
عه‌باسی که‌مه‌ندی و خه‌مێکی تری هونه‌ری کوردی
به‌ڵێ،دیاره، له‌ناو قه‌ومی به‌سیتا قه‌دری سنعه‌تکار
وه‌کوو عه‌کسی قهمهر وایه له‌ناو حه‌وزێکی لیخندا،
گۆران
ماوه‌یه‌ک پێش ئێستا سکاڵانامه‌یه‌کی هونه‌رمه‌ند عه‌باسی که‌مه‌ندی م خوێنده‌وه، که به‌زمانی فارسی له هه‌فته‌نامه‌ی چرۆ)دا بڵاوی کردۆته‌وه‌و به‌ڕێز کاروان حه‌سه‌ن بۆ کوردی وه‌رگێڕاوه. دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و سکاڵانامه بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر توشی حه‌په‌سان و تێڕامان بووم به‌رامبه‌ر به خۆم و تا قوڵتریش ده‌بوومه‌وه نائومێدی زیاتر به‌ناخمدا ڕۆده‌چووه خواره‌وه!.
نائومێدی له چی؟.
بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر وته‌یه‌کی هونه‌رمه‌ندی نه‌مر حه‌سه‌ن زیره‌ک، که له‌ماڵی ئه‌بو سه‌باح تۆماریکردووه، کاتێک ده‌ڵێ: (هونه‌ر له نێو کوردا قه‌دری نه‌ما، هونه‌ر بۆ من هیچ به‌هره‌یه‌کی نه‌دا، هونه‌ر بۆ من کارێکی نه‌کرد، که به شوێنی‌دا بچم، چوون کوردم و به زمانی کوردی قسه ده‌که‌م).
ئه‌گه‌ر که‌مێک به‌خێرایش بێت به‌ناو مێژووی هونه‌ر، ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبیریی کوردی‌دا چاوێک بخشێنین کۆمه‌ڵێکی زۆر له هاو قسه‌کانی حه‌سه‌ن زیره‌ک ده‌دۆزینه‌وه، که ئه‌وانه‌ی له‌بواره جیاکانی ناو هونه‌رو ڕۆشنبیریی کوردی‌دا سه‌رقاڵبوون و کاری داهێنان و جوانیان بۆ مێژووی ئێمه کردووه‌و به‌جێهێشتووه ده‌بینین له‌کۆتاییدا به نائومێدییه‌کی گه‌وره‌وه سه‌ریان ناوه‌ته‌وه.
نائومێدبوون له خود وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی هوشیار، که ده‌شێت کاره هونهرهییهکانیشیان وه‌ک به‌رگرییه‌ک له دژی ئه‌و نامۆبوون و پوچگه‌راییه‌ی وه‌ک تونێلێکی تاریک ژیانی داگیرکردوون کردبێت، یان ڕه‌نگه ویستبێتیان مانایه‌ک به هیچ (نه‌بوون) بده‌ن، چونکه مرۆڤ له‌بنه‌ڕه‌تدا “هیچ”ێکی ڕاگوزهرهو وه‌ک سێبه‌رێک ده‌رده‌که‌وێت و له‌پڕێکدا نامێنێت ئه‌گه‌ر مانایه‌ک به “بوون” نه‌دات، ئه‌ویش له ڕێگای کارێکی داهێنه‌رانه‌وه.
ئه‌گه‌ر تابلۆی مۆنا لیزا، که لای ئێمه زیاتر ناسراوه تا تابلۆکانی تری لیۆناردۆ دا ڤینچی نه‌بوایه‌ت ئه‌وا کێ ده‌یزانی ئه‌و پیاوه کێیه‌و خه‌ڵکی کوێ بووه‌و له چ سه‌رده‌م و ته‌مه‌نێکدا ژیاوه‌و مردوه، واته ئه‌وه‌ی مانایه‌ک به “بوون”ی دا ڤینچی ده‌دات هونه‌ره‌که‌یه‌تی، هه‌ر بۆیه خۆیشی ده‌یگووت: (“هیچ” ناوه‌ندێکی نییه‌و سنورهکهیشی هه‌ر هیچ ه، له‌نێوان ئه‌و شته مه‌زنانه‌ی ئه‌گه‌ر بتوانرێت له‌ناو خۆماندا بیدۆزینه‌وه، بوون ی هیچ ه که مهزنترینیانه)، ئه‌گه‌رچی دا ڤینچی له‌م تێڕوانینه‌دا ده‌یه‌وێت مانایه‌ک به هیچ بدات، یان له ڕێگای هونه‌ره‌وه بوون ێک به هیچ ببه‌خشێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خه‌ون و هیواگه‌لێکی ئایدیالی له‌ناو کاره‌کانیدا به ڕوونی ده‌بینرێت.
ئه‌ڵبه‌ته نمونه‌ی زۆر له‌مێژووی مرۆڤایه‌تیدا هه‌ن، ئه‌وانه‌ی خاوه‌ن داهێنانی مه‌زن و جوان بوون و مرۆڤایه‌تی شانازییان پێوه ده‌کات سه‌رله‌به‌ری ژیانیان جگه له وێرانه‌یه‌کی گه‌وره پوچێتیش باڵی به‌سه‌ر بوون یاندا کێشاوه و ئه‌وانیش بۆ ده‌ربازبوون له‌و پوچێتییه باوه‌شیان بۆ هونه‌ر کردۆته‌وه، که‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هونه‌ر نه‌ک هه‌ر به ڕوویاندا بزه‌یه‌کی نه‌کردووه، به‌ڵکو بووه به به‌ڵاو بارێکی قورس‌تر له‌سه‌ر ژیانییان و ناچاری به‌خۆکوشتن کردوون. ئه‌مه‌ش زۆرجار مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێته ئه‌و بڕوایه‌ی له‌سه‌رده‌مه کۆنه‌کاندا هونه‌رمه‌نده‌کان قوربانی هونه‌ره‌که‌یان بوون، به‌شێوه‌یه‌کی تر ده‌توانم بڵێم: له‌سه‌رده‌مه کۆنه‌کاندا هونه‌ر ئاگرێک بووه هونه‌رمه‌نده‌کانی سوتاندووه بۆ ئه‌وه‌ی به‌رچاوی خه‌ڵکانی تر ڕۆشنبکاتهوهو وه‌ک تیرۆژێک به‌رده‌وام وزه‌ی گه‌رمایی به مرۆڤایه‌تی ببه‌خشێت، به‌ڵام له‌سه‌رده‌مه نوێکاندا له‌گه‌ڵ گۆڕان و تێگه‌یشتنی خه‌ڵک له نرخی هونه‌رو بایهخدانییان به هونه‌ر، ئیتر هونه‌ر ئه‌و ئاگره نه‌بوو به‌ته‌نها بۆ خه‌ڵک بسووتێت، ئیتر هونه‌ر سه‌رچاوه‌ی نه‌هامه‌تییه گه‌وره‌کانی هونه‌رمه‌ند نه‌بوو، به‌ڵکو بووه به سه‌رچاوه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی مانا له‌ده‌ستچووه‌کانی ژیانی هونه‌رمه‌ند، بووه به‌سه‌رچاوه‌ی وزه‌یه‌کی باش، که هونه‌رمه‌ند ئاسان و سوکتر به‌رده‌وام بێت له‌کاره‌کانی….
مخابن ئه‌م گۆڕانکارییه هێشتا نه‌گه‌شتۆته لای ئێمه، هێشتا ئێمه به‌هۆی کۆمه‌ڵێک فاکتۆری ده‌ره‌کی و ناوه‌کی، سه‌ره‌کی و ژێره‌کی زه‌مینه‌ی ڕه‌خساندنی بڕینی سه‌رده‌مێک بۆ سه‌رده‌مێکی تر به‌لاوازی تێده‌په‌ڕێت، ڕۆیشتن له قۆناغ\سه‌رده‌مێکی مێژووییه‌وه بۆ قۆناغ\سه‌رده‌مێکی تر پێویستی به گه‌شه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی\ڕۆشنبیریی هه‌مه‌لایه‌ن هه‌یه، که تێڕوانین و دونیابینی تاکه‌کان له‌به‌رامبه‌ر شت و ڕووداوه‌کاندا گۆڕانی به‌سه‌ردا بێت، که ئه‌مه زۆرجار له فه‌لسه‌فه‌دا پێی ده‌ڵێن خاڵی وه‌رچه‌رخان.
دیاره نامه‌وێت زیاتر درێژی بکه‌مه‌وه‌و له‌مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی بابه‌ته‌که‌م دووربکه‌ومه‌وه، که په‌یوه‌ندی به شتێکه‌وه هه‌یه ناوی “نرخی هونه‌ر”ه ئه‌گه‌ر وه‌ک له‌سه‌ره‌وه باسم کرد له‌سه‌رده‌مه کۆنه‌کاندا مرۆڤ له‌به‌ر باری قورسی ژیان و تێڕوانین و تێنه‌گه‌یشتن له‌نرخی هونه‌ر، هونه‌رمه‌ند قوربانی ده‌ستی هونه‌ره‌که‌ی بووه، ئه‌وا ئێستا له‌م سه‌رده‌مه‌دا ته‌واو جیاوازه‌و هونه‌رمه‌ند نه‌ک قوربانی ده‌ستی هونه‌ره‌که‌یه‌تی، به‌ڵکو ڕێزی له‌لای هونه‌ره‌که‌یه‌تی، واته نرخی هونه‌رمه‌ند هه‌مان نرخی هونه‌ره‌که‌یه‌تی.
عه‌باسی که‌مه‌ندی یه‌کێکه له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی، که ده‌توانم ڕێگه به‌خۆم بده‌م به یه‌کێک له هونه‌رمه‌نده ڕۆشنبیره‌کانی کورد ناوی ببه‌م، ئێمه که‌م که‌سمان هه‌یه له‌وانه‌ی له‌بواری هونه‌ری گۆرانی گووتندا سه‌رقاڵن هێنده‌ی ئه‌و پیاوه شاره‌زا بن له بواری هونه‌ر، ئه‌ده‌ب، مێژوو ئه‌فسانه‌ی کوردی‌دا، ئه‌م جۆره که‌سانه له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا ده‌گمه‌نن، که توانای به‌رهه‌مهێنانی کاری نوێی و داهێنه‌رانه بن و کاره‌کانیشیان گه‌واهیده‌ری ئه‌م ڕاستییه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه جێگه‌ی داخه هونه‌رمه‌ندێكی وا به ده‌می خۆی بڵێت: (مه‌حاڵه كه‌سێك كه له‌سه‌ر ئاگر داده‌نیشت بڵێ ئۆخه‌ی! مه‌حاڵه كه‌سێكیش له كه‌شێكی خۆشدا بێت و ئاوی سارد نۆش بكات بڵێ ئاخ! ده‌ربڕینی هه‌ریه‌ك له‌م دوو هه‌سته ده‌ربڕینێكی جیاوازه. من سه‌د به‌رهه‌می هونه‌ری رابردووم هه‌یه، به‌ڵام له ماوه‌ی چوار-پێنج ساڵی رابردوو نه‌متوانیوه قه‌ڵه‌م بخه‌مه سه‌ر كاغه‌ز و به‌رهه‌مێكی جوان بئافرێنم. بۆچی؟).
وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره له‌کرۆکی ئه‌و دێرانهدایه، که خۆی وه‌ک پارادۆکسێک وێنای ده‌کات، که هۆکارگه‌لێک هه‌ن مرۆڤه‌کان له‌بوونه‌وه‌رێکی ڕۆحی زیندووه‌و ده‌گۆڕن بۆ بوونه‌وه‌رێکی مردووی بێکه‌ڵک، بۆ بوونه‌وه‌رێکی نا‌ئومێد له خۆیی و چوارده‌وره‌که‌ی، بۆ بوونه‌وه‌رێک، که ڕقی له‌خۆی بێت، کاتێک تێده‌گات، ئه‌وه خۆی نییه، که هۆکاری نه‌گبه‌تییه‌کانی ژیانی خۆیی و خێزانه‌که‌یه‌تی، به‌ڵکو ئه‌وه هونه‌ره‌که‌یه‌تی، ئه‌وه توانا‌و خهونهکانێتی، له کاتێکدا هیچ که‌سێک نرخه‌که‌ی نازانێت هه‌تاکو ده‌مرێت، گه‌وره‌ترین کاره‌ساتی گه‌لانی دواکه‌وتوو له‌وه‌دایه له پاش مردنه‌وه له نرخ و به‌های شته‌کان تێده‌گه‌ن، بۆیه هه‌میشه ژیان ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ دوای مردن، ئه‌گه‌ر ئێمه له ڕووی ئانترۆپۆلۆژییه سه‌یری ئه‌م کۆمه‌ڵگایانه بکه‌ین، ئه‌وا ده‌بینن مانای بوونی ئینسانه‌کان له دوای مردنیانه‌وه ده‌ستپێده‌کات و شرۆڤه‌و نرخی مرۆڤه‌کان ده‌که‌ونه دوای مردنهکانییانهوه، له کاتێکدا ئه‌وان له‌پێش مردنیاندا ویستوویانه بوونیان هه‌بێت، بوونی ئه‌وانیش په‌یوه‌سته به‌و کارانه‌وه، که کردوویانه یان ده‌یانه‌وێت بیکه‌ن.
ئه‌وه سه‌یر نییه له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا لێده‌گه‌ڕێین هونه‌رمه‌نده‌کانمان له‌به‌رچاومان بمرن و خه‌ون و تواناکانییان له‌گه‌ڵ خۆیاندا ببه‌نه ژێر گڵ، لێده‌گه‌ڕێین ئه‌وانه‌ی به عه‌شقێکی گه‌وره‌وه کاری هونه‌ری ده‌که‌ن به بێ ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی سوپاسگوزاری که‌س و لایه‌نێک بن به نائومێدییه‌کی گه‌وره‌وه ڕۆژه‌کانی ژیانییان بگوزه‌رێنن و هه‌موو خه‌ون و تواناکانییان ببێته حه‌سره‌تێکی گه‌وره بۆ ڕابردووه.
ئه‌م چ بێدهربهستییهکه له‌ناو ئێمه‌دا ده‌گوزه‌رێت، کاتێک هونه‌رمه‌ندێکی مه‌زنی وا پێمان ده‌ڵێت: (نازانم له كوێوه ده‌ست پێ بكه‌م؟ هه‌زار جار په‌یامنێران دێن و ده‌پرسن كه‌ی و به چ جۆرێك و له کوێوه ده‌ستت پێكرد؟ چه‌ندین جار ئه‌م پرسیاره‌م لێ كراوه، من وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌م داوه‌ته‌وه. به‌ڵام دووباره لێم ده‌پرسنه‌وه! ئه‌وه‌ی حه‌سره‌ته و له دڵی مندا ماوته‌وه ئه‌وه‌یه په‌یامنێرێك بێت و بپرسێت: كه‌ی دابڕایت؟ بۆچی دابڕایت؟).
ئه‌و حه‌سره‌ته‌ی که‌مه‌ندی ده‌مانگێڕێته‌وه بۆ دێڕه‌کانی سه‌ره‌وه، که په‌یوه‌ندی بوون ی هونه‌رمه‌ند به هونهرهکهیهوهیهتی، کاتێک هه‌ست ده‌کات، چیتر ناتوانێت کاری هونه‌ری بکات هه‌ست به هیچ ی خۆی ده‌کات، له‌لای هونه‌رمه‌ندی ڕه‌سه‌ن بوون ی هونه‌ره‌که‌ی له بوون ی خۆی نرخدارتره، بۆیه زۆرجار ژیانی خۆی له‌سه‌ر هونه‌ره‌که‌ی داده‌نێت، به پێچه‌وانه‌ی نا هونه‌رمه‌نده‌کانه‌وه، که ئاماده‌ن هونه‌ره‌ی گه‌لێکیش له‌پێناو خۆیاندا بفرۆشن. ئه‌وانه‌ی ڕۆژانه له‌سه‌ر خوێنی خه‌ڵکان سوپه‌ر ژیان ده‌گوزه‌رێنن و کار بۆ تێکدانی سه‌لیقه‌ی هونه‌ری کوردی ده‌که‌ن و به نرخێکی گران ده‌یانه‌وێت پێمان بفرۆشنه‌وه له‌و مێشولانه ده‌چن، که له‌سه‌ر خوێنی خه‌ڵک ده‌ژین و جگه له گیزه گیزه هیچ هونه‌رێکی تریان نییه. به‌ڵام که‌سانی وه‌ک که‌مه‌ندی و نمونه‌کانی، ئه‌گه‌ر له ژیانیشدا نه‌مێنن وه‌ک چارلی چاپلن نرخی پێڵاوهکانییان زۆر له‌نرخی (هونه‌ر)ه‌که‌ی ئه‌وان زیاتره. ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵات و پاره‌یان هه‌یه، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌سانی وه‌ک که‌مه‌ندی لۆتیبازییان بۆ ناکات و وه‌ک مه‌یمون له‌هه‌ر بۆنه‌و نا بۆنه‌یه‌کی حیزبی‌دا ئاماده نابێت و هونه‌ره‌که هه‌رزانفرۆش و ڕیسوا ناکات، ده‌یانه‌وێت به زیندوێتی بیکوژن، ئه‌وا من دڵنیایان ده‌که‌مه‌وه، نرخی ئه‌م پیاوه وه‌ک گه‌وهه‌ر له‌لای گهوههرناسهکانهو هیچ هێزێکیش له دونیا ناتوانێت گه‌وهه‌ر له‌ناو ببات، ئه‌گه‌ر ورد‌و خاشیشی بکه‌ن، ئه‌وا ناتوانن گه‌ردێک له بریسکه‌و شه‌وقه‌که‌ی بکوژن، که له‌هه‌ر پارچه‌یه‌کی بچوکیشدا خۆی دهنوێنێتهوهو له دره‌وشانه‌وه ناکه‌وێت.
یاسین بانیخێڵانی
تێبینی
بۆ خوێندنه‌وه‌ی وتاره‌که‌ی عه‌باسی که‌مه‌ندی سه‌یری ئه‌م لینکه بکه‌ن
http://www.xebat.net/attachment/PDF/x13_25875_12475.pdf