له‌یادی 20بیست ساڵه‌ی ئه‌نفال وهه‌ڵوێستی شێخ حسێن شێخ کاکه حه‌مه‌ی هه‌زارکانی دا !
مه‌حموود حاجی عومه‌ر / سوێد…..
وا بیست ساڵی ڕه‌به‌ق ،بیست به‌هاری ته‌واو تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر کاره‌ساتی بێسهرو شوێن کردنی سه‌دان ههزارکورد که‌به (ئه‌نفال )ه‌کان ناسراوه .
کاره‌ساتی ئه‌نفال تاوه‌کو ئێستا بێ وێنه‌یه‌و هیچ تاوانێکی دژه مرۆیی له‌م سه‌رزه‌مینه‌دا نه‌یتوانیوه به‌هاوتای تاوانی ئه‌نفال بگات …ئه‌نفال ئه‌و ماشینه بێ ئه‌مانه بوو که بێ ڕه‌حمانه سه‌دان هه‌زار منداڵ و ژن وپیاوی پیرو گه‌نجی بهسهروماڵهوه هه‌ڵلوشی . ئه‌ڵبه‌ته گه‌رمیان و گهرمیانییهکانیش پشکی زۆری خۆردهی ئه‌و ئافاته بوون !.
یه‌ک له‌و که‌سایه‌تیه کۆمه‌ڵایه‌تییه کورد په‌روه‌رو ئاینزاده دیاریه‌ی گه‌رمیان شێخ حسێن شێخ کاکه حه‌مه‌ی هه‌زارکانی بوو که به خۆیی و هه‌ردوو خێزانی و سه‌رجه‌م منداڵه‌کانی وبراو که‌س وکاره‌که‌یه‌وه وه‌ک هه‌زاران که‌سی تری سنوره‌که به‌ر شاڵاوی ئه‌نفال که‌وت. نیشاندانی هه‌ڵوێستی ساته‌وه‌ختی ده‌ستگیرکردنی کاک شێخ حسێن وامان لێده‌کات له ساڵیادی ئه‌نفالدا وه‌ک خۆی وورده‌کاری ئه‌وهه‌ڵوێسته‌ی بۆ خوێنه‌ری ئازیز بخه‌ینه ڕوو.
بێگومان له‌م جیهانه‌دا زۆرن ئه‌وانه‌ی لێره‌و له‌وێ له‌کات و زه‌مانی خۆیدا هه‌ڵوێستی مه‌ردانه‌و جوامێرانه ده‌نوێنن ،که‌چی وه‌کو خۆی هه‌ڵوێسته‌کانیان به بڵندی نانرخێندرێن و له چاوی مێژوو وون ده‌بن . شێخ حسێن شێخ کاکه حه‌مه‌ی هه‌زارکانی یه‌ک له‌و که‌ڵه پیاوانه‌ی پێده‌شتی گه‌رمیانه خاوه‌نی ئه‌و هه‌ڵوێسته جوامێرانه‌یه که فهخرهکهی ته‌نها به‌ر پیاوی ئازا‌و چاونه‌ترس و بوێر ده‌که‌وێت .
بیست ساڵ له‌مه‌و به‌رو ڕێک له‌م مانگهداو له کاره‌ساتی وه‌یشومه‌ی ڕه‌شی ئه‌نفال دا گوندی هه‌زارکانی گه‌رمیانیش که ته‌نها خۆی له‌چه‌ند ماڵێکی که‌م ده‌بینییه‌وه وه‌ک هه‌موو لادێکانی تری ئه‌و ناوچه‌یه له لایه‌ن سوپای ڕژێمی ئه‌و ده‌مه‌ی عێراقه‌وه ته‌خت کرا . کاک شیخ حسێن شێخ کاکه حه‌مه‌ی خاوه‌ن ته‌ریقه‌تی قادری ده‌م سپی وخاوه‌نی ئه‌و گونده بچکۆله‌یه بوو . ئه‌و زاته کۆمه‌ڵێ هۆکاری خۆکرد وای کردبوو که ببێته خاوه‌ن پێگه‌ی قایم و که‌سایه‌تی دیاری ناوچه‌که‌و بگره کوردستانیش . که‌سایه‌تییه‌کی نیشتیمان په‌روه‌ر،دڵسۆز به‌گه‌ل و نیشتیمان ،ئاین په‌روه‌ر، ناسراو به سه‌خی و سه‌خاوه‌ت ،خاوه‌ن ته‌کیه‌و دێوه‌خانی پڕنان و میوان ،خاوه‌ن که‌سایه‌تییه‌کی جه‌ماوه‌ریی ،پیاوێکی قسه خۆش و خۆش مه‌حشه‌رو عاشق به ڕاوو شکار .زیاتر حه‌زی له سواری ئه‌سپ و گه‌شتی ده‌شت و ده‌ر ده‌کرد .زۆربه‌ی کاتی خۆی به ڕاووشکار به‌سه‌ر ده‌برد .که‌متر به ئوتۆمبیل ده‌گه‌ڕا . پیاوێکی هوشیارو وریا‌و قسه زان بوو. به گشتی له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی ساده‌و ساکار بوو . به‌رده‌وام ڕووخۆش وده‌م به پێکه‌نین بوو .
له ئاستی شۆڕش و پێشمه‌رگه هیچ کات خۆی به خاوه‌ن ماڵ نه‌ده‌زانی و زۆری ڕێز له پێشمه‌رگه ده‌گرت . ماڵ‌و ته‌کیه‌ی کاک شێخ حسین به‌رده‌وام باره‌گاو جێخوانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی ناوچه‌که بوو ،به‌تایبه‌ت پێشمه‌رگه‌ی هه‌ردوو تیپی 51ی گه‌رمیان و 53ی شێروانه .
به‌رده‌وام ده‌یان خه‌ڵکی هه‌ژارو لێقه‌وماوو سه‌ربازی هه‌ڵهاتووی جه‌نگی ئێراق – ئێران ته‌کیه‌و دێوه‌خانه که‌ی شێخ حسین لانکه‌ی حه‌وانه‌وه‌یان بوو . به پێچه‌وانه‌ی هه‌ندێ له شێخی خاوه‌ن ده‌روێش و ده‌ف وسه‌رانه له خه‌ڵک وه‌رگرتن و کلک گرێدان به ڕژێمه‌کانه وه ،ئه‌م به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌وه خۆی وماڵه‌که‌ی خستبووه خزمه‌تی هه‌ژارانه‌وه .تا بڵێی عززه‌تی نه‌فس به‌رزو به‌رچاو تێر بوو . دژ به دوژمنانی گه‌لی کورد بوو .
هه‌رکه‌س به دیداری ئه‌و زاته شاد ببایه هه‌ر بهسیماییدا ،به گوفت ولوتفیدا سه‌رنجی خه‌ڵکی بۆ خۆی ڕاده‌کێشا . .هه‌ڵس و که‌وت و ساده‌و سه‌خاوه‌تی ئه‌و پیاوه وای کردبوو مرۆڤ شه‌رمی لێبکات و ڕێزی زۆری لێ بنێت .
چه‌ند ڕۆژێک پێش پرۆسه‌ی ئه‌نفال له‌لایه‌ن خه‌ڵکانی وه‌کو فتاح به‌گی جاف و شێخ جه‌عفه‌ری پارێزگاری ئه‌وسای سلێمانی یه‌وه له چۆنیه‌تی ئه‌و کرده سه‌ربازییه ئاگادار ده‌کرێته‌وه که باشتره بۆ سه‌لامه‌تی خۆی و ماڵ و منداڵی به په‌له بگوێزرێته‌وه شاره‌کان .
به‌ڵام ئه‌و زۆر به توندی ئه‌و داوایه‌ی ڕه‌تکرده‌وه‌و له بری ئه‌وه شۆڕش و شه‌هیدی فه‌رمانده شه‌هید حه‌مه ڕه‌ش که ئه‌وه ده‌مه سه‌رتیپی 53ی شێروانه بوو ئاگادار ده‌کاته‌وه .
له کاره‌ساتی ئه‌نفالیشدا خۆی له خه‌ڵک و شۆڕش وپێشمه‌رگه جیا نه‌ده‌کرده‌وه .
دوابه‌دوای هه‌واڵی ده‌ستگیرکردنه‌که‌شی هه‌ندێك له شێخ و خزم و که‌سوکاره دهستڕۆکانی به‌هه‌ر نرخێک ده‌بێت خۆیان گه‌یاندووه‌ته (عززه‌ت دووری ) و زۆری تکا لێده‌که‌ن تا هه‌وڵی ئازادکردنی شێخ حسێن بدات .
عززه‌ت دووریش بۆیه‌که‌مین جارله ژیانیدا جورئه‌تی کردووه ڕوو لهسهددام بنێت که ئه‌و زاته وا باشه ئازاد بکرێت . سه‌ددامیش له‌سه‌رداوای عززه‌ت دووری بروسکه ئاراسته‌ی فه‌یله‌قی یه‌ک و (سڵتان هاشم )ده‌کات که پێویسته شێخ حسێن شێخ کاکه حمه بدۆزنه‌وه‌و ئازادی بکه‌ن . کاتێک ئه‌و بروسکه‌یه‌ی سه‌ددام ده‌گاته سڵتان هاشم و فه‌رمانده سه‌ربازی یه‌کانی ناوچه‌که ،ئه‌و ده‌مه بوو که خه‌ڵکه ئه‌نفالکراوه‌که‌ی گه‌رمیان له (قۆره‌توو )ه‌وه بۆ (داره‌مان و تۆبزاوه )گوازرابوونه‌وه . قائد فه‌یله‌ق به‌خۆی ده‌چێته که‌مپی زیندانیانی گه‌رمیانیه‌کان و شێخ حسێن ده‌دۆزنه‌وه‌و ده‌یهێننه لای فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی یه‌ک و وه‌کو موژده‌یه‌ک پێی ڕاده‌گه‌یه‌نن که تۆ له‌سه‌ر داوای ( سه‌رۆکی فه‌رمانده )ئازاد کراوی و بگه‌ڕێ ژن و مداڵهکانت بدۆزه‌ره‌وه‌و له گه‌ڵ خۆت بیانهێنه ده‌ره‌وه ، وه‌ره بۆ هه‌ر شوێنێک خۆت پێت خۆشه لێی نیشته‌جێ بیت ده‌تبه‌ین .
شێخ حسێن به فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌ق ده‌ڵێت (ئه‌ی ئه‌م قه‌وم و قیلهیهم چی لێده‌که‌ن ؟ ) ئه‌ویش وه‌ڵامی ده‌داته‌وه هه‌موو ئه‌وانه (حیجزن ) . ئه‌ویش ئه‌ڵێ حیجز بۆچی و تاکه‌ی ؟ ئه‌ویش پێی ئه‌ڵێت ئه‌وه نه ئیشی تۆیه‌و نه ئیشی من !. تۆ له‌سه‌ر داوای عززه‌ت دووری و به فه‌رمانی سه‌رۆک سه‌ددام ئازاد کرایت . شێخ ده‌ڵێت ئه‌و ئازاد کردنه ئه‌گه‌ر ته‌نها هه‌ر بۆ من و خاوخێزانمه ئه‌وا من نامه‌وێ خۆم له‌و هه‌موو کورده جیابکه‌مه‌وه ،ئه‌وه بۆ من ڕوو زه‌ردییه .
قائد فه‌یله‌ق وه‌ڵامی ده‌داته‌وه (سه‌ید رئیس ئه‌مری کردووه که تۆ ده‌بێت ئازاد بکرێیت .) شێخ پێیان ده‌ڵێت سید رئیس ئه‌مری به ئێوه کردووه .منیش ئه‌مر به خۆم ده‌که‌م نامه‌وێت له خزم و که‌سوکارو ئه‌م هه‌موو خه‌ڵکه‌ی گه‌رمیان جیابکرێمه‌وه .نامه‌وێ ئازاد بم !!!!!.
ئه‌وه‌بوو شێخ حسێن ڕازی نه‌بوو ئازادی بکه‌ن و ئه‌وهه‌ڵوێسته‌ی جێ تێڕامانی فه‌رمانده‌و ئه‌فسه‌رانی به‌عس بوو …
بێگومان ئه‌مه‌ی لێره‌دا ده‌ینووسم چیرۆک و ڕیوایه‌ت نیه .به‌ڵکو هه‌ڵوێستێکی واقعی ڕاسته‌قینه‌ی شێخ حسێن شێخ کاکه حه‌مه‌ی هه‌زارکانی یه که له‌مانگی 5ی ساڵی 1988دا نواندوویه‌تی .که‌له‌و ڕۆژه‌دا ئه‌و هه‌ڵوێسته له‌که‌م که‌س ئه‌وه‌شێته‌وه .
ئێستا وا بۆ ماوه‌ی بیست ساڵی ته‌واوه به خۆی و 12که‌سی ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌یه‌وه بێ سه‌رو شوێن و گۆڕوونن.
ماوه‌ته‌وه بڵێم : شێخ حسێن ساڵی 1956 له‌گوندی هه‌زارکانی گه‌رمیان له دایک بووه‌و خوێندنی قورئان و په‌رتووکه ئاینییه‌کانی لای باوکی خوێندووه .شاره‌زایی ته‌واوی له کتێبه زانستییه‌کانی ئاین و فقهییهکاندا هه‌بووه . جگه له زمانی دایک زمانی عه‌ره‌بی و فارسیشی زانیوه . ساڵی 1973 خێزانی یه‌که‌می پێکه‌وه ناوه‌و دوو منداڵیان به ناوه‌کانی (که‌ژاڵ و هاشم ) ده‌بێت . ساڵی 1977ژنی دووه‌می هێناوه‌و له‌ویش 5پێنج منداڵیان بووه به ناوه‌کانی (نیگار،خه‌ڵات ،په‌یمان ،ئهحمهدو عه‌لی ).هه‌رهه‌موویان به‌ر شاڵاوی ئه‌نفال که‌وتن و ئیتر که‌سیان نه‌گه‌ڕانه‌وه .
ئه‌وه‌ی شیاوی باسه وه‌کو خانه‌واده‌و که‌سی پله‌یه‌کی کاك شێخ حسێن جگه له ئامۆزایه‌کی به ناوی کاک شێخ فاتیح که‌سێکی ئه‌وتۆی نه‌ماوه تاکو واریس وجێنشین و وه‌لی ئه‌مری ئه‌و زاته بێت موچه‌و خانه‌نشینی پێببڕدرێت . بۆیه له‌سه‌ر پێشنیار‌و ڕاسپارده‌و داوای کاک عوسمانی حاجی مه‌حموود وه‌زیری ناوخۆ‌و له‌سه‌ر بودجه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم ، له سه‌رده‌می کابینه‌ی به‌ڕێزدکتۆر به‌رهه‌م ساڵح دا له ساڵی 2006 له‌شوێن مهرقهدو کۆنه ته‌کێی تهختکراوی شێخ دا له هه‌زارکانی ،وه‌ک سه‌رده‌می پێش ئه‌نفال ته‌کیه‌که دروست ونۆژه‌ن کرایه‌و له‌مه‌راسیمێکی مه‌ولودنامه‌دا هه‌ر له‌وساڵه‌دا کرایه‌وه‌و هه‌ر وه‌کو وه‌فایه‌ک بۆ ڕۆحی پاکی ئه‌و زاته بنیات نرایه‌وه‌و تائێستا له‌لایه‌ن شوێنکه‌وتووان و دڵسۆزانی ئه‌و ته‌ریقه‌ته‌وه خزمه‌ت ده‌کرێت ..ناسیاوو دڵسۆزان و خه‌ڵکی ناوچه‌که له بۆنه‌کاندا به یادی ڕۆژانی ڕابردووی پشکۆی گه‌شی ئه‌و کوانووه سه‌ردانی ئه‌و هه‌واره خالییه ده‌که‌ن.
گۆڕت پڕله نوورو گیانت به فه‌ردوسی به‌رین شادبێت کاک شێخ حسێن شه‌هیدی ئه‌نفال.