دە چیڕچیرۆک … حەمەفەریق حەسەن
گومناو
ئه‌و ده‌مانه‌ی له‌و ههڵهتانه به‌دیار گاگه‌لی گونده‌وه سپێده‌ی ده‌دایه ده‌م ئێواره، کفت و که‌شه‌نگ به‌سه‌ر پشتی گایه‌که‌وه خۆی به‌نێو گونددا ده‌کرده‌وه. هه‌ر فریای کۆکردنه‌وه‌ی نانی گاوانی و شێوی سه‌ر خوانی خێرخوایه‌ک ده‌که‌وت. ئه‌و زوو ده‌نوست تا بۆ سبه‌ی زوو ڕابێت و بڕستی ئه‌وه‌ی هه‌بێت گایه‌کی مێشهکردو گلبداته‌وه، که‌س ئه‌وی نه‌ده‌ناسی. ئه‌و ده‌مه‌ی به پێمیمیش وه‌رگیرا، شه‌رمن، لاگر و گومناو بوو، له‌گه‌ڵ فه‌ند و فێڵی پێمیمه شارییه‌کان ده‌رنه‌ده‌چوو، زاری ههڵهنهدههێنایهوه نه‌بادا تێبکه‌وێ و شارییه زۆرزانهکان سه‌ر بخه‌نه سه‌ری، ئه‌وسایش که‌س نه‌یده‌ناسی. کاتێ منداڵانی گوند، گه‌مه‌ی قه‌له‌مردارێ، فڕێوه، گورزی بنمێخ، ئاشه‌به‌ته‌نووره و یهکهوگۆتهکهیان ده‌کرد. ئه‌وی ڕووخسار خه‌ماوی و نتم، له گۆشه‌یه‌کی مردوودا زرته‌ی چاوی ده‌هات، هه‌ر خۆی و سێبه‌ره‌که‌ی بوو، نه له‌سه‌ریان ده‌کرد، نه‌که‌سیش ده‌یناسی. به‌م دواییه به‌نزینخانه‌یه‌کی له‌ده‌م جه‌نجاڵترین شه‌قامدا بنیات نا، میوانخانه‌یه‌کی چوارنهۆمی چوارئهستێرهیشی له پڕهامشۆترین ناوچه‌ی گه‌شتیاریدا قوت کرده‌وه. ئێستا هه‌ڤاڵ دیاکۆی ناوه، شارێک دیناسێ. ئه‌وسا ده‌م مردوو، ئێستا نوکته‌ی سێکسی بۆ میوانه‌کانی ده‌گێڕێته‌وه. ئه‌وسا گاگه‌لی گوندێکی لێده‌خوڕی، ئێستا حه‌شاماتێک مرۆڤ. که‌سیش نازانێ به‌منداڵی ناوی چیبووه!
کۆبنهاون
2011-08-10
تۆقین
(فریام که‌ون مارێک له شهرواڵهکهمدایه!)
بێڵه‌که‌ی فڕێ‌دا و یه‌ک به‌خۆی ئه‌م هاواره ترسناکه‌ی لێ هه‌ڵسا، یهکپایش له‌جێی خۆی هه‌ڵده‌به‌زییه‌وه، نه‌یده‌زانی چلۆن له‌م به‌ڵا لابه‌لا و کوتوپڕه‌ی وا یه‌خه‌گیری بووه خۆی ده‌ربازبکات. ئه‌و جووتهپێ هه‌ڵده‌به‌زییه‌وه و هاواره‌که‌ی لێ هه‌ڵده‌سایه‌وه. سێ چوار جووتیاری دراوسێ موڵکی به‌دار و داس و خاکه‌نازه‌وه، به‌هه‌ڵه‌داوان به‌ده‌نگییه‌وه هاتن. به‌ڵام ئه‌وان تیامابوون، نه‌یانده‌زانی چلۆن مامه‌ڵه له‌ته‌ک دۆخێکی وه‌ها هه‌ستیاردا بکه‌ن. ئه‌و ده‌یقیژاند و له‌نێو په‌ڵه ته‌ماته‌که‌ی خۆیدا به‌ئاسماندا ده‌چوو. له هه‌ناسه‌یه‌کدا، ده‌نگی که‌وت. له‌په‌ستا قه‌فی ئه‌ستووری مارێکی سارد‌و سڕ به‌ر ڕانه‌کانی ده‌که‌وت. چه‌ند غیره‌تی دایه به‌رخۆی هێشتا هه‌ر نه‌یوێرا له‌سه‌ر شرواڵهکهیهوه ده‌ست بۆ قه‌فی ماره‌که ببات، نه‌بادا پێوه‌ی بدات، یان هیچ نه‌بێت شه‌رواڵه‌که‌ی دابکه‌نێت. جووتیاره‌کانی چوارده‌وریشی به‌یه‌کدا ده‌هاتن و هیچیان له‌ده‌ست نه‌ده‌هات، تا ڕه‌نگپه‌ڕیو و پشووسوار توانای لێبڕا و له‌جێی خۆیدا وشک وه‌ستا.. له‌و ده‌مه‌دا به‌ڕووله ترۆزییهک له ده‌ره‌لینگی شهرواڵهکهیهوه به‌ربووه‌وه سه‌ر زه‌وی، که تاوێک پێشتر ڕنیبووی و به به‌ر پشتوێنه‌که‌یدا کردبوو.
کۆبنهاون
2011-08-17
ئه‌ژدیها
به‌تاقی ته‌نیا له‌و هه‌ڵه‌ته ده‌گه‌ڕایه‌وه. غایله و ئه‌ندێشه‌یه‌کی لێڵ و ئاڵۆز تێی ئاڵابوو، ده‌نگ و ژاوه‌ژاوێکی نامۆیش له پشتییه‌وه به‌یه‌کدا ده‌هاتن و تێکه‌ڵ به داڵغه په‌رتوبڵاوه‌کانی ده‌بوون. دلێر ئاوڕێکی کوتوپڕ و گوماناویی دایه‌وه، دڵی گوشرا و هه‌ستی کرد بوونه‌وه‌رێکی نامۆ، که ناچێته‌وه سه‌ری چ ده‌عبایه‌کی کێوییه، ڕێوڕێ شوێنی که‌وتووه. دلێر تفی له ناوله‌پی کرد‌و چنگ له‌سه‌ر شان خۆی دایه ده‌ست توانای لاقه درێژه‌کانی و ڕووه‌و گوند تێیتهقاند. به‌ده‌م غاردانه‌وه ده‌ستی به گیرفانه‌کانیدا گێڕا، وه‌لێ ئه‌و ڕۆژه قهڵهمبڕهکهیشی له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵنه‌گرتبوو. ئاوڕێکی تری خێرای دایه‌وه، دیتی ئه‌وه‌ی وا شوێنی که‌وتووه ئه‌ژدیهایه‌کی ڕه‌شی قه‌ف ئه‌ستووری ئه‌وتۆیه، بۆی هه‌یه به ژه‌مێک به‌رخێک به بهرگنهوه هه‌ڵلووشێت. زیاتر پێی هه‌ڵگرت و هه‌ناسه‌کانیشی خێراتر بوون و هه‌ستیشی به‌گه‌رمیی بنباڵ و لاجانگی کرد. دلێر به‌سه‌ر خۆڵه‌پۆته‌ی ڕێدا تۆزی ده‌کرد و له دوایشییهوه لچکی مشکییه مۆره‌که‌ی لێ بووبوو به باڵ. دوای قه‌ده‌رێک، غیره‌تی دایه به‌رخۆی و ئاوڕێکی دیکه‌ی خێرای دایه‌وه، دیتی ئه‌ژدیهای تاین هێشتا لهدوویهتی و وه‌خته ده‌می بگاته قوله‌پێی و بیگه‌زێ. به‌ده‌م ڕاکردنه‌وه هاته‌وه یادی، که مار به‌ئاسانی به هه‌ورازدا سه‌رناکه‌وێ، بۆیه لاڕێی گرت و به هه‌موو هێزییه‌وه ملی به گرده‌که‌ی پێشییه‌وه نا، هه‌ناسه‌بڕکه‌ی پێکه‌وت، زمانی له زاریدا بۆ نه‌ده‌گه‌ڕا. له دوایه‌وه به‌شوێن یه‌کدا به‌رد و کۆته‌ره‌دار خڵدهبوونهوه. دڵێر هه‌ڵده‌هات و خۆی به‌دار و ده‌وه‌ندا ده‌کێشا. قه‌ڵبه به‌ر چۆغه‌که‌ی ده‌که‌وت، کونجره به ده‌ره‌لینگی ڕانکهکهیهوه ده‌نووسان.
هاژه و فیشکه‌ی عه‌زیای تاینیش کاتێک به‌سه‌ر وشکهگهڵا و بنچکدا ده‌کشا، شه‌پۆلی ده‌دا، کاری له زه‌ین و هه‌ناوی دلێر کردبوو. وه‌ختایه‌ک گه‌یشته تهوقهنهی گرده‌که، بروسکه‌یی ئاوڕی دایه‌وه، دیتی عه‌زیای نه‌فره‌تی هێشتا هه‌ر لهدوویهتی و باکی به هه‌وراز نییه. دلێر هیچ چارێکی نه‌مابوو، هه‌ر ده‌بوو به گرده‌که‌دا داگه‌ڕێ. له داکشاندا وه‌ختێکی زانی له‌جێی خۆیدا وشک وه‌ستاوه، هه‌رچه‌ند ده‌کۆشێ و ته‌کان ده‌داته‌به‌ر خۆی، ناتوانێ پێ به‌ر پێ بنێت.. کاتێک به ڕووی ته‌ڕی ئاره‌قه و زاری وشک و هه‌ناسه‌ی سواره‌وه، ئاوڕی دایه‌وه دیتی پشتوێنهکهیهتی له ده‌وه‌نێک عاسی بووه!
کۆبنهاون
2011-08-17
ڕوانین له لوتکه‌وه
له‌هیکڕا ده‌یان بوونه‌وه‌ری کوڵه‌بنه، سه‌ریان کێشایه بناری ئه‌م چیا بڵنده، به‌قینه‌وه لێم مۆڕدهبوونهوه. شیر و تیر له چاویان ده‌باری و نه‌مده‌زانی چێیان لێم ده‌وێ. ئه‌وان ده‌ستیان لێ دامه په‌ڵ و منیش به‌چیادا هه‌ڵگژام. پێڵاوه بن زبرهکانم هاریکاری هه‌نگاوه‌کانم بوون. من سه‌ر ده‌که‌وتم. ئاره‌قه نیشتبووه هه‌نیه‌م و ئه‌وان پهڵیان تێده‌گرتم. په‌ڵه‌کان خلۆر ده‌بوونه‌وه به‌رپێی خۆیان. ئه‌وان چه‌ند هه‌نگاوێک به‌شوێنما سه‌رده‌که‌وتن و دواتر به‌شوێن یه‌کدا خلدهبووونهوه. من هه‌ڵده‌کشام، ماندو ده‌بووم، وه‌لێ نه‌ده‌وه‌ستام. له‌دوورڕا به‌ر لاسامهی جنێویان دام. کاتێک ئه‌وان پێیانده‌وتم هه‌ی ترسنۆک، ئه‌شکه‌وته‌که بهسهداوه به‌خۆیانی ده‌گوته‌وه، هه‌ی ترسنۆک. من به‌و چیا ڕکه‌دا ههڵدهزنام، به‌ردو کۆته‌ره دار له‌بن پێم ده‌رده‌په‌ڕین، به‌گوڕ خلدهبوونهوه. دار که‌وتێک پێیوتم، وه‌ڵام نه‌ده‌یه‌وه، دارگۆیژێکیش وتی، مه‌وه‌سته درێژه به‌سه‌رکه‌وتن بده. منیش پێم له چیا و ده‌ستم له‌به‌رد و بنچک و لکی ده‌وه‌ن گیرکرد و هه‌ڵده‌کشام. به‌زاری وشک و لێوی ترهکیوهوه خۆم دایه به‌ر دۆڵۆپهی ئه‌و زنه ئاوه‌ی له هه‌یوانی ئه‌شکه‌وتێک دهچکا.
هه‌ڵده‌کشام و تیشکی خۆرم له‌نێوان گه‌ڵای مازوو داره‌به‌ن و بهوزهوه ده‌بینی. گوێم له زریوه‌ی وردهمهل ده‌بوو، بۆنی ڕێحانه کێوله ده‌گه‌ییه ده‌ماخم. ئه‌وانیش یه‌کی هینده‌ی مشکێک لێمه‌وه دیاربوون. کاتێک گه‌یشتمه لوته‌که‌ی چیا، کڵاو و مشکییهکهم داکه‌ند. کزه‌ی شه‌ماڵ ئاره‌قه‌ی گه‌ردن و سه‌ر و لاجانگمی سڕی و فێنکایییهک گه‌یشته جه‌سته‌م. له‌وێوه نه به‌ردیان ده‌گه‌یشت نه جمێنیان. له‌وێوه ئه‌وان به‌حاڵ به زه‌وییه‌وه دیار بوون. هه‌رچی به‌ردیان تێده‌گرتم به‌ر زهردومای چیا ده‌که‌وتن و بۆ خۆیان ده‌گه‌ڕانه‌وه. ئهستێرهجاڕ هینده لێمه‌وه نزیک بوو له‌وه‌دابوو دهستومۆچانێ بکه‌ین. که‌ڤرێک وتی، (خاترجه‌م به تۆ ئیستا به‌شێکیت له چیا. چیایش نهێنیی خۆی به‌که‌س ناڵێت.. له لوتکه‌وه، ئاسمان ڕوونتر و ئه‌ستێره بهجریوهتر، خۆریش گه‌شتره.)
کۆبنهاون
2011-09-29
میوانی ئازیز
دوای ساڵانێک لێک‌دابڕان، به‌یادی جاران، خانه‌خوێ و میوان به‌ده‌م تاوڵه و کۆنکه‌ن و خواردنه‌وه و باسوخواسی دنیاوه شه‌ویان دوولایی کرد. خانه‌خوێ هه‌ر خواردن و خواردنه‌وه و مه‌زه‌یه‌ک، میوانه ئازیزه‌که‌ی مه‌یلی لێبووبێ، بۆی هێنابووه سه‌ر مێز. بۆ سبه‌ی، دوای به‌رچایی، خانه‌خوێ تا وێستگه‌ی قه‌تار له‌گه‌ڵ میوانی خۆیدا چوو. چه‌ند به گه‌رمی به‌خێری هێنابوو، دوو هێنده گه‌رمتر به‌ڕێی کرد. میوان ئۆغری کرد و خانه‌خوێی ماندووی شه‌ویش، به نزیکترین پاس گه‌ڕایه‌وه ماڵه‌که‌ی خۆی. وه‌ختایێ ده‌رگه‌ی شوققه‌که‌ی کرده‌وه هانکههانکێکی گومانپژێنی ئه‌وتۆی له ژووری نوستهنهوه هاته به‌رگوێ وه‌ختابوو هه‌ناری دڵی به‌رداته‌وه نێو قه‌فه‌زی سینگی. کاتێک ئه‌وی خانه‌خوێ له درزی ده‌رگه‌وه میوانه ئازیزه‌که‌ی و ژنه‌که‌ی خۆی له‌و دۆخه ناجۆره‌دا بینی، بێ چرپه پاشه‌وپاش کشایه‌وه. ده‌رگه‌ی شوقه‌که‌ی به‌کراوه‌یی جێهێشت و وێڵی شهقامهیلی ئه‌و مه‌زنه شاره بوو.
کۆبنهاون
21-10-2011
من گوێم له خۆم ڕاگرتبوو
((خێرخوایه‌ک نه‌بوو کۆشێک بۆ ئه‌م بیره چل گه‌زییه بگرێته‌وه، تا ئه‌وه‌نده به‌ناخی عه‌رددا ڕۆنهچێ. که‌سێ نه‌بوو ده‌ستی له‌سه‌ر گۆپکه‌ی ئه‌و چناره دابنێت، تاکو ئه‌وه‌نده به‌رز هه‌ڵنه‌کشێ.. ئه‌م ته‌مه پهشمهکییهی پاش بارانیش، کاتێک گوێی به ویته‌ویت و زریوه‌ی وردهمهلان زرنگا، خۆی بۆ ڕاناگیرێ، به‌ره‌و گردۆڵکه سوورباوه به بنچک و شه‌خه‌ڵ و گهوهنه چون ژووژووهکان پێ هه‌ڵده‌گرێت و به‌بێ په‌یژه به‌باڵایاندا هه‌ڵده‌زنێت.. که‌سێک نه‌بوو خوڵکی ئه‌و مه‌ڕه کێوییانه بکات، تا ئه‌وه‌نده له ئاوایی نه‌ته‌قنه‌وه و نه‌ده‌نه ئه‌و ڕه‌فه چیا هه‌ڵدێره دووره‌ده‌ستانه.. ئه‌وه بۆچی یه‌کێکتان لێنابڕێ، شه‌وانی هاوین لێره، به سه‌به‌ته هێشووی گوڵه‌ئه‌ستێره بچنێت؟
ئه‌م شۆڕه‌بییه مایسترۆیهیش، چه‌ند به ویقاره‌وه ئاماژه به کانیله‌ی ڕووه‌و نشێو سه‌رهه‌ڵگرتوو ده‌دات، ئاوازی ئاوی ڕوونی بۆ بژه‌نێ. ئه‌م کانیله‌یه به‌ده‌م نه‌رمه ئاوازێکی ئه‌مه‌نده شاده‌وه ده‌ڕژێ، پێده‌چێ به‌گوێیاندا چرپاندبێ، که به‌م زووانه ده‌گات به‌ده‌ریا. ئه‌م شۆڕه‌بییه پرچ درێژه، به‌ده‌م شنه‌ی بای خاوه‌وه، ئاماژه به بووکهدۆمانه و پۆله هه‌وێرده‌ی ده‌وروبه‌ری کانی ده‌دا، پڕ بهدهنووکی خاراویان بجریوێنن.. نازانم که‌ی یاریزانه‌کانی شار ته‌شریف بۆ ئێره دێنن، تاکو له سمۆره‌ی ڕۆحسووک و بزنه‌کێوییه سرک و بهئاگاکانهوه، هونه‌ری بازدان به‌سه‌ر لقی داره‌به‌ن و ڕه‌فه‌ی چیادا فێرببن؟ یان بۆچی موسیکزانهکان له سۆزه‌ی کچانی مانگادۆش و لاره‌ی ته‌ڵه گیای ده‌م شنه‌ی با، ئاوازێک چی ناکه‌ن؟)) منی سه‌راسیمه ته‌نیا گوێم گرتبوو، وه‌ڵامم بۆ ئه‌م پرسیاره سه‌مه‌رانه‌ی خۆم پێ نه‌بوو.
کۆبنهاون
2011-05-13
فڕین
(ئاخ، ئاخریه‌که‌ی له‌و به‌رزایییه‌وه به‌رتدامه‌وه!)
سامان ئاوای وت، کاتێک ئه‌و له ده‌نگی زیقنی ژنه‌که‌ی ڕاپه‌ڕی و لێفهکهیشی به کۆڵه‌وه گرتبوو. ده‌ستی به‌چاوانیدا هێنا. له په‌نجه‌ره‌که‌وه سه‌رنجێکی خه‌واڵووی ده‌رێی دا، دیتی هێشتا دنیا تاریکه.
((بهرمنهداویتهوه. ئه‌وه نییه له‌سه‌ر ته‌ختی نوستنهکهتی؟ خۆت ئێواره پێت وتم زوو هه‌ڵمسێنه چیمه‌نتۆ تێده‌که‌ین))
((وایه، به‌ڵام تۆ له ئاسمانه‌وه به‌رتدامه‌وه. ئاخر من خه‌ونم ده‌بینی، له‌و خه‌ونه‌دا به‌سه‌ر هه‌یکه‌لی خانووه‌که‌ی حاجی و به‌سه‌ر خۆیدا و به‌سه‌ر شاریشدا به‌باڵ ده‌فڕیم.. له ئاسمانه‌وه سه‌یری شار و هه‌یکه‌لی ته‌لار و حاجیی خاوه‌نکارم ده‌کرد، کاتێک تۆ بانگت لێ کردم دولبه‌ر گیان! بریا به‌ده‌م فڕینه‌وه بمردمایه و خه‌به‌رم نه‌بوایه‌ته‌وه!))
کۆبنهاون
2011-05-16
سه‌نگباران
به‌رله‌وه‌ی خورته ڕیشنه‌کان چاوه‌یلی ژنه‌ی زیناکار ببه‌ستنه‌وه و به‌ره‌و ئه‌و چاڵه‌ی بۆیان هه‌ڵکه‌ندبوو په‌لکێشی بکه‌ن، ژنه‌ی یه‌خسیر سه‌راپایی سه‌رنجێکی ئه‌و حهشماتهی دا، که بۆ ڕه‌جمکردنی ئه‌و، له‌وێ ههڵخڕێنرابوون و که‌ڵه پشکۆ له چاویان ده‌باری. ئه‌وانی ڕاساو به تهقوهووڕی خڕکه به‌رده‌کانی نێو چنگیان، ئه‌و ڕهجمگهیهیان هه‌راسان و له زه‌واق نابوو. به‌رله‌وه‌ی ڕێژنه به‌ردی پڕبه چنگ به سه‌ریدا دابارێ. دیتی له‌نێو ئه‌و حه‌شاماته تووڕه و به‌رد له مشتهدا، چواریان لێ ده‌ناسێته‌وه، که هه‌ر یه‌کێک له‌وان چه‌ندین جار هاتبووه لای و له‌کاتی جووتبووندا به بابه‌وه خۆیان به‌قوربانی کردبوو. تامهزرۆترینیان ئه‌و خورته ڕیشنهیان بوو، که به دڵگه‌رمییه‌وه بڕیاری دادگه‌ی ڕه‌جمی بۆ خڕکه‌به‌رد له مستان ده‌خوێنده‌وه. ئه‌و وتارخوێنه، له‌سه‌ر ژنه جحێڵهکهی خۆیدا، که وه‌ک چلچرا ده‌سووتا، ناوبه‌ناو ده‌هاته گیانی ئه‌می زیناکاریش.
کۆبنهاون
2011-05-17
ئا به‌م پایزی ته‌مه‌نه
زارم تاڵه‌و چاوه‌کانی تۆ هه‌نگوینی. لێوه‌کانم هه‌ڵقرچاون، لێوی تۆیش ده‌نکه هه‌ناری ئه‌و کێوانه، ئاڵ و ئاودار. باڵات خه‌ڵفه سه‌روی کوێستانییه، به‌ده‌م سروه‌ی شه‌ماڵی سه‌ر له ئێواره‌وه لارهیهتی. من پیره‌دارێکی ته‌نیای سه‌ر سووره یاڵێکی زمان وشکی گه‌رمه‌سێرم، له ژێر لووره‌ی باگێژهدا هاکا قرچه قرچ، شکام و که‌وتمه زه‌وی.. تۆ ته‌ڕی وه‌ک شوێنپێی به‌فر، منیش زه‌رده گه‌ڵای وه‌ریو.. ده‌ستم کورته، بڕوا بکه، مه‌ودای نیگایشم کورت دێنێ.. شۆڕابه‌ی پرچه‌کانی تۆیش وا خه‌ریکن ده‌ده‌ن له عه‌رد. تۆ دارئاڵاو من چهمیده. نه چاو له چاوت تێرده‌بێ، نه ده‌ست به‌باخی سینگ ده‌گات، نهلێو ده‌گاته لێوی تۆ، ئا به‌م پایزی ته‌مه‌نه!
دره‌ختی بنه‌ماڵه
ئه‌ملای کرد، هیچ. ئه‌ولای کرد هه‌ر هیچ. خۆی له خزمه ده‌ستڕۆیشتووه نزیک و دووره‌کانیشی برده پێش، وه‌لێ نه‌کاری ده‌ستکه‌وت، نه هیچی لێ ههڵنهکڕاندن. دواجار بڕیاری دا، دره‌ختی بنه‌ماڵه‌که‌ی بفرۆشێت و چه‌ند ڕۆژێکی پێ بگوزه‌رێنێت. دره‌ختی بنه‌ماڵه، به شکۆوه له جام و چوارچێوه‌دا جێگیره، به‌رز به دیواری تاقه ژووره‌که‌یانه‌وه قه‌راری گرتووه، تا هه‌موو ئه‌وانه‌ی هامشۆی ده‌که‌ن، بزانن ئه‌م خێزانه نه‌جیبه، ده‌چێته‌وه سه‌ر کامه سه‌رچاوه‌ی موباره‌ک و مه‌ردی مه‌یدان. له مه‌زاتخانه‌ی شار، خه‌ڵکێکی زۆر لێ خڕبووه‌وه و لێیان بوو به مقۆ مقۆ. یه‌کێکیان، به ملبه‌ند و پۆشاکی نوێوه، لێی هاته‌پێش و له ژێڵدا به چڵ و لقه‌کانی ده‌ره‌ختی بنه‌ماڵه‌دا هه‌ڵگه‌ڕا هه‌تا گه‌یه‌شته سه‌ر ئه‌و باپیره هه‌ره گه‌وره‌یه‌ی، نزیکه‌ی چوارده سه‌ده به‌ری نهۆ مه‌ردی مه‌یدان بوو. سووکێ باڵی گرت و بردییه په‌ناوه، ئاوای به گوێدا چرپاند: ((به‌داخه‌وه، مێژوو ده‌ڵێت، سه‌رتۆپی بنه‌ماڵه‌که‌تان، که هه‌مووتان ده‌چنه‌وه سه‌ر ئه‌و، له هه‌موو ئه‌و ژنانه‌ی، که خواستبوونی، به کهنیزهکانیشییهوه، نه‌وه‌ی نه‌خستووه‌ته‌وه!))
کۆبنهاون
2011-06-01