوو ده‌چوو بۆ لای ئه‌و , وابزانم شیعری له‌ لای ئه‌و بڵاوده‌كرده‌وه‌ و به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌ شتێك حه‌قی خۆی وه‌رده‌گرت ,

_ئه‌گه‌ر له‌بیرت بێ‌ , ئه‌و كاته‌ منداڵی هه‌بوو ؟ 

_ دوو منداڵی هه‌بوو , (بورهان ) یان هه‌راش بوو , یه‌كێكیش له‌ناو بێشكه‌دا بوو ,ناویم له‌بیر نه‌ماوه‌ , 

_ مام جه‌بار وه‌ك (كارزان ) گێرَایه‌وه‌ تۆ نازناوێكت هه‌یه‌ ,كه‌ (قانع )ی نه‌مر بۆی داناوی    ,ئه‌كرێ‌ ئه‌وه‌مان بۆ باس بكه‌ی ؟

_جارێكیان مامۆستا قانع پێمی وت : به‌خوا تۆش وه‌كو من هه‌تا ده‌مری ئه‌بێ‌ هه‌ر شرۆڵ بی , ئه‌گه‌ر واز له‌م رێگایه‌ نه‌هێنی ئه‌وا تۆ ده‌بیته‌ كه‌سی من . 

_ مه‌به‌ستی له‌و رێگایه‌ چیبوو ؟ 

_ مه‌به‌ستی كوردایه‌تی و شیعر دۆستی بوو , ئیتر له‌ پاش ئه‌و قسه‌یه‌ی ئه‌و به‌ (جه‌بار كه‌سی ) ناسرام . 

_ قسه‌یه‌ك هه‌یه‌ , ده‌ڵێن قانع شیوعی بووه‌ , ئایا ئه‌مه‌ تا چه‌ند راسته‌ ؟

_ كاكه‌ , من سێ‌ ساڵ له‌گه‌ڵی ژیاوم , له‌ساڵی (50 ) وه‌ بۆ (53 ) , نه‌وه‌ڵڵا شیوعی نه‌بووه‌ , پیاویكی موسڵمان و كوردپه‌روه‌رێكی پاك و راستگۆ بوو ,به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قسه‌ی جوان و نه‌سته‌قی ده‌كرد , بۆیه‌ مه‌لاكانی ئه‌و زه‌مانه‌ قسه‌یان بۆ هه‌ڵده‌به‌ست و ده‌یانوت قانع شیوعییه‌ , خۆی شیوعی نه‌بوو , ئه‌و زه‌مانه‌ هه‌ر كه‌سێك قسه‌ی جوانی بكردایه‌ پێیان ده‌وت شیوعی .

_ شیعری بۆتان ده‌خوێنده‌وه‌ ؟

_به‌ڵێ‌ هه‌موو شیعرێكی تازه‌ی بنووسیبایه‌ بۆ ئێمه‌ی ده‌خوێنده‌وه‌ . 

_ هیچ شیعریكت له‌بیر ماوه‌ ؟

_ئه‌و بروای به‌یه‌كسانی ژن و پیاو هه‌بوو , جارێكیان شیعری به‌سه‌ر ئافره‌تا نوسیبوو , شیعره‌كه‌ ئاوها بوو (ئه‌گه‌ر بڵێم ئه‌مرۆ ده‌رۆم بۆ سه‌یران ,بۆشایی و سه‌یری گوڵزار , ده‌ڵێن هه‌ی له‌م نێره‌ كوڕه‌ په‌یدا بووه‌ ,ئابڕوی یه‌كجار له‌ده‌ست ده‌رچووه‌ , یان بڵێم ده‌چم بۆ سینه‌ما ……………………   ئه‌وه‌نده‌م له‌بیر ماوه‌  .

_ قانع له‌كوردستاندا زۆر گه‌ڕاوه‌ , له‌هیچ شوێنێكیش زۆر نه‌ماوه‌ته‌وه‌ , ده‌كرێ‌ پیمان بڵێی هۆكاری چیبوو كه‌ كه‌ركوكی به‌جێهێشت ؟

_  ئێواره‌یه‌كیان هاته‌وه‌ ,وتی : سه‌ر ده‌ركه‌ن ماڵ پرسیاری نییه‌ , ئه‌مه‌ له‌ساڵی (53 ) بوو ,ئیتر خۆی به‌ته‌نیا رۆیشت و ماڵ و حاڵی به‌جێهێشت , به‌ سابیرم وت مه‌سه‌له‌ چییه‌ , وتی وابزانم ئه‌مانگرن ,ئه‌و وه‌خته‌ به‌ئه‌منیان ده‌وت (شوعبه‌ی خاص ) له‌ دووای ئه‌وه‌ ئه‌منێك ده‌هات له‌به‌رانبه‌ر ماڵ مامۆستا قانع تاكو نیوه‌رۆ ده‌وه‌ستا ,دووایی یه‌كێكی تر ده‌هات تاكو عیشا ده‌مایه‌وه‌ , سابیر خواردنی بۆ ئه‌منه‌كه‌ ده‌برد بۆ ئه‌وه‌ی بزانێ‌ مه‌سه‌له‌ چییه‌و چاوپۆشی بكا . ئه‌منه‌كه‌ وتبووی : ( عدا قانع أكوگلاباپنین  ) مه‌به‌ستی دوو فه‌قیه‌ی تر بوو , پاشان وتبوی (ما أشوف ملا ) مه‌به‌ستی قانع بوو ,چونكه‌ مامۆستا دوو رۆژ پیشتر رۆیشتبوو , دووای ئه‌وه‌ منیش له‌ یاروه‌لییه‌وه‌ بۆی ده‌رچووم . به‌باوكم وت ؛ من ئه‌رۆم حكومه‌ت ئه‌مگرێ‌ ,یان بۆ ئه‌وه‌ی وازم لێێنێ‌ ده‌بێ‌ قانع بكه‌م به‌ ماركس و لینین .

مه‌به‌ستت له‌مه‌ چییه‌ ؟

_مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌ت من نه‌گرێ‌ ده‌بوایه‌ ئیعترافم له‌سه‌ر قانع بكردایه‌و بموتبایه‌ قانع شیوعییه‌ .پاشان چووم بۆ( گۆپته‌په‌ ) به‌ڵام له‌وێ‌ جێگام نه‌بووه‌وه‌ ,بۆیه‌ رۆیشتم بۆ گوندی (سه‌ركه‌پكان ) له‌وێ‌ له‌ دیوه‌خانه‌كه‌ی عه‌باس ئاغا (18) مانگ مامه‌وه‌ ,به‌كرێكاری و قوركاری (16) دینارم كۆكرده‌وه‌ ,(15) دیناریم دا به‌ده‌لیلێكی ئه‌من تاكو ئامرقه‌بزه‌كه‌م بۆ بسڕنه‌وه‌ .

_سڕییانه‌وه‌ ؟

به‌ڵێ‌ ,دووای ئه‌وه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ كه‌ركوك . ئنجا كه‌وتمه‌ گه‌ڕان به‌دووای مامۆستا قانعدا .

_دۆزیته‌وه‌ ؟ 

_به‌ڵێ‌ له‌ گوندێكی نزیك به‌رزنجه‌ بوو ,من و ئه‌حمه‌د كۆیی چووین بۆ لای ,وه‌ختێك هاتمه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك باوكم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ سێ‌ چوار شه‌قازله‌ی باشی لێمدا ,وتی تۆ گۆبه‌نمان بۆ ئه‌دۆزیته‌وه‌ .

_له‌وێ‌ باسی چیتان كرد ؟

_وتی با هه‌ر كه‌سه‌و باسی خۆی بكات له‌م ماوه‌یه‌ چی به‌سه‌ر هاتووه‌ . ئینجا وتی (كه‌سی )هه‌موو جارێ‌ سه‌رم لێئه‌ده‌ی , منیش وتم ئه‌ی چۆن سه‌رت لێناده‌م . با شتێكت بۆ بگێڕمه‌وه‌ , كه‌ ده‌شێ‌ بۆ ئه‌مرۆش قازانجی هه‌بێ‌ و گونجاو بێ‌ ,مامۆستا وه‌ختێك له‌ كه‌ركوك بوو , له‌ ساڵی (53 ) دا مه‌لیك هات بۆكه‌ركوك ,ئه‌و كاته‌ نه‌وته‌كه‌ ئه‌رۆیشت بۆ(k3  k2 )بۆ ئیسرائیل , مه‌لیك بۆڵفه‌كه‌ی بۆ بانیاس كرده‌وه‌ ,له‌ ناو خه‌ڵك ورته‌ ورت په‌یدا بوو ,خه‌ڵك دڵی خۆش بوو ,وتیان له‌مه‌و دووا ئیش زۆر ده‌بێت ,رزقمان زۆر ده‌بێت , ئه‌وه‌نده‌ قسه‌ی خۆش بوو حه‌زمان نه‌ئه‌كرد جێیبهێڵین , ئێواره‌یه‌كیان دانشتبووین مامۆستا قانع وتی : به‌یتێكم بۆ هاتووه‌ ده‌توانن شی بكه‌نه‌وه‌ ,من و مسته‌فا كرێكاروو سابیر مه‌دحه‌ت و ئه‌حمه‌د كۆیی بووین ,یه‌كه‌م جار رووی ده‌می له‌ سابیر كرد , به‌یته‌كه‌ به‌م جۆره‌ بوو : (نانێ‌ له‌ نووكی ده‌ست پووره‌ خه‌جێوه‌ بێ‌ / یاخوا ئه‌و نانه‌ گووی سه‌گی تێ‌ بێ‌ ) .سابیر وتی : یه‌عنی یه‌كێك ژن بهێنێ‌ و به‌ پاره‌ی ژنه‌كه‌ ژیانی بڕوا به‌ڕێوه‌ .مسته‌فا كرێكار وتی : ژنێك مه‌عاشی هه‌بێت پیاوه‌كه‌ی به‌ مه‌عاشی ئه‌و بژێ‌ .ئه‌حمه‌د كۆیی وتی ره‌ئیم له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ . ئه‌وانه‌ هه‌موویان فه‌قیه‌ی مامۆستا بوون , دووای چایی خواردنه‌وه‌ رووی ده‌می له‌من كرد , (ئه‌ی كه‌سی تۆ هیچ ناڵێی ) ؟ منیش وتم : به‌خوا مامۆستا هه‌تا ئنگلیزوو ئه‌لیزابیس بڕیار نه‌ده‌ن پاره‌مان بۆ سه‌رف ناكرێ‌ , یه‌عنی مووچه‌ی ئیمه‌ به‌ده‌ست پووره‌ خه‌جێوه‌یه‌ واته‌ به‌ده‌ست ئینگلیزه‌ . ئه‌م قسه‌یه‌ی من روونی ده‌كه‌مه‌وه‌ ئازایی خۆم نه‌بوو ,له‌ جه‌بار محه‌مه‌د پیرۆزخانه‌وه‌ وه‌رمگرتبوو ,ئه‌و مه‌حامی و شیوعی بوو , حكومه‌ت ئیعدامی كرد .

لێره‌وه‌ هه‌ستم كرد مام جه‌بار خه‌ریكه‌ ته‌نگه‌نه‌فه‌س و ماندوو ده‌بێ‌ ,بۆیه‌ به‌م رسته‌یه‌ كۆتایم به‌دیداره‌كه‌ هێنا .(شاری كه‌ركوك ده‌بێت شانازی به‌وه‌وه‌ بكات كه‌ رۆژگارێك قانعی نه‌مر لێره‌ بووه‌و له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگای له‌خه‌م و ناسۆروو هه‌ناسه‌ی چه‌وساوه‌كانی بووه‌ ) ئه‌ویش وتی : ئه‌ی ئێستا خه‌ڵكی كوردستان بۆچی ئاوها به‌ته‌نگی یه‌كتره‌وه‌ نایه‌ن , منیش شانازی به‌وه‌وه‌ ده‌كه‌م كه‌ له‌ تۆوه‌ بیستم كوڕه‌زاكانی كه‌سانی ناسراو و  دلسۆزی كوردستانن , هه‌ر ده‌بێ‌ وابێ‌ ,گیا له‌سه‌ر بنجی خۆی ده‌روێ‌ .

 

*له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مام جه‌بار نه‌یتوانی له‌گه‌ڵمدا بێت و ئه‌و خانووه‌م نیشانبدا , بۆیه‌ من چه‌ند وێنه‌یه‌كی ئه‌وێم گرت , به‌ڵام به‌ پێی وه‌سفی ئه‌و خانووه‌كه‌ به‌ ته‌نیشت مزگه‌وته‌كه‌وه‌ بووه‌ .

دیدار /بورهان ئه‌حمه‌د  

1 /4 / 2012 كه‌ركوك 

تێبینی : مام جه‌بار له‌ 9 /5  / 2012 كۆچی دووایی كرد , خوای گه‌وره‌ ئه‌و و قانعی شاعیر به‌به‌هه‌شتی به‌رین بسپێری .  

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.