Skip to Content

Friday, September 13th, 2024
كتێبی (به‌14ڕێگادا) وه‌كوو ئه‌وانی دیكه‌

كتێبی (به‌14ڕێگادا) وه‌كوو ئه‌وانی دیكه‌

Closed
by August 11, 2012 ئەدەب

 

 

 

 

به‌گشتی ئه‌و نووسینانه‌ی له‌باره‌ی شیعری كوردییه‌وه‌ نووسراون و ناویان لێندراوه‌ (ڕه‌خنه‌) جێگه‌ی متمانه‌ نین و بێ بایه‌خن. ستایش نووسین ناوی لێندراوه‌ ڕه‌خنه‌، ئاخر ئه‌وه‌ واقیعێكی تاڵ و هه‌ستپێكراو و ترسناكه‌ له‌ ئه‌ده‌بی كوردیدا‌، به‌هۆی نمایش كردنی ئه‌و هه‌موو نوسن ـ شیعره‌‌ خراپه‌ به‌باش.

ئه‌گه‌ر شیعری كوردی هه‌یه‌، كوانێ؟ بۆچی هیچ نووسینێكی له‌باره‌وه‌ نابینین؟ نووسین ها..! بۆچی ئه‌وه‌ی له‌باره‌ی شیعری كوردییه‌وه‌ نوسراون جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ خوێنه‌ری پێ هه‌ڵخه‌له‌تێندراوه هیچی دیكه‌ نه‌بوونه‌‌؟ گومانم له‌ نه‌‌بوونی ڕه‌خنه‌ی كوردی نه‌ماوه‌، كورد ڕه‌خنه‌ی نییه‌، ده‌كرێ ئه‌م ده‌ستواژه‌یه‌ باش بێ: شتایش نووس! كورد ستایش نووسی زۆری هه‌یه‌.

كتێبی كوردی پڕه‌ له‌ هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ و له‌ ناو هه‌ڵه‌دا چه‌قیوه‌، وه‌كوو زۆربه‌ی شته‌كانی دیكه‌ی كوردی، هه‌ڵبه‌ت دنیای ده‌ره‌وه‌ی كوردی نا.

لێره‌دا ته‌نیا سه‌ری خۆم و خۆنه‌رانی پێ ده‌یه‌شێنم ئه‌گه‌ر له‌وه‌ زیاتر له‌باره‌ی ڕه‌خنه‌ی كوردییه‌وه‌ كه‌ نییه‌ (پیت) فڕێبده‌م.

گه‌مژه‌كان به‌ نووسینی خراپیش سه‌رسام ده‌بن، من به‌ناو ڕه‌خنه‌گرانی كوردی وه‌ها ده‌بینم ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌موو ستایش نامانه‌ی نوسیویانه‌ و ده‌نووسن و فڕێی ده‌ده‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ی ژووره‌كانیان، بڕوای ته‌واوی ئه‌وان بێ.

 

له‌باره‌ی كتێبی (به‌ 14ڕێگادا)ی ڕێبین ئه‌حمه‌د خدره‌وه‌..

جیاوازی ئه‌و كتێبه‌ی ڕێبین له‌گه‌ڵ ته‌واوی كتێبه‌كانی دیكه‌ی شیعری كوردی چییه‌ و ئه‌و كتێبه‌ چی بۆ شیعری كوردی كردوه‌؟ من پێم وایه ئه‌وه‌ی ده‌نووسێ ده‌بێ به‌م نیازه‌ بنوسێ كه‌ گۆڕانكاری درووست بكات، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی بۆ نه‌كرا باشتره‌ نووسینه‌كانی نه‌باته‌ ده‌ره‌وه‌.

له‌گه‌ڵ ده‌ستبردن بۆ هه‌ر كتێبێك كه‌ تازه‌ چاپ بووه‌ و ده‌كه‌وێته‌ ده‌ستمان، ده‌بێ بڕوامان وه‌هابێ كه‌ ئه‌م كتێبه‌ی به‌ته‌مای خوێندنه‌وه‌ و بینینی دنیایه‌كی تا‌یبه‌تر له‌و‌انه‌ی خوێندوومانه‌ته‌وه‌ بخوێنینه‌وه‌، له‌وه‌ها كاتێكدا ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ ڕووی نه‌دا ئه‌وه‌ بڵانسی منی خوێنه‌ر تێك ده‌چێت، بنووسی كتێبیش به‌رپرسیاره‌. 

به‌ڵانیكه‌م ده‌بێ بزانین ڕێبین‌ چۆنی نووسیوه‌ و تا چه‌ند خۆی له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه‌ی شیعری كوردی گونجاندوه‌ و ئومێدی ئه‌وه‌ی لێ ده‌كرێ یان لێكراوه‌ گۆڕانكاری دروست بكا و له‌م فه‌زا ترسناكه‌ی كه‌ هه‌یه‌ له‌ ده‌بی كوردیدا گه‌شبینمان بكا.

 

شیعرێكی ڕێبین له‌ ل 109دا به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ هه‌یه‌..

 

منداڵه‌كان

پشت چه‌ماوه،

خۆیان خستۆته‌ نێو قه‌فه‌زی باڵنده‌كان

به‌خه‌یاڵی ئه‌وه‌ی 

دوو باڵیان لێ بڕوێ

 

سه‌ره‌تا (منداڵه‌كان) هه‌له‌یه باڵنده‌كانیش!‌ كامه‌ منداڵه‌كان؟ كامه‌ باڵنده‌كان؟ منداڵه‌كان، كه‌ره‌كان، حوشتره‌كان، خانوه‌كان، واتا ئه‌وه‌ی ئاشنایه‌، كوا منی خوێنه‌ر ده‌بێ بزانێ كامه‌ منداڵه‌كان! كامه‌ باڵنده‌كان! له‌ كوێدا به‌ریان كه‌وتووم! ده‌بوو به‌م شێوه‌یه‌ بووبا: (منداڵ) (باڵنده‌) خاوه‌نی ئه‌م نووسینه‌، له‌ خواره‌وه‌ ئه‌م په‌یڤانه‌ی ڕێبینی‌ ڕاستكردۆته‌وه‌.

منداڵه‌كان

(پشت چه‌ماوه،)

خۆیان خستۆته‌ نێ قه‌فه‌زی باڵنده‌كان

به‌خه‌یاڵی ئه‌وه‌ی 

دوو باڵیان لێ بڕوێ

 

ڕسته‌ی نێو چووتكه‌وانه‌ بۆچی داندراوه‌؟ هه‌رچه‌ندی سه‌رم هێناوبرد حاڵی نه‌بووم، خۆ ناشكرێ بڵێن هه‌له‌ی تایپه‌.. ده‌بێ وابێ؟!

ڕسته‌ی ئاماژه‌ پێكراو‌ هه‌م هه‌له‌یه‌ هه‌میش‌ زیاده‌، ئه‌و په‌یڤانه‌ی ڕێبین چۆن ده‌بوون به‌ شیعر؟ به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ كه‌ من دایده‌نێم وه‌كوو ڕیتم و ته‌كنیكی شیعری ته‌واوه و جوانیشه‌، ئه‌وه‌ی دیكه‌ ته‌نیا وشه‌ سه‌رف كردنه‌.

 

منداڵ

ده‌چوونه‌ نێو قه‌فه‌زی باڵنده‌

به‌خه‌یاڵی ئه‌وه‌ی باڵیان لێ بڕوێ.

 

ئێستا شعرێكی جوان و بێ خه‌وشه‌، شاعیری كورد ئه‌وه‌نده‌ی خه‌ریكی وشه‌ په‌ستانه‌ له‌ ڕسته‌ نیو ئه‌وه‌نده‌ خه‌ریكی، شیعر نووسین نه‌بوونه‌.

 

له‌ ل78دا شیعری (پاسی زه‌مین) تاكدێرییه‌ك هه‌یه‌ به‌م شێوه‌یه‌ی خستوومه‌ته‌ نێو جووتكه‌وانه‌:

(چاوه‌ ڕه‌شه‌كانت قاوه‌یین) 

من نازانم ئه‌وه‌ چ بوو! چییه‌ ـ چبوو! ناو له‌وه‌ بنێم شیعری مۆدێرن، یان پۆست مۆدێرن؟ ده‌زانم تاكدێڕی بوو.. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌.

 

له‌ ل81دا شیعرێكی دیكه‌ی ڕێبین هه‌یه‌ به‌و پێیه‌ی كه‌ خه‌ریكی شیعره‌كانی ڕێبینی بووم و زۆرینه‌یانم خوێنده‌وه‌، وای ده‌بینم ئه‌و شاعیره‌یش هیچ جیاوازی نییه‌ له‌گه‌ڵ شاعیرانی پێش خۆی له‌ وشه‌ به‌فیرۆدان و درێژدادڕیدا، به‌و پێیه‌ی ده‌بینم وشه‌ی به‌زۆر خستۆته‌ نێو ڕسته‌وه‌..

 

خۆشه‌ویسته‌كه‌م له‌ به‌هه‌شته‌ و من له‌ دۆزه‌خ

هه‌ركات دێته‌ سه‌ردانم كاسه‌یه‌ك هه‌نگوینم بۆ دێنێ،

منیش خوا هه‌ڵناگرێ میهره‌بانم

ته‌شتێك خه‌ڵوزی پێ ده‌ده‌م..

 

(شیعر واتا دۆزینه‌وه‌ی جوانترین وشه‌ له‌ ڕسته‌دا) من له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕسته‌یه‌دا ته‌واو هاوڕام، ئه‌و شیعره‌ی ڕێبین كه‌ له‌ چه‌ند كۆپله‌یه‌كی كورت، كورت.. پێكهاتووه‌ و ناوی شیعره‌كه‌: (پاسی زه‌مین)ه‌ هه‌مان ئه‌و ئه‌زموونه‌ی ع ع یوسفه‌ كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ پێیه‌وه‌ خه‌ریكه‌ و به‌رده‌وامیشه‌، ڕێبین له‌ ژێركاریگه‌ری شیعره‌كانی (ع ع یوسف)یدا شیعری (پاسی زه‌مین)ی نووسیوه، وه‌كوو شیعره‌كانی ع ع یوسفیش پابه‌ند نه‌بووه‌ به‌ ڕیتمی شیعرییه‌وه‌، كاریگه‌ری ع ع یوسفی له‌ چه‌ندین جێگه‌ی دیكه‌ی كتێبی به‌ 14ڕگادا هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت هه‌مان ئه‌زموونی تاكدێری ع ع یوسفیشی دووباره‌ كردۆته‌وه‌، من ئه‌وه‌ به‌ هه‌له‌یه‌كی گه‌وره‌ ده‌زانم، تۆ شاعیربی و له‌مان كاتدا به‌شه‌رێكی دیكه‌یش وه‌كوو كه‌سێكی دیكه‌ كه‌ هه‌بووه‌ و ته‌نانه‌ت زیدووشه‌، هه‌بوونت نایش بكه‌ی.

له‌ پاڵ ئه‌وه‌یشدا شیعره‌كه‌ ده‌بوو وه‌ها با:

 

خۆشه‌ویسته‌كه‌م له‌ به‌هه‌شته‌ و من له‌ دۆزه‌خ

هه‌ركات دێته‌ سه‌ردانم كاسه‌یه‌ك هه‌نگوینم بۆ دێنێ،

من، 

ته‌شتێك خه‌ڵوزی پێ ده‌ده‌م..

 

ئه‌وه‌ سه‌ره‌وه‌ كه‌ بۆییم ڕاست كردۆته‌وه‌، ته‌واوه‌، ئه‌وه‌ی دیكه‌ دیسان زیاده‌ و هه‌له‌یشه‌، ئاخر

(یش خوا هه‌ڵناگرێ میهره‌بانم) چی بۆ شیعره‌كه‌ كردوه‌ له‌ وێران كردنی بترازێ، به‌ دڵنیاییه‌وه‌، شیعره‌كه‌ی تێكداوه‌ و له‌ واتاكه‌یش تێنه‌گه‌یشتم.

 

له‌ هه‌مان شیعر (پاسی زه‌مین)دا ل80 دیسان وشه‌ به‌ فیرۆدان‌ و هه‌له‌ هه‌یه‌، ناچارم ڕاستی بكه‌مه‌وه‌.

 

سه‌د لاپه‌ڕه‌ی خۆشه‌ویستیم بۆت نووسی

شتێكی به‌جێت وت، ته‌نها وتت خه‌تت خۆشه‌!

 

له‌م دوو ڕسته‌یدا چه‌ندین هه‌له‌ هه‌یه‌، یه‌كه‌م، سه‌باره‌ت به‌ زمانه‌كه‌وه‌، (وت) هه‌له‌یه‌ (گوت) ڕاسته‌. 

(وتت) هه‌له‌یه‌ (گوتت) ڕاسته‌.

(ته‌نها) هه‌له‌یه‌ (ته‌نیا) ڕاسته‌.

ڕاستكردنه‌وه‌ی شیعره‌كه‌یش وه‌هایه‌:

 

سه‌د لاپه‌ڕه‌ی خۆشه‌ویستیم بۆت نووسی..

ته‌نیا گوتت خه‌تت خۆشه‌!

 

شیعری (ڕێگاكان) ل7 هه‌ستم كرد شیعرێكی زۆر جوان ده‌خوێنمه‌وه‌، كه‌چی دیسان له‌ كۆتاییدا به‌ وشه‌ سه‌رفكردن خراپی كردوه‌، شیعره‌كه‌ به‌ر له‌ سێ ڕسته‌ی كۆتایی ته‌واوه‌ و هیچ عه‌یبێكی لێ نایه‌ت‌ و جوانه‌، به‌ڵام ئه‌و سێڕسته‌ی كۆتایشی پێوه‌یه‌.

 

هه‌موو ڕێگاكانی خۆكوشتنم تاقی كردنه‌وه‌؛

خۆفڕێدان له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌وه‌

خۆخستنه‌ ژێر ئۆتۆمبێلێكی منداڵان

سه‌رخستنه‌ نێو ته‌شتێكی به‌تاڵ

چه‌قۆچه‌قاندن له‌سه‌ر دڵی وێنه‌یه‌كم

عاشق بوون به‌ بووكه‌شووشه‌یه‌ك

خۆخنكاندن به‌ په‌ت له‌ شیعرێكدا

هه‌موو ڕێگاكانی خۆموشتنم تاقی كردنه‌وه‌ و 

هه‌ر زیندووم

با زیاتر بژیم… زیاتر،

به‌ هیوای ژیانێكی خۆش

له‌نێو گۆڕستانی زیندوواندا

 

شیعری(ڕێگا‌كان)یش به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ته‌واوه‌، ئه‌وه‌ی دیكه‌ زیاده:‌

 

هه‌موو ڕێگاكانی خۆكوشتنم تاقی كردنه‌وه‌؛

خۆفڕێدان له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌وه‌

خۆخستنه‌ ژێر ئۆتۆمبێلێكی منداڵان

سه‌رخستنه‌ نێو ته‌شتێكی به‌تاڵ

چه‌قۆچه‌قاندن له‌سه‌ر دڵی وێنه‌یه‌كم

عاشق بوون به‌ بووكه‌شووشه‌یه‌ك

خۆخنكاندن به‌ په‌ت له‌ شیعرێكدا

هه‌موو ڕێگاكانی خۆموشتنم تاقی كردنه‌وه‌ و 

هه‌ر زیندووم.

 

له‌م كتێبه‌ی (ڕێبین)دا چه‌ندین شیعر هه‌ن ـ هه‌بوون.. من تێیان نه‌گه‌یشتم، هه‌ر چه‌ندی خۆم هێنا و برد، حاڵی نه‌بووم.

به‌شدار سامی

 

 

به‌ 14 ڕێگادا/ ڕێبین ئه‌حمه‌د خدر- 2012

 

 

 

 

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.