Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
فەلسەفەکردن و پرسیارسازی

فەلسەفەکردن و پرسیارسازی

Closed
by August 11, 2012 فەلسەفە

 

 

بەپێی ئەوەی فەلسەفە بریتییە لە “چالاکی و شیکردنەوەی واتاییانە یان بیرکردنەوە لەمەڕ بیرکردنەوە” فەلسەفەکردن زۆرترین پێوەندی بە پرسیارسازییەوە هەیە*. چونکە نە ئەو چالاکیە و نەش خودی بیرکردنەوەکە دەکارێ بێ پرۆسەی پرسیارسازی بەردەوامبێت و ئەوەش کە لەکۆتایدا دەخوڵقێت پێیدەڵێن فەلسەفە. ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی لە سرووشتی فەلسەفە دا پرسیارکردن هەمیشە زۆرترین بەختی هەیە و ئەوی فەلسەفە پێی قەڵس نابێت پرسیارکردنە. تەنانەت فەلسەفە شێوازی خۆی لە پرسیارکردن هەیە و ، ئەمەش وایکردووە پرسیارسازی لەژێرسایەی فەلسەفە دا گۆڕانیبێتەسەر و ئەو پێداگۆگیا کۆنەی پرسیارسازی خۆی لەسەر ڕاهێنابوو وەلاوەنرێت. 

ئەوی بۆ فەلسەفە تایبەت بە پرسیارکردن گرینگە ئەوەیە کە پرسیارکردن فێری بیرکردنەوەمان دەکات. ئەو لایەنەش (واتە ، بیرکردنەوە) ڕاماندێنێ لەسەر پشکنین و وێڵبوون. بۆئەوەی لە پرسیارکردنەکانیشمانا ، لە پشکنین و وێڵبوونەکانمانا ، جیا و کاریگەربین پێویستمان بەوەیە دلاوەر بین. دلاوەری (جەرائەت) بۆ فەیلەسوف بێ ئەندازە مانادار و گرینگە. بەهۆی دلاوەرییەوە بەو جۆرە بیرکردنەوانە دەگەین ڕاستەوخۆ و کراوەن. بۆیە گەلێجار پرسیارسازی داوایئەوەمان لێدەکات دلاوەر و سەرچڵئامێزبین. 

سەرباریئەوە ، هەر چاخ و قۆناغێ مێژووی پرسیارسازی خۆی هەیە و سەرئەنجام فەلسەفەش مانای خۆی لەم ڕوەوە هەیە و کاریش بۆ گۆڕینی ماهیەتی پرسیارکردن دەکا و لەو شوێنەی فەلسەفە کارا دەبێت پرسیارکردن لە لوتکەدا دەبێت. ئاشکرایشە کە دەرکەوتنی فەلسەفە لە یۆنانی کۆنەوە بە قۆناغی گوازتنەوەی هزر لە میتۆس (ئەفسانە) ەوە بۆ لۆگۆس (عەقڵ) دەستیپێکردووە و لەمبارەشەوە پرسیارکردن ڕۆڵی خۆی هەبووە و شوێنیشی لە دروستکردنی بینین و ڕاڤەکردنەکانا دیاربووە. هاوکات فەلسەفە کە لەسەرەتاوە وەک سێ بواری سەرەکی خۆی نیشانداوە کە ئەوەش بریتیی بووە لە میتافیزیک (دەکۆڵێتەوە لە سرووشتی جیهان) ، ئێپستمۆلۆژی یان تیۆری زانین (دەکۆڵێتەوە لەوەی چۆن دەتوانین زانینمان لەسەر جیهان هەبێت) و موڕاڵ و فەلسەفەی سیاسیش (دەکۆڵێتەوە ئەوەی چۆن لەم جیهانە ڕەفتاردەکەین) زۆرترین کاری لەبواری پرسیار دروستکردندا دیووە. ئەم بوارانە کە زەمینەی چاکیان بۆ پرسیارسازی مسۆگەرکردووە ئاسۆی بیرکردنەوەشیان گەشەپێداوە. ئەڵبەتە فەیلەسوفەکان کە ویستوویانە بپرسن چی پێویستە بزانین؟ چۆن بزانین چی دەزانین؟ خەسڵەتە سەرەکی و هەلومەرجە بابەتیەکان و سنوورەکانی زانین چیین؟ بەو شێوە پرسیارانە ڕووبەری فەلسەفەکردنیان بەرین کردووە و جەغتیشیان لەوە کردۆتەوە پرسیارکردن تەمەنی فەلسەفەکردن درێژدەکاتەوە. 

هاوکات پرسیارکردن یارمەتی بیرکردنەوەمان دەدات و سنووری نێوان تێگەیشتن و تێنەگەیشتن کەمدەکاتەوە. ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی پرسیارکردن واتە بیرکردنەوە و ئەمەش دەمانگەێنێتە ئاستی تێگەیشتن لە ڕیشەی شتەکان. لەوە گرینگتر، بەهۆی پرسیارسازییەوە دەگەینەشوێنێک کە پێویستمان بە تێگەیشتنە. کەوابێت کاتێ دەپرسین مرۆڤبوون چیدەگەێنێت ئەم پرسیارە بەرەو بیرکردنەوەی گەورەمان دەبات و واشمانلێدەکات لەوەبگەین پرسیارکردن دەروازەکردنەوەیە لە بیرکردنەوە. بە بۆچوونی فەیلەسوفێ فەڕەنسی وەک ئالان جورانڤیل A.Juranville ئەوی تێنەگات مانای بیرکردنەوە نازانێت. واتە بۆئەوەی بیربکەیتەوە پێویستە تێنەگەیت. چونکە کە هەستتکرد تێدەگەیت بیرناکەیتەوە و کە بیریشتنەکردنەوە ناتوانی هەستی پرسیارکردنت تیادروستبێت. بەمجۆرەبێت ئێمەی مرۆڤ پێویستمان بە بیرکردنەوەیە کە هەستدەکەین تێناگەین. بۆئەوەی تێبگەین بیردەکەینەوە. ویستی ئێمەش بۆ بیرکردنەوە ویستە بۆ تێگەیشتن و ئەمەش ویستە بۆ خستنەژێرپرسیاری شتەکان.

چ بیرکردنەوەکان و چش پرسیارکردنەکان تاڕادەێ زۆر گرێدراون بە دۆز و چاخەوە. بەبۆچوونی هایدیگەریش بێت هەر چاخە و بابەتێک گرینگی خۆی تیا دەبینێت (1)، بۆنموونە بوون ، جیاوازی سێکسی، ڕاستی و ..هتد بەشێکن لەو بابەتانەی مانایان بۆ فەلسەفە ، بۆ جیهانی پرسیارسازی فەلسەفی، دیووە. لێ گشت ئەو بابەتانەش لەڕێگای پرسیارسازییەوە گەشەیان کردووە و وێنەی خۆیان لەسەر ژیان و بوون دروستکردووە و ماهیەتی فەلسەفی خۆشیان بەیانکردووە. هەر بۆنموونە بۆئەوەی هایدیگەر بوونمان بیرخاتەوە دەپرسێت بوون چییە؟ فەیلەسوفێ تر کە پرسیاری ڕاستی بەلاوە گرینگە پرسیار لەسەر ڕیشەی ڕاستیدەکات بۆیە سەردمەکان شێوازی فەلسەفەکردنی خۆیان هەیە و پرسیارسازیەکانیش بەپێی ئەو جیاوازیانەی لە شێوازی پرسیارکردنەکان هەن جیاوازیان دێنەسەر.  

سەرباریئەوە دەکرێ بووترێت، پرسیارکردن لە خەسڵەتی بیرکردنەوەی فەلسەفی دا ئامادەیە. ڕوونە شوێنی شێوازی بیرکردنەوەی فەلسەفی لەنێو شێوازەکانی بیرکردنەوەدا وەک یەک نین بۆیە پرسیارە فەلسەفیەکان لە پرسیارە غەیرە فەلسەفیەکان ناکەن. کە فەلسەفە دەیەوێت شتەکان بۆ ئەسڵی خۆیان بگەڕێنێتەوە هەروەها زانین لەسەر ئەوەبدات کە چۆن شتەکان بەو جۆرە هەن بەهۆی زۆر پرسیار دروستکردنەوە بەوە دەگات. هەروەها فەلسەفە لێخووردبوونەوەی خۆی لەبارەی ئەو پرسیارانەوە هەیە تایبەتن بە بوونمان، بە پێوەندی نێوان جەستە و ئاگایی، بەوەش کە چۆن بە زانینێ دڵنیا دەگەین. واتە، فەلسەفە لێخوردبوونەوەی خۆی لەبارەی پرسیارە فەلسەفیەکانەوە هەیە و ئەو لێخوردبوونەوەیەش ئاستی پرسیارکردن دەگۆڕێ. ئەمە وادەکات فەلسەفە نەکارێ ، ناشخوازێت، پرسیاری بێ بناغە و هەڕەمەکی بخوڵقێنێ. ئەمەش بەپێیئەوەی فەلسەفە کردەێکە لە تێڕامانی عەقڵی و ، ئەمەش وادەکات فەلسەفە هەلومەرجی مرۆڤ و پرسیارەکانی و ئەوەش چ جۆرە پرسیارێک بە پرسیارگەلێ ئیتیکی، سیاسی، جوانکاری، میتافیزیکی یان فیزیای و زانستیە بنەڕەتیەکان دەژمێردرێن هەمیشە بایەخی خۆی لە ژیانی فەلسەفەدا هەبووە. فەلسەفە لەوە تێدەگات پرسیارکردن کە بەشێکە لە بیرکردنەوە فەلسەفیەکان قۆناغێ باڵاشە لە هزرەڤانیکردن و لەڕێگای ئەوەوە بە گشت دیرۆکی فەلسەفەش ئاشنادەبین. 

ڕاستە کە گشت پرسیارێ فەلسەفی تایبەتێتی خۆی هەیە بەس فەلسەفە زۆرجار سنووری ئەو تایبەتێتیە تێدەپەڕێنێ. ئەو دەمەش فەلسەفە ئەمە دەکات کە زۆر پێویستبێت، هەروەها کاتێ فەلسەفە سنوورە تایبەتەکان دەبەزێنێ پرسیاری تر و پرسیارگەلێ جیا بەرهەمدێنێ. چونکە فەلسەفە کە پرسیار دەکات ڕاڕای خۆی نیشاندەدات و گەشتێ زۆریش ، ئەڵبەتە لەڕێگای پرسیارکردنەکانیەوە، بۆ گەیشتن بە وەڵام و دۆزینەوەی چارەسەر دەکات. 

سەرباری ئەوی ووتمان، تایبەتێتی فەلسەفەکردن سێستەمی پرسیارسازی فەلسەفیش دەخاتەبەرباس. چونکە ئەو پرسیارانەی لەژێرسایەی فەلسەفەدا دێنەدونیاوە مەرام و ئامانجی خۆیان لەپشتەوەیە. ئەم سێرکردنە بۆ پرسیارسازی وامانلێدەکات جەغتلەوەبکەین کە دامەزراندنی جیهانبینیێ فەلسەفی لەمەڕ پرسیارسازی پێوەندیێ هێجگارزۆری بە خودی ئەوەوەیە چۆن فەلسەفە تەماشای پرسیارکردن دەکات و بەچ شێوەێکیش فەلسەفە دیمەنی پرسیارسازی لە زەینی ئێمە دا دەگۆڕێت. پرسیارسازی کە هەمیشە لە زانینی فەلسەفی سوودمەندبووە کارێ زۆریشی بۆ شیکردنەوەی چیەتی شتەکانیش کردووە. ئەمەیان کە پێوەندی بە بارودۆخی سەرهەڵدانی زانینی فەلسەفییەوە هەیە بەشێکیش پێکدێنێ لەو دیرۆکەی فەلسەفە لەدێرزەمانەوە بۆخۆی چێیکردووە. کەوابێت پرسیارسازی بەتایبەت و ئەمجار خودی پرسیارسازی فەلسەفیش بەگشتی لەژێرسایەی فەلسەفەدا گەشەی بێئەندازەی کردووە و لەگەڵ ئەم گەشەیەشدا دیمەنی تێگەیشتن بۆ پرسیار و وەڵامیش گۆڕانی هاتۆتەسەر. بۆیە دەکرێ بووترێت کە پرسیارە فەلسەفیەکان لەتەک سرووشتی فەلسەفە دا هاوشێوەن، یاخودیش سرووشتی فەلسەفە هەمیشە ئەوەی بەسەر دەرەوەی دونیای خۆی سەپاندووە کە فەلسەفەکردن بێ پرسیارسازی نەشونماناکات و لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر بەپێیپێویست تەشەنەناکات. بەمشێوەیە، فەلسەفە بۆ ئەوە هەیە تا پرسیار بکات ، تا تێگەیشتنمان لا دروستکات و ڕوونکردنەوەمان پێشچاوخات. فەیلەسوف بێ وەستان پرسیار لەسەر پرسیاردەکات. پیشەی فەلسەفەش لەسەر دەستی فەیلەسوف پرسیاردروستکردنە و خۆشی بە نوێنەری هیچ وەڵامێک نازانێت. چونکە فەلسەفە بە وەڵامێ دیاریکراوەوە ناوەستێ و گومانی بەردەوامی فەلسەفەش مانای خۆی بۆ دروستکردنی پرسیار و بەرینکردنی ڕاڕاییەکانی فەلسەفەش هەیە. بۆیە دەشێ بووترێت پرسیارکردن ، لە ئەزەلەوە و لە سەرەتاکانی دەرکەوتنی فەلسەفەوە، پیشەی فەلسەفە بووە. فەلسەفە بۆئەوەی هەبێت ، بۆئەوەی بینینمان لەسەر هەبوونمان هەبێت ، پرسیاریخستۆتەوە و سەرسامبوونی تیا دروستکردوین. پرسیارکردن و سەرسامبوون تەمەنی فەلسەفی فەلسەفەیان درێژکردۆتەوە و ئەرکی هزرەڤانیشیان قووڵتر و ئاسۆدارترکردۆتەوە. وێرایئەوە، فەلسەفە بریتییە لە سەرسامبوون و سەرسامبوونیش پرسیار دروستدەکات بۆیە فەلسەفە تەقەلایە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارە فەلسەفیەکان (2). 

گەر مەرامی فەلسەفە پرسیارکردن بووبێت ئامانج لەم پرسیارکردنە دۆزینەوەی وەڵام بووە بۆ گەیشتن بە نەوەک یەقین بەڵکو بە لێدانی یەقین و ڕەخنەکردنی ئەوی لە بینین و تێگەیشتنەکانمانا جێگیر و وەستاوە. بەمەش هەمیشە توانراوە ڕەوشی فەلسەفە بگۆڕدرێت و پرسیارکردن ببێ بە بەشێ سەرەکی لە ژیانی فەلسەفەکردن دا. ئەمەش دیسانەوە ئەو تەماشاکردنەمان لادروستدەکات کە نەک هەر فەلسەفەکردن بێ پرسیارسازی ناژیت بەڵکو ئەوەش کە خودی پرسیارسازیش بێ فەلسەفە نەشونمایێ سرووشتی ناکات.

وێرایئەوە، پرسیارە فەلسەفیەکان بێ کۆتاین و بەهۆی پرسیارە فەلسەفیەکانیشەوە دەکەوینە ناو گەرووی گومان و سڵەمینەوە. لێرەوە فەلسەفە بە ئەرکی خۆی هەڵدەستێت و دۆزی باو دەخاتەژێپرسیارەوە. لەم ڕێگایەشەوە پرسیارکردن پێوەندی بەمانای ژیانەوە دەکات. بۆ پرسیارە فەلسەفیەکان ڕوونکردنەوەی مانای ژیان گرینگی خۆی هەیە و دەروازەکردنەوەشە لە بیرکردنەوە لەوی بیریلێنەکراوەتەوە. فەلسەفە بەهۆی پرسیارە ئەبەدیەکانیەوە بیرلێنەکراوەکان فڕێدەداتە زۆنی بیرکردنەوە و بناغەش بۆ شیکردنەوەیان دادەنێت. دەشێ بەشێ زۆر لە پرسیارەکانی ناو ژیان پرسیاری فەلسەفی پێکنەهێنن و ئەڵبەتە بە پرسیارە بیرلێنەکراوەکانیشەوە. لێ ئەو بەشە پرسیارەی بە پرسیاری فەلسەفی دەژمێردرێن پێویستە لە هەناوی پرسیارە بیرلێنەکراوەکان دەربهێنرێن. وەکیتریش فەلسەفە توانای ئەوەی هەیە بیرلێنەکراوەکان ڕاڤەکات و زەمینەش بۆ تێگەیشتن بسازێنێ. ئەم زەمینەیە لەخۆڕا دروستنەبووە و پێوەندیێ زۆریشی بەو نەشونمایەشەوەیە هاتۆتەسەر زانینی فەلسەفی. چونکە زانینە فەلسەفیەکان وەک خۆیان نەماونەتەوە و هەچ گەشەێکیش هاتبێتەسەر تێگەیشتنی مرۆڤ بۆ پرسیارسازی ئەم لایەنە پێوەندیێ زۆری بە پێویستیەکانی مرۆڤەوە بووە بۆ پرسیارکردن. هەرلەبەرئەوە فەلسەفەکردن و پرسیارسازی لەو شوێنەی قسەکردنن لەسەر مرۆڤ گەورەترین مانا دەبەخشن زۆرترین پاشماوەش لەدوویخۆیان جێدێڵن. ئەو تێگەیشتنانەش تائەمڕۆ مرۆڤ پێیگەیشتووە بەرهەمی ئەو شێوە کارکردنەیە کە فەلسەفە لەسەر خوڵقانی پرسیارکردن کردویەتی.

بەپێی ئەو تێگەیشتنانەی لایسەرەوە بێت، پرسیارە فەلسەفیەکان لەنێوان ئێمە و ژیاندا هەناسەدەدەن و خستنەڕووشیان شیکاری ئەو شتە دەکەن مرۆڤ قۆناغ بە قۆناغ پێویستیپێیانە. فەیلەسوفەکان لەگەڵ کاتا پرسیارەکانیان دەگۆڕن و چییەتی ئەو ژیانە هەنووکەیەش دێننەگۆ کە مۆڵگەی گشت تێڕاماناکانن. چونکە فەلسەفە ناتوانێ تایبەت بە پرسیارەکانی ناو ژیان دەسەوەسان بوەستێ. ژیان بەهۆی پرسیارە فەلسەفیەکانەوە مانا بۆ خۆی مسۆگەردەکا و لەهەمانکاتدا لە ڕادەی فێربوونەکانیشمان زیاددەکات. ئەو پرسیارە فەلسەفیانەی دەستکاریێ زۆری ژیانمان دەکەن خۆیان وەک پرسیارگەلێنیشاندەدن دەیانەوێت جیهانمان لێکبدەنەوە. ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی ژیانی ئێمە لە جیهانا بێ مانا دەمێنێتەوە گەر فەلسەفە وتنی خۆی لەبارەوە نەبێت. ئەو پرسیارسازیانەش فەلسەفە تایبەت بە ژیانمان دەیکات گەردوونمان و شوێنی مانەوەمان لەم گەردوونە دەخاتە ژێرپرسیارەوە. مەرجیش نییە گشت پرسیارسازیێک تایبەت بە بوونمان کراون فەلسەفی بن لێ بۆ فەلسەفە گرینگە ئەوە چییە کە فەلسەفیە لە ژیانمان؟ لێرەوە دەگەینە ئەو بینینەش کە پرسیارسازیە فەلسەفیەکان بۆ پراکتیزەکردنی ئەو باوەڕانەن فەیلەسوفەکان پێیگەیشتوون. باوەڕەکان مانایان بە ژیان، و بە بوونمان، داوە. وەکیتریش گشت فەلسەفە لەبارەی باوەڕمانە و دیدیشە لەمەڕ ئێمە و جیهان(3). لێرەوە پرسیارسازیەکان تۆکمەتردەبن کاتێ ووتنبن لەسەر ئەوی مرۆڤ بە بوون و دەوروبەرییەوە گرێدەداتەوە. چونکە فەلسەفەکردن بێ بناغە نییە و هەڵوێستەکردنی هەڕەمەکی بەرهەمیناهێنێت. فەلسەفەکردنیش لەمچەشنەی ئەمڕۆ پێیگەیشتووە قەرزاری ئەو مێژووە دێرینەیە لەپشت زانینی فەلسەفییەوەیە. ئەمەش بەهۆیئەوەی داستانی پرسیارسازی فەلسەفی هەمیشە بەشێبووە لەو مێژووە و لەمپەرێکیش بووە لەبەردەم بەدۆگماکردن و وشککردنی فەلسەفە. بۆیە لێرە بەبێ دڵەڕاوکێ دەکارین دبَێین، فەلسەفە لە وشکبووننایێ و  هەمیشەش شایستەی ئەوەبووە مرۆڤ پشتیپێببەستێ و کاریشیلەسەربکات. 

بالێرەدا هێمابۆئەوەشبکەین کە، فەلسەفەی کلاسیک ئەو بینینە فەلسەفیەمان تیادروستدەکات کە سەرەتاکانی فەلسەفە بریتیبووە لە سەرسوڕمان (4) و ، ئەم سەرسوڕمانەش  ،گومانیناوێت، بەهۆی پرسیارسازیەکانی مرۆڤەوە پیادەکراوە. بۆیە کارکردن لەسەر فەلسەفە دەکارێ خۆی وەک کارکردن لەسەر پرسیارکردنیش نیشاندات. ئەو پێوەندیەش لەنێوان فەلسەفەکردن و پرسیارسازیدا هەبووە لەڕووی مێژوییەوە هەمیشە کاریگەری خۆی لەسەر چۆنیەتی پرسیارکردن ؟ و بۆش پرسیارکردن؟ یاخود چۆن و / بۆ دەبێت لەمە بکەین؟ و یانیش بۆ بەوجۆرە بیکەین؟ خستۆتەوە. ئەم شێوە ڕەفتارکردنەش لەتەک پرسیارسازیدا پێویستیەکانی فەلسەفەی پڕکردۆتەوە، وەکیتریش خودی پرسیارسازیش تابڵێیت لە کردەی فەلسەفەکردن سوودمەندبووە. چونکە پرسیارکردن لەبناری فەلسەفەدا هەست بە بوونی خۆی دەکات و فەلسەفەش لەڕێگای پرسیارکردنەوە هەڵکۆڵینی بێووچانی خۆی ئەنجامدەدات. هەرلەودەمەوەی پرسیارسازیش ئاوێزانی فەلسەفەبووە کردەی فەلسەفەکردن زۆرترین بڕەوی وەرگرتووە و مرۆڤایەتیش بە بینینگەل و تێگەیشتنگەلێ زۆر گەیشتووە ئەگەرچی جارێ شتێ ئەوتۆ لەسەر ئەم لایەنە نەوتراوە. کەوابێت پرسیارکردن بە کۆڵەکەی فەلسەفەوەیە و  ڕێگاێکیشە بۆ گەیشتن بە ئەوی دێ، بە ئەوی جارێ دەستماننەگەیشتووە پێی و تا هەنووکەش بەڕێوەیە. ئەم پێوەندیە تەنیا ئەمەی لێوەبەرناێت بەڵکو ئەوەشی لێوەبەردێت کە چۆن بەهۆی فەلسەفەکردن بەسەر پرسیارەکانی ناو ژیانەوە خۆمان بەو شتانەوە گرێدەدەینەوە لە یەقین بەدووماندەگرێت. 

بەپێیئەوەی لایسەرەوە بێت، فەلسەفە بەهۆی پرسیارسازیەکانیەوە ناکارێ گومڕابێت لێ ڕۆلێ گەورەش لە بێدارکردنەوەی بینین و تێگەیشتنەکانمان دەبینێت. ئەو کۆچەریەش کە فەلسەفە پێیناسراوە بەهۆی پرسیارکردنەوە نیشتەجێدەبێت و لەو شوێنە چاوەڕێنەکراوە ئۆقرەدەگرێت کە هەرگیز سەریپیانەکرووە. بۆیە پاسیڤکردنی فەلسەفە بە پاسیڤکردنی ژیان تەواودەبێت و لەو شوێنەش فەلسەفە نایەوێ ووتنی هەبێت پێویستە گومان و سڵەمینەوە لەدایکبێت. لەمحاڵەتەشدا ئەو پرسیارە دێتەسازاندن کە دەیەوێت پێمانبڵێت: بۆ فەلسەفە بێدەنگە، بۆ فەلسەفە ناخوازێ هیچبڵێت؟ لەمکاتانەدا پێویستدەکات بەدووی ئەو لەمپەر و ڕێگرانەدا وێڵبین فەلسەفە لە ووتن دەخەن. لەحاڵەتیوادا فەلسەفە پێویستی بە هاریکاری ئێمەیە ، پێویستی بەوەیە بیخەینەگەڕ و ڕاشکاوانە لە هۆکاری سستی و بێدەنگی فەلسەفە بکۆڵینەوە. لێرەوە قسەدێتەسەر ڕۆلی پرسیارسازی لە ژیانی فەلسەفەدا. چونکەپرسیارسازی ئەو ڕاچڵەکینە بەردەوامەیە فەلسەفە خووی پێوەگرتووە. فەلسەفە خووی بە پرسیارکردنەوە گرتووە، خووی بەو شتەوەگرتووە سنووری هەڵکۆلین و تێڕامانەکان بەرین و شێداردەکات. بۆیە فەلسەفە ناشێ و ناکرێت وشککات. فەلسەفە بێئۆقرەیە و لەهەمانکاتیشا لەڕێگای ئەو وەڵامانەی بۆ پرسیارەکانی دەستەبەریدەکات نیشتیمانی خۆی بەدەستی خۆی چێدەکات. فەلسەفە نیشتیماندروستکەرە و لە چرکە کۆچەریەکانیش هەرگیز ناترسێ و ، وێڵ و هاوخەمی ئەو کاتانەشە چۆن ئێمەی مرۆڤ خەونەکانمان مسۆگەردەکەین و داڵدە بۆ زمان لەناو بوونمانا چێدەکەین. کەوابێت، کۆچەری بۆ فەلسەفە نەهامەتی نییە بەڵکو سەرەتاێکە بۆ خۆ دۆزینەوە و بەردەوامی. هاوکات بێدەرەتانی فەلسەفە ئەو کاتانە دەستپێدەکات گەڕان زۆترین سەرنجی دەخرێتەسەر. لەوێوە، بەمجۆرە، فەلسەفە بەدوی شوێن دەگەڕێت. وەنەبێت شوێن بۆ فەلسەفە ئەو بەهایەی نەبێت بەس فەلسەفە لە شوێن دا هاودەمی کاتە و بە پەرۆشی ئەو چرکەساتانەشەوەیە ئۆقرەبوون لە هەناوی ئێمەدا دەسازێنێ. ڕاستە نیشتیمان شوێنی وەستانە و هاوینەهەواری ئۆقرەبوونیشە لێ کۆچەری و ئۆقرەیەتی لە ژیانی فەلسەفەدا یەکترتەواودەکەن و دەرەتان و داڵدە بۆ پرسیارسازی فەلسەفیش دەسازێنن. بەهۆی ئەمەوە فەلسەفە لە جوولەناکەوێت و ناشیەوێت بەردەبازبێت. نیگەرانی فەیلەسوفانیش هەمیشە بۆئەوەبووە کە فەلسەفە تاهەیە بکارێ ئاوێزانی بوونمان بێت. ئەودەمەی فەلسەفە ئەمە دەکات ناسنامەی خۆی بەیاندەکات و لە نهێنیەوە بەرەو ئاشکرابوون دەڕوات و پەی بەو شتە دەبات پێویستمانە. ئەم پەیپێبردنە ڕێگا لەبەردەم فەلسەفەکردنا دەکاتەوە. فەلسەفەکردن کە سەرگەردانیەکانمان ژێرپرسیاردەخات بەرەو ئەو تێگەیشتنەشمان دەبات کە دەستهەڵگرتن لە فەلسەفە دەستهەڵگرتنە لەو شتەی فێربوونمان دەداتێ.  ئەمەش لەسەرێترەوە ئەوە دەگەێنێت کە فەلسەفە پێویستە بەردەوامبێت. ئەم بەردەوامیە لە ژیانمان نزدیکدەکاتەوە ، لەوشتە نزدیکماندەکاتەوە بەردەوامی تیا دەبینینەوە و ، یاخود بەردەوامیمان تیا دروستدەکات. چونکە لەدەستدانی فەلسەفە هەر لەدەستدانی تێگەیشتن لە ژیانی بەدەمەوە نییە بەڵکو لەدەستدانی ئەو شتەشی بەدەمەوەیە پێیدەڵێن پێوەندیکردن بە بیرکردنەوەوە. چونکە فەلسەفە فێری بیرکردنەوەمان دەکات. کە بیریشدەکەینەوە دەکارین توانای هەڵوێستەکردن و تێڕامانی جیاجیاشمان هەبێت.

کەوابێت وەستانی فەلسەفە ، بێ سڵەمینەوە، وەستانی ئەو شتەیە قسەمان لەبارەوەدەکات. ئەمەش بە مانای پاسیڤکردنی ژیان و پەکخستنی لێکدانەوە لەبارەی بوون و دەروبەرمان دێت. ژیان کە هەڵگری پەیامێ فەلسەفییە لەڕێگای کارکردنی فەلسەفە لەسەر ژیان و ئەو پرسیارسازیانەش تایبەت بە ژیان لەدایکدەبن تێگەیشتنمان نەک هەر بۆ ژیان بەڵکو بۆ خودی فەلسەفەکردن و پرسیارسازیش دەگۆڕن. هاوکات فەلسەفەکردن لەگەڵ ئەو گەشەیەی دێتەسەر فەلسەفە کاریگەری بەسەر سێستەمی پرسیارسازی فەلسەفیش بەجێدێلێ. ئەمە بەختی پرسیارسازییە کە دەبێ بۆ هەمیشە لەتەک فەلسەفەدا ئاوێزان بێت. ئەم ئاوێزانە کە نیگا و دیمەنی بەردەوام لە ئێمەی بونەوەر دا دروستدەکات نیگەرانیەکانمان بەرتەسکدەکەنەوە ئەگەرچی تەڕایی نیگەرانیەکان هیچوەخت وشکناکەن و فەلسەفە لەمڕوەوە بەرپرسیاریێتیێ گەورەی لەئەستۆدایە. تەنانەت فەلسەفە بێهوودەی پرسیارەکان دەلاوێنێتەوە و بێناز و بێ ئایندەیان ناکات. ئەڵبەتە وەڵامەکان ئەو هیوایەن، ئەو ئایندەیەن فەلسەفە بۆ ماڵی پرسیارەکانی چێیدەکات. وەڵامەکان ڕیشال ڕیشال ئەو خەونانە دەهۆننەوە ئێمەی هۆگری فەلسەفە پێویستمانە. چونکە فەلسەفە لەگەرمەی کێشەکان پرسیارەکانی خۆی چێدەکات و وەڵامیشان بۆ دەسازێنێ. کێشەکان بۆ فەلسەفە دیارن و هیچکاتیش بێ ناووڕەنگ نیین. کێشەکان سەرگەردانییانپێوەدیارە بەس ئەمە بەرهەمی ئەو بێهوودەیەیە ئێمە لە بوونا تیایدەژێن. کاری فەلسەفە لەمدەموساتەدا دۆزینەوەی وەڵامی پێویست و جێگیرە. ئێمەش لەژێرسێبەری وەڵامەکانا بەئاگادێین و دیتنمان بۆ ئێستامان دەگۆڕین. وەڵامەکانیش بۆ ئەوەهەن تا فەلسەفە بەردەوامبێت لەسەر پرسیارسازیخۆی. گەر فەلسەفە بەردەوام پرسیارنەکات و پەیبە دەوروبەر و ژیانمان نەبات نە ئێمە بەئاگادێینەوە لەوی تیاین و نەش لە نیگەرانیەکانمان دەگەین. 

خۆ ڕاهێنان لەسەر پرسیارکردن داوای خۆڕاهێنانی ترمان لێدەکات کە ڕەنگە گرینگترینیان ئەوەبێت چۆن وەڵام بۆ پرسیارەکانمان ئامادەدەکەین. وەڵامە فەلسەفیەکان کە پێویستدەکات هەمیشە پووخت و ڕاستەخۆ و کۆنکرێت بن بەشێکن لەو بیرکردنەوە سێستەماتیکەی فەلسەفە پێیناسراوە. واتە پاش پرسیارکردن ئەوی گەورەترین فوکوسی دەکرێتەسەر وەڵامدانەوەیە بەڵام وەڵامدانەوە گەر لە خودی پرسیارکردن سەختر نەبێت ساناتر نییە. ئەو پرسیارانەی تائێستا وەڵامیان بۆخۆیان نەدۆزیوەتە کەمنین بەڵام ئەو وەڵامانەش کە بەزۆر کراون بە وەڵام بۆ پرسیارگەلێ کە لەزۆر ڕوەوە لێکدوورن لەئامارنایێن. بۆنموونە پرسیاری ئەوەی ئێمە بۆ هەین ناشێ بەوە وەڵامدرێتە کە ئێمە هەین چونکە کەسانێ تریش هەن. یان ئێمە هەین چونکە کەسانێ کە پێش ئێمە هەبوونە ئێمەیان هێناوەتە ئەم دونیایەوە. ئەم وەڵامە ڕاستە بەڵام وەڵامێ نە کۆنکرێتە و نەش پووخت. چونکە هەبوونی ئێمە، ئامادەبوونمان وەک ئادەمیزاد، نە بەو جۆرە وەڵامەکەی بەڵگەداردەکرێت و نەش بەوەی کە ئێمە هەین چونکە لە ئاکامی زاوزێی دوو ژیندەری جیاوە هاتوونەیتە دونیاوە. ئەمەیان کە وەلامێ لۆژیکییە لێ وەڵامێ لۆژیکی نێگەتیڤە. بۆنموونە لە ئاکامی تێکەڵکردنی دوو توخمە میوەوە، ناوکە پرتەقال و ناوکە هەنار ، شتێ، یان میوەیێ ترمان دەستدەکەوێت بەس بۆ زۆربەمان ئەوە هەمیشە پرسیارە تاچ ئەندازەیێک ئەوی دەستدەکەوێت پێویست و یان پەسەندکراوە؟ یان وەکیتر، دەشێ لە دەرئەنجامی تێکەڵکردنی دوو ڕەنگ، یەکێ مۆر و ئەوتر سوور شتێ، یاخود ڕەنگێ، ترمان دەستکەوێت بەس تاڕادەێک ئەوی دەستدەکەوێت دەکرێ لە دونیای ڕەنگداپەسەندکراوبێت؟ گەروابێت ئەو دەمە ئێمە پێویستمان بەناو دەبێت. ناولێنانی ئەو ڕەنگە یان میوەیەی تازە بەرهەمهاتووە. ئەڵبەتە ناونانی شتەکانیش پێوەندیێ زۆریان بە پرسیارکردن لەبارەی ئەسڵیانەوە هەیە. لەڕووی فەلسەفیشەوە ئەو شتەی دەیزانین دەیکەین بە وەڵام بەس بۆ فەلسەفە هەمیشە ئەوە پرسیاربووە چۆن دەتوانین بزانین دەزانین؟ یان چۆن لەوە دڵنیابین ئەوی دەیزانین ئەوەیە کە دەیزانین و ئەو زانینەش زانینێ ڕاستە؟ ئەم دوو پرسیارەش ئەو سێرکردنەمان تیادروستدەکات کە بکارین لەوە تێڕامانبکەین کە گرینگیدان بە پرسیاری چی دەزانین؟ و ئەوەش کە چۆنچۆنی دەتوانین باوەڕمان بەوەبێت کە دەیزانین؟ بۆ فەلسەفە مانادارە. چونکە وەڵامەکانمان بەرهەمی زانینەکانمانە کە ئەوانەش دەستکەوتی  بیرکردنەوەکانمانن. بەپێیئەوەش فەلسەفە بریتیە لە چالاکیێ هزری، لە بیرکردنەوە، وەڵامەکان بەرهەمی ئەو تێهزرینەدەبن فەلسەفە دروستکەریەتی. بۆیە وەڵامەکان ناشێ هەڕەمەکی و سەرپێیبن. هەروەها فەیلەسوف بێباکانە وەڵامی پرسیارەکان ناداتەوە و وەڵامگەلی ژەنگاوی و بەسەرچووش بۆ پرسیارە هەنووکەی و  ئەبەدیەکانیش ئامادەناکات. ئەوکاتەش کە قسە لە پرسیارسازی فەلسەفی دەکرێت بۆ هەموو بایەخدەران بە فەلسەفە ئەوە جێیباسە کە جیاوازی نێوان پرسیاری فەلسەفی و غەیرەفەلسەفی چییە؟ گەلێگ پێیانوایە هاوکۆکیێکی جیهانی تایبەت بەوەی کە کامانەن پرسیارە فەلسەفی و غەیرە فەلسەفییەکان لەئارادانییە (5). ئێمە پێمانوایە پرسیارە فەلسەفیەکان لەگەڵ ئەو ئالۆزیانەی ڕووبەڕووی ژیانی مرۆڤ دەبنەوە شوێنیان لە ژیانی مرۆڤ دا گەورەوگەورەتر دەبنەوە. چونکە ژیانی مرۆڤ بێ پرسیارە فەلسەفییەکان و وەڵامەکانیشیان ناکارێ بژیت. پرسیارە فەلسەفیەکان هانی ژیان دەدەن و، تێگەیشتنیشمان تایبەت بە ژیان دەگۆڕن و لەهەمانکاتدا فەلسەفە ڕێنمانی ئەوەشمان دەکات چۆن ژیان بژین و ئامرازەکانی بیریش بناسینەوە. ئێمە بۆئەوەی هاوسەنگی نێوان ژیان و خۆمان ڕاگرین پێویستمان بەوەیە تێڕامانمان لەبارەی ژیانەوە هەبێت. ئەو دەمەش دەپرسین فەلسەفە چییە؟ یەک لەو وەڵامانەی بۆ ئەم پرسیارەی ئامادەدەکەین بریتیە لە گەڕان بەدووی مانای ژیان. لەمڕێگایەوە شرۆڤەکردنی مانای ژیان کێشێ فەلسەفی دەبێت و ئەو وێنەیەشمان لا دروستدەکات ئێمە چۆن دەژین؟ و ، ئەڵبەتە ئەوەی ئێمە لە ژیانیشا بە پرسیارگەلی فەلسەفی دەزانین واپێویستدەکات وەڵامەکانیشی هەر فەلسەفیبن. بۆنموونە ماف چییە؟ بۆ جوانی پێویستە؟ ڕاستی چییە؟  یەزدان هەیە؟ چۆن ئێمە دەزانین ڕۆحمان هەیە؟ و …ئەمانە بەشێکن لەو پرسیارە هەمیشە فەلسەفیانەی وەڵامی فەلسەفیمان لێداوەدەکەن. بەڵام لەو شوێنەی پرسیارەکان ناتوانن فەلسەفی بن، کە مەرجی بەفەلسەفیبوون لە ماهیەتیانا نییە، وەڵامەکانیش هاوشانی پرسیارەکان دەبن و لە لۆژیکی پرسیارسازی و وەڵامسازی فەلسەفیەوە دووردەکەونەوە.  

سەرباریئەوەی ووترا، پرسیارە فەلسەفیەکانمان ئەو هۆشەشمان لاپێکدێنن کە چ جۆرە وەڵامێ بە دروست و پێویست بزانین. بۆ دروستکردنی وەڵام بۆ پرسیارەکانمان پێویستمان بە بەڵگەهێناوە و خستنەڕووی سەڵمێنە دەبێت. گشت پرسیارێ وەڵامی خۆی لەو شوێنە بەدەستدێنێ کە شیاوی بۆ تێگەیشتن و قایلبوون لە ئێمەدا دروستدەکەن. ڕاستە فەلسەفەکردن بەشێکە لە سەرچڵییەکانی مرۆڤ بەس دەردی سەرەکی پرسیارسازی فەلسەفی پێوەندی بە مەیلی مرۆڤەوەیە بۆ زانین و بۆ دروستکردنی تێگەیشتن لەسەر شتەکان ، وەک بۆ دەبێت ئەو شتە بزانین؟ و چۆن دەبێت بیزانین؟ ، ئەمەش بەرەو ئەو شوێنانەمان دەبەن کە وەڵامیان تیا بەدەستدێنین. لێرەوە دەشێ لە هێزی فەلسەفەکردن تێبگەین، لەم شوێنەوە لەو نهێنییەش تێدەگەین کە بۆ ویستی پرسیارسازی فەلسەفە هەمیشە لە هەڵکشان و زیندووبونەوەدایە. ئەو دەمەش دەخوازین لەوەتێبگەین کەپرسیارکردن لە بواری فەلسەفە دا چییە و  چیش نییە؟ واتە چ جۆرە پرسیارگەلێ فەلسەفییە و چیش فەلسەفی نییە؟ بەباوەڕی ئێمە پێویستمان بەوەدەبێت بزانین لەژێر کاریگەری چ جۆرە نەرێتێ فەلسەفیداین. چونکە نەرێتە فەلسەفەییەکان لەیەکدی ناکەن و،  هەریەک لە نەرێتە فەلسەفییەکانیش شێوازی شیکارسازی و پرسیارسازی خۆیانیان هەیە. بۆنموونە نەرێتی فەلسەفەی ڕۆژئاوا شێوازی پرسیارسازی خۆی هەیە کە دەشێ بووترێت لە نەرێتە فەلسەفییەکانی ترەوە جیایە. چونکە ناوەڕۆکی هزری و بگرە مێژووی هزری ڕۆژئاوا لە هەندێ لە نەرێتە فەلسەفییەکانەوە جیایە. ئەمەش بەپێیئەوەی سەڕچڵییە ڕوناکبیری و زانستیەکانی ڕۆژئاوا سێستەمی پرسیارسازی و وەڵامسازی خۆیانیان هەیە. واتە ئەم جۆرە فەلسەفەیە (فەلسەفەی ڕۆژئاوا) ئامرازی کارکردنی خۆی هەیە و بە شێوازی ڕاڤەکردنی جیاش گەیشتووە. ئەمەش زەمینەێ هزری بتەوی بۆ پرسیارسازی و وەڵامسازی دروستکردووە. 

 

ئازاد حەمە، سلێمانی/ ستۆکهۆلم

 


پەراوێز و سەرچاوەکان:

 

*ئەم نووسینە لە هەفتەنامەی چاودێر بە 4 بەش لە ناوەندی مانگی تەمووز و سەرەتای ئابی ئەمسال دا ،2012، بڵاوبۆتەوە. 

 

1.Luce Irigaray. An Ethics of Sexual Difference. Trans. Carolyn Burke and Gillian C. Gill. Ithaca: Cornell Univ. Press، 1993،p.5.

2.Emmett Barcalow. Open Questions: An Introduction to Philosophy. Oxford University Press، USA; 2000، p.1.

3. Robert C. Solomon & Kathleen M. Higgins. The Big Questions: A Short Introduction to Philosophy. Wadsworth Publishing .2009،p.3.

4.Catharina Stenqvist & Marie Lindstedt Cronberg (red.). Dygder och laster – Förmoderna Perspektiv på tillvaron، Nordic Academic Press، Lund. 2010، s.8.

5. Emmett Barcalow. Open Questions: An Introduction to Philosophy، p.3.

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.