
دایك و ڕۆڵه …. ماكسیم گۆركی
ده‌كرێ سه‌باره‌ت به‌دایكان تا هه‌تایه چیرۆكی بێكۆتایی بگێڕینه‌وه./چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك بو هێزه‌كانی دوژمن شاریان گه‌مارۆ داب‌و ، غه‌رقی نێو ئاسن و پۆڵا بون. شه‌وانه ئاگریان ده‌كرده‌وه. ده‌تگوت ئاگره‌كه ، له‌نێو ئه‌و تاریكیه‌دا به‌چاوانی سوری بێشوماره‌وه له‌شورای شاره‌كه ده‌ڕوانێ. بڵێسه‌ی حه‌زكردن به تاوان و به‌دكاری له‌و چاوه سورانه‌دا ده‌خوێندرانه‌وه. پریشكی شادیان لێ هه‌ڵده‌ستا و ئه‌و نیگا پڕ له‌سوكایه‌تیه ، له‌شارێكی گه‌مارۆدراودا ، بیركردنه‌وه‌ی تاریكیی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنا .
خه‌ڵكی شاره‌كه ، له‌سه‌ر شوراكانه‌وه ده‌یانبینی چۆن دوژمن ورده ورده ئه‌ڵقه‌ی گه‌مارۆكه چڕتر و به‌هێزتر ده‌كات. سێبه‌ره‌كانیان به‌ته‌نیشت ئاگره‌كانیانه‌وه نه‌ده‌بینران ، حیله‌ی ئه‌سپه سندم كراوه‌كانیان ، ده‌بیسترا. چركه چركی شمشێر و قاقای پێكه‌نینیان ده‌گه‌یشته به‌رگوێیان. ده‌نگی شادمانیی چڕینی گۆرانیی كه‌سانێك كه باوه‌ڕ و متمانه‌ی ته‌واویان به‌سه‌ركه‌وتن هه‌بو – ده‌بیسترا.
ده‌بێ شتێك هه‌بێ له ده‌نگی پێكه‌نین و شادی دوژمن ناخۆشتر و هه‌ژێنه‌ر تر بێت؟
دوژمنه‌كان ، هه‌رچی ئه‌و ڕوبار و سه‌رچاوه ئاویانه‌ی كه‌ده‌هاتنه نێو شاره‌وه ، پڕیان كردبون له‌ته‌رمی كوژراوان.
ته‌واوی ره‌زه مێوه‌كانی ده‌وروبه‌ری شاره‌كه‌یان سوتاند و كێڵگه‌كانیان وێران كردن و باخچه‌كانیان له‌بنه‌وه بڕینه‌وه.
شار ، له‌هه‌مو لایه‌كه‌وه كراوه و بێ پاریزگاریی بوو ، زۆربه‌ی ڕۆژه‌كان تۆپ و (شمخاڵ*) ، چه‌شنی باران به‌سه‌ر شاردا ده‌بارین. ده‌سته‌ی سه‌ربازه برسیه‌كان ، كه‌به‌هۆی شه‌ڕه‌وه بڕستیان لێبڕابو ، به‌ڕوخسارێكی شه‌كه‌ت و ماندوه‌وه ، به‌نێو كۆڵانه باریكه‌كانی شاردا ده‌گه‌ڕان. ده‌نگی ناڵه ناڵی برینداران و وڕێنه و نزا و پاڕانه‌وه‌ی ژنان و گریانی منداڵان ، له‌په‌نجه‌ره‌كانه‌وه ده‌بیسترا. هه‌مویان به‌سرته و به‌ترسه‌وه قسه‌یان ده‌كرد و له‌كاتی گفتوگۆدا قسه‌كانیان به‌یه‌كتر ده‌بڕِی و به‌وردی گوێیان ده‌گرت ، ئایا دوژمن ده‌ستی به‌په‌لاماردان كردوه؟
به‌تایبه‌تی له‌شه‌وی یه‌كه‌مه‌وه ، ژیان له‌نێو شاردا ، تاده‌هات تاڵتر ده‌بو.
ئه‌وكاتانه‌ی كه سایه و تارماییه‌كان ، له ناوه‌ڕاستی دۆڵه‌كانی كێوه دوره‌كه‌وه ده‌هاتنه ده‌رێ و ئۆردوی دوژمنیان زیاتر و پته‌وتر ده‌كرد و به‌ره‌و شورا نیمچه ڕوخاوه‌كانی شار ده‌هاتنه پێش ، نیوه مانگ ، به‌ئاسمانه‌وه ، چه‌شنی قه‌ڵغانێك كه له‌مه‌یدانی شه‌ڕدا كه‌وتبێ و به‌زه‌بری شمشێرێك دوله‌ت بوبێ ، به‌سه‌ر ئاسمانی لوتكه‌ی تیژی چیاكانه‌وه ده‌بینرا. له‌و بێده‌نگی و تاریكیه‌دا ، ده‌نگی شیوه‌ن و ناڵه باشتر ده‌بیسترا.
خه‌ڵكانێك كه به‌هۆی ڕه‌نج و برسێتیه‌وه بڕستیان له‌به‌ردا نه‌مابوو و چاوه‌ڕوانی هیچ جۆره كۆمه‌ك و یارمه‌تیه‌كیان نه‌ده‌كرد ، ڕۆژ به ڕۆژ نائومێدتر ده‌بون و به‌ترسه‌وه ده‌یانڕوانیه گه‌روی تاریك و ڕه‌شی دۆڵه‌كان و لوتكه‌ی تیژ و سه‌ختی چیاكان و ئۆردوی پڕ له‌هاتوهاواری سوپای دوژمن.
هه‌مو ئه‌مانه ، دیمه‌نی مه‌رگیان له‌به‌رامبه‌ر چاوی ئه‌واندا وێنا ده‌كرد. هیچ ئه‌ستێره‌یه‌كی ئومێد له‌ئاسمانی ئه‌واندا نه‌ده‌دره‌وشایه‌وه.
ده‌ترسان چرا له‌نێو ماڵه‌كانیاندا داگیرسێنن. تاریكیه‌كی تۆقێنه‌ر ، فه‌رمانڕه‌وایی به‌سه‌ر شه‌قام و كۆڵانه‌كانی شاردا ده‌كرد.
له‌وتاریكیه‌دا ، ژنێك ، بێده‌نگ ، كه‌سه‌رتاپای خۆی له‌باڵاپۆشێكی ڕه‌شه‌وه پێچابو ، چه‌شنی ماسیه‌ك به‌نێو قوڵایی ده‌ریاچه‌یه‌كدا مه‌له بكات ، به‌نیۆ كۆڵانه‌كانی شاردا تێده‌په‌ڕی.
خه‌ڵكی شار كاتێ ئه‌ویان ده‌بینی ، له‌یه‌كتریان ده‌پرسی: ئه‌وه؟
: خۆیه‌تی!
پاشان له‌نێو كۆڵانه‌كاندا ون ده‌بون. به‌بێده‌نگی و به‌سه‌رداخستنه‌وه به‌ته‌نیشتیدا تێده‌په‌ڕین. فه‌رمانده‌كانی ده‌سته ئێشكچیه‌كان و پاسه‌وانه‌كانیش ، به‌ڕقه‌وه وریایان ده‌كرده‌وه: خاتو ماریانا ، چیه! دیسان هاتیه‌وه نێو كۆڵانان؟ وریای خۆتبه! له‌وانه‌یه بتكوژن! دواتر كه‌سیش تاوانباره‌كه‌ی پێ نادۆزرێته‌وه …
ژنه ، قه‌دی ڕاست ده‌كرده‌وه ، ئارام ڕاده‌وه‌ستا ، هه‌تا ده‌سته‌ی ئێشكچیه‌كان به‌ته‌نیشتیدا تێده‌په‌ڕین. جه‌ساره‌تیان نه‌ده‌كرد ، یان حه‌زیان نه‌ده‌كرد ده‌ست له‌ئاستیدا به‌رز بكه‌نه‌وه.
پیاوه چه‌كداره‌كان ، خۆیان لێ دور ده‌گرت و چه‌شنی كه‌سێكی مردوو ، حه‌زیان نه‌ده‌كرد لێی نزیك بنه‌وه.
ئه‌ویش له‌و تاریكیه‌دا ده‌مایه‌وه و دیسان جارێكی تر ، ته‌نیا و ئارام ، ده‌كه‌وته‌وه ڕێ.
تاریك و لاڵ ، چه‌شنی تابلۆی به‌دبه‌ختی و نه‌هامه‌تیه‌كانی شار ، له‌كۆڵانێكه‌وه ده‌چوه كۆڵانێكی تر. له‌هه‌ر چوارده‌وریدا ده‌نگی شیوه‌ن و ناڵه و نزا و پاڕٍانه‌وه و گفتوگۆی خه‌مناكی سه‌ربازانێك كه به‌ته‌واوی نا‌ئومێد ببون ، چاودێریان ده‌كرد و ده‌چوه هه‌رشوێنێك به‌شوێنیه‌وه بون.
ئه‌و ژنه كه‌هه‌م دایك بو هه‌م هاوڵاتیه‌كی ئه‌و وڵاته ، خه‌فه‌تی له ڕۆڵه‌كه‌ی و وڵاته‌كه‌ی ده‌خوارد ، ڕۆڵَه‌یه‌كی جوان و بزێو ، به‌ڵام بێبه‌زه‌یانه له‌ڕیزی سوپایه‌كدا بو كه‌ئابڵوقه‌ی شاریان داب‌و و ده‌یانه‌ویست وێرانی بكه‌ن.
تا ماوه‌یه‌ك له‌وه‌پێش ، دایكه به‌شانازیه‌وه له كوڕه‌كه‌ی ده‌ڕوانی ، به دیاریه‌كی به‌نرخی ده‌زانی بۆ وڵاته‌كه‌ی ، به‌هێزی چاكه‌ی ده‌زانی بۆ كۆمه‌كی هاوشاریه‌كانی. ئه‌و شاره هێلانه‌یه‌ك بو ، كه هه‌م خۆی تێیدا چاوی كردبۆوه ، هه‌م ڕۆڵه‌كه‌شی تێدا په‌روه‌رده كردبو. سه‌دان هه‌ودای ون ، دڵی ئه‌و دایكه‌یان به به‌رده كۆنه‌كانه‌وه ، كه باپیرانی خانویان پێ دروست كردبو و بناغه‌ی شاریان له‌سه‌ر دامه‌زراندبو و به‌و زه‌ویه‌وه‌ی كه ئێسك و پروسكی باپیران و هاوخوێنه‌كانیان ، به‌ئه‌فسانه و ئامانج و ئومێده‌وه ، تێیدا نوستبون ، ده‌به‌سته‌وه.
ئیستاش ئه‌و دڵه ، نزیكترین و خۆشه‌ویستترین كه‌سه‌كانی خۆی له‌ده‌ست چوبو و وه‌ژان هاتبو. ئه‌و دڵه ، چه‌شنی ته‌رازویه‌ك بو ، كاتێ له‌نێویدا سۆزی خۆی بۆ ڕۆڵه‌كه‌ی و ئه‌و شاره‌ی كه‌تێیدا ژیاوه ، هه‌ڵده‌سه‌نگاند ، نه‌یده‌زانی تێ‌بگا له‌وه‌ی ئاخۆ تای ته‌رازوه‌كه به‌كام لایاندا لاسه‌نگه؟
به‌م شێوه‌یه شه‌وانه به‌كۆڵانه‌كانی شاردا ده‌گه‌ڕا و كاتێ توشی چه‌ند كه‌سێك ده‌بو كه نه‌یانناسیبا ، ده‌ترسان و ئه‌و تارماییه ڕه‌شه‌یان به دێوه‌زمه‌ی مه‌رگێك ده‌زانی ، كه ئیدی له‌هه‌موان نزیك ببۆوه. ئه‌گه‌ر هاتباو ناسیباشیان به‌خێرایی له‌و دایكه خائینه دور ده‌كه‌وتنه‌وه.
شه‌وێكیان ، له‌نزیك شورای شاره‌كه ، له‌سوچێكی ته‌ریك و تاریكی شاردا ، دایكه له‌گه‌ڵ ژنێكی تر به‌ره‌وڕو بۆوه. ئه‌و ژنه ، بێ جوڵه ، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌شێك بێت له‌زه‌ویه‌كه ، له‌به‌رامبه‌ر ته‌رمێكدا چۆكی دادابو ، نیگای خه‌مناكی بڕیبوه ئه‌ستێره‌كان و ده‌پاڕایه‌وه.
پاسه‌وانه‌كان ، له‌سه‌ر شورای شاره‌وه ، به‌چرپه چرپ ، سه‌رگه‌رمی قسه‌كردن بون له‌نێو خۆیاندا. ده‌نگی چه‌كه‌كانیان به‌دیواره‌كه ده‌كه‌وت ، ده‌هاته به‌رگوێ.
دایكه خائینه‌كه پرسی: مێردته؟
: نا.
: براته؟
: كوڕمه. مێرده‌كه‌م سێزده ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر و ئه‌مڕۆش ئه‌م كوڕه‌م كوژرا.
پاشان دایكی كوژراوه‌كه هه‌ستاو به‌ڕازی بونه‌وه ، گوتی: عه‌زرای پیرۆز بۆخۆی هه‌مو شتێك ده‌زانێ و ده‌بینێ ، زۆر سوپاسی ده‌كه‌م.
: له‌به‌رچی؟
ژنه‌ش وه‌ڵامی دایه‌وه: ئه‌و له‌شه‌ڕی به‌رگریكردن له‌نیشتیماندا كوژراوه. ده‌توانم به‌وپه‌ڕی ئاسوده‌ییه‌وه بڵێم: ئه‌و ، ترسی له‌دڵی مندا دروست ده‌كرد ، زۆر گوێی به‌شته‌كان نه‌ده‌دا ، زۆرحه‌زی له‌ژیانی شاد و بێ كێشه بو ، ده‌ترسام ئه‌ویش وه‌ك كوڕه‌كه‌ی (ماریاننا) ، خیانه‌ت له‌شاره‌كه‌مان بكا و ببێته دوژمنی خه‌ڵك و خودا ، نه‌فره‌ت له‌و و له‌و منداڵدانه‌ش كه ئه‌وی هێنایه بون و په‌روه‌رده‌ی كرد!…
ماریاننا ، ڕوخساری خۆی داپۆشی و دوركه‌وته‌وه.
ڕۆژی دواتر ، چوه لای به‌رگریكارانی شورای شار و گوتی: به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه كوڕه‌كه‌م چۆته نێو باوه‌شی دوژمن و له‌دژی ئێوه شه‌ڕده‌كا ، یان بمكوژن ، یان ڕێگام بده‌نێ منیش بچمه لای ئه‌و…
ئه‌وان وه‌ڵامیان دایه‌وه: تۆ مرۆڤی و ده‌بێ نیشتیمانه‌كه‌ی خۆت خۆشبوێ ، كوڕه‌كه‌شت وه‌ك چۆن دوژمنی هه‌ریه‌ك له‌ئێمه‌یه ، دوژمنی تۆشه.
: من دایكم! من ئه‌وم خۆشده‌وێ و له‌ڕوی په‌روه‌رده كردنیه‌وه ، خۆم به‌كه‌مته‌رخه‌م ده‌زانم.
دواتر ئێشكچیه‌كان له‌نێو خۆیاندا كه‌وتنه پرس و ڕاوێژ ، سه‌ره‌نجام گه‌یشتنه ئه‌نجامێك و گوتیان: شه‌ره‌فمان ڕێگه‌ی ئه‌وه‌مان ناداتێ به‌هۆی خیانه‌تی كوِره‌كه‌ته‌وه تۆ بكوژین. ئێمه له‌وه دڵنیاین كه تۆ نه‌بویته هانده‌ر و ڕێنشانده‌ری ئه‌و بۆ كرده‌وه‌یه‌كی له‌وچه‌شنه و ته‌نانه‌ت ئاگادریشین كه خه‌م وخه‌فه‌تێكی زۆری پێوه ده‌خۆی. شار ئه‌گه‌ر تۆشی تێدا نه‌بیت ، درێژه به به‌رگری كردنی خۆی ده‌دات. كوڕه‌كه‌ت هه‌رگیز بیر له‌تۆ ناكاته‌وه ، له‌وانه‌یه ئه‌و ئه‌هریمه‌نه تۆی هه‌ر له‌بیرچوبێته‌وه! ئه‌گه‌ر تۆ له‌و باوه‌ڕه‌دای كه‌شایسته‌ی سزایت! ئه‌وا ئه‌و سزایه به‌سه. پێمانوایه سزایه‌كی له‌م چه‌شنه ته‌نانه‌ت له‌سزای مه‌رگیش قورستره!
دایكه گوتی: به‌ڵێ ، ئه‌مه قورسترین سزایه!
پاشان ده‌رگاكه‌یان بۆكرده‌وه و ژنه‌ش له‌شار چوه‌ده‌رێ .
ئێشكچیه‌كان ، ماوه‌یه‌كی زۆر له‌سه‌ر شوراكه‌وه ڕوانیانه دایكه‌كه ، كه‌چۆن به‌سه‌ر زه‌وی نیشتیمانه‌كه‌یدا ، كه‌به‌خوێنی ڕۆڵَه‌كانی تێراو ببو ، ده‌چوه پێش. به‌شێوه‌یه‌ك هه‌نگاوی ده‌نان ، قاچه‌كانی به زه‌حمه‌ت له‌زه‌وی جودا ده‌بونه‌وه و هه‌ڵی دێنان. چۆن له‌به‌رده‌م ته‌رمی به‌رگریكارانی شاردا ، داده‌چه‌مایه‌وه. چۆن به‌ڕقه‌وه ، به‌نوكی قاچی ، شه‌قی له چه‌كه شكاوه‌كان هه‌ڵده‌دا.
دایكان ، ڕقێكی زۆریان له‌چه‌ك و و هێرش په‌لامار و كوشتوكوشتار ده‌بێته‌وه ، ته‌نیا چه‌كێكیان به‌لاوه په‌سنده كه بۆ به‌رگری كردن له‌ژیان ، به‌كاربێت.
ده‌تگوت ، له‌ژێر لیباسه‌كانیه‌وه گۆزه‌یه‌كی پڕ له‌ئاوی شاردۆته‌وه و ده‌ترسێ بڕژێت ، تا زیاتر دور ده‌كه‌وته‌وه ، بچوكتر ده‌بۆوه. ئه‌وانه‌ی كه له‌سه‌ر دیواره‌كه‌وه سه‌یریان ده‌كرد ، پێیان وابو له‌گه‌ڵ تارمایی ئه‌ودا خه‌م و نائومێدی ، یه‌خه‌ی به‌رداون و له‌كۆڵیان بۆته‌وه و دوركه‌وتۆته‌وه. دیتیان له‌نیوه‌ی ڕێگادا ڕاوه‌ستا ، كڵاو و باڵاپۆشه‌كه‌ی له‌خۆی كرده‌وه و تا ماوه‌یه‌كی زۆر له‌شار ڕاما.
به‌ڵام له‌وێش ، له‌شكری دوژمن ، ئه‌ویان دیتبو كه به‌تاقی ته‌نیا له‌و چۆڵه‌وانیه‌دا ڕاوه‌ستاوه ، بۆیه چه‌ند تارماییه‌كی ڕه‌شی وه‌ك خۆی ، به‌هێواشی و به‌وریاییه‌وه لێی نزیك بونه‌وه و تێیانخوڕی: تۆ كێی؟ ده‌چیه كوێ؟
ژنه گوتی: سه‌ركرده‌كه‌تان كوڕی منه.
دوای ئه‌م قسه‌یه ، هیچ كام له‌سه‌ربازه‌كان ، شك و گومانیان له‌ڕاستی قسه‌كانی نه‌كرد. شان به‌شانی وی ، كه‌وتنه‌ڕێ ، به‌ده‌م ڕێگاوه كه‌وتنه پیاهه‌ڵدان و ستایش كردنی لێهاتویی و ئازایه‌تی كوڕه‌كه‌ی.
دایكه‌ش به‌غرور و له‌خۆڕازیبونه‌وه ، سه‌ری به‌رز كرد و گوێی بۆ قسه‌كانیان شل كرد و سه‌رسوڕمانی پێوه به‌دی نه‌ده‌كرا.
ده‌بو كوڕی وی به‌و شێوه‌یه با!!!
سه‌ره‌نجام ، له‌به‌رامبه‌ر كه‌سێكدا ڕاوه‌ستا كه مانگێك به‌ر له‌دایك بون ئه‌وی نه‌ده‌ناسی ، له‌به‌رامبه‌ر بونه‌وه‌رێكدا ڕاوه‌ستا ، كه هه‌رگیز هه‌ستی نه‌ده‌كرد پارچه‌یه‌كی جیا بێت له‌جگه‌ری.
ئه‌و له‌به‌رامبه‌ریدا ، خۆی له‌نێو مه‌خمه‌ل و ئاوریشماندا ون كردبو ، چه‌ك و كه‌ره‌سته جه‌نگیه‌كانیشی له‌به‌ردی گرانبه‌ها دروستكرابون ، هه‌مو شتێك ، وه‌ك ئه‌وه‌بو كه‌ده‌بوایا ببێ. دایكه ، له‌خه‌ونیدا ئه‌وی به‌و ده‌وڵه‌مه‌ندی و ناوداریه‌وه دیتبو.
ده‌سته‌كانی دایكی ماچ كرد و گوتی: دایه! تۆ هاتیته لای من! دڵنیام هه‌ستت به كۆتایی بڕیاره‌كه‌م كردوه! سبه‌ی ، نیازی ئه‌وه‌م هه‌یه ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌م شاره نه‌فره‌ت لێكراوه‌دا بگرم!
دایكی به‌بیری هێنایه‌وه: ئه‌و شاره‌ی تێیدا له‌دایك بویت؟
لاوه‌كه كه سه‌رمه‌ست و شه‌یدای وه‌ده‌ستهێنانی ناو و ناوبانگی زیاتر بو ، به تین و تاوێكی جه‌سورانه‌ی گه‌نجانه‌وه ، گوتی: من له‌دونیادا بۆ دونیا هاتومه‌ته بون ، بۆئه‌وه‌ی تێكی هه‌ڵشێوینم ، من ته‌نیا له‌به‌ر خاتری تۆ ده‌ستم له‌م شاره ده‌پاراست و به‌زه‌یم پێدا ده‌هاته‌وه ، ئه‌م شاره چه‌شنی دڕكێك چه‌قیوه‌ته قاچمه‌وه و بۆته به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م ئه‌وه‌ی به‌زویی بگه‌مه ناوبانگ و سه‌رفرازی. به‌ڵام ئێستا ، له‌سبه‌ی زوتر نیه دار و په‌ردوی ئه‌م هێلانه سه‌ركه‌شه به‌سه‌ر یه‌كدا ده‌ڕوخێنم.
دایكه گوتی: ئه‌و هێلانه‌یه‌ی كه ته‌نانه‌ت به‌رده‌كانیشی ئاشنای سه‌رده‌می منداڵیتن؟
: مادام مرۆڤ نه‌توانێ به‌رده‌كان وه‌قسه بهێنێ ، كه‌واته لاڵن. وازم لێبێنه با كێ‌و و چیاكان سه‌باره‌ت به‌من ده‌م هه‌ڵبێننه‌وه و له‌باره‌ی منه‌وه بدوێن ، من ئه‌وه‌م ده‌وێ!.
دایكه پرسی: ئه‌ی خه‌ڵكه‌كه؟
: ئه‌ها! به‌ڵێ ، من ئه‌وانم له‌بیره. دایه! ئه‌وان بۆمن پێویستن ، چونكه كه‌سانی قاره‌مان و دلێر ، له‌یاده‌وه‌ری ئه‌واندا به نه‌مری ده‌مێننه‌وه!
دایكه گوتی: قاره‌مان ئه‌و كه‌سه‌یه به‌پێچه‌وانه‌ی مه‌رگه‌وه ، ژیان بنیات ده‌نێ. قاره‌مان ئه‌و كه‌سه‌یه به‌سه‌ر مه‌رگدا زاڵ ده‌بێ …
ئه‌ویش وه‌ڵامی دایه‌وه: نا! وێرانكه‌ره‌كانیش به ئه‌ندازه‌ی بنیاتنه‌ره‌كان ناو و ناوبانگیان هه‌یه ، بڕوانه تا ئێستا ئێمه نازانین كه شاری ڕۆما (ڕۆمێرلۆس) دروستی كردوه یان كه‌سێكی تر! به‌ڵام ناوی (ئالاریخ ) و ته‌واوی قاره‌مانه‌كانی تر كه ئه‌وشاره‌یان كاول كرد ، هه‌مویان به‌ڕونی زانراون …
دایكه ، جارێكی تر وه‌بیری هێنایه‌وه: هه‌مان ئه‌و شاره‌ی كه نه‌مره و هه‌مان ئه‌و دلێرانه‌ی كه شوێنه‌واریشیان دیار نیه؟
به‌م شێوه‌یه ، تا به‌ربه‌یان ، له‌گه‌ڵ دایكی‌دا قسه‌ی كرد. دایكه به‌ده‌گمه‌ن قسه شێتانه‌كانی پێ ده‌بڕی و سه‌ری به‌رز و به‌عیزه‌تی ، تا ده‌هات زیاتر شۆڕ ده‌بو.
دایك بنیات ده‌نێ و گیانی خۆی ده‌به‌خشێ ، دایك پاسه‌وانه و ئێشك ده‌گرێ ، گفتوگۆی نه‌شیاو و ناپه‌سند ، له‌به‌رامبه‌ر دایكدا ، ده‌چێته خانه‌ی دژایه‌تی كردنه‌وه.
به‌ڵام گه‌نجه‌كه دركی به‌مه نه‌ده‌كرد.
دایك هه‌میشه دژی مه‌رگه ، دایك هه‌میشه ڕقی له‌و ده‌ستانه ده‌بێته‌وه كه مه‌رگ ده‌چێنن و په‌لامار ده‌به‌نه سه‌ر ماڵی خه‌ڵك. دایك له‌وجۆره كرده‌وانه هه‌راسانه. به‌ڵام كوڕه‌كه‌ی ، ئه‌م شتانه‌ی نه‌ده‌بیست و نه‌ده‌بینی ، تیشك و گڕی سارد وسڕی ناو و ناوبانگ ، چاوه‌كانی كوێر كردبو.
هه‌روه‌ها تێنه‌ده‌گه‌یشت له‌وه‌ی كاتێ دایكێك ژیانێك دێنێته بون و ده‌یپارێزێ ، بۆی هه‌یه پیلانی بۆ داڕێژێ و مه‌ترسی بۆَ دروست بكا. دڕنده‌یه‌كی به‌هێز و بێبه‌زه‌یی و بێ‌باك بو …
دایكه‌كه به‌خه‌فه‌تباریه‌وه‌دانیشتبو ، له‌په‌رده‌ی كراوه‌ی خێوه‌ته‌كه‌ی سه‌ركرده‌وه ، شارێكی ده‌بینی كه‌تیایدا بۆ یه‌كه‌م جار جوڵه‌ی شیرن و چێژبه‌خشی كۆرپه‌ڵه‌ی له‌زگیدا هه‌ستپێكرد و ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی له‌دایكبونی ئه‌م ڕۆڵه‌یه‌ی چێشت ، كه ئێستا ده‌یویست بێبه‌زه‌ییانه ئاگری تێبه‌ردا و بیسوتێنێ.
تیشكی سوری خۆره‌تاو ، به‌سه‌ر بورج و شورای شاره‌وه تروسكه‌ی ده‌دا. شوشه‌ی په‌نجه‌ره‌كان بریسكه‌یه‌كی شومیان هه‌بو ، ده‌تگوت ته‌واوی دانیشتوانی شار بریندارن و ژه‌كی سوری ژیان ، له‌سه‌دان برینی شاره‌وه هه‌ڵده‌چۆڕێ. كات تێده‌په‌ڕی و شاریش ورده ورده ، تاریك داده‌هات. ده‌تگوت ته‌رمێكی به‌جێماوه ، ئه‌ستێره‌كان به‌سه‌ریه‌وه ده‌ركه‌وتون و چه‌شنی چه‌ند مۆمێك به‌دیاریه‌وه ده‌دره‌وشێنه‌وه.
نیگای دایكه ، تا نێو ئه‌و خانوه تاریكانه بڕی ده‌كرد كه‌خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌ترسان له‌وه‌ی چرای تێدا داگیرسێنن ، نه‌بادا سه‌رنجی دوژمن ڕاكێشێ. نیگاكانی تا ئه‌وسه‌ری شه‌قامه تاریكه‌كان بڕی ده‌كرد كه‌بۆنی لاشه‌كان هه‌وای شاریان ژه‌هراوی كردبو ، ده‌نگی ناڕه‌زایی كپی خه‌ڵكانێك كه چاوه‌ڕوانی مه‌رگیان ده‌كرد ، ده‌بیسترا.
ئه‌و ، هه‌مو كه‌سێك و هه‌مو شتێكی ده‌بینی.
ته‌واوی ئه‌و شتانه‌ی كه به‌لای ئه‌وه‌وه ئاشنا و ناسیاو بون ، لێی نزیكتر ببونه‌وه. ده‌تگوت له‌به‌رامبه‌ریدان و بێده‌نگ چاوه‌ڕوانی بڕیاری ئه‌ون. دایكه وایده‌زانی كه دایكی ته‌واوی خه‌ڵك و دایكی شاره‌كه‌ی خۆشیه‌تی.
له‌قولله‌ی كێوه ڕه‌شه‌كانه‌وه ، چه‌ند په‌ڵه هه‌ورێك ، له‌شێوه‌ی چه‌ند ئه‌سپێكی باڵدار به‌ره‌وه زه‌وی ده‌هاتنه خوار و به‌ره‌و شاره ناچاركراو به نه‌هامه‌تیه‌كه ، ده‌فڕین. كورٍِه‌كه‌شی ده‌یگوت: ئه‌گه‌ر شه‌و به‌ئه‌ندازه‌ی پێویست تاریك بێت ، له‌وانه‌یه هه‌ر ئه‌مشه‌و به‌سه‌ر شاردا بده‌م ، كاتێَ خۆر له‌چاوی مرۆڤ ده‌دات ، بینینی تروسكه‌ی چه‌ك بۆ چاو ناخۆشه و مرۆڤ ناتوانێ به‌باشی شمشێره‌كه‌ی به‌كاربێنێ. له‌هه‌ل و مه‌رجێكی له‌وشێوه‌یه‌شدا مرۆڤ ناتوانێ به‌باشی ئامانجه‌كه‌ی بپێكێ. به‌ده‌م ئه‌م قسانه‌وه به‌وردی سه‌یری شمشێَره‌كه‌ی ده‌كرد.
دایكه گوتی: وه‌ره ئێره ، سه‌رت بخه‌ره سه‌ر سینگم و پشو بده و بیهێنه‌ره‌وه بیرت كه به‌منداڵی چه‌نده بزێو و زیته‌ڵه بویت و خه‌ڵكی چه‌ندیان خۆش ده‌ویستی!
لاوه‌كه به‌قسه‌ی دایكی كرد و سه‌ری نایه سه‌ر ڕانی دایكی و ڕاكشا و چاوه‌كانی لێك نان و گوتی: من ته‌نیا تۆ و ناوبانگم خۆش ده‌وێ ، تۆشم له‌به‌ر ئه‌وه خۆشده‌وێ كه كه‌سێكی وه‌كو منت هێناوه‌ته ژیانه‌وه.
دایكی به‌سه‌ریدا نوشتایه‌وه و گوتی: ئه‌دی ژنان؟
: ژن زۆرن! مرۆڤ زۆر به‌خێرایی ، وه‌ك شتێكی شیرن ، زوو لێیان تێر و بێزار ده‌بێ.
دایكه ، بۆ دوایین جار لێی پرسی: حه‌زت له‌وه نیه بیته باوك و ڕۆڵه‌ی خۆت له‌باوه‌ش بگری؟
: له‌به‌رچی؟ بۆ ئه‌وه‌ی بیان كوژن؟ كه‌سێكی وه‌ك خۆم بیانكوژێ وگرفتاری خه‌م و نائاسوده‌ییم بكات؟ ئیدی به‌ده‌م خه‌م و خه‌فه‌ته‌وه پیر ببم و هێز و توانام له‌به‌ر ببرێ و نه‌توانم تۆڵه‌شیان بستێنمه‌وه!
دایكه ، ئاهێكی هه‌ڵكێشا و گوتی: تۆ وه‌ك بروسكه جوانی! به‌ڵام هیچ سودێكت نیه.
كوڕه ، زه‌رده‌یه‌كی كرد و وه‌ڵامی دایه‌وه: به‌ڵێ! به‌وێنه‌ی بروسكه …
دواتر چه‌شنی كۆرپه‌یه‌كی ساوا ، له‌باوه‌شی دایكی‌دا خه‌وی لێكه‌وت.
دایكه باڵاپۆشێكی ڕه‌شی ، به‌سه‌ر كوڕه‌كه‌یدادا و له‌نێویدا بزری كرد. خه‌نجه‌ره تیژه‌كه‌ی هه‌ڵێنا و تاهێَزی تێدابو چه‌قاندیه سینگی ڕۆڵه‌كه‌ی. كوڕه – بێ ئه‌وه‌ی جوڵه‌یه‌ك بكات – یه‌كسه‌ر گیانی سپارد. ئاخر دایك باش ده‌زانێ كه دڵی كوڕه‌كه‌ی له‌كوێدا لێده‌دا و ترپه ترپیه‌تی. دواتر لاشه‌ی بێ گیانی كوڕه‌كه‌ی هاویشته به‌رپێی پاسه‌وانه حه‌په‌ساوه‌كانی و پاشان ڕوی كرده شاره‌كه و گوتی: من وه‌ك مرۆڤێك ، ئه‌وه‌ی له‌توانامدا بو بۆ نیشتیمانه‌كه‌م كردم ، به‌ڵام وه‌ك دایكێك له‌گه‌ڵ كوره‌كه‌مدا ده‌مێنمه‌وه! ئیدی له‌و ته‌مه‌نه‌دا نیم جارێكی تر دڵم به‌وه خۆشبێت بتوانم كوڕێكی تر بێنمه دونیاوه ، مانه‌وه‌شم له‌ژیاندا سودی بۆ هیچ كه‌سێك نابێت.
دوای ئه‌م قسانه ، هه‌مان ئه‌و خه‌نجه‌ره‌ی كه هێشتا به‌خوێنی كوڕه‌كه‌ی- واتا خوێنی خۆی – سور و گه‌رم بو ، چه‌قانده سه‌ر دڵی خۆی.
كاتێك دڵ ئازاری هه‌بێت ، ده‌كرێ زۆر به‌ئاسانی بكرێته ئامانج.
و: ئازاد نجم
سه‌رچاوه / داستانهای برگزیده ماكسیم گوركی / ترجمه افسر سدارت – رزا ازرخشی/ نشر جامی