بیری فەلسەفی یۆنان پێش ئەفلاتون
بیری فەلسەفی یۆنان پێش ئەفلاتون
Greek philosophical thought before Plato
د. حسین حرب
دار الفارابی، بیروت ١٩٨١
وەرگێڕانی: رەفیق غەفور
r.gefur@gmail.com
چەند وشەیەکی پێویست
ئەم نامیلکەیە ساڵی 1984 لە عەرەبیەوە کراوەتە کوردی، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئەو کاتەی کوردستان و خۆشاردنەوەو کتێب شاردنەوە لەدەست رژێمی بەعس، چەندین دەستنووس بزر بوون، ئەمیش یەکێک بوو لەوان. خۆشبەختانە چەند مانگێک لەمەوبەر کاوەی برام تەلەفۆنی بۆ کردم و وتی لە بنی دۆڵابێکا دەستنووسێکی تۆمان دۆزیوەتەوە. بەراستی مژدەیەکی خۆش بوو، کە گەیشتە دەستم تێر تێر بۆنی لاپەڕەکانیم کرد. پڕبوون لە یادەوەری ئەو رۆژگارە سەختانە.. ئەو رۆژانەی کە تەمەن دەنکە مرواریەک بوو بە داوێکی قرچۆکەوە، ئەو سەردەمەی کە هەر بستێک لە مەرگ دووربووین، لە وەخت و ناوەختا میوانی بووین و دەرگای لێنەکردینەوە. ئەو ساتانەی کە ژیان وەک کەڕە گەڵا هەڵئەوەری و کۆڵنەدانیش بست بە بست باڵای ئەکرد. من نەوەی ئەو رۆژگارەم و زمانی وەرگێڕان و تێگەیشتنیشم بۆ لێکدانەوەی بیرو فەلسەفە بە بارێکدا لەگەڵ ئەم میتۆدی شیکردنەوەیەی کە ئەم نامیلکەیەی پێ نووسراوە، یەکی ئەگرتەوە. هەرچەند ئێستاش لە چوارچێوەیەکی گشتیدا سەرەڕای کۆمەڵێک سەرنج، نووسینەکەم هەرلا پەسەندە.