سوڵحی عەشائیری جێگای بەیاسا لێژ کردووە
لەپاش ڕاپەڕینەوە دیاردەیەکی ترسناک لە کوردستاندا تەشەنەی کردووە، ئەویش ( سوڵحی عەشائیرییە). ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش ئەم دیاردە خراپە بەرەو هەڵکشاند دەڕوات ، بەشێوەیەک کە وایکردووە هیچ دەرفەتێکی بۆ یاسا و دادگا نەهێشتۆتەوە. دیارە یاسا و دادگا ، بە دوو هێمای گرینگ و پڕ بایەخی کۆمەڵگەی مەدەنی وپێشكەوتنی کۆمەڵگا دێنە ژماردن. بیرمەندی گەورەی فەرەنسی ( شارل دی مۆنتسکیۆ.1689/1755) لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا ( رۆحی یاساکان ،Lois des Esprit) دەڵێت : ” یەکێک لە پێویستییەکانی بوون ئەوەیە دەبێ لەگەڵ خەڵکی تردا پەیوەندیی هەبێت، کەواتە بەهۆی بوونی پەیوەندی ، پێویستیی هاتنە ئارای یاسا خۆی دەنوێنێت.*” واتە پەیوەندیکردن بە یەکترییەوە مەرجی بنەڕەتی بوونی مرۆڤە، لەهەمانکاتیشدا بۆ دروستبوونی ئەم پەیوەندییەش یاساکان زەروورییە.
دیارە هەر کۆمەڵگەیەک بەپێی پێداویستیی و بەرژەوەندییەکانی خۆی یاسا دادەرێژێت. لێ هیچ کۆمەڵگەیەکیش بەبێ بوونی یاسا ناتوانێت بەردەوامی بە ژیانی خۆی بدات . یاسا ئەو قەڵا پۆڵایینەیە کە کۆمەڵگەکان لە پشێویی و لەناوچوون و شەڕو ئاژاوە دەپارێزێت . گەر یاسایەک نەبێت ، پەیوەندییەکانی تاک بە کۆمەڵەوە ببەستێتەوە، ئەوا ژیان بوونی نییە. بەڵام کێشەکە لەوەدایە ، کە زۆر لە کۆمەڵگا رۆژهەڵاتییەکان بەتایبەتی ئەوانەی کەلەڕووی ئابووریی و سیاسییەوە زۆر دواکەوتوون ، ڕووبەڕوی کێشەیەکی گەورەبوونەتەوە، ئەویش شەڕی نێوان دەسەڵاتی یاسا و دەسەڵاتی نەریتە . بیرمەنید گەورەی عێراقی ( عەلی وەردی) زۆر بە جوانی باسی ئەم کێشەیەی کردووە بەتایبەتی لە کتێبی ( کەسایەتی تاکی عێراقی). ئەو پێی وایە کە تاکی عێراقی لە نێوان بەرداشی مەدەنییەت و خێڵ دا گیرییخواردووە، ئەمەش تووشی حالەتێکی دەروونی کردووە کە ناوی ( دووفاقیی کەسایەتیی عێراقی) لێناوە. بەڵام ئەمرۆ ئێمەی کوردیش تووشی هەمان گرێ بووین. لەکاتێکدا کە سەریی زمان و بنی زمانی ( سیاسیی ، رۆژنامەنووس، نووسەر، مامۆستا،،،هتد) دەگریت ، باسی سەروەریی یاسا و حوکمی دادگا دەکەن ، لێ رۆژانەش خۆیان دژی ئەم قسەی خۆیان دەوەستنەوە. ئەمڕۆ وای لێهاتووە کەبۆ هەموو کێشەکان ، خەڵکی پشتییان لە یاسا و دادگا کردووەو ڕوویان لە ( سوڵحی عەشائیری) کردووە. بۆ تاوانەکانی ( کوشتن ، رووداوەکانی هاتووچۆ، دزی ، شەڕی دووخێزان ، شەڕی ژن و مێرد،،،هتد) . وای لێهاتووە هەموو کێشەکان تەنها بە سوڵحی عەشائیری چارەسەر دەکرێت. بەتایبەتی لە ڕووداوەکانی هاتۆچۆدا ، سەیردەکەیت کەسێک بە ئۆتۆمبیلەکەی لە کەسێک دەدات و دەیکوژێت یان بە خەستی برینداری دەکات ، پاش ماوەیەک کۆمەڵێک پیاو دەخاتە پێش خۆیی دەچێت بۆ ماڵی قووربانییەکە ، بۆ ئەوەی سوڵحی عەشائیریی بکەن . پارادۆکس لەوەدایە ، خەڵکانێکی زۆر، بە سەرخۆشیی ئۆتۆمبیل لێدەخورن و یەکێک دەکوژن ، یان بە دەمانچە کەسێک دەکوژێت ، کەچی دەڵێن ئەمە ( قەزا و قەدەرە!!) . هەرچی تاوانەکانە لەژێر پەردەی ( قەزا وقەدەر) بە سوڵحی عەشائیری “پینەیان ” بۆ دەکرێت. لەو ماوەیەدا گوێم لێ بوو دکتۆرێک بەهەڵە نەشتەرگەرییەکی بۆ نەخۆشێک کردبوو، لەجیاتی دکتۆرەکە بگیرێت، یەکسەر چوو بوو بۆ ماڵی کابراو بە چەند دەفتەرێک سوڵحی لەگەڵ کردن . کێشەی ( سوڵحی عەشائیریی) لە دوولاوە زەرەری بۆ کۆمەڵگە هەیە . یەکەمییان : رێز نەگرتن لە یاسا و پێشێلکردنی سەروەریی یاسا، کەئەمەش نیشانەیەکی خراپە بۆ مۆدێرنە و کۆمەڵگەی مەدەنی . دووەم : خورادنی مافی هاوڵاتییانی تر یان ( حق العام). کاتێک قووربانییەک لە کەسێکی تاوانبار خۆش دەبێت ، لەهەموو جیهاندا شتێک هەیە پیی دەڵێن مافی گشتی . یاسا بۆ پاراستنی هاوڵاتییان و کۆمەڵگە لەو کەسە خراپانە ، ئەو کەسانە ئازاد ناکات و لێیان خۆش نابێت . کاتێک ( دکتۆرێکی ساختەچی نەخۆشێک دەکوژێت ، یان شۆڤێرێکی سەرخۆش کەسێک سەقەت دەکات یان دەیکوژێت ، یان کەسێک بە دەمانچە کەسێکی تر دەکوژێت ) ، ئەم جۆرە کەسانە گەر سزا نەدرێن ، ئەوا جارێکی تر هەمان تاوان بەرامبەر خەڵکی تر دەکەنەوە. هەربۆیە پێویستە دەوڵەت ئەم کەسانە سزا بدات و کۆمەڵگە لەم کەسە تاوانبارانە بپارێزێت.
کێشەکە لە کوردستاندا ئەوەیە ، کە حکومەت هەموو کێشەکانی بۆ خەڵکی بەجێهێشتووە، ئەوان بەکەسی تاوانبار دەڵێن ( گەر قووربانی لێت خۆش بێت ، ئێمە تۆ ئازاد دەکەین ، یان سزایەکی زۆر کەمی بۆ دەبڕنەوە کە بە پارە قەرەبوو دەکرێتەوەو ئەو کەسە زیندان نابینێت.) . ئەمەش کێشەیەکی گەورەی بۆ خەڵکی دروستکردووە، چونکە گەر لێی خۆش نەبن ، ئەوا دەبێتە دوژمنایەتی . گەر لێشی خۆش بن ئەوا مافی خەڵکی تر دەخۆن ،چونکە ئەو تاوانبارانە جارێکی تر لەسەر هەڵەی خۆیان بەردەوام دەبن . لەهەمووشی خراپتر ئەمڕۆ هەردوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە ( مەکتەبی کۆمەڵایەتی ) یان هەیە، کەکاری ئەم مەکتەبانە ( سوڵحی عەشائیرییە) . کەئەمەش خۆی لەخۆیدا سووکایەتییەکی گەورەییە بۆ یاسا و سەروەریی یاسا لە کوردستاندا. چونکە ئەم مەکتەبانە کاری ( دادگا ودادوەر ) دەکەن ، کەئەمەش دژی بیری دیموکراسیی و کۆمەڵگەی مەدەنی و مۆدێرنەیە. گەر وابێت بۆچی یاسا و پارێزەرو دادگا و دادوەر دادەنرێت؟! ، کەواتە ئێمە پێویستییمان بەم شتانە نییە ، ئەوا مەکتەبی کۆمەڵایەتی هەموو کێشەکانی کۆمەڵگە چارەسەر دەکات. هەر بۆیە هیوادارم لە هەردوو حیزبی دەسەڵات ، کەئەم دوو مەکتەبە هەڵوەشێنێتەوە ، چونکە دژی سەروەری یاسا و دادگاییە. لەهەمانکاتیشدا داواکارم لە حکومەتی کوردستان، کە سنوورێک بۆ ( سوڵحی عەشائیری ) دابنێت ، چونکە ئەمە سووکایەتییەکی گەورەییە بۆ حکومەت و ، لەهەمانکاتیشدا مافی هاوڵاتییانیش دەخورێت . گەر وابڕوات ئەوا کەس لەسەر تاوانی ( کوشتن یان بریندارکردنی خەڵکی تر) سزا نادرێت و ، کۆمەڵگەیەکیش سزای کەسە تاوانبارەکان نەدات ، ناتوانێت ژیانێکی ئاسوودە و ئارامی و ئاسایش بۆ هاوڵاتییانی دابین بکات. لەهەمانکاتیشدا تکام لە میدیاکان ئەوەیە ، کە تیشک بخەنە سەر ئەم کێشە گەورەییە ، چونکە زەرەری بۆ هەموومان هەیە .
Ardellen4@yahoo.de
ئەردەڵان عەبدوڵا
سەرچاوە:
*مۆنتسکیۆ. رۆحی یاساکان . وەرگێرانی : ئیدریس شێخ شەرەفی . چاپی دووەم . دەزگای وەرگێران . هەولێر. لاپەرە65