
شیعری منداڵان و سه‌رنجێكی ره‌خنه‌گرانه
ئه‌گه‌ر به وردی و به چاوێكی ڕه‌خنه‌گرانه‌وه سه‌رنج له‌و شیعرانه بده‌ین كه دڵسۆزانی بواری ئه‌ده‌بی منداڵان بۆ منداڵ و دنیای منداڵیان نووسیوه،هه‌ر له سه‌ره‌تاوه تا ئه‌مڕۆ كۆمه‌ڵێكی زۆر شیعر ده‌بینرێن، كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه كۆمه‌ڵێك شاعیری خه‌مخۆر و دڵسۆز به بواری ئه‌ده‌بی منداڵان چه‌ندین شیعری ناسك و جوانیان بۆ منداڵان نووسیوه و تا ئێستاش له گوێكانماندا ده‌زرنگێنه‌وه و له یاده‌وه‌ریماندا تۆمارن .ئیتر دوای ئه‌وانیش شاعیرانی تر له‌و بواره‌دا شیعریان نووسیوه و خزمه‌تیان به‌و ئه‌ده‌به جوانه كردووه.كه هه‌ندێكیان به‌ده‌رنین له‌كه‌م و كوڕی و هه‌روه‌ها وه‌كو پێویست مه‌رجه‌كانی شیعری منداڵیان تێدا نییه،كه ئه‌مه‌ش وایكردووه كه شیعری منداڵان قه‌تیسییه‌ك به خۆیه‌وه ببینێت ، هه‌رچه‌نده هه‌ندێك جار كۆمه‌ڵێك شیعری جوان و سه‌رنج راكێش و گونجاو له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا ،ده‌كه‌ونه به‌رچاو كه مایه‌ی خۆشحاڵییه و پێویسته ده‌ستخۆشی له خاوه‌نه‌كانیان بكرێت و له هه‌مان كاتیش‌دا به‌رز بنرخێنرێن تا خاوه‌نه‌كانیان به‌رده‌وام بن له‌سه‌ری و شیعری جوانتر پێشكه‌ش به دنیای ئه‌ده‌بی منداڵان بكه‌ن.كه ده‌ڵێین مه‌رجه‌كانی شیعری منداڵان ،به‌ڕاستی پێویسته كه هه‌ركه‌سێك شیعر بۆ منداڵان ده‌نووسێت ئاگاداری بێت و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایانه بنووسێت،چونكه ته‌نها ریزكردنی كۆمه‌ڵێك وشه و بوونی كێش و سه‌روا ( وه‌زن و قافیه) نایكه‌ن به شیعر ، به‌ڵكو پێی ده‌وترێت(نه‌زم).ده‌بێت له ڕووی شێوه و ناوه‌رۆكه‌وه هه‌ڵقوڵاوی دنیای منداڵ بن و وشه‌كانی سه‌ر به فه‌رهه‌نگی منداڵ بێت و وێنه‌ی شیعری جوان و ناسك و سه‌رنج راكێش و گونجاوی تیا بێت و چیرۆك ئامێز بێت. هه‌روه‌ها مۆسیقای ناوه‌وه‌ی هه‌بێت له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌یدا وا له منداڵه‌كه بكات كه به زوویی له‌به‌ری بكات و له هه‌مان كاتیش‌دا په‌یامێك به منداڵ بگه‌یه‌نێت و به پێی قۆناغه‌كانی ته‌مه‌نی منداڵ نووسرابن و هه‌ناسه‌یه‌كی كورتیان هه‌بێت و به پێی توانا كورت و پوخت بن و كۆتاییه‌كی جوان و باشیان هه‌بێت، به‌شێوه‌یه‌ك كه منداڵ خوێندییه‌وه یان بۆی خوێندرایه‌وه چێژی لێوه‌ربگرێت و چاوه‌ڕوانی دێڕی تر نه‌كات ، چونكه هه‌ندێك شیعر ده‌بینیت كۆتایی هاتووه به‌ڵام كه ده‌یخوێنیته‌وه وا هه‌ست ده‌كه‌یت كه ته‌واو نه‌بووه.له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا شاره‌زای بواری ده‌رونی منداڵ بێت. شیعری وا هه‌یه په‌نجا ساڵ زیاتره كه نووسراوه به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌راوردی بكه‌یت له‌گه‌ڵ هه‌ندێك شیعردا كه له تازه‌ترین گۆڤار یان كتێبدا بڵاوده‌بێته‌وه ، نوێ تر و جوانتر و هونه‌ری تر و ناسك تره. ده‌توانین شیعرێكی شاعیر و مامۆستای پایه به‌رز و نه‌مر ( زێوه‌ر) به نمونه بهێنینه‌وه كه ئه‌ویش شیعری ( تۆپی پێ ) یه كه له دیوانه‌كه‌یدا و له لاپه‌ڕه(216) دا (چاپی دووه‌م) هه‌یه:
ئه‌ی تۆپه‌كه، فووت بۆڵه‌كــــــــه
من دێم له ده‌ســــــتم رامه‌كـــــــه
تۆ تۆپی یـــــاری كـــــردنـــــــی
وه‌ك كووله‌كه‌ی رۆحـــــی منــــــی
وه‌ختێ كه چــــــوویته ئاسمــــان
بانگ كه له‌گه‌ڵ من یه‌ك زبـــــان
خۆش بێ وه‌ته‌ن خۆش بێ وه‌تـه‌ن
به‌رز بێ وه‌ته‌ن به عیلم و فــــه‌ن
ئه‌گه‌ر به وردی سه‌رنج له‌م شیعره بده‌ین و له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له‌و شیعره تازانه‌ی كه ئه‌مڕۆ بڵاوده‌كرێنه‌وه به‌راوردی بكه‌ین ، ده‌بینین كه ئه‌م شیعره زۆر جوان و ناسك و نزیكتره له منداڵ،ئێستاش بۆ هه‌ر منداڵێك بخوێندرێته‌وه یان خۆی بیخوێنێته‌وه من دڵنیام كه چێژی لێوه‌رده‌گرێت و به ئاسانی و به زوویی له‌به‌ریی ده‌كات. من به‌لای خۆمه‌وه ئه‌و كه‌م و كوڕییانه‌ی كه ئه‌مڕۆ له شیعری منداڵاندا هه‌یه ده‌گه‌ڕێنمه‌وه بۆ كۆمه‌ڵێك خاڵ ،چونكه ده‌بینین زۆریان له بازنه‌یه‌كدا ده‌خولێنه‌وه و تێپه‌ڕاندنیان نییه و سواوی و دووباره‌بوونه‌وه‌یه‌كی زۆر به‌رچاو به ئاشكرا به به‌رهه‌مه‌كانیانه‌وه دیاره. من كاتێك له‌م بابه‌ته ده‌دوێم ،خۆیشم وه‌ك كه‌سێك كه ساڵانێكه بۆ منداڵان ده‌نووسم ، شیعره‌كانم به‌ده‌ر نییه له‌و كه‌م و كوڕییانه…لای من ئه‌و خاڵانه‌ی كه وایان كردووه كه شیعری منداڵان به‌و شێوه‌یه بێت كه باسم كرد ئه‌مانه‌ن:
1. تا ئێستا له كوردستاندا نووسه‌رێكمان نییه كه به تایبه‌تی خۆی بۆ بواری ئه‌ده‌بی منداڵان و به تایبه‌تی تریش بۆ شیعر ته‌رخان كردبێت و له هیچ بوارێكی تردا نه‌نووسێت..ئه‌و كه‌سانه‌ی كه بۆ منداڵان ده‌نووسن هه‌ر هه‌موویان له بواره‌كانی تریشدا ده‌نووسن و نووسینیان هه‌یه كه پێویست به نمونه ناكات.
2. نه‌بوونی ده‌زگایه‌كی تایبه‌ت و بێلایه‌ن به چاپكردنی بابه‌تی منداڵان و لیژنه‌یه‌كی پسپۆڕ و شاره‌زا تیایدا تا كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌می شایسته و جوان و پوخت و زانستیانه و سه‌رده‌میانه پێشكه‌ش به منداڵ و جیهانی منداڵ بكرێت لێیه‌وه..لیژنه‌ی پسپۆڕیش مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه كه شاره‌زاییه‌كی ته‌وایان هه‌بێت ده‌رباره‌ی شیعری منداڵ و چیرۆكی منداڵ و هه‌ر بابه‌تێك كه بۆ منداڵ ده‌نووسرێت و ئه‌وان سه‌رپه‌رشتی ده‌كه‌ن له گشت روویه‌كه‌وه،ئه‌ده‌بی،هونه‌ری،زانستی،ده‌روونی…ده‌زگای تایبه‌تیش،زیاتر مه‌به‌ستم ده‌زگایه‌كه كه به‌رهه‌می نووسه‌رانی كورد،ئه‌وانه‌ی كه بۆ منداڵان ده‌نووسن چاپ بكات،له شیعر و چیرۆك و شانۆگه‌ری و ئۆپه‌رێت….به تیراژێكی زۆر تا به ئاسانی بگاته ده‌ست هه‌موو منداڵێكی كورد.نابێت ئه‌وه‌شمان له بیر بچێت كه (به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی زنجیره كتێبی منداڵان) له هه‌ولێر و (خانه‌ی سمۆره) له سلێمانی تایبه‌تن به له چاپدانی كتێبی منداڵان به‌ڵام وه‌كو پێویست كتێبه چاپكراوه‌كانیان تینوێتی منداڵانی كورد له كوردستاندا ناشكێنن .چونكه به تیراژێكی كه‌م چاپ ده‌كرێن.
3. نه‌بوونی ره‌خنه‌ی جدی و بنیاتنه‌ر ،چونكه ئه‌مڕۆ كۆمه‌ڵێك گۆڤار و كتێب و نامیلكه بۆ منداڵان ده‌رده‌چن ،كه له‌لایه‌كه‌وه مایه‌ی خۆشحاڵییه،به‌ڵام نه‌بوونی ره‌خنه گر و ره‌خنه‌ی جدی و بنیاتنه‌ر و پێویست له‌لایه‌كی تره‌وه ده‌بێته هۆی به‌ره‌وپێش نه‌چوونی ئه‌م ئه‌ده‌به گرنگ و پێویسته‌و بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك له‌و به‌رهامانه‌ی كه باسمكردن.
4. نه‌بوونی لیژنه‌ی تایبه‌ت له وه‌زاره‌تی رۆشنبیری به ته‌ماشاكردنی ئه‌و كتێب و نامیلكانه‌ی كه چاپده‌كرێن بۆ منداڵان و ژماره‌ی سپاردنیان ده‌درێتێ.لیژنه‌یه‌ك كه شاره‌زا و پسپۆڕبن له ئه‌ده‌بی منداڵاندا.
5. كه‌می كه‌سانی به توانا و پسپۆڕ و خاوه‌ن شاره‌زاییه‌كی ته‌واو له ئه‌ده‌بی منداڵاندا له هه‌ندێك له‌و گۆڤارانه‌ی كه بۆ منداڵان ده‌رده‌چن له كوردستاندا.بۆیه زۆر جار شیعری دووباره و سواو زۆر ساده بڵاوده‌بنه‌وه،یان شیعری كاڵ و كرچ،بێ چێژ، یان شیعری كه‌سانی تر به ناوی كه‌سێكی تره‌وه .ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له گۆڤارێكی منداڵاندا كار ده‌كه‌ن پێویسته شاره‌زاییه‌كی ته‌واویان له ئه‌ده‌بی منداڵاندا هه‌بێت و به تایبه‌تیش له شیعردا ،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گشت ئه‌و كتێب و نامیلكه و گۆڤارانه‌ی كه بۆ منداڵان ده‌رده‌چن بخوێننه‌وه و ئاگاداریان بن و له هه‌مان كاتیش‌دا به پێی توانا هه‌ندێك جار ئه‌و گۆڤارانه‌ی كه به زمانی عه‌ره‌بی یان هه‌ر زمانێكی تر ده‌رده‌چن بۆ منداڵان و ده‌ستیان ده‌یگاتێ ببینن تا بۆ كاره‌كه‌یان سوودی لێوه‌ربگرن .ئه‌وه سایته‌كانی ئینته‌رنێت چه‌ندین گۆڤار و بابه‌تی تایبه‌ت به منداڵانیان تێدایه كه به ئاسانی ده‌توانرێت سوودیان لێوه‌ربگیرێت .هه‌روه‌ها هه‌وڵ بده‌ن كه هه‌میشه شیعرێك هه‌ڵبژێن وبڵاوی بكه‌نه‌وه كه نوێ و سه‌رده‌میانه و گونجاو بێت له‌كه‌ڵ ئه‌و كات و رۆژه‌دا و نوێكاری تیابێت،خۆشیان دووره په‌رێز بگرن له بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ندێك شیعری زۆر ساده و سواو كاڵ وكرچ با نووسه‌ره‌كانیشیان ناسراو و دیاربن.نابێت ئه‌وه‌ش له یاد بكرێت كه زۆر جار ئه‌و گۆڤارانه ده‌بنه قوتابخانه و زۆر له‌و نووسه‌رانه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیانی تێدا بڵاوده‌كه‌نه‌وه به‌ره‌و پێش ده‌ڕۆن و زیاتر خزمه‌ت به ئه‌ده‌بی منداڵان ده‌كه‌ن.به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه تازه ده‌ست ده‌ده‌نه نووسنی شیعری منداڵان.
5. ئه‌مڕۆ ئه‌و هه‌موو گۆڤاره بۆ منداڵان له كوردستاندا چاپ و بڵاوده‌كرێنه‌وه ،به‌ڵام تا ئه‌م ساته‌ش گۆڤارێكی تایبه‌ت نییه به ئه‌ده‌بی منداڵ ،كه تیایدا لێكۆلًینه‌وه و هه‌لًسه‌نگاندن و ره‌خنه‌ی تیا بڵاوبكرێته‌وه ده‌رباره‌ی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی كه پیًشكه‌ش به دنیای منداڵان ده‌كرێت.له گۆڤاره تایبه‌ته‌كانی منداڵان و كتێب و نامیلكانه‌ی كه بۆ منداڵان بڵاوده‌كرێنه‌وه،یان خوێندنه‌وه‌یان بۆ بكرێت تیایدا.
خاڵی تریش هه‌یه به‌ڵام ئه‌مانه دیارترینیان بوو ، من له‌م نووسینه كورته‌دا مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه كه شیعری منداڵانیش وه‌ك شیعری گه‌وره له‌و چه‌قبه‌ستووه‌ی ئێستای رزگاری ببێت و وه‌رچه‌رخانێكی به‌سه‌ردا بێت له‌لایه‌ن ئه‌و دڵسۆز و خه‌مخۆرانه‌ی كه ئه‌مڕۆ گرنگی پێده‌ده‌ن..
نووسینی :عه‌لی حه‌مه‌ڕه‌شید به‌رزنجی
* ئه‌م بابه‌ته له ژماره 747ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ دا بڵاوكراوه‌ته‌وه…